سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى و خه‌مى نه‌ته‌وه‌یى

نووسینى: غه‌فوور مه‌خموورى*
گه‌لى كوردستان له‌پێناو مانه‌وه‌ى خۆیدا به درێژایى مێژوو له شۆڕش و خه‌بات و به‌رخودان به‌رده‌وامه و، هه‌ر سه‌رده‌م و قۆناخێك كه‌سایه‌تییه‌كى وڵاتپارێز رێبه‌رایه‌تىی شۆڕش و به‌رخودانى گه‌لى كوردستانیان كردووه و بوونه‌ته سیمبۆڵى تێكۆشانى نه‌ته‌وه‌یى له سه‌رده‌مى خۆیاندا، وه‌ك نه‌مران (شێخ ره‌زاى دێرسم، شێخ مه‌حموودى حه‌فید، شێخ سه‌عیدى پیران، قازى محه‌ممه‌د) و، (مسته‌فا بارزانى نه‌مر) كه رێبه‌رایه‌تیى درێژترین شۆڕشى گه‌لى كوردستانى كردووه، ئه‌و نه‌مرانه هه‌ر یه‌كه و به‌پێى سه‌رده‌مى خۆیان به‌رده‌وامییان به خه‌بات و به‌رخودانى نه‌ته‌وه‌ییمان به‌خشیوه و بوونه‌ته سیمبۆڵى شۆڕش و به‌رخودانى كوردستانیان.
له دیرۆكى نوێى گه‌لى كوردستان له دواى (بارزانى نه‌مر)، (سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى) رێبه‌رایه‌تیى شۆڕشى كوردستانى كردووه و تا ئیستایش به‌هه‌مان گیانى شۆڕشگێڕى و پێشمه‌رگایه‌تىیەوە رێبه‌رایه‌تیى شۆڕش و به‌رخودانى گه‌لى كوردستان ده‌كات. لاى ئه‌و كوردستان هه‌مووى یه‌كه، له خه‌مى پاراستن و پێشخستى باشوورى كوردستاندایه و به‌رده‌وام وه‌كو پێشمه‌رگه‌یه‌ك له سه‌نگه‌ردایه و سه‌رپه‌رشتیى به‌ره‌كانى شه‌ڕ ده‌كات و، پشتیوانى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتیى باكوورى كوردستانه و له هه‌وڵى له‌یه‌كدى نزیككردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردساندایه و، به‌هاناى رۆژئاواى كوردستانه‌وه ده‌چێت بۆ ئه‌وه‌ى (كۆبانێ) نه‌كه‌وێت، ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ى (سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى) زۆر له هه‌ڵوێسته‌كانى (بارزانى نه‌مر) ده‌چێت كاتێ به هاناى شۆڕشى (شێخ مه‌حموود)ـه‌وه ده‌چێت و، هه‌روه‌ها به‌شدارى له دامه‌زراندن و پاراستنى (كۆمارى دیمو‌كراتى كوردستان) له مه‌هابادى رۆژهه‌ڵاتى كوردستاندا ده‌كات و، هاوكاریى خوشك و برایانى رۆژئاوا و باكوورى كوردستان ده‌كات بۆ دامه‌زراندنى (پارتى دیمو‌كراتى كوردستان) له باكوور و رۆژئاواى وڵات، له باشووردا كه رێبه‌رایه‌تیى شۆڕشى ئه‌یلوولى كردووه به‌رده‌وام سه‌رپه‌رشتى و به‌شداریى شه‌ڕه‌كانى كردووه و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا له به‌ره‌كانى شه‌ڕدا ماوه‌ته‌وه، ئه‌و كاره نه‌ته‌وه‌ییانه‌ى (بارزانى نه‌مر) ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر كار و خه‌بات و تێكۆشانى ئێستاى (سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى) هه‌یه. بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌یرى كار و هه‌ڵوێسته‌كانى (سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى) بكه‌ین ده‌بینین خه‌مى ئه‌و خه‌مى نه‌ته‌وه‌یه و به‌رده‌وام له خه‌مى خاك و خه‌ڵكدایه. خه‌مى نه‌ته‌وه واته خه‌مى خاك و خه‌ڵك، خه‌مى خاك لاى ئه‌و واته گه‌یشتن به دواسنوورى كوردستان و پاراستنى ئه‌و سنوورانه، خه‌مى خه‌ڵك لاى ئه‌و واته خه‌مى پاراستنى كولتوور و دیرۆك و شارستانه‌ت و به‌ها مرۆییه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان، خه‌مى خه‌ڵك لاى ئه‌و واته گه‌یاندنى خه‌ڵكى كوردستان به كه‌نارێكى ئارام، ئه‌مه‌ش واته دیاریكردنى سنوورى كوردستان و راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان له چوارچێوه‌ى ئه‌و سنووره‌دا.
به‌رده‌وام جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر پرسى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان لاى (سه‌رۆك بارزانى) له‌و روانگه‌یەوه دێت كه‌وا پرسی بڕیاردان و دیاریكردنی مافی چارەنووس مافی رەوای هەر گەل و نەتەوەیەكە، لە رابردوویشدا زۆربەی بزاڤە رزگاریخوازەكانی جیهان لە ڕێی بەكارهێنانی ئەو مافەوە گەیشتوونەتە خەونی نەتەوەیی خۆیان. نەتەوەی كوردیش وەك دێرینترین نەتەوەی ناوچەكە و وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە مافی رەوای خۆیەتی كە، خۆی بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات بە تایبەت لەم سەردەمەدا كە سەردەمی سەرخۆبوونی نەتەوە ژێردەستەكانە.
(سەرۆك بارزانی) به‌رده‌وام لە دیدگایەكی نەتەوەیی و نیشتمانی بەدوای چارەسەری پرسی رەوای گەلی كوردستانەوەیە و هەوڵی بۆ دەدات، ئه‌و هه‌وڵانه‌ى (سه‌رۆك بارزانى) بوونه‌ته پەیامێك بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە تاكە چارەسەری بنەڕەتیی پرسی كورد دیاریكردنی مافی چارەنووسە لەلایەن گەلی كوردستانەوە، هەر كاتێكیش كورد ئازادانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات بڕیار لەسەر سەربەخۆیی كوردستان دەدات، كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش باش له‌و په‌یامه‌ى (سه‌رۆك بارزانى) گه‌یشتووه و، هەستی بەمە كردووە كه‌وا خواستى گه‌لى كوردستان سه‌ربه‌خۆیى كوردستانه، له‌مه‌ش گه‌یشتوون بێ چارەسەری بنەڕەتیی پرسی كورد زۆر زەحمەتە رۆژهەڵاتی ناڤین ئه‌و هێمنی و ئارامییه بەخۆیەوە ببینێت كه كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى خوازیاریه‌تى؛ بۆیە ماوەیەكە چارەسەری ریشه‌یى پرسی كورد و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لەلایەن زۆر كەسایەتیی گرینگ و ناوەندی نێودەوڵەتییەوە بووەته بابه‌تێكى گرنگ و، به بایه‌خه‌وه باسی لێ دەكرێت و بە شێوەیەكی ئاسایییش وەردەگیرێت، بێگومان بڕیاری دیاریكردنی مافی چارەنووس لەلایەن گه‌لى كوردستانەوە واتە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش واتە سەقامگیربوونی هێمنی و ئارامی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناڤین‌دا، هه‌موو لایه‌كیش ئه‌وه ده‌زانن كه‌وا گه‌لى كوردستان زوڵمێكى مێژوویى لێ كراوه و خاكه‌كه‌ى دابه‌ش و داگیر كراوه و خه‌ڵكه‌كه‌ى رووبه‌ڕووى سته‌م و چه‌وسانه‌وه بووەته‌وه و، پێویسته كەوا كورد وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە مافی رەوای وه‌ربگرێته‌وه و سەربەخۆ بێت و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی هەبیت، ئەمه‌ش وایكردووه زۆر ناوه‌ند و كه‌سایه‌تیى جیهان به بایه‌خه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م پرسه هه‌ڵوه‌سته بكه‌ن و، پشتیوانیى خۆیان بۆ هه‌وڵه‌كانى (سه‌رۆك بارزانى) رابگه‌یه‌نن، ئه‌وه‌ش مایه‌ى خۆشحاڵییه و هێڤى و رۆشناییه‌كیان به داهاتوومان به‌خشیوه.
ئه‌م تێكۆشان و هه‌وڵانه‌ى (سه‌رۆك بارزانى) پێویستى به پشتیوانییه‌كى كوردستانى هه‌یه و پێویسته هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان و سازییه مه‌ده‌نییه‌كان و جه‌ماوه‌رى كوردستان پشتیوانى جه‌نابیان بن، له‌به‌رئه‌وه‌ى تێكۆشانى جه‌نابیان له‌م پێناوه‌دا بۆ گه‌لى كوردستانه و بۆ نه‌هێشتنى سته‌م و داگیركارییه، هه‌وڵه‌كان له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیى كوردستان پێگه‌ى كوردستانیان له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به‌هێزتر كردووه، ئه‌م پێشكه‌وتنانه وایكردووه كه‌وا دوژمن و ناحەزان پێیان هه‌رس نه‌كرێ، بۆیه لە هەوڵی ئەوەدان پێگەی كوردستان لاواز بكەن‌و بەردەوام گرفتی جۆراوجۆری بۆ دروست دەكەن، واتە بەردەوام مەترسیمان لەسەرە و لە رەوشێكی ناسك‌و هەستیار داین، له‌لایه‌ك هێرش و شه‌ڕى تیرۆریستانى داعش و له‌لایه‌كى دیكه‌وه هەڕەشەكانی ئێستای حكوومەتی ئێراق و هه‌ڵوێستى نه‌یارانه‌ى هه‌ندێ ناوه‌ندى شۆڤێنى عاره‌ب، ئه‌مانه هه‌موویان لەو چوارچێوەیەدان، تیرۆریستانى داعش و حكوومه‌تى عێراق و ئه‌و ناوه‌نده عا‌ره‌بیانه له روانگه‌ى (هزرى شۆڤێنى عاره‌ب و په‌ڕگیریى ئایین)ـه‌وه سه‌یرى پرسى كورد ده‌كه‌ن و شه‌ڕى گه‌لى كوردستان و (سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى) ده‌كه‌ن. تیرۆریستانى داعش به هێرش و ترس و تۆقاندن و عێراق بە سیاسه‌تى برسیكردنى خه‌ڵك و هه‌ندێ ناوه‌ندى عاره‌ب به نووسین و شرۆڤه‌ى ژه‌هراوى، هه‌موویان له هه‌وڵى لاوازكردنى پێگه‌ى كوردستاندان، بۆیه له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كمان پێویسته یه‌كڕیز و یه‌كده‌نگ بین و پشتیوانى (سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى) بین بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه، حكوومه‌ته‌كانى پێشووى عێراق به سیاسه‌تى قڕكردن و عارەباندن دژایه‌تیی گه‌لى كوردستانیان ده‌كرد، حكوومه‌تى ئێستاى عێراقیش سیاسه‌تى برسیكردن دژ به گه‌لى كوردستان پێڕه‌و ده‌كات، بێگومان سیاسه‌تى برسیكردن ئه‌ویش له كانى لیخنى قڕكردن و عارەباندنەوە سه‌رچاوه‌ى گرتووه، درێژه‌پێدانى هه‌مان سیاسه‌تى دۆژمنكارانه‌ى رژێمه‌كانى پێشووه، به‌ڵام به ڕه‌نگێكى دیكه، بۆیه له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كمان پێویسته به وریایى و یه‌كگرتووییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌وشه ناسكه‌دا بكه‌ین و، هه‌موومان له یه‌ك سه‌نگه‌ردا كۆ ببینه‌وه و، به كارنامه‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانىیەوە ئه‌و هه‌وڵه نه‌زۆكانه پووچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه و له‌باریان ببه‌ین.
دیپلۆماسییه‌ت و سیاسه‌ت و هه‌وڵه‌كانى (سه‌رۆك بارزانى) له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى بۆ له گۆڕنانى خه‌ونى دوژمن و ناحه‌زان و، خستنه‌ڕووى مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر گه‌لى كوردستان، كه‌شێكى نوێى بۆ تێگه‌یشتنى زیاتر له پرسى كورد خوڵقاندووه و، وایكردووه كه‌وا كۆمه‌ڵگاى نیوده‌وڵه‌تى وه‌كو ئه‌ركێكى مرۆیى و ئه‌خلاقى به‌هاناى كورده‌وه بێن و له هه‌ڕه‌شه‌كان بیپارێزن، ئه‌مه‌ش وایكردووه دۆست و پشتیوانیی زیاتر بۆ كورد په‌یدا ببن، ئه‌و پشتیوانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌یش له ئێمه ده‌خوازێ كه‌وا له ناوخۆدا یه‌ك بین، له‌به‌رئه‌وه‌ى یه‌كبوونمان هێزێكى زیاترمان پێده‌به‌خشێت و به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنمان ده‌بات، بۆئه‌مه‌ش پێویسته به‌زووترین كات ناوه‌ندى سیاسیى كوردستان رێك و یه‌ك بخرێته‌وه و مامه‌ڵه‌یه‌كى دروست له‌گه‌ڵ ته‌واوى هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانى كوردستان بكرێت و په‌راوێز نه‌خرێن، هه‌روه‌ها پێویسته بیروڕا و بۆچوونى وڵاتپارێزان و دڵسۆزانیش به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، له‌هه‌مان كاتدا پێویسته ناكۆكییه‌كانمان وه‌لا نێین و بیر له داهاتوومان بكه‌ینه‌وه و، سوود له‌و ده‌رفه‌ته زێڕینه وه‌ربگرین و داهاتووى نه‌ته‌وه‌ییمانى له‌سه‌ر بنیات بنێین.
7 / 3 / 2015
هه‌ولێر - كوردستان
* سكرتێرى گشتیى یه‌كێتى نه‌ته‌وه‌یى دیمو‌كراتى كوردستان YNDK
تێبینى: ئه‌م وتاره‌م ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 9 / 3 / 2015، له ژماره‌ى (1017)ـى گۆڤارى گوڵان بڵاو بووەته‌وه.




