نەیارانی بارزانی

زكــرى مـووسـا
دژایەتیكردنی بارزانی لە سۆنگەی دیموكراسیخوازیی نەیارانییەوە نەهاتووە. زۆربەی ئەوانەی لە چەند ساڵی ڕابردوو نان و پیازیان بە دژایەتیكردنی بارزانییەوە خواردووە، كەمترین ڕۆڵیان لە پێشخستنی دیموكراسی لەم هەرێمەدا نەبووە. مێژوویەكی دوور نییە ئەو كاتەی بارزانی لە لایەن پارلەمانەوە هەڵبژێردرا نەیارانی ئەم بابەتەیان بە كۆدتایەك لە دژی دیموكراسی لەقەڵەمدا. چۆن سەرۆكی وڵات بە سەفەقەی چەند حزبێكی نێو پارلەمان هەڵدەبژێردرێت؟؟
دواتر كە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بارزانی حەفتا لە سەدی دەنگی خەڵكی بە دەست هێنا، هەر ئەوان دیسان وای بۆچوون كە دیموكراسیترە ئەگەر سەرۆك لە پارلەمان هەڵبژێردرێت. بارزانی لەڕێی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ دەنگی حەفتا لەسەدی بە دەست هێنا و ماوەبۆدرێژكراو نەبوو، كەچی نەیارانی ناڕەزایەتیی خەڵكیان لە بوونی ناعەداڵەتی لە زۆنی سەوز قۆستەوە و سواری مەوجەكە بوون و، بۆ دەستكەوتی سیاسی ئەم ناڕەزاتییەیان لە ناوەڕۆك بەتاڵ كرد. هەڵوێستی سەرۆك لەبەرانبەر ئەم ناڕەزایەتییە زۆر دیموكراسیانە بوو. سەرۆك پێشنیازی هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد، ئەو بابەتە لە لایەن نەیارانی ڕەت كرایەوە، چونكە ترسیان لە هەڵبژاردن هەبوو. ئەوان حەزیان لە شۆڕش و كۆدەتا بوو. ئاخر تەپوتۆزی بەهاری عەرەبی مەستی كردبوون.
نەیاربوون هەر بەردەوام بوو، كاتێك بارزانی بە دەنگی یەكێتی و پارتی و توركمان و مەسیحییەكان لە پارلەمان هەڵبژێردرایەوە، نەیارانی ئەوەیان بە كۆدەتا هەژمار كرد لە دژی دیموكراسی. هەڵوێستی بارزانی و حزبەكەی لەبەرانبەر ئەو مەوجە كرانەوەی زیاتر بە ڕووی نەیاران بوو. پارتی لە زۆر لە ئیستحقاقاتی خۆی لە هەڵبژاردن خۆش بوو. حكوومەتێكی بنكە فراوانی پێكهێنا. ئەو كرانەوەیە زۆر بە دڵی یەكێتی نەبوو. دیموكراسی لە ژێر هەڕەشە بوو. بۆیە یەكێتی بە ئەركی مێژوویی خۆی هەڵسا و بۆ ڕزگاركردنی دیموكراسی گەڕایەوە بۆ ئەركی پێشووتری، ئەویش بریتی بوو لە خۆتەرخانكردن بۆ دژایەتیكردنی بارزانی و ستراتیژی سەربەخۆیی؛ بۆ ئەم مەبەستە دەستی بۆ هەموو كونێك برد. بێ ئەوەی لە ماهییەتی ڕۆژئاوا و باكوور بگات دەستی بە موجامەلەی پەكەكە كرد. هەندێجار كاری بۆ قووڵتركردنی كێشەی نێوان پەكەكە و پارتی دەكرد. هەر بۆ بەهێزتركردنی دیموكراسی بە چنگ و ددان هەوڵی دا براوەی پارێزگای سلێمانی لەسەر كورسیی پارێزگا دانەنیشێت و دۆڕاو شوێنی براوەی گرتەوە. بۆ ئەوەی دیموكراسیی هەرێم پتەوتر بێت پێشنیازی بڕینی بوودجەی كوردی دایە مالیكی، چونكە پێیوابوو بوودجە نەمێنێ پارتی لاواز دەبێ و دیموكراسی بەهێزتر دەبێت. لە شەڕی داعشیش بەشێكی زۆری میدیاكانی یەكێتی لەپێناو پتەوتركردنی بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی كەوتنە بەرپاكردنی شەڕی دەروونی لە دژی پێشمەرگە. هەوڵیان دا بەرخودانی گەلی كوردستان و پێشمەرگە بچووك بكەنەوە و بیكەنە حزبی، ئەوانە هەمووی لەپێناو دیموكراسی بوو.
بەڵام ڕاستییەكەی ئەم هەموو خۆ شەكەتكردنە بۆ خزمەتی دیموكراسی نەبوو. نەیارانی بارزانی ئەوە باشتر لە هەموو كەسێك دەزانن كە بارزانی لە زۆر لە وێستگەكاندا تەنانەت پارێزەری ئەوان بووە و پشتیان پێی بەستووە. ئەوە قسەی حزبە ئیسلامییەكانە كە زۆرجار دەڵێن بارزانی نەبێ یەكێتی لە سلێمانی دەمانخوا. بزووتنەوەی گۆڕانیش لە زۆر مەحفەلدا ئەوەیان باس كردووە كە، پارتی و بارزانی ئەوان لە سەركێشی و عەسكەرتاریەتی هەندێ بەرپرسی یەكێتی دەپارێزێت.
ئەو كاتەی نەوشیروان مستەفا یەكێتی لەتوپەت كرد، ئەوە بارزانی بوو نەیهێشت یەكێتی بكەوێتە ئەرز و بۆ ئەوەی پاشماوە و میراتگرانی بەرنەبنە یەكتر. بەهانا هاتنی بارزانی بۆ حزبەكان لە یەك شتی ئەساسییەوە دێت، بارزانی نایەوێت سەقامگیریی كوردستان تێك بچێت. ئەوە ئەولەویەتی سەرەكیی بارزانی بووە كە حزبەكان تەفاهومیان لەگەڵ یەكتر هەبێت. بەڵام ئەو تەفاهومە بۆ چی و لەپێناو چی؟ بارزانی دەیەوێت ئەو تەفاهوم و یەكڕیزییە بەردەوام بێت ئەویش لەپێناو خزمەتكردنی پڕۆژەیەكی گەورەتر ئەویش سەربەخۆییە.
بارزانی هەموو ئەوانەی كردووە و ستراتیژیەكەی ڕوون و ئاشكرایە. نەیارانی بە پێچەوانەوە بەشێوەیەكی تاكتیكی دەڕوواننە شتەكان. سوودمەندن لە سەخاوەت و نەرمونیانیی بارزانی، بەڵام لە هەمانكاتدا دڵڕەقن لەگەڵ بارزانی. ئەوان بێ بارزانی هەڵ ناكەن و پێویستیان پێیەتی، لە هەمان كاتدا بەردەوامیی خۆیان لە نەیاربوونی بارزانیدا دەبیننەوە. لەگەڵئەوەیشدا ئەوان ئەوەندەی لە خۆیان و لە یەكتری دەترسن لە بارزانی ناترسن.
ئەوەی ئێستا لە دژی بارزانی دەیكەن ئەوپەڕی بێئینسافییانە. هەموویان دەزانن بارزانی لەم شەڕەدا چیی بۆ كورد و كوردستان و ڕۆژئاوا و كۆبانێ كرد.... كەچی نەیارانی جگە لە قسەی بەتاڵ هیچیان بۆ ئێزدی و كۆبانێ لە هەگبەدا نەبوو و بەڵای حەشدیشەعبیشیان هێنایە سەر سنووری كوردستان.
دلێربوونی دەنگیان لەبەرانبەر بارزانی لە دیموكراسیخوازییانەوە نییە، لەوەیانە دەزانن شمشێری بارزانی لەبەرانبەر كورد چەندە كۆڵە و لەبەرانبەر دوژمن چەندە تیژ.
(كە ناوی یەكێتی لەم نووسینەدا هاتووە، مەبەست لێی ئەو یەكێتییە ئازادیخواز و نیشتیمانپەروەرانە نییە كە ئێستا پەراوێز خراون و ڕێگە لە دەنگی نیشتیمانییان گیراوە و زۆرینەی یەكێتی پێكدەهێنن)




