٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

جەمیل بایک و دەمیرتاش، عێراقی یەکگرتوو و شنگالی بێ کوردستانیان دەوێ!

سەرچاوە: KDP.info

تەنیا کوردی
جەمیل بایک و بایکچییەکان جارێکی دی لە گۆشەیەکی مێدیادا بە دیارکەوتن، وشەکانیان لە ساتەوەختێکدان کە جیهان سەرسامی بە پێشمەرگە و، سیاسەتی سەرکەوتووانەی هەرێمی کوردستان دەردەبڕێ؛ تەنانەت ڕۆژنامە گەورەکانی جیهانیش رۆژانە دەنووسن کە، کورد شایستەی دەوڵەتبوونە، کەچی (جەمیل بایک) دێ و دەڵێ، نابێ عێراق دابەش بکرێ و دەبێ بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە؛ هاوکات (دەمیرتاش)ـیش دێ و پەتەکەی سیاسەتی (بایک) ڕادەکێشی و دەڵێ، نابێ شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەم دوو دژایەتییەی باڵێکی دەستڕۆشتووی پەکەکە لە ساتەوەختێکی وەهادا بۆچی لە دژایەتیی کورددا یەک‌دەگرنەوە و، دەیانەوێ بڵێن خەونی پەکەکە و ئامانجی ئەوان عێراقێکی یەکگرتووە، یان بە مانایەکی دی، نابێ هەرێم بەرەو دەوڵەتی کوردی هەنگاو بنێ..؟ ئەدی سیستمی خۆسەپاندنی عەسکەرتاری، لە ئەجێندای پەکەکەدا چ خزمەتێک بە دۆزی ڕاستینەی کورد دەکات؟
وەڵامێکی ڕوون بۆ ئەو سیاسەتەی کە ئێستا (بایک) و بایکچییەکانی وەک (دەمیرتاش) لە دژی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان  پێڕۆی دەکەن و، خەونی داگیرکاران و ناحەزانی گەلی کورد بەرۆکی گرتوون، وایکردووە کە هێرشی وەها بێبنەما و توند بکەنە سەر هەنگاوەکانی دروستبوونی دەوڵەتێکی نیشتمانیی دیموکراتی لە هەرێمی کوردستاندا.
بۆ تێگەییشتن لە ئامانجی ئەو سیاسەتە چەوتەی بایک و بایکچییەکان، هەڵوەستەی لەسەر ئەو چەند خاڵانە دەکەین..
یەکەم/ پارتیی دیموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی کردەیی تێکۆشان و خەباتی لە مێژینەی کردووە بۆ دروستبوونی دەوڵەتێکی نیشتمانیی دیموکراتی کە گشت پیکهاتەی کریستیان و تورکمان و ئاینزاکانیش وەک کوردانی ڕەسەنی ئێزدی و یارسان(کاکەیی) مافەکانیان لەو دەوڵەتەدا پارێزراو بێت، لەو چوارچێوەیەدا پەکەکە لەژێر وشە سڕبووەکانی (جەمیل بایک) و (دەمیرتاش)ـدا دەیانەوێ بە ویستی دەرەکی کە دەزانرێن کێن لە پشتەوەی بایکچیەکانەوە کار بۆ سڕینەوەی ئامانجەکانی ئەو خەباتە بکەن کە، پارتی لە سەردەمی شاخ بە خوێن و لە سەردەمی شار بە سیاسەتی دیموکراتیانە بە دی هێناون.
پەکەکە وەک هێزێکی سیاسیی خۆسەپێن و داردەستی هێزی دەرەکی، کار بۆ ناشیرینکردنی ئەو پێشوازییە گەورەیەی جیهان دەکات کە لە ئەنجامی دیپلۆماسییەت و سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، هاتووەتە دی کە بەئاقاری پێشوازی لە بەدەوڵەتبوونی هەرێمە.

دووەم: ئێستا ئەمەریکا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی ئەگەر کورد دەوڵەتی کوردی رابگەیەنێت نەک هەر ڕێی لێ ناگرێ، بەڵکە ڕێز لە خواستی گەلێکی لێبوردەی وەک گەلی باشووری کوردستان دەنێ بۆ گەییشتن بەو ئامانجەی کە بڕیاردانە لە چارەنووسی خۆی. هەروەک ماڵپەڕی Bloomberg view نووسیویەتی، سەرەتا سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (باراک ئۆباما) بایەخی بە عێراقی یەکگرتوو داوە و، نەیویستووە کە کوردەکان هەنگاو بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆ بنێن، بەڵام لە دوای داگیرکردنی مووسڵ و ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کە پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لە دژی تیرۆریستانی داعش بە دەستی هێناوە، گۆڕانکاری گەورەی بەسەر سیاسەتی ئەمەریکادا هێناوە و ئەگەر کورد داوای دەوڵەتی سەربەخۆ بکات، ئەوا ئەمەریکا پشتیوانی دەبێ؛ ئاخر بایکەکان ئەمە دەبینن و چاویان پێی هەڵنایە.
یەكێك لە دیارترین كاندیدی پارتیی كۆماری بۆ سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 2016 سیناتۆر (د.رێند پاڵ)ـە، ئەو تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، پێوەست بە سیاسەتی نوێی وڵاتەكەی لە رۆژهەڵاتی ناوین، راگەیاند کە، سیاسەتی ئەمەریکا بۆ پاشەڕۆژی رۆژهەڵاتی ناوین بریتی دەبێ لە، پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئەمەریکا بەرانبەر وڵاتەکان کە بە گوێرەی نزیکی و هاوپەیمانییان دەبێ و، ئەمەریکا پشتیان دەگرێت؛ ئەو بەربژێرە، ئەگەرچی ناڕاستەوخۆ بوو گوتی، ئەمەریکا پشتگیریی کورد دەکات و دەیپارێزێت. بەڵام (جەمیل بایک) دێت و عێراقی یەکگرتوو بۆ کورد دەخوازێ و ڕاستەوخۆ دژایەتیی پەکەکەی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی نیشتیمانی ڕاگەیاند، چونکە ئەم وەرچەرخانە گرینگە لە سیاسەتی ئەورووپا و ئەمەریکادا بەرانبەر بە دۆخی کورد دەبینێ کە (بارزانی) بەڕێوەی دەبات.
ئەم دژایەتییەی(بایک) بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان هیی ئێستای نییە، لە رابردوویشدا یەکێک بووە لەوانەی کە دژایەتیی ڕاستەوخۆی سیاسەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەڵام ئەمجارە سەلماندی کە سیاسەتکردنی، پڕ بە باڵای خۆیان نییە و بە فیتی داگیرکارانە.
هەوڵی (بایک) لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێ کە دەبینن، ئەو ڕۆڵ و پێگە نێودەوڵەتییەی هەولێر، بەو هۆیەوەیە کە ئارامترین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و جیهان شایەتی داوە کە بڕوای بە گیانی لێبووردەیی، پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتە جیاکان و ئایینزاکان، هاوتا لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژی دروست لە بەرقەراریی سیاسی، ئاساییشی هەیە، لە بواری وزەیشدا کە خەریکە قۆناخی نیمچە سەربەخۆیی تێپەڕ دەکات و هەنگاوەکانی بۆ سەربەخۆیی ئابوورییە، ئەڵبەت ئەمانە هاندەری سەرەکین لەوەی جەمیل بایک بە گژ گەلی کوردستان لە باشووری کوردستاندا بکەن و دووبەرەکی بنێنەوە، چونکە دواجار وایدەبینن کە هەرێم لە هەموو ئەو بوارانەدا زیانیان پێدەگەیەنێ.
پێدەچێ (بایک) بیری چووبێ کە خەونی هەرێمی کوردستان چەند گەورەیە؛ ئەوە پێشمەرگە وا لە کۆبانی دەجەنگێ و نەیهێشت ئەو شارە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە بکەوێ و کوردانی رۆژئاوای کوردستانیش بە دەستی چەپەڵی تیرۆریستانی داعشەوە قەتلوعام بکرێن.
(بایک) بیری چوو کە لە تورکیادا ئەمە سیاسەتی هەرێمی کوردستانە بەرگری لە پێشخستنی دۆزی کورد دەکات، بیریشی چوو کە، لە دهۆک ئەوە سیاسەتی هەرێمی کوردستان بوو گشت پارتییە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کۆ کردنەوە و بڕیاری پێدان و بەڵینی لێ وەرگرتن بۆ ئەوەی مەرجەعی سیاسییان هەبێ، کە سەرکەوتن و پێشووەچوونیان لە یەکدەنگی و یەکڕیزییان دادەبێ.
(بایک) نە هێزی دەستە، نە هێڵی چارەنووسی میللەتی کوردە، بایک لە گۆشەیەکی وشە پێدەربڕدراوی وڵاتێکە کە بە سیاسەتی هەواڵگریانە لێدوان و ئامانجی وڵاتێک بە وشە سڕبووەکانی گەرم دەکاتەوە، بەڵام دڵی پێشمەرگە و سەرکەوتنی ئەم وڵاتە ئەوەندە گەرمە بۆ داهاتوو، کە نەک بە بایک و بایکچییەکانی وەک (دەمیرتاش)، بەڵکە ئەو دەستانەی کە لە پشتی بایکەوە دەیانەوێ وشەکانیان بە بایک بۆ هەرێمی کوردستان ساغ بکەنەوە ئامانج ناپێکن؛ چونکە ئیرادەی هەرێمی کوردستان لە جیهاندا لە لوتکەیە، (بایک) و بایکچییەکانیش دەیبینن و دەیبیستن کە لەسەر دەستی ئەو سیاسەتە دروستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باڵای کردووە، پاشەڕۆژێکی گەشتر بۆ کۆی پێکهاتەکان لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان دێتە ئاراوە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار