٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بۆ دەبێ كوردستان ببێتە دەوڵەت؟

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا
یەكەم: عەقلانیترین هۆكار بۆ داواكردنی سەربەخۆیی، پاراستنی كوردستانە لە هەڕەشەكان. ئێمە لە ناوچەی لەدایكبوونی قەیران و توندڕۆیی و ئینكاردا دەژیێین. داعش پێی گوتین لە بەعس دڕندەتریش هەیە و دووریش نییە لە داعش وەحشیتریش بێتە كایەوە. ببین بە دەوڵەت، لە ڕووی یاسای دەولییەوە پارێزراوتر دەبین و كۆتوبەندی سازكردنی سوپایەكی سەردەمیانە و پڕچەكیشمان كەمتر دەبێت. دەستی دۆستانی كوردستانیش بۆ یارمەتیدان ئاواڵەتر دەبێت. بە ئاسانی دەتوانین ببین بە بەشێك لە هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەكان.
دووەم: هەتا خاوەن كیانێكی سەربەخۆ نەبین ناتوانین خاوەنی پلانی تۆكمەی ئیداری و ئابوورییش بین. داهات و ڕزقمان لەژێر دەستی خەڵكی دیكە دەبێت و، قووتی خەڵك لەژێر ڕەحمەتی میزاج و ئیمزای سەرۆكوەزیرانێك دەبێت. هەمیشە كارتی بوودجە لە دژی خەڵكی كوردستان بە كار دەهێنرێت.
سێیەم: هەتا خاوەنی سەرەوەریی كامڵ نەبین، سەروەریی نێوخۆییشمان مسۆگەر نابێت. هەمیشە وڵاتمان لەژێر هەڕەشەی ناوچەگەرایی و چاوچنۆكیی هێزە ئانارشیستەكان دەبێت. نەبینە دەوڵەت ناتوانین بیر لە پڕۆسەی گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتوورییش بكەینەوە. ناتوانین بە باشی پایەكانی دیموكراسی و ژیانی مەدەنییش بەهێز بكەین. نەبینە دەوڵەت ناتوانین كار بۆ زمانێكی یەكگرتوویش بكەین.
چوارەم: تەنیا لە دۆخی دەوڵەتبووندا دەتوانین كار بۆ دابینكردنی ژیانێكی شاییستە بۆ خەڵك و بژێویی هاووڵاتیان و دادپەروەریی ئابووری و بەدامەزراوەییكردن بكەین. خۆبەستنەوە بە بەغدایەكی لێوانلێو لە تاییفەگەری و جەهل و گەندەڵی و بێدادی چ سوودێكی هەیە؟
پێنجەم: مانەوە لەدۆخی داگیركراوی و بەستنەوە بە بەغدا جگە لە كاولكاری و دواكەوتوویی و كارەسات چی بۆ گەلی كوردستان هەبووە؟
شەشەم: هیچ كات هێندەی ئێستا دەرفەت لەبار نییە بۆ هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی. پێشمەرگە خاكی ئازاد كردووە. بەغدا لەوپەڕی لاوازیدایە و ڕەوایەتیی دۆزی گەلی كوردستان لە جیهاندا لە باشترین ئاستدایە.
حەوتەم: دواخستنی سەربەخۆیی بە هیوای ئەوەی دراوسێكانمان چرای ڕەزامەندی دابگیرسێنن و ڕازی بن، پتر گەمژەییە نەك خوێندنەوەیەكی ڕاست و دروست. كوردستان ئەبێ خۆی داوا بكات و ببێتە واقیع. هەروەكچۆن لە فیدرالیەت و حاڵەتی ئێستایشدا خۆی سەپاندووە و بووەتە واقیع.
هەشتەم: سەربەخۆیی نادرێ بەڵكو مافێكە هەیە و دەبێ دەستی بەسەردا بگرین. ئەبێ جیهان لەو ڕاستییە تێبگەیێنین كە كوردستان شاییستەی دەوڵەتبوونە و سەربەخۆییش ڕادەگەیێنێت. سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەمەریكا سەردانێكی مێژوویی دەبێت و، جەوهەری ئەم سەردانە باسكردنی هەنگاوی سەربەخۆییە. حزبەكانیش پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەم سەردانە و ئەجێندای سەردانەكە ڕاگەیاندووە و ئەوەیان بابەتێكی دڵخۆشكەرە.
نۆیەم: ئەوەی دژی سەربەخۆیی بوەستێتەوە مانای ئەوەیە كە دەیەوێ كوردستان بە زەلیلی و پاشكۆیی بمێنێتەوە. ئەگەر مەبەستیان بەهێزكردنی دیموكراسی و عەدالەت بێت و پاشان پێ بنێنە سەربەخۆیی با لەوە دڵنیا بن دیموكراسی و موئەسەسات تەنیا لە دۆخی سەربەخۆیی ڕەگدادەكوتێت، با بڕۆن سەیری ئەزموونی گەلان بكەن ئەو ڕاستییەیان بە باشی بۆ دەردەكەوێت. پڕۆسەی بەهێزبوونی دیموكراسی و ئابووری هەردەم لەدوای قۆناغی دەوڵەتدا سەریهەڵداوە.
دەیەم: داواكاریی پەكەكە بۆ وازهێنان لە سەربەخۆیی و دژایەتیكردنی دەوڵەتی كوردستان و كاركردن بۆ بیرۆكەی بەدیموكراتیزەكردنی گەلانی ناوچەكە ئەگەر هیچ گۆبەندێكی موخابەراتی لەپشت نەبێت لەڕووی هزرییشەوە زۆر كێشەی هەیە و ناواقعبینانە و فانتازیایە. هەر كات گەلانی ناوچەكە وازیان لە دەوڵەت هێنا و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەڵوەشایەوە و ڕێكخراوی جیهانیی گەلانی دیموكراتی شوێنی گرتەوە ئەو كات هەموومان بەشوێن پەكەكەدا دەڕۆین و قۆڵ لە كانتۆنسازی هەڵدەماڵین.

 
 

هەواڵی پەیوەندیدار