فازڵ میرانی: دیموكراسی باران نییە ببارێت، بەڵكو بنهمایهکه بۆ دروستبوونی عێراقێكی نوێ که كورد هەوڵی جیدیی بۆ دەدات

لەم ماوەیەدا، پتر لە جارێك، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ڕاشكاوی لە كەناڵەكانی میدیای عێراقی، دەركەوت و پەیامی ئەوەی ڕاگەیاند، كە كورد، هەمیشە پابەندبوونی خۆی بە بڕگەكانی دەستوور دووپاتدەكاتەوە و هەوڵی بەشداربوونی كارا دەدات، لە پێناو چەسپاندنی دیموكراسییەت و لە ڕوانگەی پڕەنسیبی شەراكەت، هەنگاوی ئەوە دەنێت، كە بەو ئاراستەیە بیربكاتەوەو شەفافیانەش مامەڵە لەگەڵ سەرجەم دۆسێیەكاندا بكات، كە پێوەستە بە پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق.
“فازڵ میرانی” دوێنێ شەو، لە كەناڵی (ئەلحورەی عێراقی)، ئاماژەی بە پیرۆزی و گەورەیی شۆڕشی ئەیلولدا، كە وەك قوتابخانەیەك، توانی پێگەی خۆی بە ڕابەرایەتی “بارزانی نەمر” بكاتەوە، لەسەردەمێكدا كە لە ئەنجامی سیاسەتی چەوتی ڕژێمەكانی پێشوو، كوردستان، دووچاری قڕكردن و ماڵ وێرانی ببوو، لە دایكبوونی ئەیلولی مەزنیش ڕەنگدانەوەی واقیع بینانەی “بارزانی” بوو، كە لەو ڕۆژە سەختانەدا توانی داكۆكی لە خەونەكانی گەلی كورد، بكات.
شۆڕش بەردەوامە
“میرانی” لە وەڵامی پرسیارەكاندا زۆر هێمن بوو، بۆیە، لە سەرەتادا، پتر لە جارێك، باسی لە هۆكارەكانی بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلول كردەوە، بە تایبەتی لە سەردەمێك كە دوای شۆڕشی 1958، نەتوانرا، وەڵامی داخوازییەكانی كورد بدرێتەوە، چونكە سەركردایەتی شۆڕشی 14 تەمووز، دەستە پاچەبوو بەرامبەر بە جێبەجێكردنی داخوازییەكانی خەڵكی عێراق بە گشتیی و كورد بە تایبەتی، بۆیە دەستیكرد بە پەلاماردانی كوردستان و هێرشكردنەسەر دێهاتەكانی كە پێگەی كوردایەتی بوون، لەو ڕوانگەوەش شۆڕشی ئەیلول لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و بەتایبەتی “بارزانی نەمر”، هەڵگیرسا، وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە ستەمی ئەو سەردەمە، لەمەشدا، متمانەكرایە سەر بڕوای خەڵكی كوردستان و یەكەم مەشخەڵی شۆڕشی ئەیلول لە 1961 هەڵگیرساوە، كە ڕەتكردنەوەی ئەو سیاسەتە چەوتە بوو، دەرهەق بە مافی نەتەوایەتی كورد.
خواستی دیموكراسییەت
لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی وشیاری چمكی دیموكراسییەت و هەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی ئەو چمكە، “میرانی”، وای لێكدایەوە، كە دوای ئەزموونی لە خەباتی سیاسیی كە نزیكەی نیو سەدەیە، كە بە بڕوای ئەو دیموكراسییەت و هەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی ئامانجێكی ستراتیژی كوردبووە، كە خەباتی كردووە، بۆ چەسپاندنی دیموكراسیەت لە عێراق، وەك دروشمێك بۆ قووڵبوونەوەی پێوەندی كورد و عەرەب، كە بەبێ ئیرادەی گەلی عێراق نایەتەدی، تەنانەت ئاماژەی بەوە كرد، كە (دیموكراسییەت باران نییە، ببارێت)، بەڵكو هەوڵدانە بۆ چەسپاندنی ئەو خەباتە مەدەنییە، كە بنەما بۆ دروستبوونی عێراقێكی نوێ دادەنێت، لەمەشدا كورد، تەنیا بۆ كەسپی حزبایەتی ئەو وشەیە بەكار ناهێنێت، بەڵكو هەوڵی جیدیی دەدات بۆ چەسپاندنی دیموكراسییەت.
پێگەی “سەرۆك بارزانی”
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا، سەبارەت بە هەندێك بۆچوونی ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بە شێوازی حوكم لە كوردستان، سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بەوەكرد كە دیارە سەركردەی كارێزما هەیە و هەڵبژاردنیش هەیە، بۆیە، لەگەڵ دەربڕینی بۆچوونی ئۆپۆزسیۆن، دووپاتی كردەوە، كە دەستووریی عێراق ڕێگە بەوە دەدات كە كورد ئێستا پیادەی دەكات، بۆ دووركەوتنەوە لە ترسی ناوەوەو دەرەوە، كوردیش بەپێی بڕگەكانی دەستوور مافی هەڵبژاردنی هەیە، سەرۆك “بارزانی” لە ڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسیی پێگەی تایبەتی خۆی هەیە، دیارە ئەمەش ڕێگر نییە لە بەردەم هەڵبژاردن، كە توانیویەتی لە 70% دەنگی خەڵكی كوردستان لە هەڵبژاردنەكاندا بەدەست بێنێ و ئەمەش لە ئەنجامی ئەو قوربانیدانەی كە پێشكەشی كردووەو مانای ئەوەیە، كە لە 70% تەنیا دەنگی ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، بەڵكو هی خەڵكی دیكەشە.
خەباتی بەردەوام
هەر لەو چوارچێوەیەدا، “میرانی”، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە خەباتی بنەماڵەی “بارزانی”، وا نەبێت لای گەلانی عێراق شاراوە بێت، دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم، كە پێگەی بنەماڵەی “بارزانی” تەنیا لە چوارچێوەی كوردستاندا خۆی نانوێنێت، بەڵكو ئەو پێگەیە لە چوارچێوەی عێراق و ناوچەكەش، جێ پەنجەی خۆی دیارە، تەنیا بە نموونە (ئەگەر ئێستا لە حیللە یان بەسڕا، بڵێیت، ئەمە كوڕی بارزانییە، دیارە زۆر بە ڕێزەوە لەوە دەڕوانن)، دیارە ئەمەش لە ئەنجامی ئەو خەباتە بەردەوامەیە كە ئەم بنەماڵەیە پێشكەشی كوردایەتی كردووەو تا ئێستاش بەردەوامە.
ڕێزگرتن لە بەرامبەر
بەڵام، كاتێك پەیامنێری كەناڵەكە، پرسیاری ئاراستەی “میرانی” كرد، سەبارەت بە ڕووداوەكانی شوباتی سلێمانی و ئاخاوتنەكانی ئەو، زۆر ڕاشكاوانە ئەوەی خستەڕوو، كە هەندێ كەس، بە هەڵە ئاخاوتنەكانیان لێكدایەوە، چونكە ئەوەی كە ڕوویدا، بریتیی بوو لە هێرشكردنەسەر بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، لە كاتێكدا كە پارتی لە سلێمانی ئەو دەسەڵاتەی نەبووە لەڕووی ئیدارییەوە، یان، لەڕووی گەیاندنی ئاستی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان، چونكە لەوێ نووسینگەی ئیداری هەیە، كە دەتوانێت، داخوازیی خەڵك وەڵام بداتەوەو ئێمە لەگەڵ هەموو ڕایەكی جیاوازین، بەڵام بە ئاراستەیەك بێت كە نەبێتە مایەی هێرشكردنەسەر بوونی ئێمە و بارەگاكانمان بە بەرد.
دووبارە شەفافییەت
لە وەڵامی پرسیارەكانی مەسەلەی داهاتی نەوت لە كوردستان، “میرانی” ئەوەی ڕوونكردەوە، كە پتر لە جارێك، ئەوە ڕوونكراوەتەوە، كە ئەمە كاری حكومەتە و (ئاشتی هەورامی) وەزیری سامانە سرووشتییەكان ڕاستی مەسەلەكەی لە بەردەم پەرلەمان ڕوونكردۆتەوە، هەتا ئەوەی كە لەگەڵ ڕێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی تریش هەندێك لایەنەكانی ڕوونكردەوە، داهاتی نەوت، دەچێتە گەنجینەی عێراق، لە ژێر چاودێرییەكی بەرچاو، تەنانەت هەتا لە مەسەلەی 17% كەش ستەمی تەواو لە ئێمەی كورد كراوە، بەرامبەر بەوەش، حكومەت ئامادەیە ڕوونكردنەوەی زیاتر بدات، دەبێ لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ئەو شتانە بگەیندرێن بە خەڵك، تەنانەت لەڕووی ئیداریشەوە (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سوورە لەسەر شەفافییەت و دەستوور.
هاوكات “میرانی”، پابەندبوونی تەواو كوردی ڕوونكردەوە بەرامبەر بە دەستوور، بەڵام، هەندێكجار جیاوازییەك هەیە لە دوێنێ ئەمڕۆی برایانی ئۆپۆزسیۆن كە پێشتر، دەنگ بەدەستوور دراوە، بۆیە، هەموو شەفافییەتێك هەیە، بۆ ئەوەی بە ڕاپرسی كاتی خۆی لە ساڵی 2002 ئەنجام درا.
هەندێك بۆچوونی تر
“میرانی” بەبێ شاردنەوەو بە زمانێكی ڕاشكاو قسەی لەسەر هەندێ مەسەلەی سیاسی كردن كە پێوەستە بە عێراق و ناوچەكە.
لەمەڕ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، ئەوەی دركاند، كە كاتی خۆی، هێزەكانی ئەمریكا بەرپرس بوون لە ئاسمان و خاكی عێراق و دوای قۆناغی كشانەوە، توانای هێزەكانی نەیانتوانی كۆنتڕۆڵی تەواوی سنوور و باری ئەمنی عێراق بكەن، هاوكات ئەوەی ڕوونكردەوە، كە مەسەلەی ئەمنییەتی عێراق، وا بەستەیە بە جیاوازیی لە باری سیاسیی عێراق، كە قەیرانەكەی ئاڵۆزتر كردووەو ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد كە ئێمە دەخوازین لە پێوەندییەكانیدا وەكو حكومەت ببێت بە دەوڵەتێكی دامەزراوەیی.
لەمەڕ بارودۆخی سووریا و ئازارەكانی ئەو گەلە، نیگەرانیی سەركردایەتی كوردی دەربڕی بەرامبەر بەو تراژیدیایەی كە هەموو شارەكانی سووریا ڕوودەدات و بووە بە جێگەی نیگەرانیی هەموو لایەك، لەمەشدا ئاماژەی بەوەكرد كە گەلی سووریا خۆی بڕیاری چارەنووسی خۆی دەدات، بۆ دەستەبەركردنی ئازادیی.




