د. كەمال كەركووكی: دەستەڵاتی سەرۆكی هەرێم لە پڕۆژەی دەستووردا، بەشێكی زۆری كەشفی قانوونە

ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی پێوەندییە گشتییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان د. كەمال كەركووكی لە میانەی سیمینارێكدا لە ژێر ناوی گەڕانەوەی پڕۆژەی دەستوور لە نێوان تێپەڕاندن و تێنەپەڕاندندا، كە لە لایەن ناوەندی باڵای هەولێری یەكیەتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان رێك خرابوو، باسی لە چەندان تەوەری گرنگ و پەیوەست بە ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان كرد. ئەو هەروەها شرۆڤە و وردەكاریی لە بارەی پرسی گەڕانەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێم بۆ پەرلەمان و پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و مامەڵەی ئۆپۆزسیۆن و پرسی دەستوەردانی حزب لە حكوومەت خستە ڕوو.
دەستووری هەرێم
د. كەمال كەركووكی ڕایگەیاند كە دەستوور بۆ هەرێمەكەمان زۆر زۆر گرنگ و پێویستە. هەموو كیانێك كە چەسپاو بێت، دەستووری خۆی هەیە، وڵاتیش هەن بە عورف كار دەكەن وەكوو بەریتانیا.
سەبارەت بە ئێمە لە كوردستان، ئەو یەكهەڵوێستییەی ناو هەرێمی كوردستان بوو كە زۆر جار باس دەكرێ كە رێككەوتنی ستراتیژیی پارتی و یەكێتی، چ سوودێكی هەبوو، یان دەڵێن ئەم لایەن و ئەو لایەن زەرەری لێ كردووە، بەڵام بە قەناعەتی ئێمە كەس زەرەری لێ نەكردووە، چونكە دوای رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو نائارامییەی پێش رێككەوتنەكە هەبوو، نەما.
توانرا لە بەغدا لە دەستووری عێراق، بەشێكی زۆری داخوازییەكانی گەلی كوردستان جێگیر بكرێت، یەكێك لەو ماددانە ماف بە هەرێمی كوردستان دەدات دەستووری خۆی هەبێت و دان بە فیدراڵییەتی كوردستان و گشت یاسا و ڕێساكانیدا نرا، بۆیە ئێمەیش دەبێ دەستوورمان هەبێت، بۆ ئەمەیش ماوەیەكی زۆر كارمان لەسەر ئەم پڕۆژەی دەستوورەی ئێستا كرد، بەڵام ماوەیەكی زۆرە لە ڕاگەیاندنەكان، هەوڵێك دەدرێ بۆ ئەوەی بەشێوازێك ڕوون بكرێتەوە، تا خەڵكێك كە موتابەعەی كاروباری پڕۆژەی دەستووری و پەرلەمانی نەكردبێ، لێی تێك بچێت، یان وا بزانێ كە پارتیی دیموكراتی كوردستانە كۆسپە لە بەردەم ئەوەی كە هەرێمی كوردستان دەستووری هەبێت، ئەمە وا نییە و گوناهە بەو شێوەیە ڕوون بكرێتەوە و تەفسیر بكرێت و ڕاستییەكان لە خەڵك بشارنەوە.
ئەم پڕۆژەیەی دەستوور لە خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان، ئەو بنەمایەی دانا كە هەرێمی كوردستان دەستووری خۆی هەبێت، خولی یەكەم، خولی تەئسیسییە، ئەو خولە لیژنەیان پێك هێنا بۆ ئەوەی پڕۆژەی دەستوور ئامادە بكەن، ئەو ڕۆژەی ئەوان دەستیان پێ كرد، تا بەتەواوی ئامادە كرا لە خولی دووەمی پەرلەمان 7 ساڵی خایاند، زۆر جار گوێتان لێ دەبێ كە دەڵین بەپەلە هەوڵ درا ئەو پڕۆژەیە دەرباز بێت، وا نییە ئەم پڕۆژەیە 7 ساڵی خایاند و لە خولی دووەمیش لیژنەیەك بۆ نووسینەوەی پڕۆژەی دەستوور پێك هات، كە لە 19 كەس پێك هاتبوون و نوێنەری گشت لایەنەكانی پەرلەمان بوون، شارەزایانی یاساییش بەشدار بوون، ئنجا دوای ئامادەكردنی پێشانی شارەزایانی ئەورووپایی و ئەمەریكایی درا، ئەوانیش ئەو تێبینیانەی لەسەر پڕۆژەكە هەیانبوو، خستیانە ڕوو. دواتر پڕۆژەكە درا بە گشت لایەنە سیاسییەكان و ئایین و نەتەوەكانی هەرێمی كوردستان كە 36 لایەن بوون، هەر هەمووی بە كۆی دەنگ هاوڕا بوون لەسەری، ئینجا هێنرایەوە نێو پەرلەمان، لە نێو پەرلەمانیش بەیەك پاكێج خرایە دەنگدان، تەنیا یەك بەڕێز دەنگی پێ نەدا، ئەویش پڕۆژەیەكی خۆی هەبوو، بۆیە دەنگی پێ نەدا.
بڕیار بوو 25/7 بخرێتە دەنگدان، بەڵام بۆچی نەدرایە دەنگدان، كۆمسیۆنی بێلایەنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەو بابەتەدا بێلایەن نەبوون و كێشەیان دروست كرد.
دەستوەردانی حزب لە حكوومەت
هەندێك لایەن دەڵێن بە هەموو شێوەیەك حزب تەداخولی حكوومەت نەكات، بۆ ئەو مەبەستەیش پڕۆژەیەك پێشتر لە لایەن رێزدارێك دەرچوو و ئۆپۆزسیۆن لە پاكێجەكانی داوای جیاكردنەوەی حزب لە حكوومەت دەكات، زۆر باشە، ئەی كەوایە بۆچی لە پڕۆژەی دەستووردا كە موڵكی ئەو میللەتەیە و پەرلەمان بەدەنگی زیاتر لە دوو لەسەر سێی پڕۆژەكەی ئاڕاستەی میللەت كردووە، تۆ چۆن دەتەوێ ئەو حەقە لە میللەت بسەنیت، كێ ئەو مافەی بە تۆ داوە، بەرامبەر بە زیاتر لە دەنگی دوو لەسەر سێی خولی پێشووی پەرلەمان بوەستیتەوە.
حزبێك یان دوو حزب، تەنانەت هەتا دەستەڵاتیش بیەوێ، بۆی نییە ئەو حەقە لە میللەت وەربگرێتەوە، ئەگەر بیكات ناقانوونی دەكات، تەعەدایە لە میللەت دەكرێت و حەقێكی میللەتە ئەو پڕۆژەیەی پێ دراوە كە دەنگی لەسەر بدات، مانای ئەوە نییە هەر دەبێ میللەت قبووڵی بكات، بەڵام بێ ئەوەی ئەو دەنگی لەسەر بدات، حەقەكەی لێ بسەنیت زوڵمی لێ دەكەیت، بێقانوونی دەكەیت، لەوەیش گەورەتر بێقانوونی بە پەرلەمانەكەت دەكەیت، كە سیمبولی میللەتە.
گەڕانەوەی پڕۆژەی دەستوور یان هەر پڕۆژەیاسایەكی دیكە دوای ئەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات و تا سەرۆكی هەرێم ئیمزای دەكات و دەریدەچوێنێ یان بەشێكی یان هەمووی دەگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان، لەو ماوەیەدا واتە دوای دەنگدانی پەرلەمان لەسەر هەر یاسایەك تا دەگاتە سەرۆكی ئەو وڵاتە، یان سەرۆكی ئەو هەرێمە، هیچ ڕێیەكی یاسایی نییە، یاساكە بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت و لایەنە سیاسییەكان و پەرلەمانیش، بە یاسا ئەو مافەیان پێ نەدراوە كە بتوانن لەو ماوەیەدا هیچ یاسایەك بگەڕێننەوە، چونكە ئەگەر ئەوە بكرێ، بنەمای یاسادانان تێك دەچێت، بۆیە دەستوور تاكوو میللەت ڕای خۆی لەسەر نەدات رێگەی گەڕانەوەی نییە، ئێمە دەبێ رێز لە یاسا و عورفی پەرلەمان و بنەمای یاسادانان بگرین، رێز لە ئیرادەی میللەت بگرین.
زاراوەی رەهەندی نیشتمانی
لە لایەكی دیكەوە، باس لەوە دەكرێ كە ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، دەبێ بە تەوافوق دەرباز بن، من بەدوایدا گەڕاوم و لەگەڵ ئەو برادەرانەم كە شارەزای یاسایی و پسپۆڕی بواری دەستوورین لە دنیادا، لە ئەڵمانیا و ئەمەریكا و بەریتانیا و كوردستان، پێوەندیم لەگەڵیان كردووە، هیچ موستەلەحێكی قانوونی نییە، كە ناوی رەهەندی نیشتمانی بێ، حەز دەكەم بۆم بدۆزنەوە لە كام كتێبی قانوونی، لە كام یاسا و لە كوێ ئەم موستەڵەحە هەیە، نازانم ئەو موستەلەحە لە كوێ هاتووە و بۆ ئاوا بووەتە باو. هەموو یاسایەك بەبێ جیاوازی رەهەندی نیشتمانی هەیە بۆ ئەو نیشتمانە و ئەو میللەتە، یاسایەك نییە رەهەندی نیشتمانی هەبێت و یەكێكی دیكە نەیبێت، هەر یاسایەك دەربچێ، سوودی بۆ هەموو خەڵكی كوردستانە و هەموو خەڵكی كوردستان مولزەمن كاری پێ بكەن.
لاوازیی پەرلەمانی كوردستان
هەندێك جار دەگوترێ پەرلەمان لاوازە، نەخێر پەرلەمان لاواز نییە، لەو رۆژەوەی دروست بووە، كۆمەڵێك یاسا و بڕیاری دەركردووە، وەزعی ناوەوەی هەرێمی رێك خستووە، بۆ سەرجەم موئەسەسەكانی هەرێم یاسای دەركردووە، سەرجەم ئەو بوار و بابەتانەی پێویستن یاسای دەركردووە، خۆ پەرلەمان مەركەزی پۆلیس نییە، خەڵك سزا بدات، ئەمە ئەركی حكوومەتی هەرێمە، بەڵكوو بە یاسا كاری دامەزراوەكان رێك دەخات.
سیستەمی هەرێم و دەستەڵاتی سەرۆكی هەرێم.
سەبارەت بە سیستەمی هەرێم و سەرۆكی هەرێم، سیستەمی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی مزدوج بە هەڵە ڕوون كراوەتەوە، ئێمە وەكوو كورد ئەمڕۆ لە وەزعێكداین كە خەریكی دامەزراندنی كیانی خۆمانین، پێویستمانە كیانێكی بەهێزمان هەبێ و جێگیر ببێت، چونكە مافی زۆرمان هەیە دەبێ بەدەستی بهێنین، دەبێ نەهێڵین لە دەستمان بچێت و ئەو دەرفەتەی ئێستا لە دەست كوردە بیقۆزینەوە.
بۆ ئەوەیش پێویستمان بە مەرجەعییەت هەیە، شەرم نییە ئێمە پێویستمانە لە نێو هەرێم سەرۆكێكمان هەبێت، میللەت پشتیوانی بێت، جا ئەو كەسەی میللەت هەڵیدەبژێرێت جێگەی ڕێز دەبێت بۆ هەموومان، چونكە بە دەنگدانی خەڵك هەڵدەبژێرێت. باس لەوە دەكرێ لە نێو پڕۆژەی دەستووری هەرێمدا دەستەڵاتی سەرۆكی هەرێم زۆرە، نەخێر ئەمە ڕاست نییە، هەر كەسێ وا بیر دەكاتەوە با بێت گفتوگۆی لەبارەوە بكەین، لە هەندێ ڕاگەیاندن باس لەوە دەكرێ سەرۆكی هەرێم دەتوانێ پەرلەمان حەل بكات.
مادەكان ڕوونن و دەڵێن، بۆ نموونە ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت و پەرلەمان بۆ ماوەی 60 رۆژ نەتوانێ كۆ ببێتەوە، ئەوكاتە بۆ سەرۆكی هەرێم هەیە داوا لە خەڵك بكات میللەت هەڵبژاردنێكی تر بكات، چونكە ئەو پەرلەمانەی هەڵبژێردراوە ناتوانن بەیەكەوە كۆ ببنەوە. بۆیە هەڵبژاردنێكی تر پێویستە ئەنجام بدرێت، ئەم كارەیش كەشفی قانوونە نەك دەستەڵات. ئەوەی لە یاسا شارەزا بێت دەزانێت، جیاوازیی نێوان كەشفی قانوون بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت و حەلی پەرلەمان چۆنە و چییە.
لە حاڵەتێكی تردا هاتووە ئەگەر لە نیوەی ئەندامانی پەرلەمان زیاتر دەستیان لە كار كێشایەوە و نەچنە نێو پەرلەمان، واتە ئەگەر 56 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەسەرەوە نەچنە نێو پەرلەمان لە كۆی 111 پەرلەمانتار، ئەوا ناتوانرێت پەرلەمان كاری خۆی بكات.
بە شێوەیەكی یاساییش دەڵێ دانیشتنی پەرلەمان دەبێ نیوە زیاتری ئامادەی دانیشتنەكە بێت، ئەو كات ئەگەر نیوە زیاتری پەرلەمان دەستی لە كار كێشابێتەوە، ئیتر پەرلەمان ناتوانێت كار بكات، خۆ نایشكرێ، هیچ نەكرێت و چوار ساڵ پەرلەمان بەم شێوەیە بمێنێتەوە كە نیوەی پەرلەمانتارانی دەستیان كێشابێتەوە. دەبێ كەسێك هەبێت، لەو كاتەدا بەپێی یاسا داوای هەڵبژاردن بكاتەوە، ئەمەیش لە پڕۆژەی دەستووردا بە یاسا دراوەتە سەرۆكی هەرێم، بەو پێیەیش بێ، ئەمە دەستەڵات نییە بۆ سەرۆكی هەرێم، بەڵكوو كەشفی قانوونە.
هەولێر




