سیاسەتی پارتی و فۆبیای دەنگە نەشازەکان بەڕێوەبردنی قەیران، یان بەڕێوەبردن بە قەیران

هێمن هەورامی
((هەرمرۆڤێک بجەنگێت، لەوانەیە شکست بهێنێت، بەڵام ئەوەی کە هەر ناجەنگێت، ئەوە بۆ خۆی دۆڕاوە))
برتۆلد برێشت..
رووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان، لە بڕ و ئاڕاستەدا، نەتەوەکەمانی خستە قۆناخێکی نوێی بەرەنگاری، خەباتی ڕزگاری و پەیوەندی دیپلۆماسی و شێوەی نوێی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری. دوور لە هەموو بڕیارێکی پێشوەختە، ئەگەر وەک چاودێرێک لە گوتار و موفرەداتی ژینگەی سیاسیی ئێستای کارەکتەرە سسیاسییهکانی کوردستان ورد بینەوە، شیتەڵی جۆری تێفکرین و تیگەییشتن لەو قەیرانەی ڕووبەڕووی نەتەوەکەمان بووەتەوە، بکەین، بە داخەوە دەبینین تێگەییشتنەکان دابەش دەبنە سەر دوو جۆر لە مامەڵە، ئەوانیش ((بەڕێوەبردنی قەیران)) و ((بەڕێوەبردن بە قەیران)).
ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا قسە و باسی لێ کراو بەردەوام لە ڕۆژەڤدایە، پرسی شەڕی داعش، ڕاپرسی و مافی چارەنووس، پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، پرسی ڕۆژئاوای کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ پەیەدە و یەپەگە و پرسی کورد لە باکوور و پەکەکە و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، هاوپەیمانیی نێودەوڵهتی، پرسی قەیرانی دارایی هەرێم و بودجە لەگەڵ بەغدا و فایلی نەوت، پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی و یەکلانەبوونەوەی پارێزگاری سلێمانی، پرسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و چەند بابەتێکی دیکەش.
پارتی، بە حوکمی میژوویەکی دێرین لە توانای سیاسی، پێگەی دیموکراسی و پلەیەک بوونی لە هەڵبژاردنەکان، تۆڕی فراوانی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی، ئامادەییەکی فراوان لە فەزای سیاسی و ناو هاوکێشەکان و ڕۆڵی پێشەنگ بوون لە بزاوتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان و (بوونی هێزەکی) و (بوونی کردەکی) لە ئاڕاستەکردن یان کاریگەری دانان و یەکاڵاکردنەوەی هاوکێشەکانی پەیوەست بە کورد لە ناوچەکەدا، پتەویی ڕیزە ناوخۆییەکانی پارتی و بوونی مەرجەعیەتێکی باڵای وەک سەرۆک بارزانی، بوونی ستراتیژی بەرەو دەوڵەتبردنی کوردستان و نەبوونی قەیرانی شوناس و ناسنامەی فیکری و سیاسی لە پارتیدا، وەها کەوتووەتەوە، کە پارتی لە بەرامبەر هەریەک لەو بابەتانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێ کردن و ئێستا لە ڕۆژەڤدان سیاسەت و هەڵوێستێکی ڕوون و جێگیری هەبێت.
بۆ هەریەک لەو بابەتانەش، پارتی بە جەرائەتەوە کوردایەتی و پێوەری قازانج و زیان بۆ کوردستانی کردۆتە پێوەری مامەڵهی سیاسی و بەڕێوەبردنی قەیران، نەک وەک سیاسەتی هەندێکی ناو هەندێ لە هێزی دیکەی ناو کوردستان کە کێشەی ناسنامە و نەمانی مەرجەع و باڵ باڵێن و پاشەکشە و نەبوونی ستراتیژ و بە تاکتیک ژیان، بەرامبەر هەریەک لەو بابەتانەی ڕۆژەڤ، پێوەری قازانج و زەرەری پارتی و بەڕێوەبردن بە قەیران بۆ دووبارە خۆ بەرهەمهێنانەوە لە بەرامبەر پارتیدا، مامەڵه لەگەڵ ئەو دۆسیانەدا بکەن.
هەڵتۆقینی داعش و شکستپێهێنانی سوپای سووریا و 5 فیرقەی سوپای عێراق و قۆزتنەوەی ململانێی مەزهەبێی سوننە و شیعە، بووە قەیرانێک، کە پارتی لە چوار چێوەی بەڕێوەبردنی قەیراندا هەڵوێست و سیاسەتەکانی خۆی داڕشت، نەک وەک هەندێکی ناو هەندێ لایەنی دیکە بیکەنە جۆرێک لە بەڕێوەبردنی ململانێی سیاسی و میژوویی و جیۆگرافی و فیکریی خۆیان بەرامبەر پارتی، بەم قەیرانەی کە ڕووبەڕووی کوردەواری بوویەوە.
((بەڕێوەبردنی قەیران))، واتە زاڵبوون بە سەر قەیرانەکهدا بە گرتنەبەری هەموو ئەو ڕێ و شوێنانەی کە لەبەردەستن یان دەتوانرێت بە دەست بهێنرێت و دیاریکردنی ئاستی گوشارەکانی ئەو قەیرانە وچواردەورگرتنی گوشارەکانی و ئاڕاستەی جولەکانی و کەمکردنەوە یان نەهێشتنی ئاسەوارە نیگەتیڤەکانی، وەرگرتنی وانە لە خاڵی لاواز و خۆسازدان و تەییار کردن بۆ باشتر ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دیکە لە ئایندە.
((بەڕێوەبردن بە قەیران)) واتە بەڕێوەبردن لە ڕێگای خوڵقاندنی قەیران و هێنانەبوون لە نەبوونەوە وەک هۆکارێک بۆ پراکتیزەکردنی گوشار و شاردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و گۆڕینی ئاڕاستەی فۆکۆسی گشتی لە سەر کێشەناوخۆییەکانی ناو بەدەنەیەکی دیاریکراو.
ئەو فۆبیایەی کە بەرامبەر پارتی هەیە لەسەر ئەو بابەتانەی کە لە ڕۆژەڤن، دروست دەچنە چوارچێوەی بەڕێوەبردن بە قەیران. هەڵبەتە، من ڕێزێکی زۆرم بۆ ڕەخنەی جیددی لە سیاسەتی پارتی و هەڵوێستەکانی هەیە و، بە هیچ کلۆجێک گشتاندن ناکەم و ڕەخنەی جیددی یەکسان ناکەم بە هەڵوێست و بڕیاری پیشوەختە کە لە ڕک و کینەوە و جۆرێک لە فۆبیای پارتیەوە هاتبێت. پێیشم وا نییە ئێمە لە هەموو سیاسەت و جووڵە و شوێن-کات و بڕی سیاسەت و ئاڕاستەکانیدا ئاڵتوونی عەیارە 24 بووبین و شایەنی ڕەخنە نەبین.
رۆژئاواو و کۆبانی و پەنابەران
لە سەرەتای دۆخی سووریاوە، هەڵوێست و سیاسەتی پارتی هەمان ئەو هەڵوێست و سیاسەتە بووە کە سەرۆک بارزانی، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گرتوویەتییە بەر. لەگەڵ ئەوەین کە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی سوریا بە مافی نەتەوەیی خۆیان شاد بن بە هەر سیستەم و شێوازێک کە گەلی ئێمە لە ڕۆژئاوا پێی قایل دەبێت و دەتوانێت بە دەستی بێنێت لە گەرووی ئەو گۆرانکارییانەدا.
ئیدی، فیدراڵی بێت، ئۆتۆنۆمی بێت، ڕاگەیاندنی ئیدارەی لامەرکەزی بێت، یان تەنانەت ئەگەر زروفی خودی و بابەتی ڕێگایان بدات، بە دامەزراندنی دەوڵەتیش بێت ئێمە پشتگیرییان دەکەین. لەگەڵ ئەوەین، گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و، هەموو هێزەکان، یەکگرتوو بن، هەر بڕیارێک بە یەکگرتوویی بیدەن، واتە شەڕ یان گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی سووریا یان بوون بە بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن، ئێمە پشتگیرییان دەکەین. پێکەوە، لە چوارچێوەی چەترێکی نەتەوەییدا، هەر بڕیارێک بدەن ئێمە لەگەڵیان دەبین. بۆ ئەوەش هەوڵەکان بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و دواتر گفتوگۆ لەگەڵ پەیەدە و دروستکردنی دەستەی باڵای کورد لە مانگی 7-2012 و ڕیککەوتنی هەولێر و ڕیککەوتنی هەولێر 2 لە مانگی 11- 2013، کە بەڕیزان لەیلا زانا و ئۆسمان بایدەمیریش بەشدار بوون و شاهید بوون، لەوهەوڵە ستراتیژییانە بوون کە ستراتیژی ئێمە بووە بۆ مامەڵه لەگەڵ پرسی ڕۆژئاوا. بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نەبووین و نابین کە لە پیناو هیج ئارمانج و مەبەستێک شەڕی ناوخۆیی نێوان هێزەکانی پەیەدە و ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد دروست ببێت.
ئێستایش هەمان سیاسەتمان هەیە، بەڵام هەندێک دەنگی نەشازی ناو هەندێک لە هێزەکان، لەبەر دۆڕانی خۆیان لە بادینان و نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتەکانی ڕۆژئاوا، لەبری ئەوەی هاوکار بن لە بەڕێوەبردنی قەیرانی پرسی کورد لە ڕۆژئاوا، هاتن بە بەڕێوەبردنی قەیرانی پەیوەندی نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد و پەیەدە، بۆ موزایەدەی سیاسی و ئیستیهلاکی مەحەللی سیاسەتیان دەکرد. لە پرسی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا، هەڵوێستی ئێمە ڕوون بووە، داوامان کرد کە پەیەدە و هێزەکانی دیکەی ئەنجوومەنی نیشتمانی پێکەوە بن مامەڵهیان لەگەڵ دەکەین، پێکەوە نەبن نە لەگەڵ ئیدارەی تەنهای ئەنجوومەن مامەڵه دەکەین، نە لەگەڵ کانتۆن مامەڵه دەکەین. پێمان گوتن ئەزموونی بەرەی کوردستانی 1991 وەربگرن، پێکەوە بن لە ئیدارەی ناوچەکانتان تا هەڵبژاردن دەکەن و، ئەوکات هەرلایەنێک زۆرینەی بردەوە پیرۆزی بێت.
دەنگە نەشازەکانی ناو هەندێ لایەن، دیسان بۆ بەڕێوەبردن بە قەیران، پرسی بە ڕەسمی ناسینی کانتۆنەکانیان باس دەکرد بۆ موزایەدەی ئیعلامی، بێئاگا لەوەی کە ئێمە دەوڵەت نین تا بەپێی یاسای نێودەوڵهتی مافی بە فەرمی ناسین یان نەناسینی یەکەیەکی ئیداری ناو چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیکەمان هەبێت. لە پرسی مامەڵه لەگەڵ دەریچەی سنووری فیشخابوور و هێڵی خۆپارێزی لە تیرۆریستان کە ناوی خەندەقی لێنرابوو، بینیمان کە تەنها بۆ ئازاردانی پارتی چۆن قەیرانیان دەخوڵقاند لە هیچەوە، تا بە بەڕێوەبردنی، ئازاری پارتی بدەن و وەک سادیستێک، چێژ لە ئازاردانی پارتی ببینن. ئەو دەنگە نەشازانە ئیدی لە قەندیلەوە بێت یان لە هەرشوێنیکەوە بێت، کە هاتە سەر ئەصڵی کردار شەرتە بۆ کۆبانی، کەوتنە موزایەدەی ئەوەی کە گوایە ئەگەر سەرۆکی هەرێم فەرمان بکات ئەوا ئەوان هێز دەنێرن بۆ کۆبانێ. پێشتر پارتی بە کردار بۆ بەرەنگارییەکانی پەیەدە لە سەرێ کانی و ئەم دواییانەش بۆ ناوچەکانی تەلکۆچەر، هاوکاریی سەربازیی پەیەدەی کرد. لە 19/9/2014 سەرۆک بارزانی ڕاگەیەنراوی لە سەر کۆبانی دەرکرد و، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵهتی کرد بە پیر خەڵکی خۆراگری کۆبانیوه بچن. دیسانەوە لە 7/10/2014 سەرۆکایەتیی هەرێم داواکانی لە کۆمەڵگای نێودەوڵهتی بۆ هاوکاریی کۆبانی چڕ کردەوە.
لە ڕێگای ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پیشمەرگە و هاوپەیمانان لە هەولێرەوە لە سەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، بە هەماهەنگی شەڕڤانانی پەیەدە و پیشمەرگە، هێرشی ئاسمانی کرایە سەر داعش لە کۆبانی. لە 10/10/2014 سەرۆک بارزانی فەرمانی دا خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل بۆ پەنابەرانی کۆبانی بکرێتەوە ئەوانەی کە چووبوونە تورکیا و نایانەوێت لەوێ بمیننەوە و خوازیارن بێنە هەرێمی کوردستان. ئێستایش بە سەربەرزییەوە لە کۆی 252هەزار پەنابەری ڕۆژئاوای کوردستان، نزیکەی 245 هەزاری لە سنووری هەولێر و دهۆکن و، پارتی بە دامودەزگای حوکوومی و حیزبی و خیرخوازییەوە لە خزمەتیاندایە. هەرئەوکاتێش ئەو دەنگە نەشازانە دەیانگوت، پارتی بۆیە دەرگای بۆ کوردی سووریا کردووەتەوە تا لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان سوودیان لێ وەربگرێت. دەنگە نەشازەکانی بەرامبەر پارتییش کە بینییان تەنها چەند هەزار پەنابەرێک برابوونە عەربەت لە سلێمانی، دەیانگوت، پارتی تۆڵە لە سلێمانی دەکاتەوە و کوردەکانی سووریامان بۆ دەنێرێت!!.
کاتێک بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی دەستەی باڵای کورد لە مانگی 7/2012 لە پەیەدە و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە هەولێر دامەزرا، ڕۆژی 2/8/2012 داودئۆغلۆ هاتە هەولێر بۆ دەربڕینی ناڕەزایی تورکیا و نیگەرانی ئەوان کە چۆن بارزانی ڕێگای داوە پەیەدە بێتە ناو دەستەی باڵای کورد، وەڵامی بارزانی ئەوەبوو کە ئێمە یەکڕیزیی هێزە کوردییەکان لە هەموو شتێک لامان گرنگترە و دەبێت تورکیایش مامەڵه لەگەڵ پەیەدە بکات. پاش ماوەیەک، تورکیا داوەتنامەی ئاڕاستەی پەیەدە کرد و لە ئانکارە لەگەڵیان کۆ بوونەوە.
لە هاوکاریی کۆبانی، هەموو کەس دەزانێت کە کۆبانی 350کیلۆمەتر لە سنووری باشووری کوردستانەوە دوورە و لە نێوان کانتۆنی جەزیرە و کۆبانی 80 کیلۆمەتر لە ژێر دەستی داعشدایە. واتە ئەگەر پیشمەرگە بنێردرێت، دەبێت بە درێژایی نزیکەی 100 کیلۆمهتر شەڕی داعش بکات. لە بری ئەوە هەر ڕێگایەکی دیکە هەبووبێت سەرۆک بارزانی و پارتی درێخییان نەکردووە. داواکردن لە هاوپەیمانان و مسۆگەرکردنی لێدانە ئاسمانییەکان، بەشێک بوون لەو هاوکارییانە و هەڤاڵانی پەیەدە زۆر مەمنوونی ئەو هەماهەنگییە بوون کە لە هەولێرەوە بۆیان کرا.
بەڕیز حەمەئەمین پێنجوێنی سیاسەتوانی کوردی نزیک لە پەکەکە، لە دیمانەیەکی کەناڵی ڕووداو لە 8/10/2014 زۆر بە جوانی باسی هەڵوێستی سەرۆک بارزانیی لە هاوکاریی کۆبانی کرد. بەڵام ئەوانەی لە قەندیل و شوێنی دیکەوە تەنها موزایهدە و قسەی گەورەیان دەکرد، نەیانتوانی بە هیچ هەنگاوێکی کرداری بە تەنگ کۆبانیوە بچن. ئەگەر جەمیل بایک ڕاست دەکات، 5500 گەریلای لە قەندیل بۆ چییە با 500 بهێڵێت و 5000 گەریلاکەی دیکەی لە ڕێگای ڕەبیعەی ئازادکراو بنێرێتە تەلکۆچەر و کانتۆنی جەزیرە و بەرەیەکی فراوانی شەڕ دژی داعش لە ناو خاکی سووریا بکاتەوە تا گوشاری سەربازی لە سەر کۆبانی کەم بێتەوە. کە ناڕوات، ئیدی هەقە نیەتی ڕاستەقینەی بکەوێتە ژێر پرسیاری میژوویییەوە.
پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و پەکەکە و پرسی کورد لە باکوور
وەک لە سەرەتادا باسمان کرد، ئەوانەی تەنها قسە دەکەن و کرداریان نییە، یان لە زۆر پێگەی دیکەدا دۆڕاون و دەیانەوێت لە ڕێگای بەڕێوەبردن بە قەیران دووبارەخۆیان بەرهەم بهێننەوە، هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر داعش و پرسی کورد لە باکوور و پەیوەندی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دیسان وەک سەنگەرێک بۆ لێدانی پارتی و قەیران سازی بۆ شکڵگرتنی ڕای گشتی بە دڵخوازی خۆیان بە کار بێنن. هەواڵی ناخۆش بۆ ئەو دەنگە نەشازانە ئەوەیە، کە لەمەیشدا ناتوانن ئاماج بپێکن. میژووی زۆر نزیک لە بیری خەڵکی کوردستانە. ئاخر کاتێک سەرۆک بارزانی لە 2003 ڕێگای نەدا سوپای تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا لە بەرەی باکوورەوە داخڵ بێت، کاتێک سەرۆک بارزانی لە سەر پرسی کەرکووک ڕایگەیاند ئەگەر تورکیا دەست لە کەرکووک وەربدات ئێمەیش دەست لە ئامەد وەردەدەین، کاتێک سەرۆک بارزانی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیا لە 2005، 2007 و 2008 ڕایگەیاند مەگەر تورکیا بە سەر لاشەی مندا بێتە کوردستان، هەر ئەوکات ئەوانەی ئێستا ڕەخنە لە پارتی دەگرن و کێبەرکێی دەکەن، دەیانگوت، دیارە کاک مەسعوود چەکی ئەتۆمیی هەیە بۆیە وا لە تورکیا بێمنەتە و ئەم سیاسەتەی کاک مەسعوود کوردستان بەرەو شەڕ لەگەڵ تورکیا دەبات.
بەڵام، بینیمان خۆڕاگریی سەرۆک بارزانی، نەگۆڕیی هەڵوێستەکانی، پەیوەندییەکان چۆن کەوتنەوە. لە بارەی کێشەی کورد لە باکوور، هەڵوێستی ئێمە بۆ ئەوە نەبووە کەسبی حیزبیی پێ بکەین یان بۆ شکاندنی پەکەکە یان یەکێتی یان لایەنێکی دیکە بە میللەتەکەمانی بفرۆشینەوە. ئاخر ئێمە وا فێر نەکراوین، بۆ شکستپێهێنانی هێزێکی سیاسی لە ململانێی حیزبی و سیاسیی خۆمان، بێین ئازاری نەتەوە و نیشتیمانەکەمان بدەین. بە تورکیامان گوت، ئینکاری کورد، چارەسەری سەربازی، نکوڵی له کورد، دیتی ئەمنی، چارەسەری کێشەی کورد ناکات و کوردتان پێ لە ناو نابرێت. چارەسەری سیاسی، دانپێدانان، مامهڵه کردن، مسۆگەرکردنی مافی سیاسی و ئابووری و کولتووری و ئیداری چارەسەر دەکات. بە پەکەکەشمان گوت، بەردەوامیی خەباتی چەکداری لەم قۆناخەدا خزمەت بە دۆخی کورد ناکات، سوود لە بچووکترین دەرفەتی سیاسی، دیپلۆماسی ببینن، خەبات لە ناو پەرلەمان و شەڕی دیموکراسی بکەن، کورد قازانجی زیاتر دەکات. ئێمە نەبووین بەرامبەر تورکیا هەڵوێستمان گۆڕیبێت، ئەوە تورکیا بوو لە دوای 2009 هەڵوێستی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان گۆڕی و پێشوازیمان لێ کرد. ئێستا و لەمەودوایش، بۆ پرسی کورد لە باکووری کوردستان هەمان سیاسەتمان هەیە.
کە تورکیا لە شەڕی داعش لە ئاستی پێویست نەبوو، ئێمە بە ئاشکرا و لە دانیشتنی تایبەتیش گلەییمان لە تورکیا کردووە، بەڵام هیچ ڕێککەتنێکی سەربازیمان نییە تا تورکیا ناچار بێت پابەند بێت پێیەوە. تورکیا و ئەمەریکا لە پەیمانی ناتۆن، بەڵام تورکیا ڕێگای بە ئەمەریکا نەدا ئینجەرلیک بە کار بێنێت و ناچار هەموو پەلامارە ئاسمانییەکانی لە بنکەی کەشتیی فرۆکەهەڵگری جۆرج بوش لە کوێتەوە ئەنجام دەدات. ئێمە لە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی دراوسێ، لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوسەنگیی کار دەکەین نەک تابع و مەتبوع.
هەرچەندە هێشتا هەندێ زانیاری هەن ناتوانرێت بگوترێن، بەڵام ئەوکاتەی لە 2008 جۆزیف ڕالستۆن نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ پرسی تورکیا و پەکەکە هاتە کوردستان، ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبوایە زۆر حاڵەتی نەخوزاراو بەسەر ئەوانەدا دەهات کە ئێستا پەلاماری پارتی و سەرۆک بارزانی دەدەن و، تەنانەت بەشێک لە شەریک شعورەکانیان ئامادەییان دەربڕیبوو بۆ جێبهجێکردنی حاڵەتە نەخوازراوەکە. کاتێک پەکەکە لە مانگی 11/2011 هیرشێکی کردە سەر بنکەیەکی سەربازی و 28 سەربازیی سوپای تورکیای لە شەمزینان کوشت- لەو 28 سەربازە 17-یان کورد بوون و خەڵکی دەوروبەری ئامەد بوون-، تورکیا بە ڕەسمی 3 داواکاریی بۆ سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی کوردستان نارد، هەرێمی کوردستان بە تەنها شەڕی پەکەکە بکات و تورکیا هاوکاری دەکات، تورکیا و هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق پێکەوە شەڕی پەکەکە بکەن، یان هەرێمی کوردستان ڕێگا بدات و ڕێگر نەبێت سوپای تورکیا بێت و شەڕی لە ناوبردنی پەکەکە بکات. ئەوە سەرۆک بارزانی بوو هەر 3 پێشنیازەکەی تورکیای ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە بە شەڕ هیچ چارەسەر ناکرێت و لە 1984 وە تورکیا 28 ئۆپەراسیۆنی گەورەی کردووە و پەکەکەی پێ لە ناو نەبراوە، پەکەکەش زیاتر لە 30000 سەربازی تورکیای کوشتووە و سوپای تورکیای پێ لە ناو نەبراوە، بۆیە ئێمە بە هیچ جۆرێک پشتگیری شەڕ ناکەین. بەڵام هەموو پشتگیرییەکی ئاشتی دەکەین. ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و کاک نێچیرڤان بارزانی لە قەناعەتپێهێنانی تورکیا تا لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان گفتوگۆ بکات، هەم لای تورکیا مەعلومە و هەم لای پەکەکەش.
شەڕی داعش و کێشەکان لەگەڵ بەغدا و پرسی سەربەخۆیی
داعش، نەخۆشی نییە، نیشانەکانی نەخۆشییەکی درێژخایەنی ناوچەیەکە کە لە 100 ساڵی ڕابردوودا کوردستانی پێوه گلاوە. ناوەرۆکی پڕتوندوتیژیی داعش و ڕۆحە فاشیستییەکەی، گوتار و کردارەکەی، بەردەوامیی ئەو ژینگەیەیە کە لە فۆرمی بەعسییەکان و عوروبییەکان و قاعیدەکان و ئێستا داعشییەکان و لە ئایندەش لە فۆرم و ناو و ڕەنگی دیکەدا بەرەوڕوومان دەبێتەوە. چارەسەری یەکجارەکی، جگە لە جیابوونەوە لەو ژینگەیە و بوون بە خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ، هیچ چارەیەکی دیکە، چارەی یەکجارەکی نابێت. بۆیە پرسی شەڕی داعش و بەردەوامیی کێشەکان لەبەغدا بابەتیک نین تاوەکو بە تەنها ڕووبەڕووی پارتی ببنەوە، تاوەکو دەنگە نەشازەکانی ناو هەندێ لایەن وا وێنای دەکەن کە پارتی لە پشت ئەو کێشانە بێت. کاتێک ململانێی مەزهەبی سوننە و شیعە دەرفەتێکی زێڕین و ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەمنیی وەها بۆ داعش دەخوڵقێنێ تا لە پەنا نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی سوننە، شەڕی شیعە و حکوومەتی زۆرینەی شیعە بکات، یان بە هۆی شکستی حکوومەتی عێراق و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی 5 فیرقەی سەربازی و 1 فرقەی پۆلیسی ئیتیحادی، داعش ئەوەندە پڕ چەک دەبێت کە توانای سەربازیی لە پێشمەرگە زیاتر بێت و پەلاماری کوردستان دەدات، ئەم پەلامارە بۆ پارتی نەبووە بە تەنها تا شکستی پێشمەرگە لە بەرەیەکی جەنگ بە شکستی پارتی دابنرێت، وەک ئەوەی کە بە داخەوە لە کارەساتی شنگال بینرا. لە بری ئەوەی ئەو دەنگە نەشازانە، شکستی بەرەیەکی پێشمەرگە بە شکستی هەمووان بزانرێت، بە داخەوە وەک شاگەشکەبوونێک، بۆ ئازاردانی پارتی، ئازار پێگەشتنی نەتەوەیەکیان پێ ئاسایی بێت. کە پێشتر داعش لە ستراتیژی سەربازیی خۆی بۆ چوون بەرەو بەغدا پێویستی بە بەرەی دیالە هەبوو و پەلاماری جەلەولا و سەعدییەی دەدا و، هێشتا پەلاماری هەولێر و شنگال و زوممار و مەخموور و گوێڕی نەدابوو، ئەو دەنگە نەشازانە دەیانگوت پارتی و داعش ڕێککەوتوون و پەلاماری سنووری پارتی نادەن و، تەنها پەلاماری ناوچەکانی یەکێتی دەدەن.
یان وەک جومعەکەی قەندیل، لە بری نواندنی هەڵوێستی نەتەوەیی، بە ڕۆژنامە ئەڵمانییەکان ڕابگهیەنێت کە نابێت چەک بۆ پیشمەرگە بنێردرێت، چونکە دەکەوێتە دەست داعش و دەبێت چەک تەنها بۆ پەکەکە بنێردرێت. لەولاشەوە هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلم ڕایدەگەیهنێت کە ئەوان چەکیان لە داعش کڕیوە. ئەگەر ئەو سیاسهتە نەشازە بەڕێوەبردن بە قەیران نەبێت، تەنها بۆ ئازاردنی پارتی لە سەر حیسابی برینی نەتەوەیەک چیی دیکە دەبێت. کاتێک سەرۆک بارزانی هەموو توانا دیپلۆماسییەکانی خۆی دەخاتە گەڕ، ئۆباما و دەیڤید کامیرۆن و فرانسوا هۆلاند و بان کی مون و سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا و ئەنگیلا میرکل دێنێتە سەر خەت، هاوکارییە سەربازییەکانی هاوپەیمانان بۆ کوردستان دێن، هەولێر و سەرۆک بارزانی دەبنه خاڵی پێکگەیشتنی هاوپەیمانیی نێودەوڵهتی بۆ شەڕی دژی داعش، ئەو دەنگە نەشازانە دێن باس لەوە دەکەن کە چەکەکان تەنها بۆ پارتی هاتوون. کە بۆ یەکەمجار فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەرەنسا وەک یەکەم سەرۆک دەوڵەت دێتە هەرێمی کوردستان، دیسان دەنگە نەشازەکان ئۆقرەیان لێ دەبڕێت بە سیاسەتی بەری چاوت کلی پێوەیە گومان لە سەر هاتنەکە دادەنێن و ڕەخنە لە ئەندامانی تیمی پێشوازی دەگرن و بە پیشوازیی خێزانی ناوی دەبەن. بەڵام ئێستا کە ماوەی مانگێکە سەرۆک بارزانی بە شەخسی سەرپەرشتیی بەرەیەکی فراوان دەکات لە ناوچەکانی ڕەبیعە و زوممار و، کاک مەسرور بارزانی وەک ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان و، مەنسوور بارزانی وەک فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان لەگەڵیەتی و لەگەڵ پێشمەرگە لە پێشی پیشەوەن، بۆ ئەو دەنگە نەشازانە ناڵێن بە خێزانی لە جەنگدان.
بینیشمان کاتێک سەرۆک بارزانی باسی دیکتاتۆریەتی مالیکیی دەکرد کە چۆن دەستوور پێشێل دەکات، پابەند نییە بە ڕیککەوتنی 19 خاڵی، پاشگەز بووەتەوە، ئەو دەنگە نەشازانە لە بری ئەوەی وەک مەسەلەیهکی نەتەوەییی مامەڵه لەگەڵ ئەم پرسە بکەن، دەیانگوت دیارە بارزانی کێشەی شەخسیی لەگەڵ مالیکی هەیە. کە مالیکی قیادەی عەمەلیاتی دیجلەی دروست کرد بۆ گرتنی کەرکووک، ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبووایە و هێزی لە بەرامبەر نەجووڵاندایە، ئەو کات دەبینرا چیی بە سەرکەرکووک دەهێنرا لە لایەن مالیکییەوە. لە پرسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمدا، ئەوانەی کە هەمیشە بۆ دژایەتیی پارتی سیاسەتی قەیرانسازی و بەڕێوەبردن بە قەیرانیان هەیە، خۆیان بە شایستەی دەوڵەت نازانن و، ئەوانەی قەندیل واوەتر دەچن و بە ئاشکرا دەڵێن کە باوەڕیان بە فۆرمۆلەی دەوڵهت- نەتەوە نییە و لە بری ئەوە کۆمەڵگای دیموکراتیک مەترەح دەکەن. وەک بینیشمان تا ئێستا نە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا ناوی کوردستانیان لە سەره و نە ئەسڵهن لە پرسی کورد سەربەخۆیی لایان جێی باسە. بۆیە دەیانەویست مافێکی سرووشتیی نەتەوەیهک لە بڕیاردان لە مافی چارەنووسی خۆی بە ململانێی حیزبی ببەستنەوە.
ئەوانەی بەرامبەر پارتی و سەرۆک بارزانی و ڕێبازی بارزانیی نەمر، دەیانەوێت لە سەر میتۆدی بەڕێوەبردن بە قەیران بەردەوام بن، ڕەنگە دەستکەوتێکی تاکتیکی کورتخایەن لە فەزای مەجازی بەدەست بێنن، بەڵام لە سەر ئەزر و له ناو مێژوو و لە سەر ئاستی ستراتیژ هەمیشە بە دۆڕاوی دەمێننەوە. بەڵگەی میژووییش لە شێخ عەبدولسەلامی بارزانییەوە سەیر کەن لە 100 ساڵی ڕابردوو تا ئێستا، بزانن چۆن لەسەر ئاستی ماکرۆ و ستراتیژ پارتی و ڕێبازی بارزانی براوە بوو. بزانن ئەم ڕێبازە لەبەردەم چ تۆفانێکی گەورە هەر بە پێوە ماوەتەوە.
قسەکەی برێشت جوانە و لە سەرەتای ئەم گوتارەش نووسیومەتەوە، ئێمە دەجەنگین بۆ ئایندەیەکی گەشتر و سەربەخۆیی، بۆیە ئاساییە هەندێ جار دەگلێین و هەوراز و نشێو دێتە ڕێمان، بەڵام ورەمان بەرزتر، بەرچاومان ڕۆشنتر دەبێت و، هەمیشە بە براوەیی دەمێنینهوه، بەڵام ئەوانەی قەیرانسازن و لە ئاستی بچووک و مایکرۆ بە تەمای دەستکەوتن و هیچ ناکەن و تەنها موزایهدە و قسە دەکەن، ئەوە هەمیشە بە دۆراوی دەمێننەوە و کەمێک سەیری میژووی 100 ساڵە بکەن بزانن لە بەرامبەر بارزانی کێ بوون ئەوانەی دۆراو بوون.
* ئهندامی ئهنجوومهنی سهركردایهتیی پارتیی
دیموكراتی كوردستان




