بڵێی قوتابیانی کوردی ئەو زانکۆیەی بنلادن لەوێ وانەبێژ بوو، ببنە هەڕەشە؟

بەکر ئەحمەد ئاکۆ
دۆسێیەک تێیدا پرسێکی هەستیار ورووژێندراوە كە، وەک دەڵێن ڕەنگە داهاتووی هەرێمی کوردستان کە شانازی بە ڕۆحی لێبوردەیی، پێکەوەیی و سەقامگیری و لەو بابەتانە دەکات، ئەگەر چاکسازییەکی قووڵ بە بواری خوێندنی ئیسلامی و چوونە دەرەوەی قوتابیانی کورددا ــ بە تایبەت ئەوانەیان ئەندامی حیزبە ئیسلامییەکانن ــ نەکات، ئەوا منیش سەداسەد لەگەڵ (د. عەرەفات کەرەم)ـدا هاوڕام، کە دەڵێ: "ئەگەر ئێمە دەست بە ڕیفۆڕمی چاكسازی لە كوردستاندا نەكەین، ئەوا كوردستان وەك جەزائیر، لیبیا و میسری لێ دێت."
ئاخر زانکۆی ئەو وڵاتانەی کورد دەچن لەوێ دەخوێنن، دەیان تیرۆریستیان بەرهەم هێناون و، ئەو وڵاتانە ــ سوودان، عەرەبستانی سعوودی و، وڵاتە عەرەبەکانی دیکە ــ لە بواری خوێندنی زانستیدا زۆر لە دواوەن و، خۆیان قوتابی ڕەوانەی وڵاتانی ڕۆژاوایی دەکەن.
باشە حیکمەت چییە ئێمە نەک هەر ڕێ دەدەین قوتابیانمان بنێرن بۆ ئەوێ، کە بە بیری نامۆ بە ئایین و فەرهەنگی کورد، گۆش دەکرێن، بواری کاریان بۆ لە ناوەندی هەستیار بۆ دەڕەخسێ و، خاوەنی قسەیش دەبن و دەبێ خەڵکێکی زۆریش گوێیان لێ بگرن؟ هەڵبەت ئەم گوێلێگرتنەیە کە دواتر نموونەی چەندان گەنجی هەرێمی کوردستانمان بۆ پەروەردە دەکات کە، بە ناوی جیهادەوە پەلاماری نەتەوەکەی خۆیان دەدەن.
مەترسییەکە ئەوەیە کە دەگەڕێنەوە، ئەگەر مزگەوتێکیش نەبێ، ئەوا کونجێک داگیر دەکەن و، کار دەکەنە سەر ئەو هەزاران هەرزەکارەی خراونەتە بەر خوێندنی ئایینی.
لە دۆسێكەدا کە لە ماڵپەڕە فەرمییەکەی پارتیی دیموكراتی كوردستاندا بە ناونیشانی (دۆسێی قوتابیی حیزبە ئیسلامییەكانی كوردستان) بڵاو كراوەتەوە، لە هێڵێكی گشتیدا وردەكارانی چوونی قوتابیان بۆ خوێندنی ئیسلامی لە زانكۆكانی دەرەوەی هەرێم خراوەتە ڕوو، بەتایبەت وڵاتانی سوودان، میسر و عەرەبستانی سعوودی، هەروەها باسیش لە گەڕانەوەیان و كاریگەرییان بەسەر کۆمەڵگەی کوردییەوە كراوە، بەڵام ئەوەی بە پێویستم زانی ئەنجام و ڕاسپارەی ئەو دیاردەیەیە لە چۆنیەتیی گەییشتن بە ڕێچارە بۆ ئەو دیاردەیە. بێگومان ئەگەر نەبوونی كورسیی خوێندن و نەبوونی زانكۆیەكی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان، یەكێك لە هۆكارەكانی بە لێشاوی چوونی ئەو قوتابیانە بێت بۆ وڵاتانی ئیسلامی، لە پاڵ ئەوەیشدا هۆكارگەلێكی دیكە هەن كە لە ئەنجامی ئەم دۆسێیەدا پێی گەییشتووین و، لە ڕاسپاردەكانیشدا چارەكردنیان دیاری دەكەین.
ئەنجام
یەكەم/ بە گوێرەی دۆسێیەكە دەگەین بەو ئەنجامەی كە، زیاتر لە هەزار قوتابی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ خوێندنی ئیسلامی ڕوویان لە وڵاتی سوودان، میسر، عەرەبستانی سعوودی و، وڵاتانی دیكە كردووە، تێیدا جەخت کراوتەوە كە "چەند هەزارێكن، نەك تەنیا هەزار و دووهەزار." ئەم قوتابیانە لە غیابی دابیننەکردنی کورسیی خوێندن لە هەرێمی كوردستان بۆ پۆستی ماستەر و دكتۆرا، ڕوویان لەو وڵاتانە كردووە و، ئەگەرچی زۆربەیشیان، حكوومەت لە كاتی ڕۆییشتنیان بۆ خوێندن ئیمتیازاتی پێ نەداون، بەڵام لە كاتی گەڕانەوەیاندا ددان بە بڕوانامەكەیاندا نراوە و، مووچەیان بە گوێرەی بڕوانامەكە پێ دراوە، لەگەڵ ئەوەی كە ژمارەیەك لەو قوتابیانە بوونەتە گوتاربێژی مزگەوتەكان.
دووەم/ تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان بە یاسایەك پرسی گوتاربێژانی هەینیی بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و، پرسە نەتەوەیییەکانەوە گرێ نەداوە، تا لە ئەگەری لادان لە بنەما سەرەكییە دیاریکراوەکان و سەروەریی نەتەوەیی و دابونەریتی گشتیدا، لێپێچینەوە لە گوتاربێژەكە بكرێت و، مینبەری گوتاربێژیی لێ قەدەخە بكرێت.
سێیەم/ موتوربەی فەتوای دەرەكی، كار دەکاتە سەر گوتاری هەینیانی گوتاربێژەکانمان، لەكاتێكدا لە هەرێمی كوردستان كۆلیژی شەریعەت، پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكان، كۆڕبەندی هزری ئیسلامی، وەزارەتی ئەوقاف و یەكیەتیی زانایان هەنە، كە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە دەقە ئایینییەكانەوە هەیە، بۆیە پێویست دەکات فەتوای ئایینی ناوەرۆكێکی كوردستانیانەی هەبێت، شارەزایانیش لەسەر ئەم پرسە هاوڕان.
چوارەم/ ئەو قوتابیانەی لە وڵاتانی ئیسلامی خوێندنیان تەواو كردووە، کە دەگەڕێنەوە لە پاڵێن و بێژنگ نادرێن و، ڕاستەوخۆ ددان بە بڕوانامەكەیاندا دەنێن و، کاریشیان پێ دراوە.
ڕاسپاردە
یەكەم/ كردنەوەی زانكۆیەكی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستاندا كە بە پێوەری ستانداردی نەتەوەییدا تێپەڕ ببێت و، ئایین تێکەڵ بە سیاسەت نەکرێت، بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت قوتابیانی بواری خوێندنی ئیسلامی لەو زانكۆیەدا بەكالۆریۆس، ماستەر و دكتۆرا بخوێنن، هەروەها بۆ خوێندنی ئیسلامییش بۆ دەرەوە تەنیا ددان بە بڕوانامەی ئەو قوتابیانەدا بنرێت كە، حکوومەتی هەرێم لە خوێندنی زانکۆکانیان دڵنیایە، لەوانە زانكۆی ئەزهەر.
دووەم/ یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەربچێت و، بەو گوێرەیە هەر مەلایەك و، مامۆستایەكی ئایین كە بووە گوتاربێژ، دەبێ دەست لە كاروباری حیزبەكەی بكێشێتەوە و، ئینتمای تەنیا بۆ كاری گوتاربێژی بێت، با لە ڕێی گوتارە سۆزاوییەکەیەوە هاووڵاتیان لە دەوری حیزبەکەی کۆ نەکاتەوە.
سێیەم/ سازدانی كۆنفرانسێكی گەورەی ئایینی، بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ئەوقاف و، هەماهەنگیی كۆڕبەندی هزری ئیسلامی كوردستان و، كۆلیژی شەریعەت و ئامۆژگا (معهد)ی زانستە ئیسلامییەكان و یەكیەتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان، بە مەبەستی گۆڕانكاری لە مەنهەجی ئامۆژگا و كۆلیژی شەریعەتدا، هەروەها دانانی چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ ڕێگرتن لە هەر فەتوا و كاریگەرییەكی دەرەكی و، گوێزتنەوەی بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەها دانانی پێوەرەكانی گوتاربێژی هەینی و، دەستنیشانكردنی لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەقە ئایینییەكان كە لەگەڵ كوردستانیەتیی هەرێمەکەماندا بگونجێت.
ئەمانە ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و، دەبێ ئەو چاکسازییە بکات تا بە هۆیەوە، هاووڵاتیانی لە پاشەڕۆژێکی گەشتر دڵنیا بن.
هەڵبەت بە گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە، باری دەستگاکانی ئاساییشی هەرێمی کوردستانیش کەمێک سووکتر دەبێ و، ئەوانیش باشتر دەتوانن سەقامگیریی کۆمەڵگە گەرەنتیی بکەن، بە تاکەکانیشەوە.




