٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سالارانی شەڕ

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

كاردانەوە سەرەتاییەكان لەبەرانبەر نامەكەی سەرۆك بۆ پارلەمان و حكوومەت، كە بەشێكی زۆریان دژایەتیكردنی ناوەڕۆكی نامەكەیان پێوە دیارە مایەی هەڵوەستەكردنە. بەشێكیان باس لە گونجاونەبوونی تەوقیتەكەی دەكەن. هەندێكیان بە بابەتی دەستوور و سەرۆكایەتی دەیبەستنەوە و، بەشێكی دیكەیان گلەیی ناڕوونبوونی ناوەڕۆكی نامەكە دەكەن. خوێندنەوەیەكی دیكەیش هەیە دژی وەستاوەتەوە، چونكە نامەكە بارزانی نووسیویەتی و ئەوەی بارزانی بیكات ناڕاستە و ئەبێ دژایەتی بكرێت. ئەمەی ئەخیریان ئەگەر بۆی بلوێت شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی دەكاتە بەها و بە ئاشكرا بانگەشەی بۆ دەكات و، لە سێ بەش پێكهاتوون:

یەكەمیان ناوچەگەراكان و لایەنگرانی بیرۆكەی ئیمارات و كانتۆنسازیین، كە لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەكی عوسمانییە. دەستەی دووەمیان ئەوانەن بڕوایان بە هزری توندوتیژی و، شۆڕش و، هەڵتەكاندن هەیە و هێشتا تای بەهاری عەرەبی بەری نەداون و، سێیەمیشیان ئەو خوو و نەفەسانەیە فرچكیان بە حەللی عەسكەرتاری گرتووە بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان.

''ئەدی لە مەسەلەكەی شەشۆ كە بابەتێكی سەربازی و یاسایی بوو،

سالارانی شەڕ شمشێریان تیژ نەدەكرد؟''

بەڵام با بێین و بزانین سەرۆك چیی گووتووە بووەتە مایەی قەڵسبوونی هەندێ سیاسی و نووسەر؟ ئایا هۆشداریدان لەبارەی بوونی گرژی و ڕێگەگرتن لە دەركەوتنی هەناسەی شەڕی نێوخۆیی هێندە كارێكی خەراپە وا دژایەتی بكرێت؟ ئەدی لەم چەند مانگەدا بەردەوام گوێمان لە ڕۆشنبیر و نووسەر و سەركردە سیاسییەكانی ئەحزاب نەبووە كە، دۆخەكە دروست نییە و ئەگەر شەڕی ڕاگەیاندنەكان بەردەوام بێت وڵات بەرەو شەڕی نێوخۆی و پێكدادان تاو دەدرێت؟ ئەدی لە مەسەلەكەی شەشۆ كە بابەتێكی سەربازی و یاسایی بوو، سالارانی شەڕ شمشێریان تیژ نەدەكرد؟ ئەدی پلانی كانتۆنسازی و، تەنزیر و، تیۆرییەكانی كالاكان و بایكەكان، هەڕەشە نەبوو بۆ لەتلەتكردنی وڵات؟ ئەدی بە ئاشكرا هەڕەشەی گەڕاندنەوەی زۆنەكان و سنووری دیگەلەمان گوێ لێ نەدەبوو؟ بۆ دەبێ ئەم هەڕەشانە نادیتە بگرین و خۆمانی لێ گێل بكەین و تەنیا لەبەر ئەوەی بارزانی هۆشداریی دەدات، كوێرانە دژی بین؟

 

''ئیلتیزامێكی ئەخلاقی و سیاسی و نیشتیمانیی هەموو لایەنەكانه‌ بە پارتییشەوە،

كە كار بۆ ئەوە بكرێت ڕێگە لە دەنگی دووئیدارەیی و تەپڵی شەڕی ناوخۆ و هەڵسوكەوتی نانیشتیمانی بگیرێت''


ناوەڕۆكی نامەكەی سەرۆك ڕوونە و، ئیلتیزامێكی ئەخلاقی و سیاسی و نیشتیمانیی هەموو لایەنەكانه‌ بە پارتییشەوە، كە كار بۆ ئەوە بكرێت ڕێگە لە دەنگی دووئیدارەیی و تەپڵی شەڕی ناوخۆ و هەڵسوكەوتی نانیشتیمانی بگیرێت. نامەكەی سەرۆك هەڕەشە نییە، بەڵكو هۆشدارییە لە ئەگەری ڕوودانی كارەساتی گەورە و، پارلەمان و حكوومەت و لایەنەكان دەبێ بە جیددی وەریبگرن و كار بۆ ڕوونەدانی بكەن. ساویلكەترین خوێندنەوەی ئەم نامەیە بەستنەوەیەتی بە بابەتی دەستوور و سەرۆكایەتی. ئەم بەستنەوەیە خۆدزینەوەیە لە دیتنی قووڵایی هەڕەشەكان و بەهەندوەرنگرتنی ئەو مەترسیانەی كۆی وڵات دەكاتە ئامانج. ئەم خوێندنەوەیە ئەمە نابینێت كە بانگەشەخوازانی شەڕ نە سەرۆكایەتییان دەوێ نە دەستوور و، نە بڕوایان بە پارلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگا هەیە، بڕوایان بە كۆی سیستەمەكە و پێشمەرگەیش نییە.

 

''دەبێ لەوەدا هەموومان پاڵپشتی سەرۆك بین كە،

دژایەتیكردنی شەڕی نێوخۆیی و دووئیدارەیی لە ڕێگەی یاساوە بكرێت''


لایەنگری سەرۆك بین یان دژی سەرۆك، پێویستە یەك شت كۆمان بكاتەوە كە هەر هەموومان دژی شەڕی خۆكوژی و براكوژیین. دەبێ لەوەدا هەموومان پاڵپشتی سەرۆك بین كە، دژایەتیكردنی شەڕی نێوخۆیی و دووئیدارەیی لە ڕێگەی یاساوە بكرێت و، پارلەمان هەموو جۆرە هەوڵ و بۆچوون و داڕشتنی تیۆریی بۆ شەڕی نێوخۆی قەدەغە بكات. پێویستە بە یاسا ئەمە بچەسپێندرێت كە، هیچ كەسێك بۆی نییە هێزی پێشمەرگە بۆ ململانێی نێوخۆیی بەكار بهێنێت. گەلی كوردستان قۆناغی تاریكی شەڕی تێپەڕاندووە و هەرگیز بۆی ناگەڕێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار