٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مه‌حموود محه‌ممه‌د: دەبێ ئێراق ببێتە دەوڵەتێکی کۆنفیدراڵی بە چوار دەستورەوە

سەرچاوە: KDP.info
ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و به‌رپرسی ده‌ستگای ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتیی دیموکراتی کوردستان(مه‌حموود محه‌ممه‌د)

هه‌ولێر-KDP.INFO-  ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(مه‌حموود محه‌ممه‌د)، پێوه‌ست به‌و دۆخه‌ی له‌ عێراقدا به‌ تایبه‌ت له‌ پێکه‌وه‌ژیان و پێکه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا له‌ئارادایه‌، باوه‌ڕی وایه‌، ئێڕاق ناکرێ بە یەک دەستوور و یاسای سەرتاسەری بۆ شیعەی عەرەب و عەرەبی سوننە و بۆ کورد، ئینجا لە ناو ئەوانەشدا چەندین نەتەوە و ئایینی جیاجیای دیکەش هەن کە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، دەبێ لەبەرچاو بگیرێن، بەڕێوە ببردرێت.. چونکه‌ وه‌ک ئه‌و ده‌ڵی، رێگەی ڕاست و چارەسەری بنەڕەتی کە بەرژەوەندیی ئێراقییەکان و دراوسێکان و ئەمه‌ریکا و ئەورووپاشى تێدا بێ، ئەوەیە کە ئێڕاق بکرێ بە سێ دەوڵەت و ئەگەر لەژێر گوشاری بەرژەوەندییەکان ئەمەیان نەکرێت، دەبێ ئێڕاق ببێتە دەوڵەتێکی کۆنفیدراڵی بە چوار دەستورەوە.
له‌و وتاره‌یدا که‌ تایبه‌ته‌ به‌ KDP.INFO-ی و ده‌قه‌که‌ی له‌ خواره‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، (مه‌حموود محه‌ممه‌د) ڕایده‌گه‌یه‌نێت، شیعە بە شێوەیەک بۆ ئەم دونیایە و بۆ دنیای دوای مردن بیر دەکاتەوە، 80 ساڵ خۆی بە ستەملێکراو دەزانی، کە عەرەبی سوننە چەوساندویەتییەوە، ئێستا دێت تۆڵەی ئەو هەموو ماوەیە بکاتەوە و هەوڵ بدات ئێڕاق وەکو شەریعەت و هزری شیعە و مەرجەعەکانی مەزهەبی شیعە لە ئێڕاق و ئێران و لوبنان بەڕێوە بچێ.
ده‌رباره‌ی سوننه‌یش نووسیویه‌تی، عەرەبی سوننەش 80 ساڵە دەسەڵاتی بە دەستە و خۆیان بە موستەحەقی دەسەڵات لە سەرتاسەری ئێڕاق دەزانن و بەشێک لە مەندیل بەسەرەکانیشیان، دەتوانن فه‌توای کافربوونی خەڵک و دواییش کوشتنیان بدەن، بە تایبەتی کە هەزار ساڵ زیاترە هەڵگرانی باوەڕی مەزهەبی شیعەیان بە رافزی حیساب کردووە، جگە لە خۆیان خەڵکی دیکە بە عەرەب حیساب ناکەن و دەبێ شا و هەندێک سەرۆککۆمارەکانی عەرەب رازی بکەن و کوردیان بە میوان لەم وڵاتە دەزانی و، چۆن ئێستا دێن قبووڵ بکەن دەسەڵات لەگەڵ شیعە و کورددا بەش بکەن.

ده‌قی وتاره‌که‌:
هەڵەیەکی کوشەندە لە پرۆسەیەکی ڕاستدا
ئه‌مه‌ریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا بەوە ناسراون کە، زۆر درەنگ بەرامبەر رووداوەکان هەڵوێست وەردەگرن، بۆیە پێشبینی دەکرێت یەکێک لەم هۆکارانە لە پشت ئەم درەنگ هەڵوێست وەرگرتنەوە بێت:
یەکەمیان: زۆر درەنگ دەگەنە قەناعەت لە ڕاستیی رووداوەکە، هەموو رووداوەکان سەرەتا لای ئەوان سیناریۆی دروستکراون یا رووداوەکە بچووکە و گەورە نیشان دەدرێ.
دووەم: بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی کە هەیانە لەگەڵ ئەو وڵاتەی رووداوەکەی تێدا روو دەدات، یان هەندێک جار بەرژەوەندیی چەند وڵاتێکی دۆستیان لەگەڵ ئەو وڵاتەی رووداوەکەی تێدا روو دەدات.
سێیەم: پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەو وڵاتە لە رووی دیپلۆماسی یان تێکەڵیی کەسانی دەسەڵات بەدەست لەگەڵ وڵاتەکانیان.
رژیمەکەی سەددام حوسێن، چیی نەما بە خەڵکی ئێڕاقى نەکات، لە سەرکوتکردن و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکان و رێگەگرتن لە پێشکەوتن، دەرکردن، سووتاندن، کیمیاباران، کوشتنی بەکۆمەڵ، وێرانکردنی شار و گوندەکان، گۆڕی بەکۆمەڵ و زیندەبەچالکردن و... هتد.
چونکە ئەم رژێمە ئەوکات دۆستی هەندێ وڵاتی عەرەبی بوو و ئامادە نەبوون لە سەفارەتەکانیان وەرەقەی بەیانێکی ئۆپۆزسیۆنیش وەربگرن، تا کار گەیشتە ئەوەی کارە دژبە مرۆڤایەتییەکانیان سنووری عێراقی بەزاند و گەییشتە وڵاتانی دراوسێی، بەوەش هێشتا لە خەمی یەکێک لەم سێ هۆکارەدا بوون کە لەسەرەوە باسمان کردوون، تا ئەوەی خوا کردی و رژێمی سەددام هێرشى کردە سەر هەرسێ هۆکاری باس کراون و، مەترسیی جیددی لەسەر دروست کردن، ئینجا لە خەو ڕاچڵەکین و عاسیفەکانیان دەست پێ کردن، ئەم درەنگ هاتنەدەستەیان زیانی خۆیان و خەڵکی ئێڕاقیشی چەند بەرابەر کرد.
خەڵکی ئێڕاق و بە تایبەتیش کورد بە هەموو دنیای راگەیاندبوو، کە ئەم رژێمە سەرەڕۆیە سنوور ناناسێ و لە هیچ چوارچێوەیەک جێگیر نابێت و دەبێتە سەرئێشە بۆ تەواوى کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.(هەر واش دەرچوو).
درەنگ وەختان گەییشتنە قەناعەت، بەڵام لەژێر کاریگەریی هەندێ دەوڵەتی ناوچەکەدا بریارێکی ماقوڵانەیان پێ نەدەدرا و هەموو شتیان دەدایە دەست قەزا و قەدەر! بۆیە نەیانهێشت بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ چۆنیەتیی ڕووخان و دوای ڕووخانی رژێم پەسەند بکرێت.
ئەوەندەی لە خەمی دڵڕاگرتنی هەندێ شا و سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانى خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوون، لە خەمی ئێش و ئازاری خەڵکی ستەمدیتەی ئێڕاقدا نەبون، هەر لەبەر ئەوەش بوو کاتێ ئۆپۆزسیون لە کۆنفرانسی لەندەن داوای کرد حکوومەتی کاتی ئامادە بکرێت بۆ جێگرتنەوەی رژێمی سەددام، موافەقەیان نەکرد و نەیانهێشت ئامادەکاریی پێویست ئەنجام بدرێ، چونکە دەیانزانی ئەو شا و سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە حکوومەتێک رازی نابن کە تەعبیر لە حەقیقەتی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و ئاینزایی ئێڕاق بکات. ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی کە کاتێ پرۆسەی ئازادی دەستی پێ کرد، خۆپارێزی بکەن هەتا لە هاوکاری و بەشداریکردنی کورد لە هەندێ شوێن و، تەسلیمی ئەو هزرە بۆگەنیوەی ئەو دەوڵەتانە بوون.
دوای پرۆسەی ڕووخاندنی رژێم، زۆر بە ناشارەزایی بەرەوپیری بنیاتنانەوە و دامەزراندنەوەی ئێڕاق چوون، کە ئێستا و دوای 13 ساڵ، دووبارە دەبێ بێنەوە، هەر چەندە بە هاتنەوەشیان ئەو رەوتەی کە دەیانتوانی بە ئاراستەیەکی دروست و سەردەمیانە دەستی پێ بکرێ، چاک ناکرێتەوە، چونکە ئەو سەردەم ئاسان بوو، بەڵام ئێستا زۆر بە زەحمەت بووە، لەو کارانەی دەبوو بیانکردایە و نەیانکرد، چەند نموونەیەک باس دەکەم:
* چونکە دەستە یان هەیئە یان کۆمەڵەیەک و یەکەیەکی ئیداری دیاریکراو، دەستبەجێ بۆ ئیدارەی وڵات لە دوای ڕووخانی رژێم نەبوو،  فەراغێکی زۆر پەیدا بوو، جگە لە بێ سەروبەری پایتەخت و چەند شارێک، تەنیا خەڵکی ئێراق دەزانێ ئەو قۆناغە چەند بە ئازار بوو.
* چونکە لە پێش رووخاندنی رژێم حکوومەتێک پێک نەهاتبوو کە دەستبەجێ بکەوێتە کار، دەسەڵاتدارانی ئەمه‌ریکا لە عێراق کەوتنە ژێر هەژمهوون و گوشاری تەیاری دینی، لە شیعە و سوننەی عەرەب و وردە وردە دەسەڵاتیان تەسلیمی ئەحزابی ئیسلامی کرد و بەو هەنگاوەشیان پشتی ئەحزاب و کەسایەتیى علمانی و رۆشنبیری کە سەردەمیانە بیریان دەکردەوە، شکاند و، لە مەیدان دەریان کردن.
ئەمەش زەربەیەکی کوشندە بوو بۆیان و سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ تەیاری دینی جگە لە کوردستان.
* چونکە باوەڕیان بە توانا و ڕایەکانی خەڵکی ئێڕاق نەبوو، بیرکردنەوەیان بۆ خەڵکی عێراق لە ئاستی بیرکردنەوەی ئینگلیزەکان بوو لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی رابردوو، کە هەموو شتێک دەبێ لە دەستی پیاوانی ئایینی و سەرۆکهۆزەکاندا بێت و کار گەییشتە ئەوەی جگە لە پرسکردن و ڕا وەرگرتنی ئەوانەی پێگەی دیاریکراویان لە رووی ئایینی ئیسلامەوە هەیە، چەند کۆبونەوەیەکیان بۆ سەرۆکهۆزەکانیش رێک خست و دەیانویست ئەوان جێگەی حزبەکان بگرنەوە، بە تایبەتی حزبە عه‌لمانییەکان و نەتەوەییەکان، کۆبونەوەی پارێزگای ناسریە نموونەیەکی دیاری ئەم بابەتەیە، هەتا لە کوردستانیش ویستیان دەسەڵات بکەوێتە دەست ئەوانەی کە دەبوو دادگایی بکرێن لەسەر هاوکارییان لەگەڵ رژێمی سەددام و بەشدار بوون لە کۆمەڵێک پرۆسەی کارەساتبار و، بەرەی کوردستانى، لە پێناوی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لێبوردنی بۆ دەرکردبوون، خەریک بوو ئەوانەیان وەکو نوێنەری کورد و خەڵکی کوردستان دەناساند و ئەوان پرسیان پێ دەکرا کە کورد چیی دەوێت و ناسنامەی هەڵگرتنی چەکیان بە ناوی ئەوانەوە دەردەکرد.
کەواتە کاتێک دەسەڵات درایە دەست فه‌توابەدەستەکان، کە لە 80%-ى یاساکانی مرۆڤ دایاندەنێ قبووڵی ناکەن و، کلیلی بەهەشت و جەهەنەمیان لایە و ئەوەی ئەوان دەیڵێن قابیلی مناقشە نییە، چونکە بە ناوی دینەوە قسە دەکەن و تەکفیرکردن و مانەوە بەزیندوویی لە دەست ئەوان بێ.
شیعە بە شێوەیەک بۆ ئەم دونیایە و بۆ دنیای دوای مردن بیر دەکاتەوە، 80 ساڵ خۆی بە ستەملێکراو دەزانی، کە عەرەبی سوننە چەوساندویەتییەوە، ئێستا دێت تۆڵەی ئەو هەموو ماوەیە بکاتەوە و هەوڵ بدات ئێڕاق وەکو شەریعەت و هزری شیعە و مەرجەعەکانی مەزهەبی شیعە لە ئێڕاق و ئێران و لوبنان بەڕێوە بچێ.
عەرەبی سوننەش 80 ساڵە دەسەڵاتی بە دەستە و خۆیان بە موستەحەقی دەسەڵات لە سەرتاسەری ئێڕاق دەزانن و بەشێک لە مەندیل بەسەرەکانیشیان، دەتوانن فه‌توای کافربوونی خەڵک و دواییش کوشتنیان بدەن، بە تایبەتی کە هەزار ساڵ زیاترە هەڵگرانی باوەڕی مەزهەبی شیعەیان بە رافزی حیساب کردووە، جگە لە خۆیان خەڵکی دیکە بە عەرەب حیساب ناکەن و دەبێ شا و هەندێک سەرۆککۆمارەکانی عەرەب رازی بکەن و کوردیان بە میوان لەم وڵاتە دەزانی و، چۆن ئێستا دێن قبووڵ بکەن دەسەڵات لەگەڵ شیعە و کورددا بەش بکەن.
هەندێ حزبی ئیسلامی هەبوون خوا خوایان بوو بە تیرۆریست ناوزەد نەکرێن و بتوانن لە ئیدارەی ئەم وڵاتەدا بەشدار بن، کەچی دەسەڵات درا بە ئەوان و پاڵپشتیی توندڕەوترین کەسەکانیان کرا، لە بەرامبەریشدا ئەو خەڵکەی باوەڕی بە پێشکەوتنەکان و کۆمەڵگای مەدەنی هەبوو، نەک لاوازکران، بەڵکو لە ئێڕاقیش جێیان نەبووه‌وە.
زۆربەی سیاسی و ئاکادیمییەکان، یا چوونە دەرەوەی ئێڕاق یان لەناو ئێڕاق بەڕاوێز خران، دەی ئێستا دەیانەوێ بەو کەرەسەی کە باوەڕی بە دیموکراسی نییە سیستمێکی دیموکراسی دابمەزرێنن و، داعش و ماعش دروست نەبن و بەرژەوەندییەکانیان نەکەونە مەترسییه‌وه‌؟! ئومید دەکەم ئاوا بیر نەکەنەوە، چونکە ئەگەر ئێستایش وا بیر بکەنەوە، ئەوەی کە دەستیان پێ کردووە لە ناوەڕاست رایدەگرن و زۆنگاوێک دروست دەبێ، نەک ئەم ناوچەیە بەڵکو مرۆڤایەتی دەکەوێتە مەترسییەوە.
لەوانەیە هەندێک ئەم پرسیارەم رووبەڕوو بکەنەوە، ئەرێ ئێستا کاتی ئەم نووسینەیە کە ئەمه‌ریکا و زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا هاوکاریمان دەکەن؟
وەڵامم بۆ ئەوانە ئەوەیە: ناکرێ ئیعتراف نەکرێ، کە ئەم بارۆدۆخەی ئێستا خوڵقاوە، بەشێکی زادەی ئەو هەڵانە نییە کە لە پرۆسەی بنیاتناوەی عێراقدا کراون و ناکرێ هەڵەکان نەگوترێن و باسیان نەکرێ و دووبارە و سێبارە ببنەوە.
ئەگەر بە راستی و دروستی لە کێشەکانی مەزهەبی و نەتەوەیی ئەو ئێڕاقەی کە بە هەڵە دروست کراوە نەگەن، چۆن چارەیان بۆ دەدۆزنەوە؟
ئێڕاق ناکرێ بە یەک دەستوور و یاسای سەرتاسەری بۆ شیعەی عەرەب و عەرەبی سوننە و بۆ کورد، ئینجا لە ناو ئەوانەشدا چەندین نەتەوە و ئایینی جیاجیای دیکەش هەن کە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، دەبێ لەبەرچاو بگیرێن، بەڕێوە ببردرێت...
رێگەی راست و چارەسەری بنەڕەتی کە بەرژەوەندیی ئێراقییەکان و دراوسێکان و ئەمه‌ریکا و ئەورووپاشى تێدابێ، ئەوەیە کە ئێڕاق بکرێ بە سێ دەوڵەت و ئەگەر لە ژێر گوشاری بەرژەوەندییەکان ئەمەیان نەکرێت، دەبێ ئێڕاق ببێتە دەوڵەتێکی کۆنفیدراڵی بە چوار دەستورەوە؛ شیعە بە دەستوورێک، کە تموحی شیعەکانی جه‌عفه‌ری و ئایەتوڵڵاکانیان و ریسالەکانیان بۆ پەیڕەوانیان لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەوە دابین کردبێت و، بەوپەڕی ئازادییەوە بچنە زیارەتی ئیمامەکانیان و یادی لەدایکبوون و کۆچی دواییان بکەنەوە و، لە بیرەوەریی شەهیدبوونیان زنجیر و قەمە لە سەر و سینگی خۆیان بدەن و ئەوەى ویستی ئەوانە بەو کردەوەی هەست دەکەن، واجبە شەرعیەکانییان تەواو کردووە و نەترسن تەکفیرییەکان خۆیانیان پێدا بتەقێننەوە، حەقى خۆیانە و باوەڕیان بەم پرۆسە هەیە، بۆ ئاستەنگیان بۆ دروست بکرێ؟ بەڵکو رێگەیان پێ بدرێ بەو شێوەیەى دەیانەوێ و ئاسووده‌ن، بژیەن و کاروبارى خۆیان رێک بخەن، با ئەوان خۆیان لە خۆیان بەرپرسى بن و بەرنامەى پێشکەوتن و خۆشیی ژیانى خۆیان دابنێن. کاتى دەستنوێژ، قاچیان مەسح بکەن و بۆ سوجدە مۆرە گڵینەکە لە ژێر ناوچەوانیان دابنێن و رۆژ و زووتر بشکێنن و درەنگتر جەژن بکەن و رێگە بدرێ ژن بە سیغە مارە بکەن و... هتد
دووەم کۆنفیدراڵیى عەرەبى سوننە، دەستوورى تایبەتى خۆیان هەبێ و لەو دەستوورەدا ئەو ماددە و بڕگانە دابنرێ کە عەرەببوون و سوننیبوونى خۆیانى تێدا بسەلمێنن و، سوننیبوونەکەیان کە وەسیلەیەکە بۆ بە عەرەبى رەسەن ناسینیان، بەوشێوەى مەلا و موفتى و قەومییەکانیان فه‌تواى بۆ دەدەن و مقەویماتى نەتەوەییبوون لە چیدا دەبیننەوە تێیدا بنووسن. دەستنوێژ، چۆنیان دەیەوێ ئاوا هەڵیبگرن، کە دەستیان شۆرى بە ئاو، لە لەپى دەستەوە بە دەستى دابکەن تا ئانیشکیان و قاچیان بشۆرن و مەسحى نەکەن و مۆرى کە لە گڵى نەجەف و کەربەلا دروست دەکرێت، دەکرێت لە کاتى نوێژ نەیخەنە ژێر نێوچەوانیان بۆ سوجدە و لە دیوەخانەکانیان قاوەى عەرەبى بخۆنەوە و فەخر بە عەرەببوونى خۆیانەوە بکەن و چەفیە و عەگالەکانیان لەسەر سەریان بێ و، دڵى مەلیک و پادشاکان خۆش بکەن و... هتد.
سێیەم کۆنفیدراڵیى کوردستان، بە دەستوورێک کە تەواوى تموحاتى کپکراوى سەدان ساڵەى بۆ چۆنیەتیی ژیان تێدا بێ، با لە نیشتیمانەکەى خۆیاندا لەگەڵ تورکمان و کلدان سریان ئاشوورى و بە موسڵمان و بە ئێزدییەوە بەو شێوەیەی دەیانەوێ بژیەن، ماددە و برگەکانى دابڕێژن، دڵنیام کە ئەوکاتە سروودى ئەى رەقیبیش ئەوەندە گوشارى لەسەر نابێ و هەندێک پشوو دەدات.
ئینجا دەبێ دەستوورێکى دیکەش هەبێ بۆ دەوڵەتى ئێڕاقى کۆنفیدراڵى، کە پایتەختى بەغدا بێت و ئەم دەستوورە پەیوەندیى هەرسێ کۆنفیدراڵییەکە رێک بخات، هەر دەورەیەکى 4 ساڵى نوێنەرى یەکێک لەم سێ کۆنفیدراڵییە سەرۆککۆمار بێت و چەند وەزیرێکى هەبێ لە هەرسێ کۆنفیدراڵی کە بە یەکسانى لە ڕووى ژمارە و دەسەڵاتەکانەوە نوێنەرایەتیى هەرسێکیان بکات. ئەو کاتە نە لە مزگەوتدا نوێژکەر قەتڵوعام دەکرێن و نە حوسێنییە و نە بارەگاى حزبى دەتەقێنەوە، ئەوکات نە جیهادى و داعش دەتەقێنەوە، نەعه‌سائب و نە داعش دەستیان لە پشت دەدرێ و، نە مالیکى و عامریش بەبوونى پێشمەرگە لە کەرکووک قەڵس دەبن، نە ماددەى 140 خەو لە هەندێکان دەزڕێنێ و نە مسائلە و عەدالە و اجتثاث لە پێکهنانى حکوومەتدا مفاوه‌زاتیان لەسەر دەکرێ و، نە جیهادى کفائە فه‌تواى بۆ دەدرێ و نە فتوحاتى ارض سواد-یش زیندوو دەکرێتەوە و هەموو خاوەن ماڵ دەبن و کەس میوان نابێ و کەسیش رەفز ناکرێتەوە، پێکەوە دەبین و بەرۆکى یەکترییش ناگرین، لەوانەیە لە جیاتى بەرۆکى یەکتر دەستى یەکتر بگرین، ئەوکاتە ئەمه‌ریکاش نیگەرانى هاوپەیمان و دۆستەکانى نابێت و، کەشتى و فڕۆکەکانیش ئەوەندە استهلاک نابن جگە لە تانکییە زەبەلاحەکانى ناو ئاویان بۆ گواستنەوەى نەوت. ئینگلیز و هاوپەیمانەکانیش بەشێک لە ئۆباڵى رابردوویان لە گەردن دەبێتەوە و ئەوکات هەڵە کوشەندەکەش دەبێتە هەڵەیەکى مێژوویى و، تایتڵى نووسینەکەى منیش دەبێتە هەڵەیەکى مێژوویى لە پرۆسەیەکى راستدا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار