٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ستراتیژی گەڕانەوەی یەكەم تەرمی سەربازی عێراقی

سەرچاوە: Hewler

ئازا حەسیب قەرەداخی

تا دێ هەموو رەهەند و بوارەكانی حوكمڕانی لە بەغداددا بەرەو خراپتر دەڕۆن. لە سایەی فەرمانڕەوایی نووری مالیكی و تاقمەكەیشیدا، ئاسۆی چارەكردنی كێشەكان دیار نییە و تونێلی ئەو قەیرانەی دەوڵەتی عێراق تێی كەوتووە لە رووی دەستوور و پێكهاتەی فیدراڵی، هەروەها لە رووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە خەڵك و گەشەكردنی ئابووری و پاراستنی ئەمنییەت و نەهێشتنی تیرۆر و باندەكانی چەتەیی و تاقمەكانی تاوانی مەزهەبیی، ئەوسەری دیار نییە و تا دێت تاریكتر دەبێ.

سەبارەت بە پێوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، هێشتا چاودێران و لێكۆڵەرەوان و نووسەرانی نزیك لە نووری مالیكی كەشەكە گەرمتر دەكەن و بارگرژییەكان هەڵدەكشێنن.

خاتوونێك لەو كەسانە كە هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە، وەكوو چارەسەر پێشنیاز بۆ مالیكی دەكات كە دەستبەجێ دوو پارێزگار بۆ سلێمانی و دهۆك دابمەزرێنێ و سه‌رۆکی هه‌رێمیش پاریزگاری هەولێر بێ و لەمەودوا دەستەواژەی پارێزگاكانی باكوور بەكار بهێنرێ لە جیاتی هەرێمی كوردستان كە موسیبەت و وەیلات و یاخیبوونی بۆ عێراق هێناوە.

یەكێكی دیكە بۆ رزگاربوون لە كورد و كێشەكانیان، پێشنیاز بۆ مالیكی دەكات كە هەرچی زووە دەستگەكانی راگەیاندنی كوردی و هەموو ئەو كوردانە لە بەغداد دەربكات كە بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان كار دەكەن.

پێدەچێ مالیكی ئەم پێشنیازەی قبووڵ كردبێ و بە داخستنی نووسینگە و نوێنەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردبێ كە لە بەغدادن.

لە رووی جموجۆڵی سەربازییشەوە، هەمیشە ئەگەری دووبارەبوونەوەی رووداوەكانی زوممار و ئەوانەی پێشووتر هەر لە ئارادان. هیچ گەرەنتییەكیش نییە كە چەندبارەبوونەوەی ئەم جموجۆڵانە هەموو جارێ ئەوها بێ پێكدادان كۆتایی پێ بێت. دەشێ بە رێكەوت بێت یان بە دەستی ئەنقەستی دوژمنكارێك بقەومێ و كۆنتڕۆڵ نەكرێتەوە.

نووری مالیكی كار لەسەر ستراتیژی گەڕانەوەی تەرمی یەكەم سەربازی شیعەی كوژراو لە رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگەی كوردستاندا دەكات، بۆیە ئەمە هەڕەشەیەكی كۆتایینەهاتووە.

ئەو یەكە سەربازانەی مالیكی بۆ تخوبی ناوچە دابڕێنراوەكان دەیانجوڵێنێ، یەكەی سەربازیی تەواو شیعەن. مەرجیش نییە هیچ فیشەكێك لە تەرەفی پێشمەرگەوە بە ئاڕاستەی ئەو هێزانەدا بتەقێنرێ، بەڵكوو گرەوی مالیكی لەسەر كوشتنی یەكەم سەربازی شیعەیە، بۆیە دەشێ ئەم جارە نا جارێكی دیكە، لە لای خۆیەوە ئەو سیناریۆیەیش تەواو بكات و ئەوسا كێشەكە بگۆڕێ بۆ كێشەی شیعە لەگەڵ كورددا.

من كە ئەم تەرحە دەكەم، ئەوەم لە بەرچاوە لە لایەكەوە مالیكی دەناسین پیاوی قووڵكردنەوە و فراوانكردنی كێشە و قەیرانەكانە نەك چارەكردنیان. لە لایەكی دیكەیشەوە دەزانین هێزەكانی عێراق بایی ئەوەندە نین بتوانن سنوورەكانی عێراق بپارێزن تا مالیكی بۆ ئەو مەبەستە بیانجووڵێنێ. مەگەر هەر بۆ ئەو مەبەستە دوژمنكارە بێ بۆ بەرپاكردنی قەیرانێكی نەتەوەیی – مەزهەبی.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و تەنانەت بە هاوكاریی هێزەكانی ئەمەریكایش، هێزە چەكدارەكانی عێراق كە راستەوخۆ مالیكی سەركردەیانە، نەیانتوانیوە لانی كەمی باری ئەمنییەت و ئاساییشی خەڵكی عێراق راگرن، تا ئێستا بتوانن سنوور بپارێزن.

بۆ نموونە كە لە 27/7/2012ـدا، مالیكی هێزەكانی ناردبوو بۆ زوممار تا سنوور بپارێزن، دوای سێ رۆژ لە 31ـی هەمان مانگدا، چەند چەكدارێكی تیرۆریست كە لە ژمارەی پەنجەكانی یەك دەست زیاتر نەبوون، لەناو جەرگەی بەغداددا پەلاماری باڵاخانەی قەڵاچۆكۆدنی تیرۆرـیان دا و هەموو ئەفسەر و سەربازەكانی ناویان كوشت.

ئەگەر ئەمە توانا و لێهاتوویی لەشكرەكەی مالیكی بێ، ناكرێ متمانەی ئەوەی پێ بكرێ سنوور بپارێزێ. بەڵكوو پێویستە هەمیشە هۆشیاری ئەوە بین مالیكی بۆ مەبەستی زیاتر قووڵكردنەوەی كێشەكان بەكاریان بهێنێ.

هەواڵی پەیوەندیدار