نرخێك بۆ نیشتمان سەنگێك بۆ مێژوو

سەرۆ قادر
سەردانی ڕەسمیی سەرۆكی كوردستان مەسعوود بارزانی بۆ ئەمەریكا، جێی باس و خواستی جیاجیای دانیشتووانی كوردستانە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، دیسان لە ڕوانگا و بەرژەوەندیی خۆیانەوە لێكدانەوەی بۆ دەكەن. لە ڕاستیدا زۆر بەجێیە كە ئەو هەموو ئومێدەی لەسەر هەڵچندرێت. جا ئومێدەكان بۆ هاتنەدی ئاواتە نیشتمانییەكەی كوردستان بێت، یان بۆ ئامانجی بەرتەسكی كێشەی حزبایەتی بێت. هەڵبەت ماشینی چەواشەكاری، وڵاتانی داگیركەری كوردستان، بۆ نیازی تایبەتی خۆیان لەگەڕدایە. ئەوەی من باسی دەكەم، وەڵامدانەوە بۆ هیچكامیان نییە. تەنانەت نامەوێ ئاماژە بە لاوازیی ڕاگەیاندن و لەبارنەبوونی دەربڕینی، ڕادەربڕەكانی خودی پارتی بكەم. هەڵبەت ئەو هۆكارانەی دوایی، رۆڵێكی مشەیان لە بەدەستدانی ماددەی میدیایی بۆ ناحەزەكانی بارزانی هەیە.
مەسعوود بارزانی، ئەو سەردانەی دوای سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەسەر داعشدا دەكات. ئەو خۆی فەرماندەی گشتی و ڕاستەوخۆی یەكلاییكردنەوەی شەڕەكان بووە. بۆیە دەبینین ئەمەریكاییەكان وەك سەرۆكێكی نیشتمانی- سوپایی سەركەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. ئەمەریكاییەكان شێوازی تایبەتی خۆیان بۆ بایەخپێدان هەیە. ئەوان جیا لە پێشوازی سەرۆكایەتیی خۆیان، بارزانییان لە ناوەندە سیاسەتسازەكانی خۆیان گێڕا و میدیا و كەسایەتییە ڕاگشتییەسازەكانی خۆیان خستە خزمەتی. لەم كارەیاندا هەموو دانیشتووانی ئەمەریكایان، خستە ناو گوێگرتن لە ڕوانگاكانی سەرۆكی میللەتێكی مافخوراو كە سەركردایەتیی تێكشكاندنی داعشی كردووە. لە پێشوازیی بارزانیدا، فەرماندە سەربازییە ناودارەكانی ئەمەریكا، خانەخوێ بوون و شانازییان بەو هاوكارییە سوپاییە دەكرد كە بارزانی بەڕێوەی دەبات. ئەویتریان كۆبوونەوە ڕەسمییەكانی پشتەوەی پەردەیە، پێویستە لە زاری بارزانی و ئەمەریكاییەكان بیبیستین.
مەسعوود بارزانی لەم سەردانەیدا بۆ ئەمەریكا، شەریف پاشای لە زاكیرەی میللەتی كورددا زیندوو كردەوە، بەڵام لە رۆژگار و ئاستێكی زۆر بەرزتر و زانایانەتردا. هەموو كوردستانییان لەخۆیانەوە وەك دڵیان خەبەری دابێت، چاوەڕوانی یەكلاییكردنەوەی پرسی سەربەخۆیی لە سەرۆكی وڵاتەكەیان دەكەن. لە مێژووی میللەتانیشدا چارەنووس بە سەرۆكێك دەسپێردرێت كە لە ئاستی ئەو متمانە مەزنەدا بێت. لەوەڕا من بە ئاسایی دەزانم كە هەموو سیاسەتمەدارێك، یان هەموو حزبێك، خۆی نەكاتە خاوەنی كێشەی سەربەخۆیی. لە كوردستاندا ئەوە ئیش و ئەركی مەسعوود بارزانییە. سەربەخۆیی ئاواتی لەمێژینە و هەرە باڵای ئەویشە. لە خەبات لە پێناوی سەربەخۆییدا، بارزانی لەگەڵ خواستی میللەتی كوردستان لە كێبڕكێدایە. هەڵبەت ئەوەی لە نزیكەوە بارزانی بناسێت، تێدەگات كە هیچ كاتێك، نە موغامەڕە و نە موعامەلە، بە كێشەی نیشتمانەكەی ناكات. سەرۆك پێش سەردانی بۆ ئەمەریكا، نەیگوتووە دەچێ لە ئەمەریكا ڕوخسەتی سەربەخۆیی وەردەگرێت. عورف و یاساكانی نێودەوڵەتییش ڕێگەیەكی لەم چەشنە نیشانی بارزانی نادات. بۆیە ئەگەر كەسانێك ئەو چاوەڕوانییەیان لە سەفەری بارزانی هەبێت، بە سادەیی خۆیان بەشداری لە چەواشەكردنی ڕای گشتی كوردستان دەكەن.
بارودۆخی ناوچەكە و تەجرەبەی پێكەوەژیانی، چارەگە سەدەی ئەخیر، لە نێوان كوردستان و عێراق، پرسی سەربەخۆیی خستووەتە ناو ڕۆژەڤەوە و لە ناو هەموو فایلە سیاسییەكان جێگەی بۆ كردۆتەوە. بۆیە گومانمان نەبێت، بارزانی ئەم پرسە سارد ناكاتەوە و لە هەموو ئاستەكاندا باسی دەكات و كاری بۆ دەكات. ناوەندە نێودەوڵەتییەكانیش وەك جاران نین، ئێستا گوێ بۆ ئەو خواستەی میللەتی كوردستان شل دەكەن، بە ئاستی جیا جیا نیازی خۆیان دەردەبڕن. عێڕاقی دوای ٢٠٠٣، لە جیاتی دیموكراسی و فیدڕاڵییەتێكی بەرفراوان، بەپەلە ڕووی لە تاییفیەتی مەزهەبی كرد، جەنگی ناوخۆیی هەڵگیرساند و دەستی داوەتە پاكتاوكردنی هاووڵاتیانی غەیرەمەزهەبی خۆی، بە بێباكی چووتە ناو ستراتیژیی ئێران، یەكپارچەیی خۆی پێناپارێزرێت. هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و كوردستان، فەشەلی عێراق و سەركەوتنی تەجرەبەی كوردستانی سەلماند. بۆیە تەجرەبەی جیهان لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هانیان دەدات، ڕۆڵی كوردستان بەباش هەڵسەنگێنن و بیر لە یارمەتیدانی بكەنەوە. دوای جەنگی جیهانی دووەم، كەشێكی سایكۆلۆژی لەم چەشنە بەسەر جیهانیاندا زاڵ بوو، پاڵی دەنان پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل بكەن.
هەڵوێستی ئەمەریكا لە ئێستادا بەرامبەر بە كوردستان وەك ساڵی ٢٠٠٣ نییە. ئەوكات لە بەرسڤی پرسیاری سەربەخۆییخوازانەی بارزانیدا، دەیانگوت: ئەگەر گورگ بتانخوات، ئێمە هاوكاریتان ناكەین. ئێستا هەمان پرسیار، وەڵامی جیاوازی هەیە. هەڵبەت قەت نابێ چاوەڕوان بین، سەربەخۆیی كوردستان لە ئەولەوییەتی ئەمەریكادا بێت، بەڵام دەكرێ سەرۆكی كوردستان هەمیشە بۆ ئەوە بگەڕێت كە هەرچی زووترە، سەربەخۆیی بكەوێتە بەر بایەخی جیهانیانی دەستڕۆیشتوو، ئەوسا ببێتە ئەولەوییەتی كوردستان، واقیعییانە دەبێت. لەو كارەیدا پێویستە هەموو كوردستانییان پشتیوانی بارزانی بن.
سەرۆك بارزانی زۆر گشتگیرانە و بە تەجرەبەوە، باسی پرسی سەربەخۆیی كوردستان دەكات. ئەو دەڵێ پێویستە لەگەڵ عێراقییەكان گفتوگۆی لەسەر بكەین و ئەزموونی هەردوو لامان لە سەد ساڵی رابردوو گەنگەشە بكرێت. پێویستە پشوومان درێژ بێت و چاو لە عەرەب سوور نەكەینەوە. وڵاتانی دەوروبەرمان بخەینە ناو كێشەكە و باوەڕیان پێ بێنین كە كوردستانی سەربەخۆ لە خزمەتی بەرژەوەندیی هەمووان دەبێت. كەواتە دوای جیهانییان، جیرانەكانیشمان تەرەفی گفتوگۆن. پڕۆسەكە وەهایە، بۆیە پەلەی تێدا نییە، هەروەك ساردكردنەوەشی رەوا نییە. سەرۆك خاوەنی ئەم ڕوانگایەیە. ئەمەش ڕوانگایەكی واقیعبینانەیە، چونكە بەرژەوەندیی جیهانی، لە ئاسایش و ئەنێرژیدا دابین دەكات. ڕێگەی هاوكاری و پێكەوەژیان لەگەڵ عەرەب كۆتایی پێناهێنێت. بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین، ئەنجامی ئەم سیاسەتە نەرمە، چ مامەڵەیەكی جیهانی و ناوچەیی بۆ كوردستان دەستەبەر دەكات. كورد بۆ دواوە ناگەڕیتەوە، جیهانیش ئەوەی لێ ناخوازێت، عێراقیش ناتوانێت پاڵی پێوە بنێت. لێرەدا پێویستە كوردستان بەردەوام لە دان و ستاندن، پاشەكشە و پێشكەوتندا بێت، زوو زوو كەموكوڕییەكانی خۆی چارەسەر بكات، یارمەتیی كەشی نێودەوڵەتی گونجاو بدات، ئەگەر بەم زووانەش دان بە سەربەخۆییماندا نەهێنن، قۆناغ بە قۆناغ یارمەتیمان بدەن سەربەخۆیی خۆبەڕێوەبردنمان، لە تێكەڵبوونی زیاتر بە سیاسەت و بازاڕی جیهانی، دابین بكرێت. مۆدیلێكی نزیك لە تایوان، ئەو خۆبەڕێوەبردنە دەستەبەر دەكات.
هەر كەسێك لە كوردستاندا وابزانێت عێراقییەكان بە شێوەی خۆیان بیر لە سەربەخۆیی كوردستان ناكەنەوە، دیارە بێئاگان. هەموو ناوەندە سیاسی و مەزهەبییەكان بە ڕووی سەربەخۆییدا باسی كوردستان دەكەن، بەڵام چەند و چۆن؟ جێی باسە. كەواتە تەجرەبەی مێژوویی لەلای عێراقییەكانیش، كاریگەریی خۆی كردووە و هەوڵدەدەن كێشەكە لە كۆڵ خۆیان بكەنەوە. هەر ئێستا عێراق وەك وڵاتێكی جیران تەماشای كوردستان دەكات. كەواتە ئەو ئەزموونەی لە سودانی عەرەب، بەرامبەر باشووری مەسیحی درووست بوو، دوور نییە لە عێراقی شیعەدا بەرامبەر بە كوردستان درووست بێتەوە.
من پێموایە، ئەو متمانە زۆرەی بارزانی بۆ میللەتی خۆی بە ڕەوای دەبینێت، هیچ كەسێك بۆ نیازی حزبی سووكی نەكات. نرخێك بۆ نیشتمان و سەنگێك بۆ ئەزموونی یەك سەدە لە مێژوو بهێڵدرێتەوە.
لە گوڵانەوە




