شەهید "لەیلا قاسم" سیمبوولی خەباتی پیرۆزی ئافرەتی كورد

نەسرین حەسەن
سەرۆك (مەسعوود بارزانی) لە بارەی (لەیلا قاسم)ـەوە دەڵێت: "لە رۆژێكدا هەواڵی شەهیدبوونی خوشكە (لەیلا) و هاوڕێیانیمان لە كوردستان پێ گەییشت، كوردستان لە ژێر دڕندەترین هەڵمەتی رژێمی فاشیستدا بوو، رۆژ نەبوو دەیان شەهید نەدەین، بەڵام باوەڕ بكەن، هیچ رووداوێك بە قەد رووداوی لەسێدارەدانی (لەیلا) و هاوڕێكانی تەئسیری لە (بارزانی) و قیادەی شۆڕش نەكرد، راستە بە دیمەن لە بەرچاومان نەبوون، بەڵام بە ڕاستی (لەیلا) و هاوڕێكانی بوونە نەخش لە دڵی هەموو كوردێكدا، لە دڵی هەموو ئازادیخوازێكدا، وێنەیان بوو بە نەخش، ناویان بوو بە ئاڵای سەرفرازی و بەرخودان".
رۆژێك لەناو پاسدا گفتوگۆی نێوان من و كچێكی قوتابیی زانكۆ گەرم ببوو، باسی لە خۆشی و ناخۆشییەكانی زانكۆ دەكرد، باسی گرفتەكانی كچ و كوڕانی زانكۆ و وەك كچێك زۆر بابەتی هەستیاری ورووژاند، تەنانەت رەخنەی لە دەسەڵات گرت كە بە دەنگ داواكاریی قوتابیانەوە نایەن، ئیتر هەرچی حەزی لێ بوو باسی كرد و منیش زۆر بە سەرنجەوە گوێم بۆ گرتبوو، جاروباریش دەكەوتمە ناو قسەكانی و دڵخۆشیم دەدایەوە، كە بە هەموو كەموكوڕییەكەوە دەبێ شانازی بەو دەستكەوتە مەزنەوە بكەین و بیپارێزین و هەوڵ بدەین هەموو بە یەكەوە كار بۆ باشتركردنی رەوشی كوردستان بكەین، لە میانی قسەكانیدا گوتی، من لە بەشەناوخۆیی (لەیلا قاسم) دەژیم ، كە گوێم لەوە بوو گوتم ، ئای.... زۆر باشە، كەواتا دەزانی (لەیلا قاسم) كێ بوو، گوتی، نەخێر بە باشی نایناسم، بۆ، كێ بوو؟ لەناو كەسایەتییە سیاسییەكانی كورد كەم كەس هەیە ناوی (لەیلا قاسم)ـی نەبیستێت و یان لەگەڵ مێژووی خەباتی ئەو كچە شۆڕشگێرە ئاشنا نەبووبێت، بۆیە زۆر جار كە گوێمان لەو ناو مەزنە دەبێت بیر لە رۆژانی سەختی كاروانی كوردایەتی دەكەینەوە كە بە شەهیدبوونی خۆیان مێژووی پڕ لە سەروەریی ئەمڕۆیان تۆمار كرد و، ئافرەتیش وەك بەشێكی گرینگ لەو كاروانە كوردایەتییە مێژوویەكی پڕ لە شانازی بۆ گەلەكەی تۆمار كرد، كە شەهید (لەیلا قاسم) نموونەیەكی بەرزی ئەو سیمبوولە پیرۆزەیە.
(لەیلا قاسم) ناوی تەواوی (لەیلا قاسم حەسەن عەلی) لە قەزای خانەقین و لە گوندی (بانمیل) لە عەشیرەتی (وندی) سەر بە پارێزگای (دیالە) لە ساڵی 1950 زایینی لە خێزانێكی هەژار و كوردپەەوەر لە دایك بووە، بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1958 چووەتە بەر خوێندن و هەر بە سروودی نیشتیمانی پەروەردە كرا و ئەو هەستە نیشتیمانپەروەرییە هەر لەو ساتەوە كاریگەرییەكی بە هێزی لە دروستبوونی كەسایەتیی ئەو دادەنێت كە رێبازی (بارزانی نەمر) هەڵبژێرێت و لەو رێبازە پیرۆزەدا درێژە بە خەباتی سیاسیی خۆی بدات.
(لەیلا قاسم) لە دوای دەرچوونی لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی بە نمرەیەكی باش لە بەشی كۆمەڵناسی لە زانكۆی بەغدا وەردەگیرێت، ، (لەیلا) لە نێو قوتابییە كوردەكانی زانكۆی بەغدا رۆلێكی كاریگەری لە وشیاركردنەوە و رێكخستنی قوتابیان هەبوو، بەو پێیەیش شانبەشانی قوتابییە كوردەكان خەباتێكی بەرفراوانی بەڕێوە بردووە، دژی نایەكسانیی پیاو و ئافرەت بووە، هەروەها بۆ ماوەی چوار ساڵ لە رێكخستنەكانی (پ.د.ك) كاری كردووە و یەكێك بووە لەو كەسانەی كە لەناو حیزبدا بە تەواوی پشتی پێ بەستراوە. لە ساڵی 1974 بووە بە ئەندامی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، بەڵام گەڕایەوە بۆ بەغدا و درێژەی بە شۆڕش و خەباتی سیاسی دا. هەر ئەو ساڵەیش لە لایەن رژێمی بەعسەوە لەگەڵ هاوڕێیەكانی دەستگیر دەكرێت و بە دڕندانەترین شێوە سزا دەدرێت، تا ئەو كاتەی كە هەر دوو چاوی بە "حەربە" دەردەهێنن بۆ ئەوەی نهێنییەكانی حیزب ئاشكرا بكات، بەڵام لەو كارەدا سەركەوتوو نابن و (لەیلا) زۆر بوێرانە رووبەڕوویان دەبێتەوە بێئەوەی هیچ نهێنییەك ئاشكرا بكات، پێیان دەڵێ: "كوردستان زۆر گەورەترە لە روحم و چاوم، بریا سەد چاوی ترم هەبووایە تا پێشكەشی كورد و كوردستانم بكردبایە".
هەڵوێستە مەزن و بوێرییەكەی (لەیلا قاسم) لەو ساتە سەختە سیاسییەی ئەو كاتەدا نموونەیەكی بەرزی وەفاداری بۆ نەتەوەكەمان و لە هەمان كاتدا سەلماندنی دڵسۆزیی خۆی بۆ رێبازە پیرۆزەكەی (بارزانی) بوو، لەوەی كە تەمەنی گەنجیەتی خۆی پێشكەش بە كورد و كوردستان بكات...
بەر لە لەسێداردانی داوای جلی كوردی لە ماڵەوە دەكات بۆ ئەوەی بە جلی كوردییەوە لە سێدارە بدرێت و هەر بەو شانازییەیشەوە لە شەوی 12-13/5/1974 لە سێدارە درا و شەهید بوو و وەك خۆی بە خوشكەكەی دەڵێ: "خوشكە گیان دوای رۆژێكی تر دەبمە بووكی كوردستان و دەچمەوە ناو باوەشی كوردستان و خۆشەویستیم بۆ كوردستان سنووری نییە، بە خۆشحاڵییشەوە جەستەی خۆم پێشكەش دەكەم و داوا دەكەم ئاڵای كوردستانم بۆ بكەن بە كفن و بە ئاڵای كوردستان بمنێژن و لە بری گریان و شین، دەنگی من بگەیەننە سەركردی لێهاتوو (مستەفا بارزانی)."
سروودی نیشتیمانی، سەرفرازیی ئاڵا، مێژووی سەركردەكانی كورد هەموویان پێناسەی نەتەوەن، بۆیە ئێمەی كوردیش كە خاوەنی سەرمایەیەكی نەتەوەیین، دەبێ بزانین كە خاوەنی چ مێژوویەكی گەورە و پڕ لە شانازین، دەبێ نەوەی داهاتوو شارەزا بێت لە مێژووی نەتەوەكەی، ئەمەیش بەرپرسیارەتییەكی نیشتیمانییە كە هەموومان دەبێ پێوەی پابەند بین، نموونەی ئەو كچە قوتابییە و دەیان قوتابیی دیكە كە چاوی كردووەتەوە بە ئازادی كوردستان، لەوانەیە تاوانی نەبێت كە نەزانێ ئەم سەروەرییەی كە بە ئازادی قسە دەكات و بە ئازادی رەخنە دەگرێت چۆن دەستەبەر بووە، ئەگەر من و دایك و باوك و مۆستایان و هەموو ئەوكەسانەی كە بەرپرسین لەو ئەركە، نەمانتوانیبێت ئەو ئەركە نەتەوەییە بە باشی ئەنجام بدەین، كەواتا تاوانی ئەو قوتابییە و دەیان قوتابی تری وڵاتەكەم لە چیدایە؟ بۆیە پێویستە هەموومان لە ئاست ئەو بەرپرسیارەتییەدا كەمتەرخەم نەبین و بە یادكردنەوەی بۆنە و یادەكان بە شێوازێكی شاییستە، بیری نەتەوایەتی لە هزری منداڵەكانماندا بچەسپێنین..
لە كۆتاییدا دەڵێم: "بە ئارامی سەر بنێوە ئەی شەهیدە سەربەرزەكەم ، ئەمرۆ دەیان (لەیلا)ـی دیكە لە باوەشی ئافرەتی كورددا پەروەردە كراون".
سەرچاوە: كتێبی " لەیلا قاسم، تەمەنێكی بچووك و مێژوویەكی گەورە".
نووسینی: هەنەر نەوزاد




