شه‌ڕی داعش.. مامه‌ڵه‌یه‌كی جودا

كه‌ریم قادر
ئه‌م شه‌ڕه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش له شه‌ڕه‌كانی پێشووتری رێكخراوه تیرۆریستییه ئیسلامییه‌كانی دیكه جودایه، له لایه‌ك زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان دژی داعشن و به تیرۆریستی داده‌نێن، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ژماره‌یه‌ك حوكمڕان و ده‌سته و دامه‌زراوه به دابینكردنی كه‌ره‌سته و پێداویستی و عونسری به‌شه‌ری، بۆ درێژه‌پێدانی ئه‌م شه‌ڕه كارئاسانی ده‌كه‌ن. له‌وانه‌یه هه‌ر لایه‌ك پاساوی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت، كه په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی به به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیانه‌وه هه‌یه، ئه‌م كارئاسانییه بارسته‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كردووه و دڕدۆنگیێکی شاراوه‌ی له نێوان سه‌رجه‌م كارێكته‌ره‌كاندا دروست كردووه.
وه‌ك رایگه‌یاندووه، ئامانجی داعش دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی سه‌رده‌می زووی ئیسلامه، كه له پاش رووخانی ئیمپراتۆریای عوسمانی كۆتایی هاتووه. هاتنه‌دی ئه‌م ئامانجه‌ی داعش زۆر له مه‌حاڵ نزیكه، له لایه‌ك ته‌كنۆلۆژیای چه‌ك زۆر پێشكه‌وتووه، له لایه‌كی دیكه كه‌س ئاماده‌ی قبووڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م سیستمه‌ی نییه و له‌گه‌ڵ فره‌ئه‌تنی و فره‌مه‌زهه‌ب و ئایینی ناوچه‌كه نایه‌ته‌وه. له كۆتاییدا، ره‌نگه ئه‌م شه‌ڕه له قۆناغی نزیك و دووردا، كاریگه‌ریی خۆی بسه‌پێنێ و نه‌خشه‌ی زۆر له‌و وڵاتانه بگۆڕێ، كه به‌شێكن له‌و شه‌ڕه.
جیاوازیی ئه‌م شه‌ڕه له‌وه‌دایه، داعش وه‌ك به‌شێك له ستراتیژی شه‌ڕه قێزه‌ونه‌كه‌ی، پشت به هه‌ردوو به‌ره‌ی سه‌ربازی و پڕۆپاگه‌نده ده‌به‌ستێ. له به‌ره‌ی یه‌كه‌م به پشتیوانیی بۆردوومانه ئاسمانییه‌كان گورزی كوشنده‌ی به‌ركه‌وتووه، له‌سه‌ر زه‌وی پێشمه‌رگه نه‌ك هه‌ر كۆتایی به پێشڕه‌وییه به‌رده‌وامه‌كانی هێناوه، كه پێشتر داعش له ماوه‌یه‌كی كورتدا چۆكی به سوپای پڕچه‌كی عێراقدا دا و هێشتایش نه‌هاتووەته‌وه سه‌رخۆی، به‌ڵكو تا ئێستا توانیویه‌تی نزیكه‌ی 17 هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشەیش خاک له ده‌ستی ده‌ربێنێ، واته پێشمه‌رگه ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی به‌تاڵ كرده‌وه، كه ده‌گوترا هیچ هێزێك نایشكێنێ. ئه‌م شكسته به‌رده‌وام و كه‌مه‌رشكێنه، داعشی ناچار كرد به‌ره‌و به‌ره‌ی دووه‌م بابداته‌وه و به‌گه‌ڕی بخاته‌وه. له‌م به‌ره‌یه‌دا به دڕندانه‌ترین شێوه دیله‌كان له‌ناو ده‌بات.
هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تاوه به‌هۆی سیاسه‌ته فاشیله‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق، لاگیریێکی به‌هێزی له‌ناو پێكهاته‌ی سوننه‌ی عه‌ره‌بیدا هه‌بوو، به‌ڵام خه‌ریكه له سایه‌ی په‌یوه‌ندییه گوماناوییه‌كانی و ره‌فتاره قێزه‌ونه‌كانیدا ئه‌م هاوسۆزییه له ده‌ست ده‌دات. ئه‌گه‌ر ئه‌م ره‌فتاره‌ی، كه دژی هه‌موو به‌هاكانه، به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گری شكسته‌كانی بێت له به‌ره‌ی یه‌كه‌مدا، هاوكات به‌ڵگه‌ی ئیفلاسبوون و ته‌واوبوون و جێ نه‌بوونیوه‌شیه‌تی؛ بۆیه ده‌یه‌وێ به په‌رشكردنی ترس و تۆقاندن كه‌مێك له وره‌ی داته‌پیوی خۆی به‌رز بكاته‌وه. ئه‌مه‌ش له جیهانی ئازاد ده‌خوازێ په‌له له چڕكردنه‌وه و به‌هێزكردنی تواناكانیاندا بكه‌ن بۆ كۆتایهێنان به‌م به‌ڵا هه‌ڵتۆقیووه. سه‌ره‌تایش پێویست ده‌كات كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی راشكاوانه موخاته‌به‌ی ئه‌و حوكمڕان و ده‌سته و دامه‌زراوانه بكه‌ن، كه كارئاسانییان بۆ ده‌كه‌ن، به ئاشكرایش پشتیوانی له‌و هێزانه بكه‌ن، كه له مه‌یداندا شه‌ڕی داعش ده‌كه‌ن؛ واته ئه‌م شه‌ڕه چۆن له شه‌ڕه‌كانی پێشووتردا جودایه، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییش ناچاره به شێوه‌یه‌كی جیاواز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات و پێداچوونه‌وه به یاساكانی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قه‌واره‌ی تایبه‌ت، هێزه كاراكانی سه‌ر زه‌وی بكه‌ن. به‌مه‌ش له تێكشكاندن و له‌ناوبردنی داعش ده‌ستكراوه‌تر ده‌بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی ستراتیژی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشدا رایگه‌یاند، دوامه‌به‌ست له‌ناوبردنیه‌تی.




