٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كۆپتەرەكان و ئەنجوومەنی ناوەند!

سەرچاوە: KDP.info

چاودێرێک

لەو كاتەی كە وڵاتمان لە شەڕێكی درێژخایەندایە لەگەڵ دوژمنێكی دڕندە و پێویست بەوە دەكات زیاتر لە هەر كاتێك لایەنەكان پایەندی یەكڕیزی بن و تەركیز بخەنە سەر شەڕی دژی تیرۆریستان، بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتی لە 25-10-2014 ڕێك پێچەوانەی یەكڕیزیی نیشتمانی و مەبدەئی پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.

 

"بەیاننامەکەی ئەنجوومەنی ناوەند،

ڕەنگدانەوەی كێشە ناوخۆییەكانی باڵێكی دەستڕۆییشتووی یەكێتییە"


ئەنجوومەنی ناوەند تەنیا بەوەندە نەوەستاوە كار بۆ پەرتەوازەكردنی یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان بكات، بەڵكو ئەوەتا دەیەوێ درز بخاتە ناو ڕیزەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش. ئەم بەیاننامەیە و ئەو شەڕە ڕاگەیاندنەی لە دژی پارتی دەكرێت، زیاتر ڕەنگدانەوەی كێشە ناوخۆییەكانی باڵێكی دەستڕۆییشتووی یەكێتییە لەگەڵ تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرەكانی یەكێتی. ئەوان دەیانەوەێ لە ڕێی موزایەداتی سیاسی لەبارەی كۆبانێ و شنگال و دژایەتیكردنی پارتی وا لە جەماوەری یەكێتی بگەیه‌نن كە تەنیا ئەوانن پەرۆشی یەكێتین و، دواجار دەنگی كەوادیری یەكێتی لەكاتی كۆنگرەدا بۆ لای خۆیان ڕابكێشن. ئەم باڵە ئەوەندە تینووی دەستەڵات و پاوانخوازییە هەتا توانییان بازرگانیان بە وێنە و جەستەی جەنابی مام جەلالەوە كرد و، غیابی مام جەلالـیشیان بۆ ئەوە قۆستەوە تێكۆشەرەكانی یەكێتی پەراوێز بخەن و دەست بەسەر ڕاگەیاندنی یەكێتی و پارەدا بگرن و بە هۆی پەیوەندیی گوماناوی و بە ئیستخباراتیكردنی حزب و ڕاگەیاندن، خۆیان بەسەر یەكێتیدا بسەپێنن.

لەوەتەی شەڕی داعش دەستی پێ كردووە، ئەم باڵە بە كردەیی هەنگاوێكی بۆ خزمەتكردنی پێشمەرگە و یەكڕیزیی نیشتمانی نەناوە. كارەساتەكانی شنگال و كۆبانیی بۆ موزایەدەكردنی سیاسی قۆستۆتەوە. بە سەدان سایت و تۆڕی كۆمەڵایەتییان بۆ پەیداكردنی بازاڕ بۆ چەند كەسێكی ناو ئەو باڵە كردەوە. كوردستان لە شەڕی مان و نەمانە، كەچی ئەوان تازە بە تازە ئامۆژگارییەكانی میكاڤیللی جێبەجێ دەكەن و خەریكی نانەوەی فیتنە و دووبەرەكی و خەنجەرلێدانن لە هەڤاڵەكانیان.

 

"ڕێگەیان لێ نەگیرێت،

وڵات كەمەندكێشی كارەساتی زۆر گەورە دەكەن"


لە ڕاستیدا ئەم تاقمە ڕێگەیان لێ نەگیرێت، وڵات كەمەندكێشی كارەساتی زۆر گەورە دەكەن. تەشه‌ننوج و هیستریای باڵەكە لە کاتێکدا بوو که‌ هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە و هێنانی پاڵپشتیی دەرەكی و حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە و دۆزینەوەی ڕێگە بۆ یارمەتی ڕۆژئاوا بوون.

بەرخودانی گەلی كورد و قارەمانیی پێشمەرگە و دیپلۆماسیەتی سەركەوتووی هەرێمی كوردستان وایكرد مەترسییەكان لە كوردستان دوور بكەونەوە و تیرۆریستانی داعش بكەونە هەڵوێستی شكان و ڕووخان.

 

"سەركەوتنەکان لەگەڵ میزاجی تاقمەكەدا ناگونجێ و

گۆشەگیر و پەراوێزیان دەخات"


بەیاننامەكەی ئەنجوومەن لەو كاتەدایە كە لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوا ڕێككەوتنی دهۆكیان بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی مۆر كردووە و پێشمەرگەیش لە هەموو بەرەكان لە پێشڕەویدایە و دۆزی كورد لە ئاستی جیهانیدا لە لووتكەی خۆیدایە و، ئەم سەركەوتنە لەگەڵ میزاجی تاقمەكەدا ناگونجێ و گۆشەگیر و پەراوێزیان دەخات.

 

"دوور نییە بڕۆن یەخەی عەبادی بگرن و بڵێن دوو هێلیكۆپتەره‌كە بگێڕنەوە بۆ بەغدا،

ئاخر لەم ڕووەوە سابیقەیان هەیە"


هێنانەوەی بابەتی دوو هیلیكۆپتەرەكە لەناو بەیاننامەكە، نیشانی دەدات كە ئەم باڵە چەندە بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە تێكچووە. شنگال پێویستی بە فرمێسكی تیمساح و قسەی بەتاڵ نییە. ڕزگاركردنی شنگال ئیرادە و نیازپاكی و كاری كردەیی و خۆشەویستیی نیشتمانیی پێویستە، كە ئەم برادەرانە نییانە. ئەوەندە لەناو داوی فەیسبووك و ڕاگەیاندن و درۆ و دەلەسەی خۆیان گیریان خواردووە، ئاگایان لە بەرەكانی شەڕ و واقیع نییە. ئەگەر هاوكارییەكی لۆجستی لە لایەن هێزی ئاسمانیی عێراق هەبێت بێگومان لە ڕێگەی وەزارەتی پێشمەرگەیە (كە ئەم برادەرانە بڕوایان بەو وەزارەتەش نییە) ئەوە وەزارەتی پێشمەرگە بڕیار دەدات كوێ پێویستی بە هاوكارییە و چۆن ئەم هاوكارییە بەكار بهێندرێت. هەڵبەتە ئەم هاوكارییەش بۆ جیێەك دەبێت كە شەڕی لێ بێت و ژیانی هاووڵاتیان لە مەترسی بێت. بەڵام دیارە ئەو تاقمە لە حەسوودی و حیقدیان خەریكە كوێر دەبن و هەموو شتێك لە چاویلکەی حزبییەوە دەبینن، دوور نییە بڕۆن یەخەی عەبادی بگرن و بڵێن دوو هێلیكۆپتەره‌كە بگێڕنەوە بۆ بەغدا، ئاخر لەم ڕووەوە سابیقەیان هەیە. ئەگەر لە ڕاستیدا هەستیان بە كێشە كردووە لە بابەتی كۆپتەرەكان ئەوە دەیانتوانی بە وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی میحوەرەكان ڕابگەیه‌نن نەك ئەوەی بیكەنە بەیاننامە بۆ چەواشەكردنی ڕای گشتی.

 

"ئەگەر بەنیازن بەشدار بن لە شانازی و دەستكەوتە نیشتمانییەكان،

باشترین ڕێگە واز هێنانیانە لە ڕەفتار و خەونە هەرزەكانیان"


ئەو بانگەشەیەی بۆ یەكڕیزی لەناو بەیاننامەكەیشدا هاتووە، ئەو كاتە دێتە دی كە نووسەرانی بەیاننامەكە واز لە دوژمنكاری و ڕقیان بێنن و چیدی پیلان بۆ شكاندنی تێكۆشەرانی یەكێتی و سووككردنی حزبەكەیان دانەڕێژن.
ئەگەر كێشەیان لەگەڵ خەڵكی ناو یەكێتی هەیە و تمووحێكی ئاساییان بۆ پۆست و پلە و پایە هەیە، ئەگەر بەنیازن بەشدار بن لە شانازی و دەستكەوتە نیشتمانییەكان، باشترین ڕێگە واز هێنانیانە لە ڕەفتار و خەونە هەرزەكانیان. دەبێ ڕوو بكەنە كاری سیاسیی دیموكراتی و شەریفانە، بۆ ئەوەی ناویان بێتە ناو ناوان و لە مێژوودا ناوێكی باشیان هەبێت. شەڕی ڕاگەیاندن لەدژی پارتیش دادیان نادات، چونكە جەماوەری یەكێتی هۆشیارترە لەوەی بەم قسە بەتاڵانە هەڵخەڵەتێ و پشت لە تێكۆشەرانی ڕاستەقینەی یەكێتی بكات. كار و دەستكەوتەكانی دەستگە فەرمییەكانی هەرێم و قورسایی و بەرپرسیارێتیی پارتی لە بەرەكانی شەڕ و ڕۆژئاوا و لە ئاستی جیهانی دیارە، بۆیە دژایەتی پارتی و دەستكەوتەكانی گەلی كورد، بەوەش زیاتر ڕەش دەبن. تەقەللاكانیان كوتانی ئاسنی ساردە و مەكر و حیلەی میدیایی و فەیسبووكی و بەیاننامەش فریایان ناكەوێ.

لە كۆتاییدا دەڵێین؛ تاقمێك وەفای بۆ حزب و وەلی نیعمەتی خۆی نەبێت، باڵێك هێز و چەكی میللەت تەنها بۆ بەرژەوەندیی چەند شەخسێك بەكار بهێنێ، كەسێك تەنها بیر لە گرێ دەروونییەكانی خۆی بكاتەوە و حزبەكەی بكاتە قوربانیی خەونەكانی، باڵێك كێشە بێت بۆ یەكڕیزیی نیشتمانی، چۆن له‌ ڕووی دێت داوای یەكڕیزی بكات لە خەڵك و پەرۆشی شنگال و كۆبانێ دەبێت!!؟؟

لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی هەولێر وەرگیراوە
 

هەواڵی پەیوەندیدار