منیش ئاماده‌م ببمه سه‌رۆكی هه‌رێم.. مشتومڕە سیاسییەکان و یاریکردن بە ئەقڵی جەماعیی خەڵک

مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی
له‌م ڕۆژانه‌دا، گفتوگۆكان له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه تابێ گه‌رموگوڕتر ده‌بن. هه‌ركه‌س و لایه‌نێك به‌گوێره‌ی فراوانی و به‌رته‌سكیی خه‌یاڵدان و پلانی سیاسی خۆی له‌و پرسه ده‌ڕوانێت و قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كات . وه‌ك پڕنسیپ ئه‌وه مافی هه‌ركه‌س و لایه‌نێكه قسه له‌باره‌ی هه‌ر پرسێكه‌وه بكات. به‌گوێره‌ی ئه‌ته‌كێتی ڕاده‌ربڕین و پرۆسه‌ی پێشكه‌ش كردنی به‌دیل.
نه‌ك به‌زه‌روره‌ت به‌گوێره‌ی كه‌وشه‌نه‌كانی خه‌یاڵدانی خۆی. به‌ده‌ربڕینێكی تر: ئه‌وه خاوه‌ن ڕا و، خاوه‌ن پرۆژه‌كه‌یه كه پێویسته ئاستی ئه‌ته‌كێتی خۆی بگه‌یه‌نێته ڕاده‌ی ستاندارد، نه‌ك پرسه‌كان بچووك بكه‌ینه‌وه به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی خۆمان حه‌زی لێده‌كه‌ین یان به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆمان. سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ی ئێستا له كوردستان له‌ئارادایه، هه‌مان پڕنسیپ ڕه‌نگه خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر دیالێكتیكه سیاسییه‌كاندا. به‌وپێیه‌ش ده‌كرێ به‌ئه‌ندازه‌ی گه‌وره‌یی كه‌یسه‌كه قسه‌ی تێدا بكه‌ین. نه‌ك به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی خۆمان حه‌زمان لێیه‌تی و، سیاسه‌تی حزبییانه واده‌خوازێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌قوله‌یه له‌جێی خۆیدا بێت، یان وه‌ك گریمانه‌یه‌كی ته‌حلیلی كاری پێ بكه‌ین، به‌ئاسانی ده‌توانین په‌ی به‌رین به‌دیارترین ئه‌و كه‌موكورتییانه‌ی كه له شێوازی توخن كه‌وتنی سیاسه‌تمه‌داره‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم تێی ده‌كه‌ون. به‌بڕوای ئێمه سیاسه‌تمه‌داره‌كانی هه‌رێم، له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م پرسه‌دا ده‌كه‌ونه نێو چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی ئیبستیمۆلۆژی و واقیعییه‌وه، كه ده‌كرێت له چه‌ند خاڵێكدا ئاماژه‌یان پێ بده‌م: یه‌كه‌م: سیاسه‌ت ئیستاتیكا نییه: مه‌به‌ست له‌م ده‌سته‌واژه‌یه ئه‌وه‌یه سیاسه‌تمه‌دارانی كورد له‌م پرسه‌دا زیاد له‌هه‌ر كایه‌یه‌كی تر له‌جوغزی پڕنسیپ ده‌رناچن. سیاسه‌ت وه‌ك ئیستاتیكا ده‌خوێننه‌وه نه‌ك وه‌ك واقیع. هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانیان بۆ ئه‌م پرسه، به‌دیله‌كان و پێشنیاره‌كانیان له‌وبازنه‌یه ده‌رناچن. شتێكی جوان و "خۆشیشه!!" ئه‌گه‌ر هه‌موو هاووڵاتییه‌ك خاوه‌نی لێهاتووی و سه‌لیقه و توانا و به‌هره و پێگه و قورسایی سه‌رۆكی هه‌رێم بێت، مافی هه‌ر هاووڵاتییه‌كیشه چاوی له پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم بێت؛ به‌ڵام ئه‌مه له‌كاتێكدایه سیاسه‌ت ئیستاتیكا بێت نه‌ك واقیع. مولامه‌سه‌ی خه‌یاڵ بكات نه‌ك واقیعی پڕ له‌كێشمه‌كێشی هاوسه‌نگیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان. ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی ئه‌و دروشمه‌ن كه ده‌ڵێت؛ هه‌مووان به‌دیلن بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم، ئایا به‌خۆ دابڕین له به‌رژوه‌ندیی حزبی كه ئه‌و ته‌رحه ده‌كه‌ن، له خۆیان پرسیوه: ئایا هه‌ر به‌ڕاستی خۆیان بڕوایان به‌و قسه‌یه هه‌یه كه ده‌یكه‌ن؟ هه‌مووان به‌بێ جیاوازی ده‌توانن پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ڕێوه به‌رن؟. ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به‌و ساده‌ییه بێت. كه‌واته سیاسه‌ت له سه‌ره‌تاییترین پێناسه‌كانیه‌وه لای فه‌یله‌سوفه كۆنه‌كانی یۆنان و، تاده‌گاته قوتابخانه تازه‌كانی خوێندنه‌وه و دروستكردنی سیاسه‌ت، ده‌بێ سه‌رله‌نوێ پێناسه‌ی سیاسه‌ت بكه‌نه‌وه. به‌و مانایه‌ی كه سیاسه‌ت هونه‌ر و ئیستاتیكایه و پڕیه‌تی له ڕه‌نگ و ده‌نگ و تابلۆی ڕه‌نگاڵه‌یی، كه به زمانی منداڵێكیش شرۆڤه ده‌كرێن. جیهانێكه منداڵێكیش تیایدا ده‌توانێت فڵچه‌كانی به‌كاربهێنێت. نه‌ك ئه‌و جیهانه ئاڵۆز و پڕ له‌كێشمه‌كێشمه‌ی كه تیایدا ته‌رازووی هێزه‌كان و چه‌مكه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی دروست ده‌كرێن، باڵانسه‌كانی هێز جێگیر ده‌كرێن. نه‌ك ئه‌و جیهانه‌ی كه تیایدا به‌هه‌میشه‌یی سه‌نته‌ر و ئه‌تراف دروست ده‌بن. له‌لایه‌كی تریشه‌وه، قوتابخانه‌یه‌كی سیاسی و ده‌روونیی تر هه‌یه، پێیوایه به مه‌شق و ڕاهێنان ده‌توانین سه‌ركرده و سیاسییه‌كان دروست بكه‌ین. به‌گوێره‌ی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ش، ده‌رده‌که‌وێت كه سیاسه‌ت ئه‌و جیهانه ساده و جوان و ئیستاتیكییه نییه كه هه‌ر كه‌سێكمان تاقه‌تمان لێی بوو بتوانین به‌ڕێوه‌ی به‌رین و، ئاتاجه‌كانی دابین بكه‌ین. هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌یه كه ئه‌و گوتاره ده‌كه‌وێته به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه كه زۆرێك له حزبه‌كان له‌ڕووی موزایه‌ده و ساده‌كردنه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌كه و، مل پێ كه‌چكردنی پرسه‌كه بۆ ئاستی خه‌یاڵدانی سیاسی خۆیان به‌رزیان كردۆته‌وه و، هه‌ركه‌س هه‌ڵده‌ستێ ده‌ڵێت: منیش ئاماده‌م ببمه سه‌رۆكی هه‌رێم...! دووه‌م: ساده‌كردنه‌وه‌ی پرسه‌كه تاڕاده‌ی ساویلكه‌یی: ناته‌واوییه‌كی تری ئه‌و مشتومڕه‌ی هاتۆته پێشه‌وه، له‌وه‌دایه سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن له قاڵبی خۆی ده‌رده‌هێنرێنن و تاڕاده‌ی ساویلكه‌یی ساده‌ی ده‌كه‌نه‌وه. دكتۆر عه‌لی وه‌ردی له‌باره‌ی "عه‌بدولكه‌ریم قاسم"ه‌وه ده‌ڵێت: " هه‌میشه بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه، كه‌چۆن من ناتوانم قوتابییه‌كانی خۆم له‌یه‌ك پۆلدا زه‌بت بكه‌م و، به‌ڕێوه‌یان به‌رم. به‌ڵام چۆن عه‌بدولكه‌ریم قاسم عێراق به‌و هه‌موو ئاڵۆزییه‌وه به‌ڕێوه ده‌بات؟".
ئه‌وه‌یه جیاوازیی دیدی ئه‌كادیمیی دكتۆر وه‌ردی، له‌گه‌ڵ دیدی سیاسییه‌كی موزایه‌ده‌چی، كه له كوردستان پرسی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێم تاكو ڕاده‌ی ساویلكه‌یی و گاڵته‌كردن به‌ئه‌قڵی جه‌ماعیی خه‌ڵكی كوردستان ساده ده‌كه‌نه‌وه. پرسیار ئه‌وه‌یه: ئایا هه‌ر به‌ڕاستی هه‌موومان ده‌توانین كوردستان به‌ڕێوه‌به‌رین؟. سێیه‌م: یاسا واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕێك ده‌خات؟ یان واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دروست ده‌كات؟: له‌نێو یاساییه‌كاندا دیالێكتیكێك هه‌یه ده‌ڵێت: ئایا یاسا به‌پێی داخوازییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان داده‌نرێت. خه‌ڵك كۆده‌بنه‌وه بۆ مه‌به‌ست و دابینكردن و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی خۆیان یاسا داده‌نێن؟ یان یاسا واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دروستی ده‌كات؟. زاڵترین ڕاوبۆچوونیش ئه‌وه‌یه به‌پێی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان یاساكان هه‌موار ده‌كرێنه‌وه. خودی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكان به‌ڵگه‌ی ڕوونن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی یاسا دروست ده‌كات. نه‌ك یاسا بكرێته له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م دۆخه گشتییه‌كاندا.
له‌و میانه‌یه‌دا ده‌كه‌وینه به‌رده‌م جه‌ده‌لێكی یاساییه‌وه، كه سیاسییه‌كانی كورد ده‌یانه‌وێت بیكه‌نه كێشه‌یه‌كی سیاسی. چونكه هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئه‌وه‌نده‌ی پرسێكی یاساییه، نیوئه‌وه‌نده پرسێكی سیاسی نییه. له‌م ڕووه‌وه ده‌بێ پرسین: ئێوه كه یاسای سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌نه پاساو بۆ دژایه‌تیكردنی هێشتنه‌وه‌ی بارزانی له پۆسته‌كه‌یدا، ئایا هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه له ڕووی یاساییه‌وه گونجاو نییه؟ چ ڕێگرییه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی یاساكه هه‌موار بكرێته‌وه؟...هتد. چونكه وه‌ك له سه‌ره‌تای ئه‌م بڕگه‌یه‌شدا گوتمان، واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێستای كوردستان ده‌خوازێت یاسایه‌كی نوێ بۆ ئه‌و پۆسته ده‌ربكرێت. نه‌ك یاسا كۆنه‌كه واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه ملكه‌چ پێ بكات و بیخاته جوغزی خۆیه‌وه، تاكو كێشه‌یه‌كی سیاسی لێ بكه‌وێته‌وه. چواره‌م: تایبه‌تمه‌ندیی قۆناغی شۆڕشگێڕی ئێستای كوردستان: خاڵێكی تر كه ناته‌واوییه‌كی گه‌وره‌یه له‌نێو ئه‌و مشتومڕه‌ی هاتۆته كایه‌وه. ئه‌وه‌یه هه‌مووان ئه‌وه‌مان له‌بیر كردوه كه كورد هێشتا له قۆناغی خه‌باتی سه‌ربه‌خۆییدایه. به‌مانایه‌كی تر، شۆڕش به‌رده‌وامه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی كورد. له‌به‌رئه‌وه‌ش پێدراوه‌كانی سه‌رده‌می شۆڕش كۆنترۆڵی كۆی سیاسه‌تی كوردی ده‌كه‌ن، نه‌ك ڕاستییه یۆتۆپیاییه‌كانی نێو واقیعی سیاسیی وڵاتانی سه‌ربه‌خۆ. كێ هه‌یه نكوڵی له‌و ڕاستییه بكات كه تاهه‌نووكه ئێمه له قۆناغی خه‌باتی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌ییداین؟ كه‌واته ناتوانین پێوه‌ره‌كانی سیاسه‌تكردن له وڵاتانی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌ری و ده‌وڵه‌تی یاسا، بهێنین و بیچه‌سپێنین به‌سه‌ر واقیعی سیاسیی قۆناغی خه‌باتی ڕزگاریدا. چونكه له‌وێ هه‌موو بنه‌ماكان چه‌سپیون. به‌ڵام لێره هێشتا ده‌سته‌ویه‌خه له‌به‌رانبه‌ر داگیركه‌ران وه‌ستاوین.
ئه‌زموونی میلله‌تانی تریشمان له‌به‌رده‌سته، هه‌رله گه‌لی تامیله‌وه، تا چیچانییه‌كان و فه‌له‌ستینییه‌كان و بیابانی خۆرئاوا، خه‌باتی گه‌لی جه‌زائیر، شۆڕشه‌كانی سه‌رده‌می كۆمۆنیزم، باشووری سودان، ته‌یموری خۆرهه‌ڵات...هتد. هه‌موو گه‌لان له‌سه‌رده‌می خه‌باتدا، كارله‌سه‌ر گه‌یشتن به مافه‌كان ده‌كه‌ن، دروستكردنی دامه‌زراوه‌كان ده‌كه‌وێته دوای قۆناغی خه‌باته‌وه. ئه‌مه‌یان حه‌تمیه‌تی مێژووه. كورد به پشتبه‌ستن به كام ئه‌رگۆمێنت ده‌یه‌وێت له‌و حه‌تمیه‌ته ڕیزپه‌ڕ بێت. به‌وه‌ی دروستكردنی دامه‌زراوه‌كان بخاته پێش گه‌یشتن به‌مافه‌كان و كۆتایی هاتنی شۆڕشه‌وه. پێنجه‌م: له شۆڕشدا سیمبول و كاریزماكان كه‌سایه‌تیی میحوه‌رین، ناكرێت به‌و ساده‌ییه ده‌ستبه‌رداری قورسایی سیمبوله‌كان ببین. له‌به‌ر شوناسی ئه‌وكێشه‌یه‌ی كه سیمبوله‌كان نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كه‌ن. نه‌ك له‌به‌ر خودی سیمبوله‌كان. چونكه له سه‌رده‌می خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییدا، نه‌ته‌وه‌كان بۆ پاراستنی ئاماده‌یی خۆیان كار له‌سه‌ر زاكیره‌ی جه‌ماعی گه‌لان
دیسانه‌وه ئه‌وه‌ش جه‌بری مێژووه. له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان ناتوانن له مه‌حفه‌له نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا نوێنه‌رایه‌تیی دامه‌زراوه‌یی و یاسایی خۆیان هه‌بێت و به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان بكه‌ن، پێویسته له ڕێی هێنانه‌پێشه‌وه و، گه‌وره‌كردنی سیمبوله‌كانیانه‌وه هه‌بوونی خۆیان له‌ناو زاكیره‌ی جه‌ماعی و میدیایی گه‌لاندا بپارێزن. ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته‌كه ڕوونتر بكه‌مه‌وه ده‌ڵێم: یاسر عه‌ره‌فات ببووه سیمبولی كێشه‌ی فه‌له‌ستین. هه‌ر به‌ده‌ركه‌وتنی له‌شاشه‌ی تیڤییه‌كانه‌وه، مرۆڤه‌كان ده‌یانزانی كێشه‌یه‌ك هه‌یه به‌ناوی كێشه‌ی فه‌له‌ستین. له‌به‌ر ئه‌وه ته‌نانه‌ت بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسیش، ئاماده نه‌بوو كێبه‌ركێی ئه‌و كه‌سایه‌تییه بكات. به‌ڵام ئه‌و ئیحائه ده‌رونییه لای مه‌حمود عه‌باس نییه. ئه‌وه‌ش كوشتنی كێشه‌ی فه‌له‌ستینه. چونكه به‌یه‌كه‌م سه‌رنجدان له ڕووخساری عه‌ره‌فات و ملپێچه‌كه‌ی ملی، مرۆڤ كێشه‌ی فه‌له‌ستینی ده‌ناسی. پێموایه سیمبوله‌كان، قه‌ره‌بووی نه‌بوونی دامه‌زراوه‌كان ده‌كه‌نه‌وه بۆ گه‌لانی بێ ده‌وڵه‌ت. ئه‌م مه‌سه‌له‌یش بۆ كورد و بارزانی ـش ڕاستن. ئه‌گه‌ر خۆمان داڕنین له سیاسه‌تی حزبییانه. به‌م پێودانگه، بێدادییه‌كی زۆر به‌دی ده‌كه‌م كه ده‌بینم، هه‌مووان به‌بێ خۆبه‌ستنه‌وه ده‌ڵێن: منیش ئاماده‌م ببمه سه‌رۆكی هه‌رێم..!.
*لە ڕۆژنامەی هەولێر وەرگیراوە




