سایكس پیكۆ تەنیا دووكەڵەكەی ماوە

كەنعان بەهادین
1916، ئەو ساڵەی كە رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ بە نهێنی و بە ئاگاداریی ڕووسیاییەكان لە نێوانی فەڕەنسا و بەریتانیادا مۆر كرا، ئەمیش بۆ دیاریكردنی ئەو ناوچانەی كە دەكەونە ژێر ڕكێفی داگیركارانی فەڕەنسا و بەریتانیا كاتێك پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی ئیمراتۆرییەتی عوسمانی بوون، لەگەڵ كەوتنی ئەم ئیمپراتۆرییەتە لە دوای یەكەم جەنگی جیهانی، زۆربەی ئەو وڵاتانەی كە لەژێر دەستی عوسمانییەكاندا بوون، لە لایەن فەڕەنسا و بەریتانیاوە داگیر كران.
ئەم ڕێككەوتنە لە نێوانی (فرانسۆ جۆرج پیكۆ) كە دیپلۆماتكارێكی فەڕەنسایی بوو و هەروەها (مارك سایكس) ئەویش سیاسییەك و دیپلۆماتكارێكی گەورەی بەریتانیایی بوو، تا ساڵی 1917 كاتێك رووسیای قەیسەری هاتە سەر دەستەڵات، ئەم نهێنییەیان بۆ دونیا ئاشكرا كرد و دەقی رێككەوتنەكەیان بڵاو كردەوە كە لە ژوورەكانی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە نهێنی پارێزراو بوو.
ڕێككەوتنەكەی سایكس پیكۆ ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو كە بۆ فەڕەنساییەكان بەری هیلالی سووریا و لوبنانی بەر بكەوێ و جیا لە مووسڵیش، لەولایشەوە بەسرە و بەغدایش بۆ بەریتانیاییەكان بوون، تا هەموو ئەو ناوچانەیش كە دەكەونە نێوانی كەنداوی عەرەبی و سنووری ناوچەكانی كە وەبەر فەڕەنساییەكان كەوتبوو و لە رێككەوتنەكەیش وا هاتبوو كە فەڕەنساییەكان ئازادن لەوەی حەیفا و عەككا بە كار بێنن، لە بەرانبەر ئەوەدا ئەسكەندەرونە بۆ بەریتانیاییەكان واڵایە ئەگەر نیازیان هەبێت بە كاری بێنن.
دوای ئەوەی ئەم رێككەوتتنامەیە ئاشكرا بوو لەلایەن هەموو جیهانەوە، ئەوكات بەڵێنی بەلفۆر لەلایەن بەریتانیاییەكانەوە خرایە بەردەستی جولەكە، بەڵێنی ئەوەیان پێ درا كە بیانكەن بە خاوەنی دەوڵەت.
ئەو كاتەی ئەو هەنگاوانە لە مێژووی مرۆڤایەتی نووسراونەتەوە، كورد وەك بەشێك لە لایەنی داگیركراوی سایكس پیكۆ، لە زەمەنێكی هەژاری و نەداری و بێدەستەڵاتیدا ژیانی گوزەر كردووە، لە خاكێك ژیاوە تەنیا بۆ ئەوە كاتی بەسەر بردووە كە بتوانێ بژی و نەمرێ، ئا لەو ساڵانەیش وڵاتە پێشكەوتووەكانی دونیا خەریكی ئەوپەڕی كوالێتبەرزیی سیاسەتكردن بوون، بیریان بۆ ئەوە چووبوو كە دەستەڵاتدارێتی چییە و دەستبەسەرداگرتنی موڵك و سامانی خەڵك چۆنە، چەند بنەماڵەیەكی كوردی ئەوكات، خوێندەوار و رۆشنفكر بوون و هەستیان بەوە دەكرد كە ئەوانەی غەریبەن داگیركارن، بەڵام تێگەیاندنی نەتەوەیەك لەو سەردەمەدا ئەستەم بوو، كاتێك هیچ هۆكارێكی پێشكەوتن و خوێندەواری بۆ ئەم خەڵكە نەهاتبوو و خەڵكەكە سادە بوون، بۆ نموونە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی خۆی بە ئایینەوە لكاندبوو و بە خەلیفەی خوا خۆیان ناساندبوو، كورد ئەوكاتە نەك شكاندنی قسەی خەلیفە، بەڵكە ئەگەر بەرماڵەكەی لە شوێنێكی خراپ هەڵواسیبا، خۆی بە گوناهبار حسێب دەكرد.
لەولایشەوە داگیركاریی ئەورووپاییەكان، بیری ڕەشوە و جاشایەتییان لەنێو كورد چەسپاند و وای لە كورد كرد كە بزانێ ئاغا چییە و كرمانج چی؟ بۆیە چینایەتیی لەنێو خەڵك بڵاو كردەوە، تاوەكو كورد بیری بۆ ئەوە نەچێ كە خاكی داگیر كراوە، لە خێر و بێرەكەی دەبردرێ، ئاغا كرمانجی دەچەوساندەوە و نەیدەهێشت هەژار خوێندەوار بێت، لە بەرانبەر ئەمەدا، پارەیەكی باشی لەلایەن ئیستیعمارەوە بۆ دەهات.
تا ئەو ئاستەی دەوڵەتی عێراق دروست بوو، بەریتانیاییەكان خۆیان (شا - مەلیك)ـیان بۆ عێراق هێنا، تاوەكو هەست بەوە بكەن ئەوان داگیركراو نین و بەڵكە وڵاتێكی سەربەخۆن.
دوای هاتنی حوكمی كۆمارییەكان و رووخاندنی رژێمی پاشایەتی لە عێراق، داگیركار هەستا بە كردنەوەی چەندین كۆلێژی سەربازی لە بەسرە و بەغدا و مووسڵ، كە بە زنجیرە گەورەئەفسەرانی بۆ عێراق بەرهەم دەهێنا، تاوەكو ساڵی 1979 عێراق چەندین كودەتا و جەنگ و كوشتاری بە خۆوە بینی، چەندین سەركردەی عێراق لە ڕێگەی كوشتن و ژەهرخواردكردنەوە دەسەڵاتیان جێ هێشت، تا ئەو ساڵەی كە (سەددام حوسێن) هاتە سەر تەختی دەسەڵات.
(سەددام) بۆ پارێزگاریكردن لە دەركەوتەكان و سوودەكانی سایكس پیكۆ بۆ عێراق، كەوتە بەر پاراستنی ئەو رێككەوتننامەیە لە ژێر ڕكێفی یەكپارچەیی عێراق و سەروەریی خاكەكەی، (سەددام) كەوتە بەر پەرتكردنی كورد لەو ناوچانەی كە كوردنشینن و عەرەبی لێ نیشتەجێ نەبوون، بە هەزاران خێزانی عەرەبی هاوردەی بۆ ئەو ناوچانە هێنا، جیا لەوەیش (سەددام) ئەو دەنگانەی كە بۆ كوردستان گوێبیست بوون، كەوتە كپكردنیان.
(سەددام) بە دەیان شێواز رووبەڕووی كورد بووەوە، بە توندترین شێواز كەوتە دژایەتیكردنی نەتەوەی كورد تەنانەت تاوانی مرۆییشی ئەنجام دا، كە پێشتر خاوەنی سایكس پیكۆ ئەمەی نەكردووە.
ئەوان بەمەیان زانی كە خاك و وەتەنی كوردان چ خێرێكی هەیە، بۆیە ئێستا لە سەردەمانی دوای (سەددام)ـیش، عێراقییە عەرەبەكان هێشتا چاویان لەو خێر و سوودەیە كە بە هۆی خاكی كوردانەوە بە دەستی دەهێنن.
لەبەر ئەمە، ئێستا دەرفەتە كە پێشمەرگە نەكشێتەوە، چونكە هەموو ئەو سنوورانەی كە بە هۆی سایكس پیكۆوە خەڵاتی دەوڵەتی عێراق كرابوون، ئێستا كەوتوونەتەوە دەستی خاوەنماڵ، ئەمڕۆ ئەم خاك و نیشتمانە داگیركراوانە ئازاد بوون، لەو حاڵەتەیشدا ئازاد بوون كە سوپاس عێراق لە هیچ قۆناخ و زەمەنێكدا وا لاواز نەبووە.
ئێستا كورد بە پێڵاوەكانی پێشمەرگە ئاگری سایكس پیكۆ دەكوژێنێتەوە، لە دوورەوە تەنیا دوكەڵی سایكس پیكۆ دەبینرێت.
بست بە بستی كوردستان ئازاد بكەن، مەرج نییە كێ ئازادی كردووە، گرینگ ئەوەیە كە كوردێكە و وا لە جەنگدایە.




