دەقی وتاری سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاهەنگی ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە شاری هەولێر

دەقی وتاری سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاهەنگی ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە شاری هەولێر :
به‌ناوى خواى گه‌وره‌و میهره‌بان
خۆشه‌ویستانى به‌رێز، پێشمه‌رگه‌كانى شۆرشى مه‌زنى ئهیلوول، گه‌نجانى شۆرشى گوڵانى نیشتیمانپه‌روه‌ر و پێشكه‌وتنخواز، گه‌نجه‌كانى هه‌ولێرى خۆشه‌ویست و وه‌فادارى كوردستانى پیرۆز. ئه‌مرۆ رۆژێكى مێژووییه، حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موو گوێرایه‌ڵ بین و بزانین چ له دیرۆكى ئه‌م میلله‌ته هه‌بووه و چۆن گه‌یشتووینه‌ته ئه‌م رۆژه‌ى له‌م پارچه‌ى كه دوێنى گه‌نجه‌كانى كوردى لێ ئه‌شكه‌نجه ده‌درا، گه‌نجه‌كانى كوردى لێ له سێداره ده‌درا، ئه‌مرۆ خه‌ڵكى كوردستان به گشتى و شارى هه‌ولێر به تایبه‌تى ئاهه‌نگ له‌و شوێنه دهگیرِن كه پێشتر خه‌ڵك نه‌یده‌وێرا پێیدا تێبپهرِێت.
خۆشه‌ویستان:
ئێمه كه یادى شۆرشى مه‌زنى ئهیلوول ده‌كه‌ینه‌وه خه‌ڵكانێك زۆر له سه‌ركرده و له پێشمه‌رگه و له كادیر و هاووڵاتى به جه‌رگه‌وه سه‌رى خۆیان له پێناو ئه‌و شۆرشه و ئارمانجهكانى میلله‌ته‌كه‌یان دانا و ئهمرِۆ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دانین، خه‌ڵكانێكى زۆریش كه له‌و شۆرِشهدا به‌شدارییان كرد و ئهمرِۆ دیمه‌نى هه‌ندێكیان له‌به‌رچاومانن كه به‌ناو ساڵداچوون و ته‌مه‌نێكیان به‌سه‌ر بردووه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م میلله‌ته به‌م رۆژه بگات، به‌ڵام خه‌ڵكێكى زۆریشمان هه‌یه پێویسته بزانن كه شۆرِشى ئهیلوول چى بووه؟
51 سال له‌مه‌وبه‌ر وه‌كو ئهمرِۆ به تایبه‌تى دیكتاتۆرییهتى عێراق كه نه‌یتوانى ئارمهنجهكانى شۆرشى پیرۆزى ئهیلوول له‌به‌رچاو بگرێت و برِگهكانى ده‌ستوورو مافى هاووڵاتیبوون و شه‌راكه‌تى نه‌ته‌وایه‌تى كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌ى دووه‌م له عێراقدا له‌به‌رچاو بگرێت په‌ناى برد بۆ جه‌نگ، بۆ فرۆكه بۆ ئاگرو ئاسن بۆ ئه‌وه‌ى میلله‌تى كورد ناچار بكات واقیعێك قبوول بكات، شۆڕشه‌كانى بارزان و پاش دامه‌زراندنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ئه‌م واقیعه‌یان پێ قبوول نه‌بوو، ره‌تیان كرده‌وه، بارزانیی نه‌مر و هاورِێیانى له پارتى دیمو‌كراتى كوردستاندا سته‌مى میلله‌ته‌كه‌یان كرده پێناسه‌یه‌ك بۆ ناساندنى كورد له چوارچێوه‌ى سته‌مدا به جیهان.
هه‌ر له‌و كاته‌دا بارزانیى نه‌مر و پارتى دیمو‌كراتى كوردستان بیریان له‌وه كرده چۆن بهرانگارى ئه‌و سته‌مه ببنەوە، شۆرشى 11ى ئهیلوول وه‌كو ئه‌مرۆ ده‌ستپێكردنى ئه‌و بهرانگاربوونهوهیە بووه بۆ نه‌هێشتنى ئه‌و سته‌مه له نیشتمان و میلله‌ته‌كه‌مان، ناوهرِۆكى شۆرشى ئهیلوول ته‌نیا به‌رگرى له بوونه خۆى نه‌بووه، به‌ڵكو ساڵ له دوای ساڵ شۆرشى ئهیلوول بیرى كۆمه‌ڵایه‌تى و خوێندن و خزمه‌تگوزارى و خۆبهرِێوهبردن ده‌ستى كرد به‌دامه‌زراندنى قوتابخانه و بنكه‌كانى ته‌ندروستى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئیداره و دادگا وه‌كو پیاده‌كردنى شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانى خۆبهرِێوهبردن له شۆرشدا لهخاكهكهى ئازادا، هه‌ر ئه‌و شۆرشه بوو، هه‌ر ئه‌و خۆبهرِێوهبردنه بوو كه له 11ى ئادار 1970 بۆ یه‌كه‌م جار حكومه‌تێكى ناوه‌ندى عێراق ناچار بوو به فه‌رمى دان به مافى كورددا بنێت و ئۆتۆنۆمى بۆ كوردستان له عێراقێكى دیموكراتیدا قبول بكات.
هه‌ڤالانى به‌رێز:
شۆرشى گوڵان به‌رده‌وامبوون بۆ بیرۆكه‌ى شۆرشى ئهیلوول و له هه‌مان كاتیش‌دا كاردانه‌وه‌یه‌كى نه‌ته‌وایه‌تى بوو بۆ بهرانگاربوونهوهى نسكۆیهكهى ساڵى 1975. ده‌ره‌نجامه‌كانى ئه‌م خه‌باته دوور و درێژه‌ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان به رێبه‌رایه‌تى بارزانیى نه‌مر سه‌رهه‌ڵدانى پیرۆزى لێكهوتهوه و ئهمرِۆ ئێمه خاوه‌ن عێراقێكى فیدراڵ و كوردستانێكى فیدراڵین.
له‌م كوردستانه‌دا پارتى دیمو‌كراتى كوردستان شان به‌شانى هێزه سیاسییه‌كان و هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان له توركمان و كلدوئاشوور و عه‌ره‌ب و له موسلمان و ئێزیدى، ئه‌مرۆ سه‌رفرازین له وڵاتى خۆماندا به‌مشێوه‌یه له فه‌زایه‌كى ئازاد‌دا خۆمان به‌رێوه ده‌به‌ین و ئاهه‌نگ دهگێرِین.
سیاسه‌تى پێكه‌وه ژیان سیاسه‌تێكى تازه نییه كه پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و هێزه سیاسییه‌كانى ئهمرِۆ پهیرِهوى ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌م سیاسه‌ته له كه‌لتوورى دامه‌زراندنى پارتى و له كه‌لتوورى بارزانیى نه‌مره‌وه‌یه.
گه‌نجان.. خوشكان و برایان:
ئه‌وه‌ى ئهمرِۆ كورد ده‌یبینێ و موماره‌سه‌ى ده‌كات به‌رهه‌مى چه‌ند نه‌وه‌ى ئه‌م میلله‌ته‌یه كه هه‌ندێكیان له پێناوى ئه‌مه‌دا شه‌هیدبوونه و هه‌ندێكى دیكه‌ش به‌رده‌وامن، ئه‌ركى ئێوه ئه‌وه‌یه له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا به زانست و لێهاتوویى خۆتان ئه‌زموونى وڵاته‌كه‌تان ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن، پێكه‌وه‌ژیان بكه‌نه دروشمى خۆتان، خۆرِاگرِى و پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كان بكه‌نه ئارمانجێكى ستراتیژى خۆتان، ئیراده‌یه‌كى پۆلایین په‌یدا بكه‌ن تا ئه‌م ئه‌زموونه به‌ره‌و پێش و دوا وێستگه‌ى شهمهندهرهفهرى خه‌باتى نه‌ته‌وایه‌تیمان ببه‌ن.
پیرۆز بێت ئازادى له كورد و كورستان پیرۆز بێت یادى 51 ساڵه‌ى شۆرشى مه‌زنى ئهیلوول كه شۆرشى هه‌موو كورد و كوردستانییه‌كان بووه، با هه‌موومان وانه و په‌ند له‌م شۆرشه و شۆرشه‌كانى خۆمان وه‌ربگرین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌من و ئاسایشى ئه‌م میلله‌ته و پێكه‌وه‌ژیانى كوردستان بپارێزین و به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى گه‌شتر و سه‌رفرازتر ببه‌ین..
هه‌ر بژى كورد و كوردستان




