کورد، سارد و گەرمی لێک دان
بەکر ئەحمەد ئاکۆ
ناشێت هەر وا بە سانایی بەسەرماندا تێ بپەڕێ کە، سەرلەبەیانیی هەینیی ڕابردوو، (سەرۆک ئۆباما) بڕیارێکی گەلێک "بوێرانە"ی دا لەوەی، فەرمانی بە پێنتاگۆن دا کورد لە هەرێمی کوردستان بپارێزن و ڕێ لە جینۆسایدی برا ئێزدییەکانمان بگرن.
سەرباری هەموو جیاوازییەکانی نێوانیان، بە تایبەت پێوەست بە ململانێ و کێشمەکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دواجار کورد، جەمسەرەکانی جەنگە گەرم و ساردەکانی ڕابردوو و ئێستای لە ژێر چەتری داکۆکیکردن لە گەلێکی ساڵەهای ستەمدیتەدا، کۆ کردنەوە و هاوتای ئەمەریکا، جیا لە وڵاتانی ئەورووپایی، ڕووسیایش، لە هەوڵی پچڕینی بەشێکی شانازیی بە ئارامی هێشتنەوەی نموونەیەکی باش و بەرجەستەی پانتایێکی بچووکی لە سەقامگیری و شارستانخوز، لە نێو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نیمچەدۆزەخدایە.
ئەم بڕیارە کە بێگومان پاش ڕاوێژی چڕی ئەنجوومەنی ئاساییشی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی پیران و پەرلەمانەکەیان، لە لایەن (سەرۆک ئۆباما)وە درا، تەنیا بڕیارێکی وەها سادە نییە ئەگەر درک بە جیاوازیی کورد و باوەڕەکەی بە ئەوانی دەورووبەری نەکرابێ. هەموومان چاک دەزانین لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا قەیران، شەڕ، سەرکوتکاری و یەکدی سڕینەوە..تد، تەنیا لە عێراقدا نییە و بە دیاریکراوییش هەڕەشەی تیرۆر لە ئێستادا تەنیا بەسەر هەرێمی کوردستانەوە نییە، لە سووریای دراوسێمان نزیکەی چوار ساڵە شەڕە و بە هۆیەوە سەدانهەزار کەس لە کوژراو و بریندار هەن، ئەگەرچی زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی دەیانەویست ئەمەریکا لەم پرسەیشیاندا، بە هانایانەوە بچێت و دەست بە باڵی هێزی بەرهەڵستکاری ڕژێمی سووریاوە بگرێت تا لە شەڕی دژبە (بەشار ئەسەد)دا سەرکەون، سەرباری ئەوەی وڵاتانی ئەورووپاییش داوایان لێی کرد، بەڵام هەر نەیکرد.
هەروەها هەموومان دەزانین کە پاش پاشەکشەی هێزەکانی سوپای ئەمەریکا لە عێراق لە کۆتاییەکانی 2011-دا، وەها بڕیار بوو ئەمەریکا هەرگیز لە ڕووی سەربازییەوە دەست وەرناداتەوە کاروباری ئەو وڵاتە. هەڵبەت پاش ڕووداوەکانی 10-ی حوزێران و دەستبەسەرداگرتنی دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق(مووسڵ) و ناوچەگەلێکی دیکەی بەرفراوانی باکووری ئەو وڵاتە لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)ـەوە، هاوکات پێشڕەوییان بەرەو بەغدا، سەرباری خواستی حکوومەتەکەی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر(نووری مالیکی) بۆ دەستتێوەردانی سەربازیی ئەمەریکایی لە وڵاتەکەی، تا زامی شکستی سوپا زوو ساڕێژ ببێ و شوێنە لە دەستدراوەکانی بگەڕێنێتەوە ژێر ڕکێفی حکوومەتەکەی، بەڵام ئەمەریکا بە دەنگییەوە نەچوو.
دووری نابینم لە ڕۆژانی داهاتوودا لێکدانەوەی دەمارگرژانەی بەشێکی عەرەبە ناسیۆنالیستەکان ببیستین و ببینین کە، سیاسەتی (سەرۆک ئۆباما) و وڵاتەکەی لە پشتیوانیی ئاشکرای هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سەرکۆنە بکەن و بڕیاری ڕێگرتن لە جینۆسایدێکی دیکە بۆ سەر کورد و بە تایبەت پێکهاتە ئێزدییەکەی، بخەنە بەر نەشتەرگەریی بێبەزەییانەی شمشێرەکانیانەوە، چونکە هێشتا ئێمە بە لایانەوە ئەوە نین کە زلهێزەکەی دنیا، لە جیاتی ڕووخاندنی ڕژێمی (ئەسەد) و دەمکوتکردنی ئیسڕائیل بۆ بازرگانیکارانی عەرەب بە دۆزی فەلەستین، بە تەحەددا بۆ خۆیانی لێک بدەنەوە.
هەڵبەت ئەگەر کولتووری لێبووردەیی، باوەڕبوون بە فرەیی ئایینی و نەتەوەییی گەلی کورد نەبوایە کە هەر وەک سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وەک نموونەیەکی جوان و بەرجەستەی هەرێمی کوردستان، لە گوتاری هەینیی ڕابردوویدا خستیە بەر باس، وەها بڕیارێکی "بوێرانە" ئاسان نەبوو، ڕوونە کە سیاسەتی دروستی سەرکردایەتیی سیاسی و حکوومەتی کوردستانیش لە ئیدارەدان و ڕەخساندنی وەها زەوینەیەک، هاوکات بەهێزیی دیپلۆماسییەتی کوردی کاریگەرییەکانی لەوانی پێش خۆی زیاتر نەبن کەمتر نین.
ئاخر ئەگەر پرسەکە بە تەنیا نەوت بوایە، خۆ ئێکسۆن مۆبیل لە خوارووی عێڕاقیش پڕۆژەی هەبوو کە جێی هێشت و هاتە هەولێر، هەڵبەت سووریایش بێنەوت نییە، نەوتی عەرەبانیش هێند زۆرە بەشی چاوپڕکردنەوە دەکات. بەڵام دیموکراتخوازانی دنیا بەم پشتیوانی و هاوکارییەیان سەلماندیان کە، چی دی ناشێت لە بەرانبەر چەوساندنەوە، ستەمکردن، بێبەشکردن و بێسەرپەرشت هێشتنەوەی گەلێکی ئاشتیخواز، زلهێزان و بڕیاربەدەستان سەریان شۆڕ کەن.
سەرباری پێشبینییەکانی ڕەنگدانەوەی ئەو بڕیارەی ئەمەریکا و پشتیوانیی هەندێکی وڵاتانی ئەورووپایی لە پرسی پاراستنی کورد لەبەردەم هەڕەشەی تیرۆریستاندا، کە هەڵبژاردەیەکی دروستە، دواجار دەتوانین بڵێین ئیدی نەک هەر دۆست، بەڵکە هاوپەیمانی زلهێزمان هەن و داهاتووی گەش چاوەڕوانمانە.
بۆ من هیچ سەیر نییە، سەرباری کەموکوڕییە نێوخۆییەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ستراتیژی کاری چەندان ساڵەی، (سەرۆک بارزانی) بە پشتیوانیی حکوومەت و باوەڕی پتەو و نەگۆڕی پێکەوەژیانی ئاشتیانە، قووڵکردنەوەی گیانی لێبووردەیی، دابینکردنی چارەنووسێکی درەوشاوەتر بۆ گەلی کورد، سەرنجی زلهێزترین وڵاتی دنیا(ئەمەریکا) ڕابکێشن و لە هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەڵتبژێرن.




