تێروانینێكی لۆژیكیانە لە سەر خەباتی یەكێـتیی ئافرەتانی كوردستان

نەسرین حەسەن
سیستەمی سیاسیی كوردستان درفەتی بۆ هەموو چین و توێژەكانی كوردستان ڕەخساندووە كە بتوانن بەشدارییەکی كارایان هەبێت لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی كاروباری وڵاتدا بەبێ جیاوازیی ڕەگەزی؛ ئەوە لە واقیعی ژیانی كوردستانیشدا ڕەنگی داوەتەوە، هەڵبەتە كۆمەڵگەی كوردەوارییش بە زۆر قۆناغدا تێپەڕیوە تا گەیشتووەتە ئێستا؛ كە خەبات بۆ چەسپاندنی مافی سەربەخۆیی دەكات و ،تاوەكو ئێستاش لە پێناو ئەو مافە ڕەوایەدا لە شەڕدایە و، هەزاران قوربانییشی بەخشیوە. هەڵبەتە ڕۆڵی ئافرەتانی كوردستانیش لەو خەبات و ململانێ سیاسییەدا كەم نەبووە، بگرە ڕۆڵی كارایشی هەبووە لە گۆڕانكارییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكاندا و، تەنانەت زۆر جار بووەتە قوربانی. دیارە ڕێكخراوەكانی تایبەت بە ئافرەتان گرنگی و پێویستییەكی مێژوویییان هەیە.
62 ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێكی مێژووییدا بە ڕاسپاردەی باوكە ڕۆحییەکەی نەتەوەی كورد "بارزانی نەمر" لە 11/12/1952 لە شاری سلێمانی بە نهێنی لە ماڵی میرزا غەفوور، یەكێـتی ئافرەتانی كوردستان دامەزرا. بە دامەزراندنی یەكێتـی ئافرەتانی كوردستان لەو ساتەوەختەدا، دیارە سەركردایەتیی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و، بە تایبەتی "بارزانی نەمر "، چەندە بە ڕۆڵ و گرنگیی ئافرەتی كورد بایەخیان داوە؛ هەر ئەو بایەخپێدانەش بوو بە هۆكارێك كە ئافرەتی كورد لە ناو كۆمەڵگادا پێگەیەكی بەهێزتر پەیدا بکات و، ناسنامەی ئافرەتبوونی خۆی بدۆزێتەوە و، داكۆكی لە مافی خۆی بكات لە كایەكانی ژیاندا؛ تا بە ئەمڕۆیش هاوشانی ڕێكخراوەكانی تری ئافرەتان لە بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ئافرەتدا بەردەوامە.
هەڵبەتە لێرە ناكرێت ئەو دەستكەوتانەی كە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە مێژووی خەباتی خۆیدا تۆماری كردوونە، هەمووی باس بكرێت، بەڵام بە سووکەتێروانینێكی دەتوانین ئاماژە بە چەند دەستكەوتی گرنگ بكەین:
ـــ توانیویەتی بابەتی جیاوازی ڕەگەزی لەو ڕێگەوە بیكاتە پرسێكی كۆمەڵایەتی و هەستیار و بیسەلمێنێت كە، ئەو بابەتە یەكێكە لە تەوەرەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی، كە دەچێتە پاڵ بابەتی "نەتەوایەتی و چینایەتی" و، وەكو ئەو دوو تەوەرە گرنگیی پێ بدرێت و چارەسەر بكرێت، لەبەر ئەوەی ئەو سێ تەوەرە بنەمای دامەزرانی ژیانی كۆمەڵایەتین.
ــ هەوڵی زیادكردنی ڕێژەی كاركردنی ئافرەتی داوە لە دەرەوە، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەی كە پێی وایە سەرچاوەی ئابووری بۆ ئافرەت بەشێكە لە ڕزگاربوونی لە چەوسانەوە؛ یارمەتیدەری خێزانیشە و، ئابووریی وڵاتیش دەگەشێنێتەوە.
ـــ بەكارهێنانی هێزی قەڵەم، لە ناو یەكێـتی ئافرەتانی كوردستاندا و ئەو هەموو جموجۆڵ و چالاكییە بەردەوامەی ئافرەتان، سەلماندوویەتی كە ئافرەتیش بوونەوەرێكە كە توانای كار و بەهێزكردنی پێگەی خۆی هەیە لە ناو كۆمەڵگەدا و، داخوازی و بیروڕای تایبەت بە خۆی هەیە و، لەو پێناوەشدا هەموو هەولێكی خۆی دەدەات.
- هەوڵدان لە پێناو بەهێزكردنی پێگەی شیاوی ئافرەت لە شوێنی بڕیاردا، جا لە ناوەندی سیاسیدا بێ یان حكوومەتی؛ هەروەها گۆڕانكاری لە زۆربەی ئەو یاسایانەی كە مافەكانی ئافرەتیان پێشێل دەكرد.
- هەڵوێستوەرگرتن و، ئیدانەكردنی هەر كردەوەیەكی نەخوازراو، لە كاتی هەر گۆڕانێكی سیاسی و كۆمەڵاتیدا بە پێی بارودۆخەكان و، بە تایبەتی هەر پێشیلكارییەك كە بەرامبەر بە ئافرەت دەكرێت.
- گرنگیدان بە پەیوەندییەكانی خێزان لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێزگرتن و تێکگەیشتن. كە پێی وایە بەختەوەریی خێزان، بەختەوەریی كۆمەڵگایە و، هەر لەسەر ئەو بۆچوونە كار لەسەر تاكی كۆمەڵگا دەكات، بێ جیاوازیی ڕەگەزی تا خێزانێكی ڕێکوپێک و بەختەوەر پێکەوە بنێن.




