ئۆكرایناییەكان لە یادی 70ساڵەی یۆبیلینی "دێن پەبێدە"ـدا لە ژێر نیری رووسەكان هاتنە دەر

د. محەممەد خدر مەولوود
(دێن پەبێدە)، دەستەواژەیەكی زۆر باوی زمانی رووسیاییە، لە زمانی كوردیماندا بە مانای (رۆژی سەركەوتن) دێت. لەو رۆژەدا رووسیاییەكان و تەواوی هاونیشتیمانیانی سۆڤییەتی جاران و بەشداربووان لە جەنگی دووەمی گێتی (1939-1945) لەنێو سوپای سووردا، بە تایبەتیش ئۆكرایناییەكانی دراوسێی رۆژئاوایان، زەرەرمەندی هەرەگەورەی دوای ئەوانن لەو جەنگە كاولكارییەدا. كە یادی ئەم رۆژە لە (9-5)ـی هەموو ساڵێكدا دەكرێتەوە، یادی كەوتنی (بەرلین) و چوونەنێو ئەو شارەوەیە لەلایەن سوپای سوور و خۆبەدەستەوەدانی سوپای (هیتلەر)ـە بە كۆتاییهاتنی گەورەترین مەرگەساتی مرۆیی كە مەكینەكانی ئەو جەنگە دژوارە لە ماوەی (6)ساڵدا زیاتر لە (60 ملێون) كەسی هاڕی.
ئەم رۆژە و یادكردنەوەی، لای رووسیاییەكان بە (رۆژی سەركەوتنی مەزن. جەژنی سەركەوتنی مەزن) ناوزەد دەكرێت و بووەتە بەشێك لە كولتووری ژیانیان. جگە لە جەژنەپیرۆزە، هەر لەو رۆژەدا جەنگاوەرانی دێرین یاد دەكرێنەوە و رێزیان لێ دەگیرێت. لە گۆڕەپانی سووری مۆسكۆش لە ئاستی هەرەباڵا نماییشی سەربازی ساز دەكرێت و گوتار دەخوێنرێتەوە، نماییشی چەك و تفاقی كۆنی ئەوسای بەرەكانی شەڕیش، بووەتە دابونەریتێك ساڵانە رووسیا بە ئامادەبوونی میوانەكانی، تانك و زرێپۆش و رۆكێت و كەرەستەی تازەداهێنراویش نماییش دەكات.
ئەمە كە دەستپێكی یادكردنەوەی رۆژی سەركەوتنی مەزنە، بە سازكردنی ئاهەنگی هونەری و وەرزشی و كردنەوەی پڕۆژەی جۆراوجۆری گرینگ و ستراتیژی ژێرخانی ئایندەیی رۆژانی جەژنی سەركەوتن بەڕێ دەكرێت.
وەلێ ئەمساڵ، میوانی ئازیزی دەستەڕاستی (پوتین) نەك هەر لەوێ لە نماییشەكەی گۆڕەپانی سوور ئامادە نەبوو، بەڵكو پەرەشێنكەی سەرۆكی ئۆكراینا ئەمساڵ، رۆژێك پێشتر لە 8-5 لە كیێف هاوڕێ لەگەڵ (بان كی موون)، ئەم یادەیەیان بە شێوەیەك كردەوە جیا لە كولتووری سۆڤیێتی جاران و بە شێوەیەك لە شێوەكان خۆجیاكردنەوە و دەربازكردنی ئۆكرایناییەكان بوو لە میرات و سیمبولەكانی شۆرەویی جاران و سوپای سوور.. بە بەڵگەی ئەوەی:
یەكەم: ئۆكرایناییەكان ئەمساڵ لەجیاتی قردێلەی رەنگ (زەرد و رەش) كە هێما و سومبولی سەركەوتن و كولتوور و میراتێكی شۆرەوی و سوپای سوورە لە دوای ساڵی 1945ـەوە خەڵكی بە شانازییەوە بە بەرۆكیانەوە دەكەن، قردێلەی گوڵی (رەش و سوور) وەك گوڵاڵەسوورە (كوریكە سووری نیسان)ـیان بە بەرۆكی خۆیانەوە كرد، ئەم گوڵەیش هێما و سومبولی ئەورووپاییەكانە بۆ ئەم یادە. ئەوە لە كاتێكدایە ئۆكرایناییەكان دەیانەوێ بە تەواوەتی لەژێر نیری رووسیاییەكان بێنە دەرێ، گەر بە لەگۆڕنانی سیمبول و كولتووری دێرینیش بێت.
دووەم: چەند رۆژێك بەر لە ئێستا پەرلەمانی ئۆكراینا ئامادەسازیی بۆ ئەوە كردبوو، بە بڕیارێك دەستەواژەی (دێن پەپێدە ــ رۆژی سەركەوتنی مەزن)ـی لە جەژنی مەزنەوە، بۆ (لیتێ پرایزنیكە، یا پامیات ــ یادی جەژن، یادی جەژنی سەركەوتن) گۆڕی، بێ سازدانی نماییشی سەربازییش.
ئەم گۆڕانكارییەی ئۆكرایناییەكان و خۆجیاكردنەوەیان لە رووسەكان بە لادانی سیمبول و هێما كولتوورییە هاوبەشەكانی دوێنێیان، هەر دوای لەسەركارلادانی سەرۆك (یانیكۆفیچی) مەیلداری ڕووسیا، لە مانگی ئازاری ساڵی پار كە لە دوای زنجیرە خۆپێشاندانە ئاگرینەكاتی شەقامی (خرێشیات و مەیدان)ـی كیێف هاتە ئاراوە، سەرەتا بە ڕووخاندنی پەیكەرەكانی (لینین) و مامەڵەنەكردن بە زمانی رووسیایی وەك زمانی فەرمیی دەوڵەت، دەستی پێ كرد، تا بە بەرۆكوەكردنی قردێلەی (كوریكە سوورەی نیسان)ـی ئەورووپاییان لەجیاتی قردێلەی رەنگ (زەرد و رەش)، درێژەی پێ دراوە. ئەم گۆڕانكاری و خۆجیاكردنەوەیەی ئۆكرایناییەكان لەم ساڵەدا لە كاتێكدایە بەری رۆژهەڵاتی نیشتیمانەكەیان تائێستایش گڕگرتووە و لوولەی چەكەكان روویان لەیەكترییە.. وێڕای ئەوەی رێككەوتنی (منیسك)ـیش لەگۆڕێیە، بەڵام وا سوپای ئەمەریكا لە دۆڵی دەمباسی نزیك بە گۆڕەپانی سووری مۆسكۆ راهێنان و مەشقی سەربازیی ئەمەریكاییانە لەسەر چەكی ئەمەریكایی و ئەورووپایی بە سوپای ئۆكراینا دەكات و جوداخوازەكانی لایەنگری رووسیایش جگە لەوەی دەسەڵاتی تەواویان بەسەر هەردوو شاری لۆگانسك و دانێتسكدا هەیە، چاویان بڕیوەتە شارە ستراتیژییەكەی (ماریۆپۆل) و ناوەناوە چەند كیلۆمەترێك لە سەنتەری شار نزیك دەبنەوە.
ئەمە لە بەری رۆژهەڵات و باشووری ئۆكراینادا، لە بەری باشووری نێو دەریای رەشیشدا هەر لە رۆژی 8-5ـیش بوو حزبی شیوعیی رووسیا لە سیڤاستۆپل، لە كریمی لەدەست چوو و رووسیاییەكان گوتەنی (كریمی گەڕاوە بۆ نێوباوەشی مۆسكۆی دایك) لە رووداوێكی چاوەڕواننەكراودا، بە رێوڕەسمێكی هێمائامێز بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی تاكدەستەڵاتی، دیواربەندێكی تازەی پەیكەرئامێزیان بۆ (ستالین) چێ كرد و جارێكی دیكە بە گوڵی سوور و ئاڵای سووری (چەكوچ و داس) لەسەرەكە رازاندەوە.
گەر ئەوە حاڵی ئەو ناوچە گڕگرتووە بێت، تۆ بڵێی لە دوای یۆبیلینی 70ساڵەی كۆتایی جەنگی دووەمی گێتی زریپۆشە هەرەپێشكەوتووەكە بە تەكنەلۆژیای تازە (تی - 14 ئارماتە) كە ئەمساڵ (پوتین) بۆ یەكەمجار لە گۆڕەپانی سوور پێشانی میوانانی دا، لەو ناوچە گڕگرتووەی برایانی نێو (یەك ماڵ)ـی دوێنێ و (لێكجیا)ـی ئەمڕۆ، یەكەمین نماییشی كردەیی لە شەڕێكی دژواردا ئەنجام نەدات؟
ئەی تۆ بڵێی سەرەنجام (ئارماتا) ژێراوژێر و لەودیوی پەردەوە بە هۆی (ئەم و ئەو) كار لە هاوكێشەی ئەو ناوچانەیش نەكات كە لە دوای نەمانی داعش خۆیان بۆ سەربەخۆیی یەكجارەكی ئامادە كردووە؟




