٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پەلەقاژەی مەرگی سیاسی

سەرچاوە: Xebat

كەريم قادر


لەو چاوپێكەوتنە 45 خولەكەييدا لەگەڵ تەلەفزيۆني ئێن ئار تيدا، كە بە دۆبلاژكراوي پێرێ شەو پەخشكرا، ماليكي تا پێي كرا بەناوي دەستوور، تەجاوزي لەسەر دەستوور كردو رێزي لەو تايبەتمەنديە نەگرت، كە دەستوور بەهەرێمي كوردستاني داوە. لەيەكەم هەڵسەنگاندنمدا بۆ ئەو چاوپێكەوتنە، بەتايبەتي بۆ تەجاوزاتەكاني و شێوازي قسەكردنيەكەي، رەنگە كاريگەرييە قوڕسەكاني ئەو گوشارانە بێت، كە لەهەموو لايەك لەسەريدا هەيە بۆ رزگاركردنەوەي ئێراق لەتاكڕەوي.
بەكورتي هەست كردنيەتي بەمەرگي سياسي خۆي، كە ئەگەر لەناوي خودي حزبەكەي خۆشيەوە سنووري بۆ دانەنرێ، بەدووري نازانم مێژووي پڕ لەسەروەري ئەو حزبەش (حزبي دەعوە) بسڕێتەوە، كە ڕۆڵێكي بەرچاوي هەبووە لەدژايەتي كردني رژێمي ديكتاتۆري بەعس و لەو پێناوەشدا شەهيدو قورباني زۆر داوە، بەڵام خەريكە دەيكاتە قورباني ويستە شەخسيەكاني خۆي.
ماليكي لەو چاوپێكەوتنەدا لەسەر پرەنسيپي، ئەگەر بۆ من نابێت، با بۆ كەس نەبێت، قسەي دەكردو خۆي لەو هەموو كێشەو تەنگژانە دەدزيەوە، كە بەشێكي خۆي دروستي كردوون و دەيخەستە ئەستۆي لايەني ديكە  ئەنجوومەني سەرۆكايەتي كۆمارو سەرۆكايەتي ئەنجوومەني نوێنەران  ، چونكە لەلايەك باس لەوە دەكات، ئەم دەستوورە تەواو نييە   كە ليژنەيەك بۆ هەمواركردنەوەي هەيە   لەلايەكي ديكەوە دەڵێ ئەركي منە بەو كەسە بڵێم نا كە تەجاوز لەسەر دەستوور دەكات. بەڵام بێ ئەوەي ئاماژە بەوە بدات كە لەسەر ئەم تەجاوزكردنەي دەستوور لەلايەن هەموو لايەنەكانەوە گوشاري لەسەرە.
هيچ پێويست بەوە ناكات باس لەتەجاوزەكاني ماليكي لەسەر دەستوور بكەم، چونكە هەموو هێزو لايەنەكاني ئێراق لەسەر ئەوە كۆكن، كە ئەو دەستووري سڕ كردووەو لەدەرەوەي دەستوور كاردەكات. بەڵام ئەوەي بەلاي منەوە گرنگەو پێويستە كوردو كوردستانيان هەڵوەستەي لەسەر بكەن، دوو مەسەلەي گرنگە:
يەكەم، ئەو گەلي كوردستاني دابەشكرد بەسەر شەبەك و ئێزدي، كە بەلاي ئەو زاتەوە شەبەك و ئێزدي گەلي سەربەخۆن، بە مەش ويستي بەخشكەيي ئەو گەلە دابەش بكات، بەڵام بەهيچ شێوەيەك باسي لەسابئيەو مەندايەكان نەكرد.
دووەم، باسكردني ماددەي 140 بوو، بەوەي لەلايەن نەزانێكەوە نووسراوەو بە كەڵكي ئەو نايەت بكرێتە بنەمايەك بۆ چارەسەركردني كێشەكان.
بەر لەوەي باس لەكەمتەرخەمييەكاني ئەو بكەم بەرامبەر ئەو ماددە دەستووريە، دەپرسم، ئەگەر بە كەڵك نەدەهات بۆ وەك خاڵێكي گرنگ لەناو كارنامەي حكوومەتەكەيدا تۆماري كردو ئيمزاي لەسەر 19 خاڵەكەي كورد كرد. ئايا هەر بۆ وەرگرتني دەسەڵاتي بوو؟
ماددەي 140 لەسێ قۆناغ پێكهاتووە، بەڵام ماليكي ئەو قۆناغەبەنديەش نازانێ و پێيوايە خەرجكردني زياتر لە مليارێك دۆلار جێبەجێكردني قۆناغي يەكەمە، كە وانييە، بەڵكو قۆناغي يەكەم پەيوەستە بەئاساييكردنەوەي سنووري پارێزگاكە، دواتر سەرژمێرييە، كە ئەو بە بيانووي (ساختەكاري و رووداني شەڕي ناوخۆ) خۆي لەئەنجامداني سەرژمێري دەدزێتەوە، ئەمەش وانييە، چونكە چاك دەزانێ كورد لەو ناوچانە زۆرينەيە، بۆيە نايەوێ بيكات، دوا قۆناغيش راپرسيە، كە خەڵكي ئەو ناوچانە بڕيار لەچارەنووسي ناوچەكەيان دەدەن.
لێرەوە پێويستە ئاماژە بەسەردانێكي عومەر بەشيري سەرۆكي سوودان بۆ جۆبا بدەم بەر لەوەي خەڵكي باشوور راپرسي لەسەر چارەنووسي وڵاتەكەيان بكەن، بە گۆپاڵەكەي دەينەڕاند: سوودان يەكپارچەيە، بەڵام خەڵكي باشوور لە راپرسيەكەدا بە دەنگدان بۆ سەربەخۆيي وەڵاميان دايەوە. بۆيە سەردانەكەي ئەم دواييەي ماليكيش بۆ كەركووك هەمان شتە، چونكە هێندەي ديكەش هاوار بكات، ماددەي 140 بە كەڵكي ئەوە نايەت؟ بەڵام خەڵكەكە، لەو راپرسيەي بڕيارە بكرێ، وەڵامي دەدەنەوەو ناهێڵن ئەو ماددەيە بەوەستاوي بمێنێتەوە. ئەگەر هەر بڕياريشە جێبەجێي نەكات، دەستوور دەڵێ ئێراق بەيەكپارچەيي نامێنێتەوە. ئەگەر ئەمە گرژكردني دۆخەكە نەبێت، چ ناوێكي ديكەي بۆ دەدۆزيەوە.
لەبەشێكي ديكەدا، كوردستاني بەسەر دوو بەرە دابەشكرد، كە وا نييە، كورد يەك بەرەيە، چونكە كەس ناوێرێ سازش لەسەر مەسەلە نەتەوەييەكان بكات و ئەم گەلەي 21 ساڵە ئازادە ئەوە لەكەس قبووڵ ناكات، وەك چۆن لەكەس قبووڵ ناكات مافە دەستوورييەكاني هەرێمي كوردستان پێشێل بكات.
شتێكي ديكەي زۆر سەير لەو چاوپێكەوتنەدا رەخنەگرتن بوو لە ئاوەداني كوردستان، كە گوايە هيچ نەكراوە ماليكي بۆي نييە ئەو باسە بكاتەوە، چونكە بەو بودجە زەبەلاحەي لەبەر دەستي دايە نەك نەيتوانيوە يەك جادەي نوێ دروست بكات، بەڵكو تا ئێستا زۆربەي ناوچەكاني ديكەي ئێراق لەكارەبا بێبەشن.
ئەرێ ماليكي ئێگاداري ئەوە نييە، چ كەلوپەلي دەستي دووي هەرێمي كوردستانە بەخۆڕايي دەچێتە شارەكاني ديكەي ئێراق؟ ئەي چ ناوێك بۆ ئەمە دەدۆزێتەوە. بۆيە قەناعەتم هەيە، هەموو كورد گاڵتەيان بەو قسانەي ماليكي دێت، چونكە هەموو ئێراقيەك ئەوە دەزانێ كوردستان چ پێشكەوتنێكي بەخۆوە بينيوە، تەنانەت لايەنەكاني نێودەوڵەتيش ئەو ڕاستيە دەزانن. هەر بۆيە كوردستانيان بەئێراقێكي ديكە ناساندووە.
هەر بۆ كۆتاييهێنان بەم وتارە، ئەوەندە دەڵێين: باي ئەوەندە چەكمان هەيە، ئەوەي يەك فيشەك بەڕووي هەرێمي كوردستان بتەقێنێ، ئەزموونێكي نا سەركەوتوو تاقي دەكاتەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار