دیاریكردنی سیسته‌م كاری خه‌ڵكه

كه‌ریم قادر
ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه كوردستانیش به‌شێكه لێی، له جووڵه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكیشدایه. دیار نییه كه‌ی و چۆن هێور ده‌بێته‌وه؛ هێزگه‌لێك له‌مسه‌ره‌وه بۆ ئه‌مسه‌ر ده‌یانه‌وێ جێپه‌نجه‌یان به‌و جووڵه و هێوربوونه‌وه‌یه‌دا دیار بێت.
ئێستای كورد له‌گه‌ڵ پێشووی فه‌رقی هه‌یه، ناكرێ له پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به ئاینده‌ی سیاسی ناوچه‌كه حیسابی بۆ نه‌كرێ. بۆیه گرینگه هه‌مووان دوور له به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی و كه‌سیدا له هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناوخۆدا ئه‌مه له‌به‌رچاو بگرن.
له ئاستی ناوخۆدا كوردستان خاوه‌ن سه‌رۆك و په‌رله‌مانێكی هه‌ڵبژێردراو و حكوومه‌تێكی بنكه‌فره‌وانه. ژماره‌یه‌ك كۆنسووڵخانه و نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتان، كۆمپانیای گه‌وره و مامناوه‌ندی جیهانی لێره‌ن، خه‌ڵكێكی زۆر له نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌بی جووداوه روویان لێره كردووه چ وه‌ك په‌ناگایه‌ك بۆ خۆڕزگاركردن له تیرۆری تاییفی، چ وه‌ك شوێنێك بۆ په‌یداكردنی بژێوی، كه جاران كورد خۆی له‌به‌ر هه‌ردوو هۆكار رووی له وڵاتی دیكه ده‌كرد.
له ئاستی جیهانیدا هه‌م له ئاستی باڵاوه پێشوازی لێ ده‌كرێ، هه‌م پێشوازی له شاندی باڵای وڵاتان ده‌كات. ئه‌مانه هه‌مووی پێشكه‌وتنن و له‌به‌رچاو نه‌گرتنیان نه‌نگییه، واته نووكه دۆستی له دوژمن زیاتره، به‌ڵام دوژمنیش به شێوازی دی له دژایه‌تیكردن و له‌مپه‌ر هه‌ڵنان به‌رده‌وامه.
بێئه‌وه‌ی كه‌سی پێ قه‌ڵس بێت، كوردستان شۆڕه‌سواری چاكی هه‌یه، به‌ڵام هه‌ڵكردنی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌م جووڵه‌یه كه‌سێكی لێزان و هۆ‌شیار و شاره‌زا له هێزی ئاڕاسته‌ی جووڵه‌كه‌ی پێویسته، كه به لێهاتوویی خۆی و پشتئه‌ستوور به خه‌ڵك و هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان بكارێ نه‌ك هه‌ر كوردستان بپارێزێ، به‌ڵكو سوود له‌و جووڵه‌یه‌ی ئێستا وه‌ربگرێ، كه بۆنی سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسی لێ دێت. واته هه‌ر ده‌ستكه‌وتێك، كه به‌دی ده‌هێنرێ ده‌بێته ده‌ستكه‌وتی هه‌مووان و بۆ هه‌مووان ده‌گه‌ڕێته‌وه. وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن به ده‌نگه‌وه‌هاتنی وڵاتانی جیهان له‌سه‌ر پاراستنی كوردستان له هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستانی داعش له‌سه‌ر داوای سه‌رۆك بارزانی بوو، به‌ڵام بۆ هه‌مووان بوو نه‌ك ته‌نها حزبێك یا كه‌سێك.
ئه‌وه‌ی به‌دی هاتووه به ته‌نها كه‌سێك وه‌ده‌ست نه‌هاتووه، ته‌نها موڵكی حزبێك نییه و به‌ته‌نها به حزبێكیش نا پارێزرێ، ره‌نگه له قۆناغه‌كانی رزگاریخوازیدا حزب هه‌بێ خه‌بات و قوربانیی زیاتری له‌وی دیكه هه‌بێت و، دابێت و، سازشی له‌سه‌ر مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌كاندا نه‌كرد بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كردوویه‌تی به به‌شێك له ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كه‌ی خۆی ده‌زانێ و بۆ منه‌تكردن نه‌یكردووه. به روونتر نرخاندنی جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئه‌ركانه و دیاریكردنی سیستمێكی سیاسی، كه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانجه‌كانی گه‌ل دابێت كاری ئه‌م و ئه‌و نییه، به‌ڵكو كاری خه‌ڵكه.
بۆئه‌وه‌ی به‌زمی نه‌دی و بدیه‌كه نه‌مانگرێته‌وه، پێویسته ئه‌و ده‌ستووره‌ی، كه په‌رله‌مانی كوردستان په‌سندی كردووه، دوای مكیاژكرنی له لایه‌ن پسپۆڕانه‌وه نه‌ك له قاڵبدانی حزبیانه (سازانی نیشتمانی) بدرێته راپرسی، تا خه‌ڵك بڕیاری خۆی له‌سه‌ر بدات. واته ناكرێ ده‌ستوور بكرێته رێككه‌وتنی سیاسی نێو حزبه سیاسییه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی داوا ده‌كرێ "دەبێت بەپێی داڕشتنەوەی دەستوور دەستەڵاتەكانی هەرێم دابەش بكرێت". چونكه وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌م ده‌ستووره بۆ نه‌وه‌كانه نه‌ك بۆ حزبێك و كه‌سێك، كه قابیلی توانه‌وه و له‌ناوچوونن.




