پێشمەرگە موڵكی گەلە نەك حزب.. با بە قەد جوامێری و باڵای بەرز و گیانفیداییان بیر بكەینەوە

هاودەنگ فارووق
زەقكردنەوەی سیمای دوو ئیدارەیی بەپێشمەرگەوە، نیشانەی ئەو ڕاستییەیە كە هێشتا هەندێك نەفەسی تەسكی حزبی لە پێناوی بەرژەوەندیی تایبەت نایانەوێت هەرچی هەوڵی سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و دڵسۆزانی پڕۆسەی یەكخستنەوەی هێزی پیشمەرگەیە سەركەوتوو بێت...
زەقكردنەوەی سیمای دوو ئیدارەیی بەپێشمەرگەوە، نیشانەی ئەو ڕاستییەیە كە هێشتا هەندێك نەفەسی تەسكی حزبی لە پێناوی بەرژەوەندیی تایبەت نایانەوێت هەرچی هەوڵی سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و دڵسۆزانی پڕۆسەی یەكخستنەوەی هێزی پیشمەرگەیە سەركەوتوو بێت؛ ئێستا پێویستە هەموو خەڵكی كوردستان و حزب و لایەنە سیاسییەكان ئەوانەی بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دروستبوونی هێزە نیشتیمانییەكەیان دەكەن، دڵنیا بن لەوەی كە كێیە كار بۆ ئەوەدەكات فەرهەنگی جیاكاری و دووئیدارەیی و دووڕەنگی لە نێو پێشمەرگەدا پەرەبسێنێ و، بە بیرتەسكیی حزبایەتی دەیەوێت پڕۆسەی بنیاتنانی متمانە و ئاساییكردنەوەی ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستان، بۆ یەكگرتنەوەی تەواوی هێزی پێشمەرگە لە بنەوە هەڵتەكێنێ؟ ئاخر تاكەی درێژە بە نیەتی گرژی و ئاڵۆزی بدرێت؟ تاكەی بۆن و بەرامەی سارد و، ناخۆشیی شەڕی ناوخۆ، بەسەر ئەو پێشمەرگە قارەمانانەدا دەپژێنن، كە لە سەنگەرەكاندا خوێنی ئاڵیان تێكەڵ دەبێت؟
پێویستە بە چاوی بەرزەوە باڵا و شكۆی پێشمەرگە تەماشا بكەین، ئەو هێزە مەزنەی بووەتە جێی سەرنجی هەموو جیهان و دڕندەترین دوژمن تێكدەشكێنێ، دەبێ وەك هێزی پاراستنی شكۆی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بیبینین نەك لە ئاهەنگێكی خولی دەرچوونی كۆمەڵێ تێكۆشەری وڵات، لە ئاڵاو وێنەیەكی زۆر حزبیدا بچووكی بكەینەوەو پرسی بەرز راگرتنی ئاڵای كوردستان و یەكڕیزیی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە بیر بەرینەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 18ـی 3ـی 2015 لە هەردوو كۆلیژی سەربازیی زاخۆ و قەڵاچۆڵان مەراسیمی دەرچووانی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەڕێوە چوو. پۆڵێك ڕۆڵەی گیانلەسەردەست بۆ بەرگریكردن لە كەرامەتی وڵات پێگەییشتن كە مایەی شانازییە، ئومێدیکیشە بۆ كاڵكردنەوەی نەفەسی حزبی و هەنگاونان بەرەو بەنیشتیمانیكردنی هێزە چەكدارەكان، كە جەنابی سەرۆك بارزانی لە زۆر بۆنەدا جەختی لێ كردووەتەوە و وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ ڕێكخستنی هێزی پێشمەرگە ڕاسپاردووە.
لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی و بۆ دووركەوتنەوە لە ههموو نەفەسێكی حزبی، فەریق جەبار یاوەری وەك نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە بەشداری مەراسیمی كۆلیژی سەربازی بوو لە زاخۆ و، فەریق جەمالیش وەك نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی مەراسیمەكەی قەڵاچۆڵان بوو.
لە ڕاستیدا ئەو دیمەنە زۆر لێك جیاوازەی لە مەراسیمی ئاهەنگی دەرچوونی خولی ئەفسەرانی كۆلیژی سەربازی زاخۆ و قەڵاچۆڵاندا بەر چاو كەوت، مایەی نیگەرانیی خەڵكی كوردستان بوو؛ كە لە مەراسیمەكەی زاخۆدا وەك نەریتی سەربازیی و دەوڵەتی، وەك ساڵانی پێشوو وێنەی هەردوو سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێم و فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و، مام جەلال وەك سەرۆكی پێشووی كۆماری عێڕاق بەرز ڕاگیرا، لێ مەخابن لە قەڵاچۆڵان تەنها وێنەی بەڕێز تاڵەبانی پیشان درابوو؛ وەك لەم وێنانەی سەرەوەدا دەردەکەوێت کە دەلالەتی ئەم جیاكاری و جیاوازییەن كە: ئەوەی لە قەڵاچۆڵان كرا تەنها چاندنەوەی تۆوی ناكۆكی و بێمتمانەیی دروست دەكات. مەراسیمەكەی زاخۆیش پابەندی ڕێنوێنییە نیشتمانی و سەربازییەكان بوو، لێ بەداخەوە كاربەدەستانی قەڵاچۆڵان هێشتا دیلی خۆبەبچووكزانین و زنجیری حزبیین و پێشمەرگەییش پەلكێشی ئەم قەفەسە تەنگە دەكەن.
زۆر كەس و لایەن گلەیی ئەوە دەكەن كە دوو ڕەنگی و دوو ئیدارەیی، بە هێزی پێشمەرگەوە دیارە و، پێویستە هەنگاوەكان بۆ خێراكردنی پڕۆسەی یەكخستن بنرێت، بەڵام با بێن و خۆیان حەكم بن: لەنێوان ئەو دوو دیمەنەدا كە لە زاخۆ و قەڵاچۆڵان نماییش کران. زۆر بە ئاشكرا بۆیان دەردەكەوێ كێیە كۆسپ و تەگەرە بۆ ئەم پڕۆسەیە دروست دەكات. كێیە هێشتا دەیەوێ لە شكۆی پێشمەرگە بدات و لە هێزێكی نیشتمانییەوە بیكاتە هێزێكی حزبی و پاسەوانی بەرژەوەندییەكانی حزب. با پێیان بڵێن: چیدی مەفهومی پێشمەرگە بچووك نەكەنەوە و، زوڵم لەو توێژە قارەمانە نەكەن.
ئەركی بەرپرسانی ئەم كۆلیژ و ئەكادیمیا سەربازییانە ئەوەیە؛ ئەو هەموو ناوبانگ و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی پێشمەرگە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی حزبایەتی لە ڕیزی پێشمەرگەدا كاڵ بكەنەوە و، بە خۆشەویستی گەل و نیشتمان و نەتەوە گۆشیان بكەن، نەك بە نەفەسی حزبایەتی تەسك پەروەردە بكرێن و ملكەچی دەستڕۆیشتووانی نێو حزب بكرێن، ئەوە داواكاریی هەموو خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و ناوەندە میللی و ڕۆشنبیرییەكان و خودی هێزی گیانلەسەردەستی پێشمەرگە و بەشێكی زۆری تێكۆشەرانی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانیشە كە پێشمەرگە پاسەوانی سنوور و خاك و كەرامەتی گەلە نەك پارێزەری چەند سیاسییەكی خۆپەرست كە نازانن مانای گەل و نیشتمان چییە.
لە ڕاستیدا ئەوەی دوێنێ لە قەڵاچۆلان كرا، زوڵمكردن و بچووككردنەوەی شکۆی پێشمەرگە بوو.




