شه‌ڕی ماف له‌گه‌ڵ به‌غدا

كه‌ریم قادر
یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو وه‌فدی هه‌رێمی كوردستان به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و "لێك تێنه‌گه‌یشتنه‌ی" له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی مانگی كانوونی یه‌كه‌می رابردوو دروست بووه سه‌ردانی به‌غدای كرد، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی كرد. وێڕای ئه‌وه‌ی له ته‌له‌فزیۆن له چوارچێوه‌ی " ماچی دیپلۆماسی"دا بینیمان سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق چۆن ئه‌ملاو ئه‌ولای سه‌رۆكی وه‌فدی هه‌رێمی كوردستانی ماچ كرد، به‌ڵام هیچى له ره‌وتی گفتوگۆكان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نه گۆڕێ، كه ماوه‌ی ساڵێك زیاتره به‌هۆی سیاسه‌تی تاكڕه‌وانه‌ی مالیكی و نزیكه‌ی حه‌وت مانگه به‌هۆی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش پێیدا تێده‌په‌ڕێ.
وه‌فدی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رئه‌وه‌ی به نیه‌تی چاره‌سه‌ر سه‌ردانی به‌غدای كرد، له‌سه‌ر بنه‌مای "نه شیش بسووتێ نه كه‌باب" دوو پێشنیازی خسته به‌رده‌م وه‌فدی به‌غدا: یه‌كه‌م، به‌غدا رازی بێت سێ مانگ جارێك حسابی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو بكرێت تا هه‌رێمی كوردستان له چه‌ند مانگی داهاتوودا قه‌رزی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ده‌داته‌وه، دواتر باقی نه‌وته‌كه راده‌ستی به‌غدا بكات. دووه‌م، به پێی یاسای بودجه، به‌غدا ئیستیحقاقی دارایی هه‌رێمی كوردستان بنێرێ، به‌ڵام به‌غدا بێئه‌وه‌ی خۆی له قه‌ره‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بدات، كه نزیكه‌ی 43 تریلیۆن دیناره، داوای پابه‌ندبوون له هه‌ولێر ده‌كات و سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت مانگانه حیساباتی نه‌وت بكرێت. واته له بنه‌ڕه‌ته‌وه له به‌غدا بڕیارێك بۆ خنكاندنی هه‌ولێر هه‌یه. بۆیه له‌و گفتوگۆیه‌دا نیو هه‌نگاویش نه‌هاته پێش و هیچ چاره‌سه‌رێكیشی نه‌خسته‌ڕوو. له‌كاتێكدا مووچه‌ی ته‌واو بۆ فه‌رمانبه‌رانی شار و شارۆچكه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی تیرۆریستانی داعش ده‌نێرێ به بیانووی ئه‌وانه هاووڵاتی عێراقن.
هه‌ر كه‌سێك شرۆڤه‌ی ئه‌و سووربوونه‌ی به‌غدا بكات تێده‌گات به‌غدا به‌دوای چاره‌سه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ولێر ناگه‌ڕێ، چونكه به‌غدا له‌و شه‌ڕه نه‌گریسه‌ی ناوچه‌كه‌شی گرتۆته‌وه نه‌ك هه‌ر ئه‌ركی خۆی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ نه‌كردووه، به‌ڵكو به به‌جێهێشتنی مووسڵ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه به ته‌واوی چه‌ك و پێداویستی شه‌ڕ بۆ تیرۆریستان، شه‌ڕیشی بۆ هه‌رێمی كوردستان به راداندا.
هه‌رێمی كوردستان مافی خۆیه‌تی له به‌غدا به گومان بێت، چونكه ئه‌گه‌ر به پێی رێككه‌وتنه‌كه رۆژانه ئه‌و 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ش هه‌نارده بكات، به‌غدا هه‌ر پابه‌ندبوونه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر هه‌ولێر جێبه‌جێ ناكات، به‌لكو ئه‌مجاره بیانووی قه‌یرانی دارایی و كێشه‌ی سیوله ده‌هێنێته پێش، كه ماوه‌یه‌كه به بازاڕیان كردووه.
حكوومه‌تی ئێستای عێراق تا ئێستا له هه‌وڵه‌كانیدا به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوو بووه، به‌وه‌ی دۆسییه هه‌ڵواسراوه‌كانی له بیر خۆی بردۆته‌وه و هه‌موو مه‌سه‌له‌كه‌ی له‌سه‌ر ناردن و نه ناردنی مووچه چڕ كردۆته‌وه. بۆیه پێویسته هه‌رێمی كوردستان له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی دیكه به حكوومه‌تی به‌غدا بدات، ئیعلانی "شه‌ڕی ماف" له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات، چونكه به پێی قانوونی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و حكوومه‌ته میراتگری حكوومه‌ته‌كانی پێشووتری به‌غدایه، وه‌ك چۆن پابه‌ندبوونه‌كانی به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی كوێت جێبه‌جێ ده‌كات، له‌سه‌ریه‌تی ته‌واوی پابه‌ندبوونه‌كانیشی به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكات، به‌تایبه‌تی له دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا تاوانه‌كانی رژێمی پێشوو به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان به جینۆساید ناسراون. پێموایه زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانیش هاوكاری هه‌رێمی كوردستان ده‌بن، چونكه زۆر له په‌رله‌مانه‌كانی وڵاتانی جیهان دانیان به جینۆسایدی هه‌رێمی كوردستان ناوه. واته پێویسته له‌مه‌ودوا له‌بری كات به‌فیڕۆدان له‌گه‌ل به‌غدا حكوومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا كارتی وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كان به‌كاربێنێ و بێ حسابكردن بۆ به‌غدا له‌سه‌ر سوود وه‌رگرتن له نه‌وتی خۆی به‌رده‌وام بێت، چونكه وه‌ك ده‌ڵین" كه‌س كچی خۆی ناكاته قوربانی كوڕی خه‌ڵكی."
سه‌ركه‌وتنی ئه‌م هه‌وڵه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر بیه‌وێ بیدات، له گه‌لی كوردستان و په‌رله‌مانتارانی كورد له به‌غدا و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌خوازێ هاوكار بن تا به ده‌ردی ته‌مسیله كوردییه‌كه بتوانێ " روبع روبع" له به‌غدای وه‌رگرێته‌وه.




