٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پرسی سەربەخۆیی و دیموکراسی

سەرچاوە: KDP.info

بەیان سامی عەبدولڕەحمان

پرسی سەربەخۆیی تاهەتایە هەر لە هزر و دڵی هەموو خەڵکی کوردستاندا دەمێنێت. ئەوەی جێگای سەرنجە سەیرکردنی ئەو گفتوگۆیانەی لە وڵاتانی ئەورووپا دەکرێن سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی و چۆن ئەوانە لەگەڵ یان دژی پرسی سەربەخۆیی بەشداری لەو گفتوگۆیە دەکەن.

ڕیفراندۆم یان گشتپرسیی سکۆتلەندا نموونەیەکە لەسەر ئەوەی چۆن ئەو پرسانە چارەسەر بکرێن، ئەویش بە بەشداری پێکردنی زۆرینەی کۆمەڵگا لە گفتوگۆی کراوە. زۆربەی کورد دڵگران بوون لەوەی کە سکۆتلەندا دەنگی بە سەربەخۆیی نەدا. بەڵام کڕۆکی مەسەلەکە ئەوەیە کە مافی دیموکراسی خۆیان بەکارهێنا بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان، ئەوەش ئەو شتەیە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین. ئەو پڕۆسە سیاسیەی کە وایکرد ڕیفراندۆمی سکۆتلەندا ئەنجام بدرێ، سرووشتی گفتوگۆ و کەمپینەکە هەردووکیان لە گەڵ سەربەخۆیی و لە دژی سەربەخۆیی وانەیەك بوو بۆ هەموو جیهان بۆ دایەلۆگ کردن و دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین. هەروەها سەرکەوتنێك بوو بۆ دیموکراسی.
هەروەکو پارتی نیشتمانی سکۆتلەندی SNP لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2011  پەیمانی بە خەڵك دابوو ئەگەر لە هەڵبژاردن بیباتەوە ئەوا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدات. پارتەکە مایەی سەرسوڕمانی زۆر بوو کاتێك کە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی سکۆتلەندای هێنا و پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینی بەرەو پەیماندانی بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی گشتپرسیەکە. حکمومەتی بەریتانیا ڕەزامەند بوون بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە و هەرچەندە خۆشحاڵ نەبوون بە سەربەخۆبوونی سکۆتلەندا بەڵام ڕێگرییان نەکرد لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم. لەجیاتی ئەمە وترا کە گفتوگۆ و کەمپینی دژی سەربەخۆیی ئەنجام دەدەن.
ئینجا  خەڵکی بەریتانیا بەشێوەیەکی سەرەکی و خەڵکی سکۆتلەندا بەتایبەتی کەمپینێکی درێژیان ئەنجام دا کە هەر لایەکیان گفتوگۆی زۆریان ئەنجام دا لەسەر کاریگەرییەکانی ئابووری، سەربازی، کۆمەڵایەتی و سیاسی بەسەر دەنگدان بە هەردوولای دەنگدان. گفتوگۆکە بە سۆزەوە بوو و هەندێك جاریش گفتوگۆی گەرم بوو، لەگەڵ چەندین ئامار و تەکتیکی میدیایی و بەکارهێنانی وتاری بە هەڵچوونەوە. بەڵام کەمپینەکە دوور بوو لە هەڕەشەکردن و دوژمنکاری بە ڕاشکاوی.
ئەوانەی کەمپینیان دەکرد بۆ مانەوەی سکۆتلەندا لەناو شانشینی یەکگرتوو، کەمپینەکەی خۆیان ناو نەنابوو بە نەخێر بەڵکو پێ‌یان دەگوت کەمپینی پێکەوە باشترە. هەوڵیان دەدا بۆ خەڵکی سکۆتلەندا باس بکەن کە مانەوەیان لەناو شانشینی یەکگرتوو باشترە.
ڕاستییەك هەبوو، سەرۆكوەزیران (دێڤید کامیرۆن) کە سەرۆكی دوو پارتییە سەرەکییەکەی تری بەریتانیا بەشدار بوون لەگەڵیدا بۆ ڕازیکردنی خەڵکی سکۆتلەندا، تاوەکو ئەو یەکێتییەی نێوان سکۆتلەندا و بەریتانیا تێك نەچێ، هەروەها باسی زۆر شتی کرد دەربارەی بڕوای شانشینی یەکگرتوو بە هێزی قەناعەت پێکردن زیاتر لە بەکارهێنانی هیز یان هەڕەشەکردن. لە بەریتانیا چاوەڕوان ناکرێ کە ئینگلیز هێز بەکار بێنێ یان هەتا بەرەنگاربوونەوەی یاسایی بۆ ڕێگریکردن لە سکۆتلەندا لە پێڕۆکردنی مافی خۆی بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی. 
لە کۆتایی کەمپینێکی ماوەی یەك ساڵی، زۆرینەی خەڵکی سکۆتلەندا ڕۆژی پێنجشەممە دەنگیان دا بۆ مانەوەی سکۆتلەندا لە شانشینی یەکگرتوو و بڕیاریان دا دژی سەبەخۆ بوون. ئەنجامەکان دەریان خست بە ڕێژەی  55% لە دژی سەربەخۆیی دەنگیاندا و  45% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، بەڵام وا چاوەڕوان دەکرێت کە پێداچوونەوە بکات بە دانوستانە دەستوورییەکەی کە سکۆتلەندا و ئینگلتەرە و وێڵز و ئەیرلەندای باکوور پێکەوە دەبەستێتەوە. زۆر پێدەچێ کە دەبێ نەك تەنها سکۆتلەندا، بەڵکو گەلەکانی تریش لە ناو شانشینی یەکگرتوو هێزی لامەرکەزی زیاتریان هەبێت. 
گەلێکی تر لە ئەوروپا دەیەوێت کە ڕیفراندۆم بکات ئەویش کاتەلۆنیایە. کە دەیانەوێ ڕیفراندۆمێکی نا ئیلزامی ئەنجام بدەن بۆ سەربەخۆ بوون لە ئیسپانیا لە مانگی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەر. گەلی کاتەلۆنیا دوو پرسیاریان ڕوبەڕوو دەکرێ: ئایا دەتەوێت کاتەلۆنیا ببێت بە دەوڵەت؟ بۆ ئەوانەی کە دەڵێن بەڵێ، پرسیارێکی تری بەدوادادێت، ئایا دەتەوێت ئەو دەوڵەتە سەربەخۆ بێت؟
وێڕای ئەوەی کە ڕیفراندۆمی کاتەلۆنیا ئیلزامی نییە، مەدرید بە پەلە و سوور بوو لەسەر ئەوەی نابێت ڕیفراندۆم بەڕێوە بچێت و هەڕەشە ئەوە دەکات لە دادگا ڕێگری لێ بکات. ئەم هەفتەیە توندوتیژی زیادی کردووە کاتێ کە وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئاماژەیدا کە حکوومەت هێزی بە پەلە بە کار دێنێ بۆ دواخستنی ئۆتۆنۆمی بۆ کاتەلۆنیا و ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی دەنگدان. هەرچەندە وزیری ناوخۆ گوتی ئەم شتە ڕوونادات.
ئاماژەی هەندێك کەس لە مەدرید بە سەپاندنی هێزی بە پەلە (ئیمێرجێنسی) و دوژمنکاریی گشتیی مەدرید بۆ بیرۆکەی ڕیفراندۆم بە تەواوی پێچەوانەیەکی بەرچاوە لەگەڵ ئەو گفتوگۆی کراوە لە شانشینی یەکگرتوو.
کاتێك کە ئەنجامی ڕیفراندۆمی سکۆتلەندا دەرچوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیا (ماریانۆ ڕۆجۆی) گوتی سکۆتلەندا ڕزگاری بوو لە "دەرەنجامێکی مەترسیدار" ی جیابوونەوە. لە وتارێکی ڤیدیۆیی بوو کە تیایدا هیچ ئاماژەی بە کەتەلۆنیا نەکرد، (ڕۆجۆی) خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە ئەنجامەکەی سکۆتلەندا. گوتی: "نەم بڕیارەیان سکۆتلەلەندییەکان خۆیان ڕزگارکرد لە دەرەنجامە گەورەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی و سیاسیان کە جیابوونەوەی تووشی دەکردن". لە درێژەی گوتەکانیدا: "بڕیاری هەڵبژاردنیاندا لە نێوان جیابوونەوە و پێکەوەژیان و بڕیاری هەڵبژاردنیاندا لە نێوان گۆشەگیری و کرانەوە و لەنێوان ئارامی و نادڵنیایی. هەروەها بڕیاری هەڵبژاردنی باشترین بژاردەیان دا بۆ گشت کەسێك – بۆ خۆیان و بۆ ئەورووپا."
هەڵوێستی ئیسپانیا هەتا لە بیرۆکەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕەنگدانەوەی ئەو وڵاتەیە بۆ نائارامی لەو وڵاتە و نەریتی دیموکراسی ناکامە بە بەراوردکردن لەگەڵ شانشینی یەکگرتوو. نەریتی دیموکراسی لە ساڵی حەفتاکانەوە (1970s) هاتووەۆتە ناو ئیسپانیا لەکاتێکدا کە بەریتانیا چەند سەدەیەكە دیموکراسی تیایدا پراکتیزە دەکرێت.
لە عێراق، نەریتی دیموکراسی نییە و لە زۆربەی کاتەکاندا تفەنگ وەڵامی زۆربەی پرسیارەکان دەداتەوە. بەڵام هەڵوێستی عێراق هەرچۆنێك بێت بەرامبەر سەربەخۆیی کوردستان، لە کۆتاییدا هیچ شتێك ناتوانێ ڕێگری لە خەڵك بکات بۆ وەدستهێنانی خەونەکەیان.

 


 

هەواڵی پەیوەندیدار