٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

تەببەت یەداك عادل موراد وەتەب!

سەرچاوە: KDP.info

جەمال عەبدوڵڵا

• لەناو دنیای سیاسەتدا، پیاوی بچووك ناتوانێت گەورانە بیر بكاتەوە، لە ناو دنیای سیاسەتدا پیاوی بچووك ئاستی بیركردنەوەی ناتوانێت ئەو سنوورە تێبپەڕێنێت كە ئایا لە هەڵبژاردنەكانی ئایندەدا حزبەكەی چەند كورسی بەدەست دەهێنێت، واتا لە دنیای سیاسەتدا پیاوی بچووك دەماغی هەتا هەڵبژاردنەكانی ئایندە زیاتر بڕ ناكات؛ بەڵام پیاوی گەورە بیركردنەوە و ئەندێشەی بۆ نەوەكانی ئایندەیە نەك هەڵبژاردنەكانی ئایندە و، بەم پێیە پیاوی گەورە ئاستی بیركردنەوەی لەناو بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەكاندایە و پیاوی گەورە چاوی لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە نەك هەرێمی كوردستان داش عێراق و، ئینجا تەنها بەرژەوەندییە حزبییەكانی خۆی لەناو ئەو هەرێمی كوردستانی داش عێراقەدا! پیاوی گەورە جیاوازی ناكات لە نێوان پێشمەرگەكانی خانەقین و كۆبانێ و شنگال و شێخان و مەخموور و گوێڕ و خازر و كەركووك، پیاوی گەورە جیاوازی ناكات لەنێوان شەهید والی باریكەیی داستانی قەیوان – ماوەت و، شەهید والیەكەی داستانی خواكورك! با والی یەكەمیان یەكێتی بووبێت و والیی دووەمیان پارتی، بەڵام خۆ هەردوو والیەكە پێشمەرگەی كوردستان بوون.

ئەوە هەر پیاوە بچووكەكانن، واتا ئەوانەی بچووك بیر دەكەنەوە، كە باسی شەڕی پێشمەرگە دژی وەحشەكانی داعش دەكەن تەنها باسی شەڕەكانی خانەقین دەكەن، كەچی شەڕەكانی بەنداوی مووسڵ و خازر و شێخان و عێن زالە دەكەن بەژێر لێوەوە، وەك ئەوەی داعش لەم ناوچانەی كوردستاندا تەیرەن ئەبابیلە شكاندبێتنی یان پەتای كۆلێرا و كۆكەڕەشە ئەوانی فەوتاندبێت! ئەمجارەشیان عادل موراد خاوەنی ئەم جۆرە بیركردنەوە بچووكەیە. چۆن؟
• لەكاتێكدا، وەفدێكی حكوومی بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە واشنتۆنە و، بە گشتی چاومان لەسەر ئەنجامەكانیەتی و ئەمجارە لەوێ مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی كوردستان تەرح دەكرێت، كەچی ئەم كاك عادلە و لە ناوەختدا و بە نەغمەیەكی نەشاز و لەتیم دەرچوو، دەستی كردەوە بە خوێندن و وەك تەعلیقێك لەسەر ئەو سەردانە دەڵێت:- (داواكارم پارتی ئەو سەردانەی نەكاتە هۆكارێك بۆ مانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستەكەی و دەمەوێت ئەوە بگەیەنم ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێم كۆتایی دێت و نابێت ئەمە بكرێتە بیانوو بۆ درێژكردنەوەی ماوەكەی و بنەمای دیموكراسیەت لە كوردستان پێشێل بكرێت). ئینجا سەرەڕای ئەوەی كە كاتی ئەم لێدوانە زۆر نالەبارە و مانەوە یان نەمانەوەی سەرۆكی هەرێم لە پۆستەكەی هیچ پەیوەندییەكی بە سەردانەكەی واشنتۆتەوە نییە و دوو بابەتی لە یەكتر جیان، بەڵام خۆ هەرهەمووان، بە عادل مورادیشەوە، ئەوە دەزانن كە سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەردانی حزبەكانی كرد بۆ ئەوەی بە هەمووان ڕێگە چارەیەكی قانوونی بۆ ئەم بابەتە بدۆزنەوە؛
ئێ خۆ سەرۆكی هەرێم خۆیشی ڕایگەیاند كە لە دەرەوەی قانوون ئامادەی مانەوە نییە لەو پۆستەدا و هەموو حزبەكانیش لەسەر ئەم مەبدەئە ڕازین. ئەی باشە ئیتر ئەم لێدوان و خوێندنە نەشاز و ناوەخت و نالەبارانە چین لەلایەن عادل مورادەوە و، ئایا ئەم كاك عادلە چەندە گۆشت بەم لێدوانانە دەگرێت؟ ئەی ئایا ئەم لێدوانانەی عادل موراد، جگە لە دروستكردنی ناڕەحەتی و نائارامی و دڵەڕاوكێ بۆ خەڵك، چ سوودێكی هەیە؟ ئایا ئیشی عادل موراد بووە بە دروستكردنی دڵەڕاوكێ و ناڕەحەتی بۆ خەڵك؟ جا ئەگەر ئیشی عادل موراد ئائەوەهای لێ هاتبێت، ئایا منیش حەقم نییە دۆعایەكی لێبكەم و بڵێم:- تەببەت یەداك عادل موراد وەتەب؟ ئێ چی بكەم خۆ منێكی هاووڵاتی فەقیر هەر ئەوەندەم دەسەڵاتە، دوعاش نەكەم؟!!!!!
لە ڕۆژنامەی هەولێرەوە

هەواڵی پەیوەندیدار