٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

٦٦ سال خەبات... نیگایەک بۆ ئایندە

سەرچاوە: KDP.info

هیمن هەورامی


بە بۆنەی ٦٦ ساڵەی دامەزراندنی پارتییەوە ، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و ئەندام و لایانگرانی ئازیزی پارتی دەکەم .

سەری ریز و نەوازش بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدان و سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو دادەنەوینین. سلاویکی گەرم ، لە سەرجەم خانەوادەی سەربلندی شەهیدان و پیشمەرگە و زیندانیانی سیاسی .

پێم وایە ، گەورەیی و هێزی پارتی لە گۆڕینی هاوکێشەی نائومێدی بووە بە ئومێد، گۆڕینی هەستی نەتەوەیی بووە بە هۆشیاریی نەتەوەیی، پاراستنی کەرامەتی ئینسانی کورد بووە، بوونی روانگەیەکی ستراتیژی بووە بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و خوێندنەوەیەکی ورد بۆ پێداویستی قۆناغە جیاجیاکان و گرتنە بەری هەڵوێست و سیاسەتی روون بۆ گەیشتنە ئەو ئامانجە ستراتیژییانە.

هێشتا زۆرێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانمان بە تەواوەتی نەهێناوەتە دی. سروشت و سەرچاوە و ریزبەندییەکانی هێز لە ململانیی سیاسیدا گۆڕدراون، بەڵام (خەڵک) ئەو پێگە هەمیشەییەی هەیە کە بڕیاردەری یەکلاکەرەوەی ئەو هێز بەخشینەیە.

بە لای خەڵکیشەوە ، متمانە سەرەکیترین پاڵنەری لایەنگیری و پشتیوانی و شەرعییەت بەخشینە بەو هێزانەی کە نوێنەرایەتی بکەن.

بارزانی نەمر لە کۆنفرانسی 1967 لە وتەیەکی 20 دەقیقەیی، 44 جار ناوی میللەت دەهێنیت. کەواتە نهێنی سەرکەوتنی پارتی لە 66 ساڵی رابردوودا ، میللەتی بوون و میلەتگەرایی پارتی بووە.

ئێستاش بە ڕای من، گەورەترین هێز بۆ ئایندە سازی و ٦٦ ساڵی ئایندە، تەنها خەڵکی کوردستانە، پێم وایە هیچ هەڕەشەیەک لەوە مەترسیدارتر نییە کە متمانەی خەڵکی بە پارتی کەم بێتەوە، بۆیە نەیار و دوژمنانی پارتی، لە شەڕێکی پلان بۆ داڕێژراوی سایکۆلۆژی بەردەوام، پەلاماری هێڵی متمانەی خەڵک بە پارتی دەدەن، مێژووی دەشێوێنن، سەرەڕای ئەوەش، تا ئێستا متمانەی خەڵکی کوردستان بە پارتی ماوە، بە هێزە ، بەڵام هیچ شتێک گەرەنتی بەردەوامێتی ئەم متمانەیە ناکات ، چونکە ، هەم تێگەیشتنی خەڵک و هەم کایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەرچاوە و تەکنیکی ململانێی سیاسی گۆڕدراوە و هەمیش ئاستی چاوەڕوانی و ماناکانی پێویستی حیزبی سیاسی لای کۆمەڵگای کوردستان و ناوچەکە گۆڕاون.

هیچ هێزێک ناتوانێ تەنها پشت بە سەروەرییەکانی رابردووی ببەستێ. ئێستا ٥٩% ی خەڵکی کوردستان تەمەنیان خوار 25 ساڵە ، کەواتە پارتی پێویستی بەوە هەیە کە ئاوڕێکی جیددی لەوە بداتەوە ، چۆن بۆ نەوەی ئێستا و ئایندە بیسەلمێنێ و بەردەوام مژدە و بەرنامە و دەستکەوتی ئابووری، سیاسی، نەتەوەیی، کەلتوری، مەعنەوی بۆ خەڵکی کوردستان بە دەست بهێنێ و بتوانێ پێگەی پێشڕەوی کوردی هەمیشە لە دەستتدا بمێنێتەوە.

پێم وایە یادکردنەوەی ٦٦ ساڵەی پارتی، دەبێت وێستگەیەک بێت بۆ بە خۆدا چوونەوە، دەستنیشان کردنی خاڵی هێز و لاواز لە کاری تەنزیمی، سیاسی، میدیایی، جەماوەری و دیپلۆماسی و تەشریعی و حوکمڕانی پارتی و بە جورئەتەوە دەستنیشان کردنی کێشە و گرفتەکان و گرتنەبەری بڕیاری گرنگ بۆ گرتنەبەری هەنگاوی پێویست لە مسۆگەرکردنی ئێستا و ئاییندەیەکی پڕشنگدارتر و بەهێزتر بۆ پێگەی پارتی لە هاوکێشە ناوخۆیی و هەرێماییەتییەکان، چونکە زیادەڕۆیی ناکەین کە بڵێین هێز و توانای بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد ، بەشێکی گەورەی بە هێز و بازووی پارتی و رێبوارانی رێبازی بارزانی نەمرەوە بەستراوەتەوە.

* ئەم نووسینەی بەڕێز هێمن هەورامی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایتیی فەیسبووک وەرگیراوە

هەواڵی پەیوەندیدار