بارزانی ڕقی لە پەكەكەیە یان "ئاوێنە" رقی زۆری لە بارزانییە؟!

ئازا حسیب قەرەداخی
لە ژمارە (474)ـیدا رۆژی 14/4/2015 لە لاپەڕە یەكیدا و لە پاڵ لۆگۆكەیدا رۆژنامەی "ئاوێنە" ناونیشانێكی زەق كردووهتەوە كە "بارزانی زیاتر لە توركەكان رقی لە پەكەكەیە". بۆ ئەوەی سەرنجڕاكێشتریش بێ، وێنەیەكی بارزانی لە پاڵدا داناوە و پاشان لە لاپەڕە 6دا راپۆرتێكی لەمبارەیەوە بڵاو كردووهتەوە.
من لەم وتارە شیكارییە بەراوردكارییەدا ژمارەیەك پرسیار لەبارەی ئەو بابەتەی رۆژنامەی "ئاوێنە"-ەوە دەوروژێنم. بەتایبەتیش كە ئایا ئەم رۆژنامەیە بێلایەنانە و بابەتییانە مامەڵەی لەگەڵ بابەتێكدا كردووە كە زانیاریی جۆراوجۆری تێدایە، یان هەڵوێستی سیاسیی توندی پێشوەختی هەیە و بە رقێكی زۆرەوە بۆ بارزانی مامەڵەی لەگەڵ راپۆرتە دزەپێكراوەكەی "ویكیلیكس 2005"-دا كردووە؟!. ئایا ئەم رۆژنامەیە هەروا لە خۆڕا لەم كاتەدا ئەم راپۆرتە دزەپێكراوەی ویكیلیكس بڵاو دەكاتەوە یان گرێی داوە بەو قسەوباسانەوە كە لەبارەی دەستووری هەرێم و پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم گەرم بوونەتەوە؟! ئایا پەیوەست بەم پرسە سیاسی و یاساییەوە، رۆژنامەی "ئاوێنە" بەو مانشێتە دەیەوێ بە خوێنەران بڵێ بارزانی كە دەنگۆ هەیە پۆستی سەرۆكی هەرێم وەرگرێتەوە "لە توركەكان زیاتر رقی لە پەكەكەیە"؟!
وەڵامە شیكاری و بەراوردكاییەكانم بۆ پرسیارەكان ئەمانەن:
1- راپۆرتە دزەپێكراوەكانی ویكیلیكس یەكجار زۆرن. لەناویاندا ئەوانەی تایبەتن بە عێراق و هەرێمی كوردستان كەم نین. بەڵام رۆژنامەی "ئاوێنە" هەموویان بڵاو ناكاتەوە، بەڵكو ئەوانەیان هەڵدەبژێرێ و بڵاو دەكاتەوە كە مەبەستێك لە مەبەستە سیاسییەكانی خۆی پێ دەپێكێ.
2- راپۆرتە دزەپێكراوەكان ناونیشانیان هەیە، بەڵام رۆژنامەی "ئاوێنە" ئەوانە ناكاتەوە بە ناونیشانی بابەتەكانی خۆی و لە جیاتی ئەوان خۆی مانشێت و ناونیشانیان بۆ دادەنێ. كەواتە هیچ مانشێتێك بێ مەبەست نییە و دەیەوێ بەو ناونیشانە پەیامێك بگەیەنێ.
3- راپۆرتە دزەپێكراوەكانی ویكیلیكس، راپۆرتی كۆنن كە لانی كەم زیاتر لە 10 ساڵییان بەسەردا تێپەڕیوە. ئەمانە تەنیا بۆ توێژەران بەكەڵك دێن و لە رووی راگەیاندنەوە بەهایەكی مێدیاییان نەماوە ئەگەر نەبەسترێنەوە بە مەبەستێكی سیاسی هەنووكەییەوە. جا لەبەر ئەوەی "ئاوێنە" بنكەی توێژینەوە نییە و رۆژنامەیە. كەواتە كە ئەم راپۆرتە وەكوو راپۆرتە هەواڵ دوای 10 ساڵ بڵاو دەكاتەوە و بەتایبەتیش لەم كاتەدا، مەبەستی سیاسی هەیە و دەیەوێ سیڕە لە مەسعوود بارزانی بگرێ.
4- راپۆرتەكە هی باڵیۆزخانەی ئەمهریكایە لە عێراق. ناونیشانی راپۆرتەكە ئەمەیە: (تاڵەبانی و بارزانی رەتی دەكەنەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانی كردەوەكانی پەكەكە بكات). ئەم ناونیشانە خۆی ناونیشانێكی دیار و موعەبیرە، بەڵام رۆژنامەی "ئاوێنە" نەیكردەوە بە ناونیشانی بڵاوكراوەكەی خۆی، چونكە ئەو ناونیشانە هیچ نیشانەیەك ناپێكێ كە لە بنەڕەتەوە "ئاوێنە" لە دژی بارزانی سێرەی لێ گرتووە.
5- "پارتی پشتیوانی كردەوەكانی پەكەكە ناكات" ناونیشانێكی دیكەیە كە "ئاوێنە" دەیتوانی لە ناونیشانە ئەسڵەكەی راپۆرتەكەی باڵیۆزخانەی ئەمهریكاوە وەریگرێتەوە، بەڵام نەیكردووە، چونكە "ئاوێنە" شتێكی لە دژی بارزانی دەوێ.
6- باڵیۆزی ئەمهریكا چووهتە لای سەرۆككۆماری ئەوسای عێراق بۆ تاوتوێكردنی ئەوەی كە پەكەكە نیازی هەیە ئۆپەراسیۆنێك دژی توركیا لە باكووری عێراقەوە بكات. كەواتە "ئاوێنە" دەیتوانێ بنووسێ: (ئەمهریكا لەگەڵ جەلال تاڵەبانی تاوتوێی ئۆپەراسیۆنەكانی پەكەكە دەكات).
- یان بنووسێ: (جەلال تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەمهریكا تاوتوێی نیگەرانییەكانی توركیا دەكەن)
- یان بنووسێ: (ئەمهریكا لە رێی جەلال تاڵەبانییەوە دەیەوێ لە نیگەرانییەكانی توركیا بكۆڵێتەوە)
- یان بنووسێ: (ئەمهریكا و توركیا لە رێی تاڵەبانییەوە دەیانەوێ لە نیازی پەكەكە تێ بگەن)
ئەمانە و چەندینی دیكەیش، بەڵام هەر لە بنەڕەتەوە "ئاوێنە" شتی وای بەلاوە گرنگ نییە. ئەو دەیەوێ لە رێی مانشێتێكەوە وێنەیەكی خراپ بۆ مهسعوود بارزانی دروست بكات.
7- كە راپۆرتەكە دەخوێنیتەوە دەزانی باڵیۆزی ئەمهریكا لەلای مام جەلال ئاماژەی بە نیگەرانیی توركیا كردووە لەبارەی پشتیوانیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەكەكە. كەواتە "ئاوێنە" دەیتوانی لە مانشێتەكەیدا بنووسێ: (توركیا لە پشتیوانیكردنی پارتی بۆ پەكەكە نیگەرانە). بەڵام هەیهو "ئاوێنە" شتی وا بكات و بەم رستەیە خزمەتی پارتی و بارزانی بكات.
8- تاڵەبانی بە باڵیۆزی ئەمەریکا دەڵێ: (دوو لایەنی پەكەكە لە هەرێمی كوردستاندا هەن. یەكێكیان پابەندن بە كردەوەی تیرۆریستییەوە). خۆ "ئاوێنە" دەیتوانی ئەم ریزبەندییەی مام جەلال بۆ پەكەكە بكاتە مانشێت و بنووسێ: (تاڵەبانی: باڵێكی پەكەكە تیرۆریستن) یان بنووسێ: (تاڵەبانی: لایەنێك لەناو پەكەكە كردەوەی تیرۆریستی لە توركیا دەكەن). بەڵام لەبەرئەوەی ئەم مانشێتانە هیچ زیانێك بە بارزانی ناگەیەنن، فەرامۆشی كردوون.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بكەم كە ناوهێنانی بەڕێز مام جەلال تەنیا بە مەبەستی بەراوردكاری و شیكردنەوەی نیاز و مەبەستەكانی "ئاوێنە"یە و رێزی بێپایانم بۆ تاڵەبانی دووپات دەكەمەوە.
9- مام جەلال پەیوەندی لەنێوانی پارتی و پەكەكە رەت دەكاتەوە و بە باڵیۆزی ئەمهریكا دەڵێ: (بارزانی لە توركەكان زیاتر رقی لە پەكەكەیە). كەواتە مهسعوود بارزانی شتی وای نەگوتووە و باڵیۆزی ئەمهریكایش ئەم قسەیەی لە زاری بارزانییەوە نەقڵ نەكردووە، بەڵكو ئەم قسەیە قسەی مام جەلال و هەڵسەنگاندنی ئەوە. كەواتە دەبوا "ئاوێنە" بۆ پاراستنی ئیتیك و ئەخلاقیات و راستگۆیی رۆژنامەگەریی لە مانشێتەكەدا بنووسێ: (جەلال تاڵەبانی: مەسعوود بارزانی لە توركەكان زیاتر رقی لە پەكەكەیە). بەڵام ئەم رۆژنامەیە مام جەلالی لە مانشێتەكە بردووهتە دەرەوە چونكە لە بنەڕەتەوە دەیەوێ رقێك بەرامبەر بە بارزانی زەق بكاتەوە.
10- مام جەلال دوای ئەو قسەیە هۆیەكەی روون كردووهتەوە كە بۆچی بارزانی رقی لە پەكەكەیە و دەڵێ: (بەهۆی ئەو زیانەی كە پەكەكە بە كوردانی هەرێمی كوردستانیان گەیاندووە). كەواتە "ئاوێنە" دەبوایە بۆ بۆ راستگۆیی خۆی و بەرچاورۆشنی خوێنەرانی بنووسێ: (بەهۆی زیانگەیاندنی بە هەرێمی كوردستان، بارزانی رقی لە پەكەكەیە). یان بنووسێ: (تاڵەبانی: پەكەكە زیانی بە هەرێمی كوردستان گەیاندووە بۆیە بارزانی رقی لێیانە). بەڵام هیچ كام لەمانەی نەنووسیوە، چونكە دەزانێ ئەم ناونیشانانە پاساو و پاكانەن بۆ هەڵوێستی مهسعوود بارزانی. واجبی "ئاوێنە"ـیش ناشرینكردنی بارزانییە نەك پاساو هێنانەوە بۆ هەڵوێستەكانی.
11- مام جەلال باسی پێشنیازێكی پەكەكە دەكات كە داوای كردووە لەگەڵ حكوومەتی كاتیی عێراق و ئەمهریكا كۆ بێتەوە و مام جەلال رەتی كردووهتەوە. كەواتە دەكرا ئەمە ناونیشانی راپۆرتەكە بێ: (تاڵەبانی كۆبوونەوەی پەكەكە لەگەڵ حكوومەتی كاتیی عێراق و ئەمهریكا رەت دەكاتەوە). " ئاوێنە" ئەمەیشیانی نەكردووە، چونكە هیچ زیانێكی بۆ بارزانی تێدا نییە.
12- كە باڵیۆزی ئەمهریكا بۆ هەمان مەبەست دەچێتە لای بارزانی و هەمان ئەو نیگەرانیانەی توركیای پێ رادەگەیەنێ. بارزانی رەتی دەكاتەوە پارتی هیچ پەیوەندییەكی بە پەكەكەوە هەبێ. كەواتە "ئاوێنە" ئەگەر هەر مەبەستی بووایە شتێك بەرامبەر بە پارتی زەق بكاتەوە، دەیتوانی ئەمەیان بكاتە مانشێتەكەی خۆی. بەڵام نەیكردووە چونكە بەپێی پێویست هەڵوێستی بارزانی ناشرین ناكات.
13- بارزانی بە باڵیۆزی ئەمهریكای گوتووە پەكەكە و پارتی "ركابەری ئایدیۆلۆژی و سیاسی یەكترن". ئەمە ناونیشانێكی زۆر جوان و سەرنجڕاكیشە و لەسەر زاری بارزانی خۆیەوەیەتی. بەڵام "ئاوێنە" نەیكردووهتە مانشێتی راپۆرتەكەی چونكە دەزانێ خوێنەران دەزانن ركابەرایەتی دوژمنایەتی و دوژمنكاریی نییە، بەڵكو بە پێچەوانەوە ركابەرێتی سیاسی و ئایدیۆلۆژی لە نێوان حزبەكان زۆر ئاساییە و تەنانەت نیشانەی دروستێتیی ژیانی سیاسییە. "ئاوێنە"ـیش نایەوێ بارزانی وەها نیشان بدات كە سەركردەیەكە باسی ركابەرێتی دەكات و قبووڵی دەكات. ئەو دەیەوێ نیشانی بدات بارزانی رقی لەوانی دیكەیە.
14- مهسعوود بارزانی بە باڵیۆزی ئەمهریكا دەڵێ: (پێویستە توركیا لەوە تێبگەن كە ناتوانرێت كێشەی كورد لە توركیا بە رێگەی سەربازی چارەسەر بكرێت). چەند سەرنجڕاكیشە كە ئەم وتەیە بكرێتە ناونیشان و بۆمان دەربكەوێ كە بەر لە 10 ساڵ بارزانی بە توركیای راگەیاندووە ناتوانێ بە رێی سەربازی كێشەی كورد لە توركیا چارەسەر بكات. ئەگەر "ئاوێنە" ئەم قسەیە بڵاو بكاتەوە واتە خزمەتی بارزانی دەكات و دەیسەلمێنێ سەركردەیەكی واقیعبین و نیشتمانپەروەرە و پەیامی ئاشتیخوازانەی بۆ توركیا سەبارەت بە دۆزی كورد ناردووە. "ئاوێنە" نایەوێ خزمەتی لەمجۆرە بە بارزانی بكات چونكە لە بنەڕەتەوە رقی لە بارزانییە.
15- بارزانی بە باڵیۆزی ئەمهریكا دەڵێ: (بەدەر لە رێگەدان بە گۆرانی و كتێب بە زمانی كوردی توركیا دانیان بە كورددا نەناوە). ئەمەیشیان وەكو قسەكەی پێشوو زۆر سەرنجڕاكێش و نیشتمانپەروەرانەیە لە زمانی مهسعوود بارزانییەوە و دەكرا "ئاوێنە" بنووسێ: (مهسعوود بارزانی: توركیا دانی بە كوردا نەناوە). بەڵام وەكوو پێشتر وتوومە "ئاوێنە" رقی لە بارزانییە بۆیە ئامادە نییە لە بەرژەوەندیی ئەو شتێك بنووسێ.
16- بارزانی لە یەك رستەدا سیاسەتی توركیا بۆ باڵیۆزی ئەمهریكا چڕ دەكاتەوە و دەڵێ: (توركیا لە بری ئەوەی دان بە كورددا بنێ، ئامادەكاری دەكات سەرزەنشتی پارتی دیموكراتی كوردستان بكات لە بەرامبەر كێشەكانی كوردی توركیا). بەواتایەكی دیكە، بارزانی دەڵێ توركیا كێشەی كورد لە وڵاتەكەی خۆیدا چارە ناكات و دەیەوێ تەرحیلی بكات بۆ دەرەوە و شەڕ بە پارتی بفرۆشێ. كەواتە " ئاوێنە" دەیتوانی بنووسێ: (توركیا لەجیاتی داننان بە كێشەی كورد لە توركیا سەرزەنشتی پارتی دەكات).
- یان بنووسێ: (توركیا بۆ دەربازبوون لە كێشەی كورد لە وڵاتەكەی، شەڕ بە پارتی دەفرۆشێ)
- یان بینووسیایە: (توركیا لە نێوانی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا و شەڕفرۆشتن بە پارتی، دووەمیانی هەڵبژاردووە).
دەكرێ زیاتر لەمبارەیەوە بنووسم، بەڵام تەنیا بە شیكار و بەراوردێكی زۆر سادە توانیم زیاتر لە بیست ناونیشان و مانشێت لەو راپۆرتە دزەپێكراوەی ویكیلیكس بدۆزمەوە كە، "ئاوێنە" هیچ كامیانی نەنووسیوە. تەنیا لەبەرئەوەی هیچ كامیان دژی بارزانی نین. ئەمەیش كاری میدیای "ئازاد" و "پرۆفیشیناڵ" و " بێلایەن" نییە، بەڵكو دەیسەلمێنێ "ئاوێنە" سیاسەتی رقاوی و بڕیاری پێشوەختی دژی بارزانی هەیە.




