دەقی وتاری بەڕێز مەسروور بارزانی بەبۆنەی 51 ساڵەی بەرپا بوونی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە شاری سلێمانی

دەقی وتاری بەڕێز مەسروور بارزانی بەبۆنەی 51 ساڵەی بەرپا بوونی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە شاری سلێمانی
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشك و برایانی بەڕێز و خۆشەویستم
جەماوەری قەرەمان و خۆراگری شاری شێخی نەمر
ئامادەبووانی هێژا
زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی هەموو لایەكتان دەكەم
سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم
بەڕاستی كە ئێوە دەبینین دڵمان خۆش دەبێ بەتایبەتی بەم هەتاوە ئێوە هەمووتان لێرە كۆبوونەتەوە، ئەمە جێگای سەربەرزییە بۆ هەموومان و شانازی دەكەم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە لەم یادەدا بەشدارم.
بۆ من جێی بەختەوەرییە و شانازی دەكەم كە لەگەڵ ئێوە ئەمڕۆ لە شاری هەڵمەت و قوربانی یادی 51 ساڵەی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن دەكەینەوە.
شۆڕشی ئەیلوول گەورەترین شۆڕش بووە لە مێژووی هاوچەرخی گەلەكەماندا، شۆڕشێك بووە كە سەرتاسەری كوردستان هەر لە خانەقین تا زاخۆی گرتەوە و پەناگایەك بووە بۆ هەموو ئازادیخوازێك چ لە كوردستان چ لە عێراق و چ لە ناوچەكە و تروسكەی ئومێد بووە بۆ هەموو خەباتكار و ئازادیخوازێك لە هەموو پارچەكانی تری كوردستان.
شۆڕشی ئەیلوول بزووتنەوەیەكی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو، كە لە ژێر سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی بارزانیی نەمردا توانی هەموو كوردستان بكاتە یەك و دەسكەوتی گەورەمان بۆ بەدەستبهێنێت و بۆ یەكەمجار بەشێوەیەكی فەرمی بتوانێت مافەكانی گەلەكەمان دەستەبەر بكات.
شۆڕشی ئەیلوول چ لە ناوچەكە و چ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا توانی كێشەی كوردستان بۆ ئاستێكی باڵاتر بەرز بكاتەوە و پێناسەیەكی فەرمی بۆ كورد و كوردستان لە فەرهەنگی جیهانیدا بچەسپێنێ، هەرچەندە شۆڕشی ئەیلوول بوو بە قوربانی پیلانێكی گەورەی نێودەوڵەتی، چونكە سەركردایەتی ئەو سەردەمە و بەتایبەتی جەنابی بارزانیی نەمر ئامادە نەبوون مساوەمە لەسەر یەك بستی خاكی ئەم نیشتمانە و بەتایبەتی كەركووكی دڵی كوردستان بكەن، بەڵام ئەم شۆڕشەیش بووە قوتابخانەیەك بۆ هەزاران شۆڕشگێڕ و قارەمانی ئەم گەل و نیشتیمانە، كە بەردەوامی بەشۆڕش بدەن و بە فیداكاری و ماندبوونی ئەوان توانیمان دواتر راپەڕین بكەین و حكوومەتی هەرێم دامەزرێنین و پەرلەمانی كوردستان دامەزرێنین و دواتریش فیدراڵیەت لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا بچەسپێنین.
شۆڕشی ئەیلوول قوتابخانەی خۆراگری و فیداكاری و خۆشەویستی و رێزگرتن بوو، چەترێك بوو بۆ پێكەوەژیانی هەموو چین و توێژ و هەمووو ئاین و ئاینزایەك و هەموو نەتەوەیەك كە لەم نیشتمانە خۆشەویستەدا دەژین.
لەم شۆڕشەدا خەباتێكی ئێجگار زۆر كرا و خوێنێكی ئێجگار زۆر ڕژا، قوربانیەكی ئێجگار زۆر درا، بۆیە پێویستە رێز لەخەباتی ئەو قارەمانانە بگرین و سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدە سەربەرزەكانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شەهیدانی كوردستان دابنوێنین.
رێزگرتن لە مێژوویەكی وا پڕ لەسەروەری و رێزگرتن لە خوێنی هەزاران شەهید، كە بە جامانە سوور و شینەكانیانەوە كفن كران و نێژران و بەخوێنی ئاڵیان خاكی ئەم نیشتمانە ئاو درا، بۆیەیش وڵاتەكەمان خۆشەویستر و مێژوویشمان پیرۆزترە.
شاری سلێمانی چ لە شۆڕشی ئەیلوول چ دواتر پێشەنگ بووە لە خەبات و خۆراگریدا، بەسەدان گەنجی ئەم شارە لەپێناو كوردایەتی و رێبازی پیرۆزیی پارتی و بارزانیدا گیانیان بەخت كرد و لە سێدارە دران. پەیوەندی نێوان پارتی و سلێمانی پەیوەندیەكی رۆحی و مەعنەوییە و هیچ هێزێك ناتوانێ سلێمانی لە پارتی جیا بكاتەوە.
خوشك و برایان...
هەر لەم شۆڕشەدا بوو كە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ یەكەمجار چەكی شەرەف و مەردایەتی كردە شان و بووە پێشمەرگە و هەر لەو سەردەمەدا تا ئێستا بەبێ وەستان خەباتی كردووە و لەگەڵمان بووە و بووەتە رەمزی وەفاداریی و راستگۆیی و بووەتە جێگای متمانەی هەموو خەڵكی كوردستان و ئێستایش بۆیە سەرۆكی ئەم هەرێمەیە، متمانەی زۆربەی خەڵكی كوردستانی لەگەڵە.
جەنابی سەرۆك هەر لەسەرەتاوە تاكو ئێستا بەردەوام بووە لەبەرگریكردن و داكۆكی كردن لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و پشت بەخوا بەردەوام دەبین تاكو دەگەینە ئاوات و ئامانجەكانیشمان.
كە باسی ئەم مێژووە پڕ سەروەرییە دەكەین، كە باسی قوربانیدانی شۆڕشی ئەیلوول و پارتی دەكەین، بەڕاستی جێگای شانازییە بۆ پارتی كە خاوەنی ئەم مێژووە پڕ لە سەروەرییە و، بۆ ئێمەیش جێگای شانازییە، كە پارتی بین.
هەڤاڵان...
مێژوو زۆر دیارە، كە هەر كاتێ پارتی بەهێز بووە، كوردستانمان ئاوادانتر و سەقامگیر بووە و هەر كاتێ پارتی تووشی نسكۆ بووە كوردستانان خاپوور و وێران كراوە.
پارتی سەركێشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستانە و لە پێناو ئاوەدانی و ئاشتەوایی و سەقامگیری و بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان بەردەوام دەبێت، بۆیەش پارتی ئێستا كەوتۆتە بەر شاڵاوی هێرشێكی ناجوامێرانە، پەنا بەخوا پارتی دڵسۆزانی وەك ئێوەی هەبێ باكی لە هیچ نییە و بەرامبەر بە هەموو پیلان و بەرنامەی دوژمن و ناحەزانیش وەڵامی خۆی هەیە.
وەڵامی پارتی و پەیامی پارتی بەرامبەر بەو هێرشانە ئەوەیە، كە ئێمە لە جیاتی لەت لەت بوون، لە جیاتی یەكتر ڕەتكردنەوە، داوای یەكڕیزی و داوای تەبایی و داوای سەقامگیری كوردستان دەكەین، یەكهەڵوێستی و یەكڕیزی هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستان و بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان گرەنتی سەرەكییە بۆ سەركەوتنی ئەم گەل و ئەم وڵاتە، پێویستە هەموومان پێكەوە بین و پێكەوە هەنگاو بنێنین بۆ ئاسۆیەكی رووناكتر و هەوڵبدەین ئەوەی كە تاكو ئێستا هەمانە و بەدەستمان هێناوە بیپارێزین.
پارتی بزووتنەوەیەكی جەماوەرییە و لە ناخی خەڵكەوە دروست بووە بۆ خەڵك دروست بوو، بۆیەش ڕووی من لە كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستانە و داواتان لێدەكەم لەسەر بنەماكانی رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر و رێنماییەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی تێكەڵی خەم و ئازار و خۆشی و شادی خەڵك بن، لە خەڵك نزیك بن، چونكە خەڵكمان لەگەڵ بێت و جەماوەرمان لەگەڵ بێ، هیچ هێزێك ناتوانێ بەرامبەر بە پارتی بووەستێت.
هەڤاڵانی خۆشەویست....
لێرەدا بەپێویست دەزانم داوا بكەم لە حكوومەت و دەسەڵات كە بیرێكی جدی لە خزمەتكردن بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بكەنەوە و ژیانێكی بەختەوەر و ئاسوودە بۆ ئەوان و بنەماڵەی پێشمەرگە سەربەرزەكان بەدەستبهێنێت.
هیوادارم هەروەها گەنجەكانیشمان بەبیری نیشتمانپەروەری پەروەردە بكرێن و ئومێد و ئاواتەكانیان بهێنرێتەدی، هەست بە ئاسوودەیی و بەختەوەری بكەن و هەموو پێداویستی ژیانیان بۆ فەراهەم بكرێت و ئەوەی كە دەتوانێت ئەم وڵاتە بەرەو پێشەوە ببات و ئەم دەسكەوتانە بپارێزێت، هێزی گەنجانی ئێمەیە.
خوشك و برایان
من حەز دەكەم ڕوو لە گەنجە خۆشەویستەكان بكەم و لە خوشك و براكانم بكەم و پێیان بڵێم: ئێوە خاوەنی ئەم نیشتمانەن، ئێوە خاوەنی ئەم دەسكەوتانەن و ئێوەش دەتوانن ئەم دەسكەوتانە بپارێزن، من بە ئەركی ئاینی و نیشتمانی دەزانم كە هەموو گەنجێك هەموو تاكێكی ئەم وڵاتە لە ئاستی بەرپرسیاریەتی بێت، چاك و خراپ لەیەك جیا بكاتەوە، ئەوەی خەمخۆری ئەم وڵاتەیە، ئەوەی دڵسۆزی ئەم وڵاتەیە، ئەوەی ئامادەیە خۆی لە پێناو ئەم وڵات و نیشتمانەدا بەخت بكات جیا بكاتەوە لەوانەی تەنیا چەواشەكاری دەكەن و تەنیا گەنج بەكاردەهێنن بۆ مەبەستی تەسكی خۆیان.
دڵنیام كە گەنجەكانی ئێمە رۆشنبیرن، بەڵێ رۆشنبیرن و دەزانن ئەمڕۆ كوردستان بەچ رەوشێك تێدەپەڕێ. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگۆڕانكاری خێرادا تێدەپەڕێ و پێویستە هەموومان بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە، بۆ دەستبەركردنی ئایندەیەكی گەشتر بۆ نەوەی داهاتوو پێكەوە بین و یەكڕیز بین و یەكهەڵوێست بین و تەنیا و تەنیا بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتمان تێبكۆشین.
هەڤاڵان.......
پێویستە ئێمە رێز لە مێژووی پڕ سەروەری خۆمان بگرین و وانەیان لێوەربگرین، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوویش رێز لەخەباتی ئیمڕۆمان بگرێت.
خوشكو برایان...
لە كۆتاییدا جارێكی تر سوپاسێكی بێ پایانتان دەكەم بۆ ئامادەبوونتان، هیوادارم ئاڵای پارتی هەمیشە شەكاوە بێت و ئێوەش هەر ساغ و سەركەوتوو بن و هەر بژین بۆ كورد و كوردستان.
زۆر سوپاس




