٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بۆنە نیشتمانییەكان

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

لە هەفتەی رابردوودا، پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشێوەیەكی بەرفراوان یادی 51 ساڵەی شۆڕشی ئەیلوولی كردەوە و لە ناوەندی هەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان و زوربەی شارو شارۆچكەكاندا ئاهەنگی جەماوەریی پڕ حەماس و كەیفخۆشی سازكرد.

جگە لە یادكردنەوەی ئەو شۆڕشە كە بە وەرچەخانی نوێ لە مێژووی گەلی كوردستان و بزووتنەوەی رزگاریخوازی ئەژمار دەكرێ، لەم یادكردنەوە و ئاهەنگێڕانەدا هێزی رێكخستنی پارتی و حەشیمەتی دەنگدەرانیشی نمایش كرا.

تەلەفزیۆنی KNN زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان، لەو بۆنەیەدا و لە درێژەی هەڵمەتی میدیایی لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەڵمەتێكی رەخنەگرانەی دەست پێكرد و وەهای لێ هاتە پێشەوە كە پارتی بۆنە نیشتمانییەكان بە حزبی دەكات. وتەبێژی ئەو بزووتنەوەیەش لەسەر ئەم مەسەلەیە لێدوانێكی دا بە تەلەفزیۆنەكەیان.

چەند رۆژنامە و ماڵپەڕێكی ئەلەكترۆنی و تەلەفزیۆنی NRTـیش شوێن پێی بزووتنەوەی گۆڕانیان هەڵگرتو و، وەهایان نیشاندا كە شۆڕشی ئەیلوول بۆنەیەك و شۆڕشێكی نیشتمانی هەموو خەڵكی كوردستانە و لە كاتێكدا دەبێت هەمو خەڵكی كوردستان یادی بكەنەوە، پارتی تەنیا بۆخۆی قۆزتوویەتییەوە و لە ژێر پەرچەمی خۆیدا و وەكوو موڵكی تایبەتی خۆی یادی دەكاتەوە و بەكاری دەهێنێ بۆ نمایشی هێزی خۆی.

وتاری سەرۆك بارزانی و هەڤاڵانی لەو یادەدا ئەوەیان تێدا دووپات كرابۆوە كە هەرچەندە شەرەفی سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوول بە رابەرایەتی " مستەفا بارزانی"ـی نەمر بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە و هەتاهەتایە شانازی پێوە دەكات، بەڵام شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشی هەموو گەلی كوردستان بوو. ئامانجەكانی ئامانجی ئەم گەلە بوو بە كورد و توركمان و ئاشووری و كلدانییەوە، بە موسڵمان و كریستیان و ئێزیدی و هەموو ئایین و ئایینزاكانی كوردستانەوە. شۆڕشی هەموو چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان بوو دژی زوڵم و ستەم و ژێردەستەیی و لەپێناوی ئازادی و دیموكراسی و بەختیاری گەلدا.

لەوەیش زیاتر، شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشی لێكگرێدانی ئامانجەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بوو لەگەڵ ئامانجە دیموكراسییەكانی هەموو گەلانی عێراق و پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی عێراق لە مەیدانی خەباتی كردەنی و لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەكانی كوردستاندا و شابەشانی هەڤاڵانی پارتی بەشدار بوون و لایەنی دیكەی عێراقیش بە شێوازی جۆراوجۆری سیاسی بەشدارییان تێدا كرد بوو. هەروەها دەیان كەسایەتی كە سەر بەهیچ حزب و رێكخراوی سیاسی كوردستانی یان عێراقی نەبوون، لەو شۆڕشەدا چ وەكوو پێشمەرگە چ وەكوو سیاسەتمەدار بەشداربوون، بۆیە شۆڕشی ئەیلوول ببووە رەشماڵی هەموو ئازادیخوازان لە زاخۆوە تا بەسرە.

كەواتە لە سەرینی ئەم هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە نیشتمانییەوە، قسەی ئەو برادەرانە راست و دروستە كە شۆڕشی ئەیلوول بۆنەیەكی نیشتمانییە. بەو لۆژیكەیش دروست وایە كە یادكردنەوەیشی، یادكردنەوەیەكی نیشتمانی كوردستانی و تەنانەت عێراقیش بێ.

جا بۆئەوەی چیتر پارتی شۆڕشی ئەیلوول "تەنیا بۆخۆی نەقۆزێتەوە"!! و لەبری ئەوە بكرێتە بۆنەیەكی نیشتمانی. پێویستە دەستپێشخەری بكرێ كە دوو پرۆژە یاسا، یەكێكیان بدرێتە پەرلەمانی كوردستان و ئەوەی دیكەیش بدرێتە ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق، كە شۆڕشی ئەیلوول بە رابەرایەتی "مستەفا بارزانی" بكرێتە بۆنەیەكی نیشتمانی و ساڵانە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق یاد بكرێتەوە.

بێگومان ئەوە مافی پارتی دیموكراتی كوردستان نییە كە بۆنەیەك بكاتە بۆنەی نیشتمانیی، بەڵكو تەنیا پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق مافی ئەوەیان هەیە بە یاسا بۆنەكان بكەنە بۆنەی نیشتمانی. بۆئەوەی ئەوەیش بكرێ پێویستە دەستپێشخەری بكرێ لە بەرزكردنەوەی پرۆژە یاسادا. بەشبەحاڵی خۆم كە لە هەفتەیەی رابردوودا پەرۆشی بزووتنەوەی گۆڕان و میدیاكارانی NRT و هەندێ رۆژنامە و چاودێرانم بۆ شۆڕشی ئەیلوول بینی، ئەوەم لێ چاوەڕوان دەكردن كە ئەوان خودان ئەو دەستپێشخەرییە بن و ئەو دوو پرۆژە یاسایە پێشكەش بكەن. دەنا دەترسێم قسەی ئەو برادەرانە، عەرەب گووتەنی "قول حق یراد به باطل" بێ و بەم گوتاری رەخنەییە كە گوایە پارتی بۆنە نیشتمانییەكان بەحزبی دەكات، وا بكەن ئیتر یادی ئەیلوول و راپەڕین و چەندینی دیكە نەكرێتەوە و وردە وردە و ساڵ لە دوای ساڵ لە یادەوەری نەتەوەیی و نیشتمانیماندا كاڵ ببنەوە تا بەیەكجاری دەسڕێنەوە و شتێك نامێنێ سیمبوولی رابردوومان بێ و ئیتر وەكوو ئەوەی خۆیان دەیانەوێ مێژوو لەو كاتەوە دەست پێ بكات كە ئەوانی تێدا هاتوونەتە ئاراوە.

تا ئەو كاتەی ئەڵتەرناتیڤێك دەكرێتە یاسا بۆ بۆنە نیشتمانییەكان، واچاوەڕوان دەكرێ سوپاسگوزاری پارتی دیموكراتی كوردستان بین كە ساڵانە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەكاتەوە و وا ماوەی 51 ساڵە، لە نەوەیەكەوە دەیگوازێتەوە بۆ نەوەیەكی دیكە و لە یادەوەری نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان و گەلانی عێراقدا بە زیندوویی دەیهێڵێتەوە. لەوەیش زیاتر وانەكانی ئەو شۆڕشە و سەروەرییەكانی بۆ لێكدانەوە و بە ئەزموونكردنی گۆڕانكارییەكانی چەرخی ئێستا و ژیانی سیاسی كوردستان و عێراق بەكار دەهێنێتەوە و ئەو بنەمایانە دووپات دەكاتەوە كە ئەو شۆڕشەیان لەسەر دامەزراوەو تا هەنووكە وەكوو بنەماگەلێكی نیشتمانی بۆ رێكخستنی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەكاردێن.

هەواڵی پەیوەندیدار