د. ئاشتی هەورامی: كوردستان وەكوو لایەنێكی نوێی بەرهەمهێنەر و گەشەپێدەری نەوت لەسەر نەخشەی وزەی جیهانەدایه

وهرگێڕانی: ڕەوەز كۆیی
وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (د. ئاشتی هەورامی) لە دیمانەیەكی تایبەتی ڕۆژنامەی ئینگلیزی "كوردیش گڵۆب"ـدا، ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەو خاڵە گرنگانەی كە تێیدا سیاسەتی نەوتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەری هەڵدا و ئەو دەستكەوتانەیش كە لە ڕێگەی ئەو سیاسەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان بە دەست هاتوون.
(د. ئاشتی هەورامی) هۆكاری ڕەخنەگرتن لە بزووتنەوەی گۆڕان ڕوون دەكاتەوە لە بەرانبەر ئەو هێرشە ڕووخێنەرانەی كە گۆڕان دەیانكاتە سەر وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و هاوكات بە بەردەوامی كەمكردنەوەی بایەخی دەستكەوتەكانی ئەو وەزارەتە.
لە بەشێكی دیكەی ئەو دیمانەیەدا، وەزیری سامانە سرووشتییەكان ئاشكرای دەكات كە هەناردەكردنی نەوت بەردەوام دەبێت و دووپاتیشی دەكاتەوە كە كۆمپانیا گەورەكانی جیهان زیاتر بەرەو هەرێمی كوردستان دێن.
* پڕۆسەی نەوت لە كوردستاندا چۆن دەستی پێ كرد، شێوازی مامەڵەكردنی نەوت لە كوردستان چۆن بوو پێش ئەوەی لە ساڵی 2006ـدا بگەڕێنەوە كوردستان؟
- بەر لەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە ساڵی 2006ـدا دابمەزرێت، چەندان هەڵە ئەنجام درابوون. چەند گرێبەستێك واژۆ كرابوون كە زۆر بە لای بەرژەوەندیی كۆمپانیا نەوتییەكان دەشكانەوە، بەڵام بە هەر حاڵ ئەم هەڵانەیش تا ڕاددەیەك جێگەی تێگەییشتن بوون بەو پێیەی كە ئێمە كەسانی شارەزای وەهامان نەبوو كە شارەزایی لە بواری بازرگانیی نەوتەوە هەبێت یانیش بەرچاوڕوونییان لەو ستانداردە نێودەوڵەتیانە هەبێت كە لە واژۆكردنی گرێبەستەكاندا ڕەچاو دەكرێن. وەلێ وەكوو هەر چۆن پێشووتر لە میانەی دوادیمانەم لەگەڵ "ڕووداو"ـدا ئاماژەم پێ كردبوو، كەمیی شەفافییەتی پشت ئەو گرێبەستانە پرسێكی جیددی بوو كە پێویست بوو مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
* گرنگترین ئەو هەنگاوانە چی بوون كە ئێوە هەڵتان گرت دوای دەستبەكاربوونتان بۆ ڕێكخستنەوەی سیاسەتی نەوتیی هەرێم و مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەی گرێبەستە كۆنەكان؟
- هەر دوای دەستبەكاربوونم وەكوو وەزیر لە ساڵی 2006ـدا، ئەزموون و شارەزایی پێویستم لەگەڵ خۆمدا هێنا لەگەڵ هەندێك ڕاوێژكاری نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بە هەرێم ئامادە بكەین كە لە پەرلەماندا پەسەند بكرێت تاوەكوو لە ڕێگەی ئەو یاسایەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خاوەندارێتیی پڕۆسەی نەوت لە هەرێمدا بكات، بۆ ئەوەی مافی دەستووریی خۆمان مومارەسە بكەین، بۆیەیش ئەو یاسایە ئێجگار پێویست بوو، ئەگەر نا هەموو مافەكانمان لە لایەن بەغداوە زەوت دەكرا. ئەو یاسایە لە لایەن هەموو ئەندامانی پەرلەمانەوە پەسەند كرا و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی سەرپشك كرد كە چاو بە گرێبەستە كۆنەكاندا بخشێنێتەوە بە جۆرێك لەگەڵ ستانداردی نێودەوڵەتیدا بۆ شەفافییەت هاوتەرین بێت.
* زیاتر لە ڕاستكردنەوەی گرێبەستە نەوتییەكان، بۆچی پەسەندكردنی یاسای نەوتی هەرێم هێندە گرنگ بوو بۆ هەرێمی كوردستان؟
- ئەو یاسایە ڕەنگدانەوەی ئەو مافانە بوو كە ئێمە لە دەستووردا داوامان كردووە و دەستەڵاتمان پێ دەدات كە بە شێوەیەكی یاسایی پاڵپشت بە مافەكانمان كاری خۆمان ئەنجام بدەین. ئەگەر لە ڕێگەی یاساوە خاوەندارێتیی سەرچاوە سرووشتییەكانی خۆمانمان دەستەبەر نەكردبایە، ئەوا ئێستا 50 كۆمپانیای نەوت لێرە كاریان نەدەكرد، لە تواناماندا نەدەبوو گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا تەرخان بكەین، هەروەها بەرهەمی پاڵێوراوی خۆماڵیی خۆمان نەدەبوو، ئەو بەرهەم و پێویستیانەی ئێمە لە ژێر چنگی ڕەحمەتی بەغدادا مابوونەوە.
* دەكرێت بە كورتی باسی ئەو دەستكەوتانە بكەیت كە تاوەكوو ئێستا بەدەستتان هێناون؟
- ئەو دەستكەوتانەی كە لەم ماوەیە كورتەدا بە دەستمان هێناون، باوەڕێكی تەواوی لە ڕووی سەربەخۆیی كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا و بەرهەمی پاڵێوراو پێ داوین.
ئێمە سەرنجی 50 كۆمپانیانی نەوتمان بەرەو هەرێم ڕاكێشاوە لە نێو ئەو كۆمپانیایانەدا كۆمەڵێك كۆمپانیای زەبەلاح بوونیان هەیە كە پارەیەكی زۆریان لە هەرێمی كوردستاندا خستووەتە گەڕ و لەو ڕێگەیەیشەوە داهاتووی ئێمە زۆر باشتر و ڕوونتر دەبێت.
گەشەسەندنی كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا ڕێگەخۆشكەر بوو بۆ بووژانەوەی چالاكییە ئابوورییە جیاوازەكانی هەرێم. بە بۆچوونی من ئەگەر ئێمە كۆنتڕۆڵی كەرتی نەوتی خۆمان نەكردبایە، ڕەنگە كەرتەكانی دیكەیش ئەو بووژانەوەیان بە خۆوە نەدەدیت لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە كەرتەكانی دیكە.
سەدان ملیۆن دۆلار لە لایەن كۆمپانیاكانی نەوتەوە پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە بۆ برەودان بە ژیانی كۆمەڵایەتی و ژێرخانی هەرێم، ئەو كۆمپانیایانە هەروەها ڕازی بوون بەوەی لەسەر ئەركی خۆیان چەندان پڕۆژەی كۆمەڵایەتی و ژێرخان ئەنجام بدەن، ئەو پڕۆسەیە ئێستایش بەردەوامە، بۆ نموونە كۆرییەكان لە دوو سێ ساڵی دهاتوودا دوو پڕۆژەی كارەبا ئەنجام دەدەن كە تێچووەكەی 700 ملیۆن دۆلارە و هەر كاتێكیش كە ئەو دوو پڕۆژەیە تەواو بوون بە بێ هیچ بەرانبەرێك ئەو دوور پڕۆژەیە دەبەخشنە حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
بەڵام ئەوەی لە هەمووی گرنگترە، ئەوەیە كە ئێستا كوردستان بە شێوەیەكی جێگیر لەسەر نەخشەی وزەی جیهانە وەكوو لایەنێكی نوێی بەرهەمهێنەر و گەشەپێدەری نەوت. هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ماوەیەكی كورتدا توانیمان پێشان بدەین كە سەرچاوە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان بگاتە ئاستی 45 ملیار بەرمیل نەوت و 200 تریلیۆن پێ سێجا لە گازی سرووشتی، لە ساڵی 2006ـدا ئەو ڕێژەیە چاوەڕواننەكراو بوو، ئەو هەنگاوەیش هەرێمی كوردستان لە ڕووی نێودەوڵەتیییەوە زیاتر دەناسێنێت و ئاساییش و سەقامگیرییەكی زیاتر بۆ هەرێم دەستەبەر دەكات.
* خەڵكانێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان ئەنجام و دەستكەوتەكان دەبینن، كەوایە بۆچی ئەو تۆمەتانەی گۆڕانتان بە لاوە گرنگە؟
- من دڵنیام كە خەڵكێكی زۆر سوپاسگوزاری ئەو گۆڕانكارییەن كە ئێمە لە هەرێمدا ئەنجامان داوە. من دڵنیام ئەوان لە یادیانە لە ساڵی 2006ـدا ڕۆژانە تەنیا 3 بۆ 4 سەعات كارەبا هەبوو و خەڵك ڕیزیان بۆ بەدەستهێنانی سووتەمەنی دەگرت، بەڵام ئێستا سوپاسگوزارن كە نزیكەی 24 سەعات كارەبامان هەیە و زۆر بە دەگمەنیش كەموكوڕی لە دەستكەوتنی بەرهەمەكانی سووتەمەنی هەیە، ئەوە وێڕای هەموو ئەو دەستكەوتانەی دیكەیش كە من بە كورتی ئاماژەم پێ كردن، بەڵام من وا هەست دەكەم هێرشە بێبنەما و بەردەوامەكانی گۆڕان بۆ سەر سیاسەتی ئێمە، بەشێك لە خەڵكی تووشی ڕاڕایی كردووە و باوەڕی پشتبەخۆبەستن و خۆبەڕێوەبردنی لاواز كردوون، بۆیەیش من دڵخۆش نیم بەو كەسانەی كە لە پشتی ئەو هێرشانەوەن.
بۆ نموونە هەندێك كەس لە نێو گۆڕان بە بێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەك و بە شێوەیەكی بەردەوام قسە لەسەر كەمیی شەفافییەت لە پرسی پێدانی پارە و شیرینیی كۆمپانیا نەوتییەكان دەكەن، ئەوان لە ڕێگەی شێواندنی ڕاستییەكانەوە دەیانەوێت خەڵك هەڵبخەڵەتێنن بۆ بەجێگەیاندنی ئامانجی سیاسیی خۆیان.
ئەوان هێرش دەكەن لە كاتێكدا ئێمە بڕی ئەو پارەیەمان بڵاو كردووەتەوە كە تاوەكوو ساڵی 2009ـیشی لەگەڵدا بێت كە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دراوە، ئەمە جگە لەوەی هیی ساڵانی دواییش بۆ پەرلەمانیش بەرز كراوەتەوە. ئەوەی ڕاستی بێت هەموو جیهان ئەو زانیارییانەی دیوە كە لە كتێبێكدا بڵاو كراوەتەوە.
* دەكرێ قسەی زیاتر لەسەر ئەو تاكتیكانەی گۆڕان بكەیت كە لە ڕێگەیەوە دەیانەوێ لە بایەخی دەستكەوتەكانی سیاسەتی نەوتیی حكوومەتی هەرێم كەم بكەنەوە؟
- بەشێكی گۆڕان بە مەبەست و بێبەزەییانە ڕاستییەكانیان شێواندووە و تێكەڵیان كردووە، هاتوون ئەركی ئەو پڕۆژە ژێرخانانەی كە دەبێت لە لایەن كۆمپانیاكانەوە جێبەجێ بكرێن، تێكەڵیان كردووە لەگەڵ شیرینییەكان كە دراون بە حكوومەتی هەرێم. لەو ڕێگەیەوە گۆڕان بڕەپارەكەی ئێجگار گەورە كردووە، دواتر هاتوون ئەو ژمارە گەورە دروستكراوەی خۆیان بە كار هێناوە كە گوایە پارە ون بووە، ئەوەیش بۆ مەبەستی سیاسی ئەنجام دراوە، بۆ ئەوەی خەڵك بە لاڕێدا ببەن.
ئەوان بەناو ژووری ئابوورییان بۆ خۆیان داناوە، بەڵام پێ دەچێت ئەوانە یان هیچ زانیارییەكیان لەسەر گرێبەستی نەوت نییە، یانیش سەنتەرەكەیان بۆ مەبەستی شێواندنی ڕاستییەكان دامەزراندبێت.
وەك نموونەیەك، ئەو زانیاریانەی كە ئێمە لە بارەی گرێبەستەكانی خۆمان بڵاومان كردەوە، بۆ ئەوەیە هەموو كەسێك بیبینێت، بەڵام ئەو سەنتەرەی گۆڕان كە گوایە پێداچوونەوەی گرێبەستەكانیان كردووە، هاتوون خشتە و ژمارەی دروستكراوی خۆیان بۆ 40 لەو گرێبەستانە دروست كردووە و دواتر بێشەرمانە زانیارییە دروستكراوەكانی خۆیان بڵاو كردووەتەوە و دەڵێن كە 40%ـی داهاتی هەر گرێبەستێك بۆ یەكێتی و پارتییە. جارێكی دیكەیش دووبارەی دەكەمەوە، ئەوە تەنیا بۆ هەڵخەڵەتاندنی شەقام و بەدیهێنانی ئامانجی سیاسیی خۆیانە.
كاتێك بەغدا پشكی بەرهەمە نەوتییەكانی ئێمەی بڕی، لە بری ئەوەی بەرگری لە مافەكانی ئێمە بكەن، هەندێك لە نێو گۆڕان بەرگرییان لە بەغدا كرد و بەرژەوەندیی بەغدایان پاراست و خزمەتیان بە بەغدا كرد لە ڕێگەی بە ناو مێدیا ئازادەكانیانەوە و لۆمەی حكوومەتی هەرێمیان كرد كە بەغدا بەشەسووتەمەنیی هەرێمی بڕیوە. ئەوەیش لە ڕێگەی ناردنی نامەیەكی شەرمهێنەری بێپاساوی نهێنییەوە بۆ (شەهرستانی).
ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە هەندێك لە نێو گۆڕان (هەموویان نا) بیر لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان ناكەنەوە، بە دڵنیاییەوە ئەو كەسانە لە بەرە بنیاتنەرەكانی داهاتووی ئەم نەتەوەیە نین، بە تێڕوانینی من ئەوان دەكرێت وەكوو خەڵكانێك پێناسە بكرێن كە بڕیاری تێكدانیان داوە. پێ دەچێت ئەوان هیچ ویژدان و هەستێكیان نەبێت لە ئازاردانی كەسانی دیكە، بۆیەیش یاسا و ڕاستی بە لای ئەوانەوە هیچ مانای نییە، ئەوان گرنگی بە باجی كردارەكانیان نادەن، ئامادەن لەگەڵ هەر كەسێكدا یەك بگرن ئەگەر دوژمنیش بێت بۆ ئەوەی ئامانجی سیاسیی خۆیان بپێكن. درۆی هەڵبەستراو و شێواندنی ڕاستییەكان ئەو ئامرازەن كە ئەوان بۆ پێكانی ئەو ئامانجەیان هانای بۆ دەبەن.
بە داخەوە، ئەوەی ڕاستی بێت بەشێك لە نێو كەسەكانی نێو گۆڕان وەها ئیش دەكەن، بەڵام خەڵكی ئێمە درك بەو تاكتیكە شەرمهێنەرە دەكەن و ناپاكییەكی لەو شێوەیە لە هیچ حزبێك قبووڵ ناكەن كە دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئێمەیە.
* وێڕای هێرشەكان بۆ سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوان هێرش دەكەنە سەر خودی خۆیشت، ئایا كۆمێنتێكت لەو بارەیەوە هەیە؟
هۆكاری هێرشكردنەسەر خودی من، بۆ ڕەنگدانەوەی ئەو قسانەیە كە پێشووتر باسم كرد، هۆكارەكەی ئەوەیە كە ئەوان هیچ ویژدان و هەستێكیان نییە لە ئازاردانی كەسانی دیكە. ئەوان من وەكوو كەسێك دەناسن كە سیاسەتە سەركەوتووەكەی حكوومەتی هەرێم بەرەو پێشەوە دەبات و درك بەوەیش دەكەن كە ئەو سەركەوتنە پێگەی جەماوەریی پارتی و یەكێتی فراوان دەكات، بۆیەیش من كراوم بە ئامانجی ئەوان، ئەوان ماف بە خۆیان دەدەن لە ڕێگەی ئامرازەكانیانەوە كە هەڵبەستی درۆی شاخدارە، هێرش بكەنە سەر من.
تەنیا بۆ ڕوونكردنەوەی ئەو درۆیانەی كە لە بارەی خودی منەوە هەڵبەسترابوون، من بە بیرێكی فراوانەوە چووم بۆ لای بەڕێز (نەوشیروان موستەفا) پێم وایە كە دیدارێكی ئاشتیانە و گفتوگۆیەكی بەسوودمان ئەنجام دا، ئێمە هەردوو لا بەو دیدارە خۆشحاڵ بووین، بەڵام هەر كە من لە دەرگە چوومە دەرەوە لە نێو ڕووپەری بە ناو مێدیا ئەهلییەكەیانەوە و بە شێوەیەكی بێشەرمانە بڵاویان كردەوە كە گوایە من لە لایەن بەڕێز (نەشیروان موستەفا)ـوە داوای كۆبوونەوەم لێ كراوە بۆ ئەوەی ناوەڕۆكی گرێبەست و پارەی نەوتی بۆ ڕوون بكەمەوە، لە كاتێكدا ڕاستییەكە ئەوەیە كە سەرۆكوەزیران پێشنیازی كرد و پێی وابوو ڕەنگە كارێكی ئەرێنی بێت كە من بەڕێز (نەوشیروان مستەفا) ببینم بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونی لە بارەی دوازانیاری لەسەر سیاسەتی نەوتی و ئەو پێشكەوتنانەی كە تاوەكوو ئێستا بە دی هاتوون پێ بدەم، ئێمە بەرنامەمان وا دانابوو كە لەگەڵ هەموو سەركردەكانی ئۆپۆزیسیۆن و هەروەها پارتی و یەكێتییشدا هەمان دیدار ئەنجام بدەین.
نموونەیەكی شەرمهێنەر و قێزەونی دیكەیش بۆ هێرشكردنەسەر من، پێشاندانی وێنەی ماڵەكەی من بوو لە بەریتانیا لە مێدیا بەناو ئەهلییەكەیان، بێ ئەوەی هەست بە هیچ تاوانێك بكەن، كە بێگومان ئامانج لێی بەلاڕێدابردنی خەڵك بوو بۆ ئەوەی بڵێن وەزیر خاوەنی خانوویەكی وەها گەورەیە، ئینجا بۆ ئەوەی بڵێن بە شێوەكی ناسایی پۆستەكەی بە كار هێناوە تاوەكوو موڵكێكی وەهای هەبێت، ئەوان ئەو كارە شەرمهێنەرەیان ئەنجام دا لە كاتێكدا دەیانزانی كە من ئەو خانووەم لە ساڵی 1996 كڕیبوو، واتا 10 ساڵ بەر لەوەی بگەڕێمەوە كوردستان و خزمەتی خەڵكەكەم بكەم.
* هەڵسوكەوتەكانی گۆڕان تا چەند مایەی نیگەرانییە؟
- من دەمەوێت بڵێم ئەو جۆرە تاكتیك و سیاسەتانە ڕووخێنەرن، سەرچاوەی نیگەرانین و زیان بە بەرژەوەندیی خەڵك دەگەیەنن. هێرشی مێدیاكانیان بۆ سەر دەستكەوتەكانی سیاسەتی نەوتیی هەرێم لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئێمەدا نییە. پێویستە هەموو بە یەكەوە كار لەسەر ئەو كەرتە گرنگە بكەین، ناكرێ ئەو كەرتە بەسیاسی بكرێت و سوود بە دوژمنانمان بگەیەنین.
بە داخەوە، هەتا ئێستا بەشێك لە نێو گۆڕان سەركەوتوویی سیاسەتی نەوتیی ئێمە وەكوو سەركەوتنێك بۆ حزبە فەرمانڕەواكان هەژمار دەكەن نەك سەركەوتنی خەڵك، بۆیەیش من پێم وایە ئەوان لەو تاكتیكە بێسوودەیان هەر بەردەوام دەبن، بەڵام ئەو تاكتیكانەیش ئاشكرا بوون و دركیان پێ كراوە، بۆیە لە كۆتاییدا خەڵك بڕیاریان لەسەر دەدات.
بەڵام من ئێستایش دەمەوێت گەشبین بم كە هەندێك لە نێو گۆڕان دژ بەو تاكتیكانە دەنگ بەرز بكەنەوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەولەویاتی هەموومان بێت، ئەوان دەبێت كاریگەرییان لەسەر بەشەكەی دیكەیش هەبێت تاوەكوو بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە و لە بری ئەوەی ڕووخێنەر بن، بنیاتنەر بن و لەگەڵ ئێمە دەست لە ناو دەست بن بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە كار لەسەر ئەو بەرژەوەندییە نەتەوەییە گرنگە بكەین.
* با بگەڕێینەوە سەر پرسی هەناردەكردنی نەوت، وەكوو ئێمە دەزانین تاوەكوو ئێستایش بەغدا پارەی كۆمپانیاكانی نەداوە، ئایا هەناردەكردنی نەوت لەم هەفتەیەدا دەوەستێتەوە وەكوو پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو؟
- لە 7ـی ئابدا دووبارە دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت كرا، ئێمە گەییشتینە ڕێككەوتنێك كە بۆ ماوەی 30 ڕۆژ نەوت هەناردە بكرێت، ئێستایش چەند ڕۆژێكمان ماوە. هەوڵی دۆستە ئەمەریكاییەكان و هەندێك لایەنی دیكەیش بەردەوامە بۆ ئەوەی بەغدا ڕازی بكەن كە پارەی كۆمپانیاكان بدات. دۆستەكانمان داوای كاتی زیاتریان لێ كردووین بۆ ئەوەی بواریان هەبێت ئەركی خۆیان لە بەغدا تەواو بكەن. لەسەر ئەو داوایەی ئەوان، ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ بەڵێندەر و لایەنە پێوەندیدارەكان كرد و گەیاندماننە ئەو باوەڕەی كە تاوەكوو 15ـی ئەیلوول هەناردەكردنی نەوت بە 100 هەزار بەرمیل نەوت بەردەوام بێت، بۆیە هیوادارم تا ئەو بەروارە چارەیەكمان دۆزیبێتەوە بۆ ئەوەی بڵاوی بكەینەوە.
* گوێبیستی ئەوە بووین كە دوای هاتنی كۆمپانیای “TOTAL”و "Gazprom" و كۆمپانیای گەورەی دیكەیش لە نێوانیاندا كۆمپانیای توركییش سەردانی كوردستانیان كردووە، ئایا دەكرێت لە بارەی ئەو كۆمپانیا نوێیانەوە قسەمان بۆ بكەی، ئایا هیچ یەكێك لەو كۆمپانیایانە ڕازی بوون كە گرێبەست لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا واژۆ بكەن؟
- من دەتوانم ئەوە دووپات بكەمەوە كە بەم دواییانە بە لانی كەمەوە لەگەڵ 3 یان 4 كۆمپانیای گرنگ لە گفتوگۆدا بووین و ئێستایش لە گفتوگۆداین. بێگومان ئەوە سیاسەتی ئێمە نییە كە گفتوگۆ و دانوستانەكان یان ناوی كۆمپانیاكان بڵاو بكەینەوە، بەڵام هەروەكوو باوە هەر كاتێك گرێبەستێكی نوێ واژۆ كرا و ڕێكارە پێوەندیدارەكان تەواو بوون، بڵاو دەكرێتەوە.




