قەدەغەکردنی کتێب!

رابون مەعروف
لە درێژەی پرۆسەی 'بەگژاچونەوەی فیکری داعشی' لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، وەزارەتی رۆشنبیری بڕیاری قەدەغەکردنی کۆمەڵێك نوسەری ناسراوی کلاسیك و مۆدێرنی سەلەفی دەرکردوە! بەهانەی حکومەت بۆ ئەو کارە ئەوەیە کە ئەو نوسەرانە بانگەواز بۆ توندوتیژی ئاینی دەکەن و فیکری 'داعشی' بڵاو دەکەنەوە.
ساڵانێکە چاودێری کۆمەڵێك نوسەری کورد دەکەم کە باسی 'ریفۆرمی ئاینی' لە جیهانی ئیسلامی بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی دەکەن. ئێستاش گوایە حکومەت بە کردەوە بەگژ توندڕەویدا دەچێتەوە. بەڵام؛ نە ئەو نوسەرە کوردانە دەزانن چی دەڵێن و نە حکومەت دیدێکی رۆشنی هەیە کە خەریکی چیە! بۆیە گرانە پێشبینی ئەنجامێکی باش لەم پرۆسەیە بکرێت.
جگە لەوەی کە دەکرێت قەدەغە کردنی کتێب پێچەوانەی ئازادی رادەربڕین و نەبونی سانسۆر بێت، کە سەرەڕای تێبینیەکان لە شانازیە کەمەکانی دوای راپەڕینن، تیرۆریست و توندڕەوەکان توێژەر و خوێنەر نین تا فیکری توندڕەوی لە دوتوێی کتێبەکانەوە هەڵبگرنەوە. ئەوان، بە گشتی، کۆمەڵێك گەنجی مەحروم و سەرگەردانن کە هەندێك مەلای توندڕەو لە مزگەوت و بۆنە کۆمەڵایەتیەکان حازر و تەجندیان دەکەن بۆ تیرۆر و کوشتار. زۆربەی گەنجە تیرۆریستەکان نە ئەو نوسەرانە دەناسن و نە کتێبەکانیشیان خوێندونەوە!
ناکۆکی گەورە ئەوەیە، لەکاتێکدا حکومەت نوسەر و مەرجەعە سەلەفیە ناسراوەکان قەدەغە دەکات، دەسەڵاتدارانی کوردستان چەندان ساڵە بەشێك لە مزگەوتەکانی کوردستانیان خستۆتە خزمەتی مەلا 'سەلەفی' ە توندڕەوەکانەوە و بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی هاوکاری و پشتگیریان دەکەن! بەشێکی زۆری گەنجە کوردە تیرۆریستەکان لە مەجلیسی ئەو مەلا 'سەلەفی' ە توندڕەوانەوە هاتونەتە دەرەوە!
پێویستە ئیجرائاتی روبەڕوبونەوەی توندڕەوی ئاینی و وردەکاریەکانی بەرهەمی پرۆسەیەکی هەمەلایەنەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بێت کە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بەڕێوەی بەرن. ناکرێت پرۆسەیەکی ئاوا گرنگ و هەستیار بەرهەمی کاردانەوەی عاتیفی بێت و حکومەت دیدگایەکی رۆشنی نەبێت کە چی دەکات و نیازی چی هەیە؟!




