٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سەرۆك بارزانی، ئەو سەركردەیەی ڕەوتی مێژووی كوردی گۆڕی

سەرچاوە: KDP.info

د. ڤیان سلێمان                                                                        

سەركردە و كەسایەتییە گەورەكان لە قۆناخە سەخت و هەستیارەكاندا دەردەكەون و، دەتوانن گەلەكانیان لە مەترسی و تەنگژەكاندا بەرەو كەناری ئارامی ببەن. (سەرۆك بارزانی) بۆ كورد ئەو سەركردەیەیە كە وەك دەڵێن سەركردەی زەروورەتی مێژوویی، هەردەم دەیڵێین و گوێمان لێ‌ دەبێت كوردستان پێویستی بە (سەرۆك بارزانی) هەیە، ئەگەر لە رووی لۆژیكی سیاسی و گۆڕانكارییە هەرێمییەكانەوە لەم دەربڕینە بكۆڵینەوە، دەگەینە ئەو راستییەی كە بەڵێ‌ كوردستان پێویستی بە سەرۆك هەیە بۆ ئەوەی سەركردایەتی بكات و لەم قۆناخە سەخت و هەستیارەدا بەرەو كەناری ئارامی و دڵنیایی ببات.

(سەرۆك بارزانی) لە قۆناخەكانی پێشوودا و زیاتر لە نیو سەدەیە وەك پێشمەرگەیەك خەبات دەكات، هەروەها وەك سەركردەیەك رۆڵی سەرەكیی لە سەرجەم پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكاندا هەبووە و بە سیاسەتی دووربینانەی لەسەر ئاستی نێوخۆیی رۆڵی كاریگەری لە كۆكردنەوەی ڕاوبۆچوونە جیاوازەكان لە پرسە چارەنووسسازەكاندا هەبووە و لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دواگۆڕانكارییەكان سەنگی (سەرۆك بارزانی) لە زۆربەی هەڵوێستەكاندا بە ڕوونی دیارە و هیچ كەس ناتوانێت نكۆڵیی لێ بكات، ئەمەیش هۆكار بووە بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لە چەندین پلان و مەترسیی دەرەكی دەربازی ببێت، دوائەو مەترسییەیش كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەوە، شەڕی تیرۆریستانی داعش بوو كە سەرۆك وەك سەركردەیەكی بەتوانا و شارەزا سەركردایەتیی ئەم قۆناخە سەختەی كرد و شكستی بە ئەجێندای  سەربازی و سیاسیی تیرۆریستان و دەستە شاراوەكانی پشت ئەو دوژمنكارییە هێنا و، لەسەر ئاستی دەرەكییش توانی ڕای گشتیی وڵاتە زلهێزەكان بە لای هەرێمدا ببات و لەو چوارچێوەیەیشدا بە هەموو جۆرێك هاوكاریی هەرێم كرا.
  بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی كورد كە هەمیشە سەركردەی مێژویی سەركردایەتیی كردووە، بەڵام لە هیچ قۆناخێك و لە سەردەمی هیچ یەكێك لە سەركردەكانی كورددا دۆزی كورد نەگەییشتووەتە ئەم ئاستە، (سەرۆك بارزانی) لە لایەن وڵاتە زلهێزەكانەوە وەك سەرۆكی وڵات پێشوازی لێ كراوە و لە سایەیدا ئاڵای كوردستان لە تەنیشت ئاڵای وڵاتاندا هەڵكراوە، ئەمە بەرهەمی هەوڵی دیپلۆماسیانە و كارامەیی بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دەرەكییەكانە لە لایەن (سەرۆك بارزانی)ـیەوە .

بێگومان هاتنەكایەی ئەم گۆڕانكاری و پێشكەوتنانە لە دۆزی كورد لەم قۆناخەدا، دەمانگەیەنێتە ئەو راستییەی كە (سەرۆك بارزانی) سەركردەیەكی وەرچەرخێنەرە، چونكە بە ستراتیژییەتی سەركەوتووانە توانی پەیوەندیی بەهێز دروست بكات و مێژووی گەلی كورد بگۆڕێت و دەربازی بكات لەوەی كە تەنیا چیاكان دۆستی بن، ئەوەتا كاتێك مەترسیی هێرشی تیرۆریستان دەكەوێتە سەر كوردستان، هاوپەیمانەتییەكی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییە دێتە كایەوە، لە لایەكی دیكەوە بە درێژایی ئەم جەنگەی تیرۆریستان سەرۆك راستەوخۆ لە بەرەكانی جەنگەوە سەرپەرشتیی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی دەكرد، بۆیە (سەرۆك بارزانی) ئەو سەركردەیەیە كە لەم قۆناخە سەختەدا فریای گەلی كورد كەوت و لە مەترسیی تیرۆریستان رزگاری كرد.
ئەمەیش نەك تەنیا لەسەر ئاستی باشووری كوردستان، بەڵكە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی كاریگەری لەسەر پارچەكانی دیكەی كوردستانیش هەیە، لە رۆژئاوای كوردستان و بە دیاریكراوی رێگرتن لە كەوتنی كۆبانی و دەستبەسەراگرتنی لە لایەن تیرۆریستانەوە، كە ئەمەیش دەستكەوتێكی هەرە گرینگ و ستراتیژی بوو بۆ دۆزی كورد لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە و، ئەم رووداوەیش بوو بە هۆی ورووژاندن و هەستانەوەی هەستی ناسیۆنالیستی لای تاكی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا، بە تایبەتی كاتێك هێزی پێشمەرگەی باشوور سنووری بڕی و گەییشتە كۆبانی.
بۆیە نائاسایی نییە كە دوژمنانی كورد (سەرۆك بارزانی) بە بەربەستی گەورە بزانن لە بەردەم جێبەجێ‌كردنی ئەجێندای خۆیان و، هەموو هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی رۆڵی سەرۆك كەم بكەنەوە و هەندێك كەس و لایەنیش بێباكانە ئەم ئەجێندایە جێبەجێ بكەن، بەڵام ئەم هەوڵانە بێئاكام دەبن لە بەرانبەر متمانە و باوەڕی جەماوەری كوردستان بە (سەرۆك بارزانی) و توانا و كارامەیی لە رابەرایەتیكردنی دۆزی كورد و ئەو دەسكەوتە نەتەوەیی و نیشتمانیانەی كە گەلی كورد لە سایەی سەرۆكایەتیی (بارزانی)ـدا بە دەستی هێناون و هەر بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی)ـیش سەرجەم خواست و خەونە نەتەوەییەكان دێنە دی.
 

هەواڵی پەیوەندیدار