دابینكردنی چه‌كی قورس بۆ پێشمه‌رگه ده‌بێته پێویستی

كه‌ریم قادر
هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌م شه‌ڕه داسه‌پاوه‌دا، (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی نزیكی له پێشمه‌رگه و ئاماده‌بوونی به‌رده‌وامی له به‌ره‌كانی پێشه‌وه و، شاره‌زا له پێداویستییه‌كانی ئه‌م شه‌ڕه، له سه‌رجه‌م دیداره فەرمییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاوا و له دیداره رۆژنامه‌وانییه‌كانیدا له‌گه‌ڵ ته‌لەڤزیۆن و رۆژنامه‌كانی جیهانیدا جه‌ختی له دابینكردنی چه‌كی قورس و پێشكه‌وتوو كردووەته‌وه؛ هه‌م بۆ پاراستنی ژیانی پێشمه‌رگه، هه‌م بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش. له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له پاڵ ئه‌ركه نیشتمانییه‌كه‌یدا بۆ پاراستنی خاكی كوردستان له دوژمنان، به گیانی خۆی به‌رگری له هه‌موو جیهانیش ده‌كات.
ئه‌م داواكارییانه‌ی (مه‌سروور بارزانی) له ئاستی جوداجودای ره‌سمی و میدیاییدا ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه و كاریگه‌ریی خۆی كردووه، چونكه پێشمه‌رگه به‌و ئیراده و قاره‌مانەتییه‌ی له شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش پێشانی دا، به‌و كه‌مه پشتیوانییه ئاسمانییه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، جیهانی سه‌رسام كردووه، كه چۆن هیزێك به‌و چه‌كه سووكانه‌ی له ده‌ستیدایه، كه زۆربه‌یان هی سه‌رده‌می دووه‌م جه‌نگی جیهانن پاشه‌كشه‌ی به هێزێك كرد، كه چه‌كی قورسی دوو ده‌وڵه‌تی (عێراق و سووریا) له‌به‌ر ده‌سته.
پێشكه‌شكاری ته‌لەڤزیۆنی "سی بی ئێس"، داواكارییه‌كی (مه‌سروور بارزانی) كرده پرسیار و ئاراسته‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكای كرد، كه هۆكار چییه پێشمه‌رگه پڕچه‌ك ناكه‌ن و ئایا بڕیارێكی سیاسی هه‌یه، چه‌كی پێشكه‌وتوو به‌و هێزه نه‌درێ، كه پاشه‌كشه‌ی به دوژمن كردووه؟
سێناتۆر (باربارا بۆكسه‌ر) له لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی سێنات به هه‌مان شێوه داواكارییه‌كی (مه‌سروور بارزانی) ئاراسته‌ی (جۆن ئالن) نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له شه‌ڕی دژ به تیرۆریستانی داعش كرد، كه پێشمه‌رگه تاكه هێزی سه‌ر زه‌وین رووبه‌ڕووی داعش بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام وه‌كو پێویست چه‌كیان بۆ دابین ناكرێ.
(مه‌سروور بارزانی) جارێكی دیكه له دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ ژه‌نه‌راڵ (سێر سیمۆن مایال) نوێنه‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایشی كوردستان، داوای كرد "پێویسته به‌ریتانیا زیاتر رۆڵی سه‌ركردایه‌تیی خۆی له هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژ به تیرۆریستانی داعش ببینێ، به دابینكردنی چه‌كی قورس و زرێپۆش بۆ پێشمه‌رگه."
له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م داواكاریانه و به ده‌نگه‌وه‌هاتنی به‌شێك له به‌رپرسان و راگه‌یاندنی رۆژئاوا، كه كاریگه‌رییان به‌سه‌ر حكوومه‌ته‌كانیاندا هه‌یه، ده‌رده‌كه‌وێ، خه‌ر‌یكه وڵاتانی هاوپه‌یمانان به سیاسه‌تی خۆیاندا ده‌چنه‌وه له‌باره‌ی داواكاریی پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌مووان ئه‌و راستییه ده‌زانن، كه "ته‌نها هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌سه‌ر زه‌وی قورسایی ئه‌م شه‌ڕه‌یان له ئه‌ستۆدایه و ژیانی خۆیان خستووەته مه‌ترسییەوە، هه‌موو ئه‌وه‌ی كورد داوای ده‌كات دابینكردنی پێداویستیی ته‌واوه بۆ پاراستنی ژیانی ئه‌م پێشمه‌رگانه."
به دیوێكی دیكەدا وه‌كو پێویست به ده‌نگه‌وه‌نه‌هاتنی هاوپه‌یمانان بۆ ئه‌م داواكارییه وای كردووه، "كورد به گومان بن له‌وه‌ی له‌وانه‌یه بڕیارێكی سیاسی هه‌بێت چه‌كی قورس و پێشكه‌وتوو به كورد نه‌درێ. له كاتێكدا كورد له‌بری هه‌موو جیهان شه‌ڕی ئه‌م رێكخراوه تیرۆریستییه ده‌كات."
بۆیه دوای ئه‌و هه‌موو نیگه‌رانییه له پڕچه‌كنه‌كردنی پێشمه‌رگه‌دا، ره‌نگه له ماوه‌ی داهاتوودا، ئه‌و هاوكێشه‌یه پێچه‌وانه ببێته‌وه، كه "كورد له‌به‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتن سزا ده‌درێ، شكستبردووه‌كانیش خه‌ڵات ده‌كرێن" له‌به‌رئه‌وه‌ی له لایه‌ك له‌سه‌ر ئاستی شه‌قام لە جیهاندا بێزاربوونێكی گه‌وره به‌رامبه‌ر داعش هه‌یه، له لایه‌كی دیكەیشەوە سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه دیار و به‌رچاون و ناشاردرێنه‌وه.
ئێستاش له كاتێكدا وه‌ك راگه‌یاندراوه هه‌وڵ بۆ رزگاركردنی شاره گه‌وره‌كانی عێراق وه‌ك "مووسڵ" له ئارادایه و ئه‌و شاره گه‌ورانه‌ش پێویستیان به چه‌كی قورس و هێزی ئاماده و خاوه‌ن ئه‌زموون هه‌یه. كه‌واته چاره نییه ده‌بێ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی به فه‌رامۆشكردنی گوشاره‌كان پێشمه‌رگه پڕچه‌ك بكه‌ن تا بكارێ به هاوكاریی هێزه‌كانی دیكه داعش تێك‌بشكێنی. ئه‌و ده‌مه‌ش كورد به‌رهه‌می خۆی له‌م شه‌ڕه ده‌دورێته‌وه، ئه‌ویش دیاریكردنی ئه‌و سنووره‌یه، كه به خوێن كێشاویه‌ته‌وه.




