بارزانی و دەوڵەت و ئۆلیگارشییەکان!

سلێمان عەبدوڵڵا یوونس
سەرکەوتنی یان سەرنەکەوتنی سەردانی ئەمجارەی بارزانی بۆ کۆشکی سپی، بەوە ناپێورێت کە ئایا بارزانی توانی یان نەیتوانی لەم سەردانەیدا ئەمەریکا و خۆرئاوا بە پرسی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی رازی بکات یان نا.
لە راستیدا سەرکەوتنی ئەم سەردانەی بارزانی لەوەدایە کە بارزانی چەندە توانیویەتی پرسی بەردەوامکردنی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ گەلی کوردستان و، پڕچەککردنی پێشمەرگە و بابەتی بەڕەواناسین و بەمارکێتکردنی نەوتی کوردستان لە بازاڕەکانی جیهاندا و، مەسەلەی هاوبەشێتیی ڕاستەقینەی کورد لە سەروەت و دەستەڵاتەکانی دەوڵەتی عێراق گەرەنتی بکات و لە زاری کۆشکی سپییەوە ئەم گەرنتییە بە گوێی یار و نەیارەکانی هەرێمی کوردستاندا بداتەوە.
بۆ بارزانی سەرکەوتن و جیاوازیی ئەم سەردانە لەوەدا بوو، کە ئەو لەلایەک توانی هاوشان لەگەڵ دوو هێزەکەی ناو دەستەڵاتدارێتی بەرێدا، هێزەکانی ئۆپۆزسێۆنیش بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان لەژێر چەتری سەرۆکایەتیی خۆیدا بەرەو کۆشکی سپی بەرێت، لەلایەکی تریشدا ئەو لە سەردەمێکدا ئەو سەردانەی ئەنجام دا، لە سەرکردایەتیکردنی جەنگی داعشدا توانیویەتی سەرکەوتنێکی بەرچاو لە سەرکردایەتیکردنی ئەم جەنگە جیهانییەدا بە دەست بهێنێت.
لێرەدا لە ڕوانگەیەکی ئەقڵانییەوە بۆ خەڵکی کوردستانیش ڕەنگە وێڕای ئەو دەستکەوتانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدان، سەرکەوتنی سەفەرەکەی بارزانی لەوەدا بێت، کە بارزانی لە دوای ئەم سەفەرەوە زیاتر بۆی ڕوون دەبێتەوە کە قسەکردن لەسەر سەربەخۆیی کوردستان و پرسی پەیداکردنی پشتیوانیی جیهانی لەم نێوەندەدا بە ئەندازەی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بەندە بە پرسی زەوینەسازیی نێوخۆیی و بنەبڕکردنی گەندەڵی و یەکخستنی سوپای کوردستان و قووڵکردنەوەی لێبوردەگی و پاراستنی مۆڕاڵی بەیەکەوە ژیان و، بنیاتنانی دیموکراسیی ڕاستەقینە لە هەرێمەکەیدا، کە ئەمەش خۆی لە ماڵئاواییکردن لە حزبۆکراتیەتی بیست ساڵەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەبینێت بۆ حوکمڕانیەتێکی دامەزراوەیی هاوچەرخ و نیشتیمانی کوردی
لەم نێوەندەدا، دوور لەهەر موزایەدە و پڕوپاگەندەیەکی لایەنداری سپی یان ڕەش، بڕوام وایە بارزانی (کە حاڵی حازر لە غیابی مام جەلال ڕێبەرێکی بێڕکابەرە لە جیۆگرافیا کوردیەکەدا) کاتێک دەتواێت ئەمەریکا و خۆرئاوا بە پرسی دروستکردنی دەوڵەت رازی بکات، کە توانی نموونەیەکی حوکمڕانیی سیاسیی دروستی خاوەن ڕەوایەتیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بکات بە ئەلتەرناتیڤی سیستەمی باوی ئێستای هەرێمەکەی بندەستی خۆی، کە سیستەمێکی ئۆلیگارشیی حزبۆکرات و مۆنۆپۆڵکاری ئابووی و نەوتیی بیرۆکرات و بەکاربەرە.
بارزانی بەبێ ئەوەی گرفتی ڕازیکردنی ئەمەریکا و خۆرئاوای هەبێت لە هەر دەمێکدا توانای دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لەبەردەستدایە، بە مەرجێک ئەو سیستەمە حزبۆکڕات و مۆنۆپۆڵکار و بەکاربەرە نەوتی و بیرۆکراتە بگۆڕێت، کە گرووپێکی ئۆلیگارشی لە پشتێتی. گرووپێک هەموو حزبەکان بە ڕێژەی جیاواز بەداخەوە بەشدارن تیایدا.




