٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

رێككەوتنی ستراتیژی

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەسەرپەرشتی و بەشداری بەڕێز مام جەلال، سكرتێری گشتی، لە 17 تا 21 ئەیلوولی خایاند. پاشی پێنج رۆژ كۆبوونەوەی بەردەوام، راگەیەنراوی كۆتایی پەسەند كرد و لە دەزگاكانی راگەیاندنەوە بەخش كرا. ئەو راگەیەنراوە هێڵەكانی سیاسەتی یەكێتی و نەخشەرێگاكانی كاركردنییەتی بۆ ئەم قۆناغە.

لەپاڵ چەردەیەك بابەت و تەوەری گرنگی كوردستانی و عێراقی و هەرێمایەتی و جیهانیی، رێككەوتنی ستراتیژی نێوان یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، جێی بایەخی كۆبوونەوەكە بووە و لە راگەیەنراوەكەشدا ئاماژەی پێكراوە كە "رێككەوتنی ستراتیژی، گەرچی وەك بنەما و دەستەبەری پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی لەم قۆناغی گوزەری ئەزموونەكەماندا، هێشتا گرنگییە چارەنوسسازییەكەی ماوە، بەڵام لەم پێودانگەشەوە، پێویستی بە هەڵسەنگاندنەوە هەیە و لە هەر بڕگە و بەشێكیدا پێویستی كرد، بە گفتوگۆی پەرۆشانە، لەگەڵ پارتی هاوپەیماندا پێداچوونەوەیان پیادا بكرێت".

لە 1998ـەوە بە كردەنی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەكێتی كۆتایی پێهات. هەتا 2005 ـیش قۆناغی دوو ئیدارەیی بوو. كە لەو ساڵەدا رێككەوتنی یەكگرتنەوەی دوو ئیدارەكە واژۆ كرا، بەكردەنی لە ساڵی 2006ـەوە دەستكرا بە پرۆسەی ئەو یەكگرتنەوەیە و ئەمساڵ كۆتایی بەوەش هێنرا. رژێمی سەدام حوسێن لە 2003ـدا رووخێنرا و عێراق پێی خستە قۆناغێكی نوێوە. لە ساڵی 2005ـدا یەكەم هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراق كراو پارتی و یەكێتی و هێزە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان جگە لە یەكگرتووی ئیسلامی، بە یەك لیست تێیدا بەشداربوون. پاشی ئەم رووداو و هەڵكەوتە چارەنووسسازانە لە 27/7/2007ـدا رێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەكێتی واژۆكراوە. واتە ئەو دوو حزبە دوای نزیكەی 10 ساڵ پاش كۆتایی شەڕی ناوخۆ و 4 ساڵ دوای روخاندنی رژێمی بەعس و ماوەی ئەنجوومەنی حوكمڕانی ئینتیقالی لە عێراق و 2 ساڵ پاشی واژۆكردنی رێككەوتنی یەكگرتنەوەی دوو ئیدارەكە و دەستپێكردنی ئەو پرۆسەیە، ئەوسا رێككەوتنی ستراتیژییان واژۆ كردووە. كەواتە ئەو رێككەوتنە جۆشدان بوو بە هەنگاوەكانی پێشووی نێوان ئەو دوو حزبە و گەرموگۆڕ كردنی كاركردنی هاوبەش لە حكومەتی هەرێمدا، كە توانیویەتی لەوساوە تا ئێستا لەبەردەم ململانێ و كێشمەكێشەكاندا خۆی رابگرێ و بەشی بەرچاوی ئەركەكانی راپەڕێنێ و رەوتی گشتی ئەزموونەكەمان لە كایە جۆراوجۆرەكانیدا و لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و ناوچەكە و جیهان، روو لە هەڵكشان بكات. بۆیە پێداچوونە بە رێككەوتنی ستراتیژی لەم بوارەدا دیقەت دانە لەو میكانیزم و رێكارانەی حكومەت پێویستی پێیانە بۆ كاركردن. كە تین و تاوی زیاتر بە حكومەتی هەرێم دەبەخشن و زیاتر ئازادی دەكەن لە بەڕێوەبردنی كارەكانی و بە موئەسەساتكردنی داوودەستگاكانی و رێگاكانی تێكەڵاوبوونی لەگەڵ هاوڵاتیان بۆ ئاسان دەكەن.

رێككەوتنی ستراتیژی خۆسازدانی ئەو دوو حزبە بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی پڕكێشییەكانی دوای 2007 كە سەرەتاكانی هەندێك لەوانە لەو كاتەوە دەركەوتبوون. ئەمڕۆ ئەو پڕكێشییانە لە عێراق و ناوچەكەدا زۆر زەق بوونەتەوە و رووداوگەلێكی یەك لەدوای یەك وایان كردووە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەوێتە قۆناخی وەرچەرخان یان سەرەتای وەرچەرخانێكی قووڵ. وەكوو بەڕێز مام جەلالیش پێشبینی كردووە: "كۆی كێشە كۆن و نوێكان تارمایی تەقینەوەی ناكۆكییەكانی تا رادەی ئەگەری جەنگێكی گەورەی لە رۆژهەڵاتدا هێناوەتە ئاراوە.

جەنگێك پاڵنەرە سیاسی و ئابوورییەكانی، پتر لەوەش، پاڵنەری ئایینی و مەزهەبییەكانیشی، چوونە سەریان". كەواتە رێككەوتنی ستراتیژی لە خۆسازداندا بۆ ئەم وەرچەرخانە دەستكەوتێكی گەورەیە و تا ئایندەیەكی دوور و تا ئەو كاتەی گێژەڵووكەی ئەو رووداوگەلە تێدەپەڕێ و تەپوتۆز و دەرهاویشتەكانی دەنیشنەوە و وێنەی ناوچەكە دەردەكەوێتەوە، پاساوی نیشتمانی و نەتەوەیی ماوە و توانای كاركردن و كارتێكردنی لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و ناوچەكە دەمێنێ. بەڵام ئەم پاساوانە دەبێت لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا بسازێنرێن و لەبەر رۆشنایی ئاراستەی رووداوەكان و دەرهاویشتەكانیان خوێندنەوەی نوێیان بۆ بكرێ. لەسەرینی ئەوەیشەوە، پێداچوونەوە بە رێككەوتنی ستراتیژی بە مەبەستی فراوانكردنی بنكەی سیاسی ئەو رێككەوتنە لەم قۆناغەدا و بۆ ئەم مەبەستە نیشتمانییە و لە چوارچێوەی یاسا و راپەڕاندنی ئەرك و فەراهەمكردنی مافەكاندا، گرنگ و پڕ بایەخە.

پێوەری رێككەوتنی ستراتیژی بەرژەوەندییەكانی ئەم دوو حزبە نییە بە لۆژیكی بەرتەسكی خودی خۆیان، بەڵكو پێوەرەكە ئەو بەرژەوەندیانەیە كە وێك دێنەوە لەگەڵ بەرژەوەندی نیشتمان و دۆزی گەلی كوردستاندا و ئۆقرەیی بەم وڵاتە دەبەخشن و زەوینەی سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئازادییەكان دەڕەخسێنن. كەواتە پێوەری پێداچوونەوەیش بەو رێككەوتنەدا دیسانەوە ئەو بەرژەوەندییە تەسكانە نییە.
كێشانەی رێككەوتنی ستراتیژی بریتی نەبوو لە نیوەبەنیوەكردنی دەستكەوت و پۆست و توانا و پێدراوەكانی ئەم وڵاتە و تێیدا دووپاتی هاوسەنگی و سازان و نەهی لە فیتی بەفیتی و بەرتەسكردنەوەی ئازادی سیاسی و دیموكراتی كراوە. هەروەها سەنگی ئەو كێشانەكردنە بردنەوە و دۆڕان یان قورسی و سووكی تای تەرازوو نەبووە بە لای ئەم حزب یان ئەویاندا، بەڵكو سەنگی كێشانە و تەرازووی رێككەوتنی ستراتیژی بردنەوەی هەموو وڵات و پرۆسەی سیاسی و ئەزموونی حوكمڕانی و بنەماكانی دیموكراتی و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان و كرانەوەی هەرێم و دروستكردنی رایەڵە نیشتمانییەكانی پەیوەندی هەرێم بوو لەگەڵ جیهاندا. لەم سۆنگەیەوە پێداچوونەوە بە رێككەوتنی ستراتیژیدا پێداچوونەوە نییە بە دەستكەوت و پۆستی زۆرتر و كەمتردا، بە قازانج و زەرەری ئەو دوو حزبەدا، بەڵكو پێداچوونەوەیە بەوەدا كە پێویستە گەلی كوردستان قازانجی زیاتر بكات. دیموكراتی و ئازادی و پێكەوەژیان ببیبەنەوە. ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان خێراتر بچنە پێشەوە. حكومەتی هەرێم لە پرۆسەی بە موئەسەساتكردن و چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەڵئاوساندا بەبەرستی نەخرێتە رێ. لە رووبەڕووبوونەوەی پڕكێشییەكانی ناو عێراق و گەیشتن بە خاڵی هاوبەشی سیاسی، نێوماڵی كوردستانی یەكگرتوو بێ. دیالۆگی هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر كێشە هەڵپەسێراوەكان و ئەوانەی تازە هەڵدەبەسترێن، دیالۆگێكی تەكتیكی نەبێ بەڵكو دەست بخاتە سەر برینە قووڵەكان و چارەسەری ریشەییان لەبارەوە پێشكەش بكات.

لە بنچینەوە رێككەوتنی ستراتیژی بریتی نەبوو لە ریكلامێكی سیاسی و، كاڵایەكیش نەبوو بۆ راگەیاندن. بەڵكو بەڵگەنامەیەكی سیاسی كوردستانی بوو بۆ كاركردنی هاوبەش، بۆ خەمی هاوبەش، بۆ ماندووبوون و بەئەستۆگرتنی هاوبەشانەی بەرپرسیارێتی دەرهاویشتە پۆزەتیڤ و نەگەتیڤەكانی لەم قۆناغەدا بە هەموو وردەكارییە سیاسی و ئابووری وئیداری و كۆمەڵایەتییەكانییەوە. ئەو رێككەوتنە بۆ بیركردنەوە و بڕیاردانی هاوبەش بوو. بۆیە قسەكردن لە دەرەنجام و دەرهاویشتەكانی ناكرێتە ریكلامی سیاسی و كاڵا بۆ راگەیاندن، تا بتوانرێ پێداچوونەوەكەیشی لەو رەهەندە دووربخرێتەوە و بێتە پرۆسەیەكی نیشتمانی كە ئاماژەكانی بەرپرسیارێتی وێنا بكاتەوە.

ماوەیەكە لەنێوانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا، گفتوگۆ لەبارەی پێداچوونەوەی رێككەوتنی ستراتیژی، دەستی پێكردووە. هەردوولا دركیان بەوە كردووە كە هەندێ خاڵی ناو رێككەوتنەكە جێبەجێكراون و پێوست ناكات بمێنن. هەندێ خاڵ هەن بە ئەزموون دەركەوتووە كە جێبەجێ نابن، ئەوانەیشیان پێویست ناكات بمێنن. ئەوەی دیكە بەپێی هەلومەرجی نوێی كوردستان و عێراق و ناوچەكە خوێندنەوەی نوێیان بۆ بكرێ و لەگەڵ دۆخی ئێستا و پێشبینییەكانی ئایندەی نزیكدا بگونجێنرێن. بنەمای ئەم گفتوگۆیانەش مانەوەی رێككەوتنەكەیە لە فۆرم و ناوەرۆكێكی نوێدا كە هەماهەنگ بێ لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا. پێوەر و كێشانەی ئەو گفتوگۆیانەیش بردنەوە و سەركەوتنی دۆزی رەوای كورد و پاراستن و پەرەپێدانی دەستكەوتە دەستوورییەكانی گەلی كوردستانە لە عێراقی فیدراڵ و یەكڕیزیی ناوماڵی كوردستان و برەودانی زیاترە بە ئەزموونی حوكمڕانی هەرێم و دیموكراتی و گەشەپێدان.

سەنگی راستەقینە بۆ كێشانەی دروستیی و زەروورەتی رێككەوتنی ستراتیژیش، قازانجی هەموو خەڵكی كوردستانە.

هەواڵی پەیوەندیدار