مەسروور بارزانی.. پێشمەرگەیەک لە خزمەت وڵات و نەتەوە

ساسان عەونى*
سیاسەتوانێک زۆرترین هێرشی ئیعلامی راسپێردراوی دەکرێتە سەر.. زۆرترین چالاکییەکانی لە خزمەتی پاراستنی هاووڵاتیان دوور لە چاوی کامێرا و پێداهەڵگوتنی میدیا و نماییشکردن ئەنجام دەدات. پیاوێک بەردەوام بە بێدەنگی ئەرکەکانی سەرشانی رادەپەڕێنێت، کوردانە و پارتیانە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتی بڕیار دەدات، زۆر جار لەسەر ئەو هەڵوێستانەی دەکەویتە بەر لۆمە، بەڵام ئەو سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ئەرک و بڕیارەکان بە هەمان هەستی شۆڕشگێڕیی جاران، ئەو هەستە شۆڕشگێڕییەی کە لەبەر لێشاو و لافاوی بەرژەوندیی زۆر کاڵ کراوەتەوە، بەڵام ئەو بەردەوام بڕوای پێیەتی، ئەو بڕوایەش قەناعەتی خۆی و راسپاردنی ئەو باوک و سەرۆکەیە کە رێنمایی دەکات و ئەویش وەک پێشمەرگەیەکی ون لە خزمەتیدا بە بێدەنگی کارەکان رادەپەڕێنێت.
لەو رۆژەوەی مەترسیتش کەوتووەتە سەر کوردستان و تیرۆریستان هێرشیان هێناوە، بە هەمان بڕوای پێشمەرگانە لە تەک سەرۆکەکەی شەو بە رۆژ دەگەیەنێت، شەڕگەکان بەسەر دەکاتەوە، پەیوەندی بە فەرماندە سەربازییەکان و پێشمەرگەکانەوە دەکات، زانیارییان پێ دەدات و ورە و بڕوایان بەرز دەکاتەوە. ئەو تۆڕە پەیوەندییە فراوانە نێودەوڵەتییەی کە هەیەتی، لە خزمەتی رەوشەکە بە کاری دەهێنێت، بەشدارییەکی چالاک لە میدیا جیهانییەکان دەکات و رای گشتی و ناوەندەکانی بڕیار لە جیهان لە مەترسییەکان ئاگادار دەکاتەوە و داوای پشتیوانی دەکات .
ئەمڕۆیش وەک دیپلۆماتکارێکی سەرکەوتوو لە پەرلەمانی ئەورووپا، وەک نوێنەری خەڵکی کوردستان لەو مینبەرە گرینگەی دونیا زۆر لێهاتووانە و بە سەرکەوتوویی بارودۆخی شەڕی لە دژی تیرۆری جیهانی و بەرگریی خەڵکی کوردستان شیی کردەوە، جارێکی تر کوردستانی وەک لانەی ئارامی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی ناساندەوە و دۆستی زۆرتری بۆ کوردستان پەیدا کرد.
ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان تواناکانی (مەسروور بارزانی)ـیان لە بەرگێکی تر و لە ئەرکێکی تری سەرکەوتوودا بینییەوە.
*ئەندامى سەرکردایەتیى پارتیی دیموکراتی کوردستان




