بارزانی ئەوجارەش لە دەرگا سەرەكییەكەوە دەچێتەوە نێو ژوورە هێلكەییەكە

د.محەمەد خدر مەولود
بریارە ئەمرۆ بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەدەرگای سەرەكی كۆشكی سپی یەوە باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكای گەورەترین وڵاتی دونیا ببینێ و دیدار سازبكەن . تا ئێرە ئەم هەواڵە وەك چۆن بۆ میدیاكانی دونیا گرنگ وجێی بایەخە، بۆ هەرێمی كوردستان و تەواوی دەوڵەتانی ناوچەكەش گرنترو پڕ بایەخترە . بۆ ؟
لەڕوانگەی پەیوەندی نێوان ئەمریكاو كوردەوە . كورد وەك نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت، كە لەوانەیە ئاڵای كوردستان لەتەك ئاڵای ئەمریكا لەپیشتی هەردوو سەرۆك نەبینرێت، كە عورفی دبلۆماسیی یە . لاسەنگیی نییە .. بەڵام پەیوەندی نێوان ئەمریكاو كورد بۆ سەرەتاكانی شۆرشی ئەیلول دەگەڕێتەوە گەرچی ئەوسا شۆرشی ئەیلول بوو بەقوربانیی بەرژەوەندییەكانی غەیرە كوردو و شۆرش و خەباتی نەتەوەیەك بە بەرچاوی ئەمریكییەكان غەدری لێ كرا، بەڵام ئەوێ رۆژی بارزانی كوڕ پێشمەرگە بوو.
ئەمرییكییەكان لەئێمەی كورد، باشتر یادەوەری دوێنێ یان لەبیرە و باشتریش كار لەسەر دوێنێ دەكەن بۆ ئایندەێكی باشترو مسۆگەرتر . لەوناوچە هەڵاویساوەی ئێمەش دا كە بارزانی كوڕ لەماوەی (1996-2015) پڕ لە گۆڕانكارییە بەپەلەیەدا ئەوە بۆ جاری چوارەمە پێدەنێتە كۆشی سپی، لەكاتێكدا چەندین سەرۆك وڵاتانی ناوچەكە ئیرەی پێ دەبەن خۆزگەی ئەوە دەخوازن بەختیان وەك بەختی بارزانی یار بێت و بۆ ساتێكیش بێ پڕ بەدڵ سەرۆكی ئەمریكا ببین .
دەبێ ئەوسەردانەی ئێستای بارزانی بۆ ئەمریكا بایەخەكەی لەكاتەكەی دابێ یا لەو پرسانەی دا كە لەنێو جانتاكەی بارزانی دان ؟ دەكرێ هەردوو دیوی هاوكێشەكە بخوێنینەوە . لەڕووی كاتەوە بایەخەكەی لەوەدا دەبینرێت كە لەدوای سەردانی عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە دێت .كە نەیتوانی لەبەربارودۆخی ناهەمواری ناوخۆو شلۆقی بەرەكانی جەنگ لە رومادی و بێجی ئەو بەرنامەیەی هەیبوو لە ئەمریكا جێبەجێی بكات، جگە لەبینینی سەرۆك ئۆباما و دانیشتنی بەپەلەی لەگەڵ كۆمپانیای ناوداری ئۆكسۆن مۆبیل داواكردن لە بەرێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە بەوازهێنان و دەست هەڵگرتنیان لەكاركردن لەبیرە نەوتەكانی كوردستان دا لەبەرامبەردا پێدانی ئیمتیازی دەرهیێنای نەوتی باشووری عێراق بە بەهای هەرزانتر لەجاران . گەر ئێمە لەو ئاین و ئۆینەی حكومەتی عێراق تێ بگەین، بێ شك ئەمریكییەكان لەئێمە باشتر تێ دەگەن .
سەرۆكوەزیرانی وڵاتێكی تایفەگەری تەژی لە هەژاری و پڕاوپڕ لەمنداڵ وخانەوەدەی هەتیوو باوك كوژاوی شەڕ و جەنگە جۆراوجۆرەكان لەجیاتی كاركردن وداوكردن لەئەمریكییەكان بۆ رزگاركردنی عێراق لەلێواری وێرانبوونی یەكجارەكی دا , كەچی لەئەمریكاوەش كاردەكات بۆ لێدان لەئابووری كوردستان .
هەرلەڕووی كاتەوە، بارزانی لەشوێنێكە كە بەرلەچەند رۆژێك و لە 1-5-2015دا ئەمریكا لەرێگای كۆنگرێسەوە پرۆژە بریاری چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەمەودوایی لەگەڵ كوردستان و پێشمەرگەدا هێناوەتە ئاراوە . وێرای هاروهاج بوونی عێراق بە حكومەت و مەرجەعیەتەوە لەبەرامبەر ئەوپرۆژەبریارەدا، بەدڵنیاییەوە بارزانی لەجیاتی گەلی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكانی سوپاسی ئۆباماو كۆنگریسی ئەمریكی دەكات. لەكاتێكدا خودی سەرۆك ئۆبا چەندە سەرسامە بە ئازایەتی و خۆراگری پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان ئەوەندەش بەبارزانی، ئەی ئەوە سەرۆك ئۆباما نەبوو لەسەرەتاكانی شەڕی دیوی رۆژئاوای نەینەوادا گوتی : بارزانی سەرۆكێكی ئازایە، لەجیاتی ئەوەی لەبارەگای سەرۆكایەتی بێت وا لەگەڵ جەنگاوەرەكانی دا لەبەرەی شەڕدایەو سەركردایەتی شەڕی دژە تیرۆرستان دەكات .
ئەی دەبێ جەنتاكەی دەستی بارزانی چ پرسێكی تێدابێت ؟ لەگەڵ گەورە سەرۆكێكی دونیادا بارزانی لەچی بدوێت و گفتوگۆكان بەچ خاڵبەندییەك كۆتاییان پێ بێت ؟ بەرلە وەڵام دەبێ بڵێین :
ئەوەی زانراوە لە بارزانی، وەك سەرۆكێك سەردانی تەشریفاتی ناكات و بۆ قاوە خواردنەوە نا چێتە ئەمریكا، سەرۆك ئۆباماش كاتی ئەوەی نییە بۆ قاوەخواردنەوە لەژوورە هێلكەییەكەی دا پێشوازی لە میوانانی بكات . هەمووشمان ئەوەمان لەبیرە كاتی لەدوای روخانی رژێمی سەدام حوسێن هەرلەم كۆشكەدابوو جۆرج بۆشی كوڕ لەرۆژی 25-10-2005 دا چۆن پێشوازی لە بارزانی كرد و چۆن وەسفی قارەمانیەتی و رابەرایەتی بارزانی كرد , ئێستاش ئەمریكا و سەرۆك ئۆباما پرسەكانی نێو جەنتایەكە تاوتوێ دەكەن و پرسی كوردستانی دوای داعش دەوڵەمەندترین بابەتیش پرسی سەربەخۆیی كوردستانە بەئایندەێكی مسۆگەری سیاسی و سەربازی و ئابووری یەوە .
سەفەرت پڕخێر و بەرەكەت سەرۆك .. سوپاس ئەمریكا




