دا‌مه‌زراندنه‌وه‌ی کوردستان پشوودرێژیی ده‌وێت

د. ئاراس عه‌بدلکه‌ریم
ڕێکخه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له دیمانه‌که‌ی دوێنێ شه‌وی KNN دا له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک دۆسیه بۆچوونی خۆیانی ده‌ربڕی که له ڕووی مه‌بده‌ئییه‌وه به‌شێکی زۆری ئه‌و ڕایانه‌ی، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به به‌دامه‌زراوه‌ییکردنی سیستمی حوکمڕانیی کوردستان و زه‌رووره‌تی هه‌بوونی ستراتیژێکی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆ و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و سێکته‌ره‌کانی خزمه‌تگوزارییه‌وه، هه‌مان بۆچوونی ئێمه‌شه و به‌رده‌وام سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی کوردستان و حکوومه‌تی هه‌رێم کاری جدیی له‌م لایه‌نانه‌وه ده‌که‌ن.
به‌ڵام پێویسته ئه‌و ڕاستیه له‌به‌رچاو بگیرێ که به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌م کاره ستراتیژییه گرنگانه جۆرێک له پشوودرێژیی ده‌وێ، هاوکات ناکرێ ئه‌و جیاوازییه زۆره‌ی نیوان ئێستا و ده ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر له‌ڕووی پێشکه‌وتن له بواره ئابووری و سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی و خزمه‌تگوزارییه‌کان فه‌رامۆش بکرێن.
به‌شاهێدیی هه‌موو دنیاش سیاسه‌تی نه‌وتیی هه‌رێم زۆر له‌وه‌ی حکوومه‌تی عێراق سه‌رکه‌وتوووتر و پێشکه‌وتووتره.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێین ده‌بێ کاری زیاتر بکه‌ین، هاوکات ئه‌و ڕاستیه‌ش به‌ڵگه‌نه‌ویسته که ده‌ساڵ و بیست ساڵ بۆمێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ک وه‌ک چاوترووکانێکه.
ده‌بێ بە بایەخەوە له هه‌وڵه جدییه‌کانی سه‌رکردایه‌تیی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکوومه‌ت بڕوانرێ له هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی پشووی هاوکاری لای ئۆپۆزسیۆن، دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دانوستاندن نموونه‌یه‌کی به‌رچاوی ئه‌م سیاسه‌ته‌یه.
سه‌باره‌ت به ده‌ستووریش بێگومان کوردستان ده‌بێ ده‌ستوورێکی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێ، ئه‌و پرۆژه‌ی ده‌ستووره‌ش که‌پێشتر پێشکه‌ش به په‌رله‌مان کراوه، هه‌رگیز له چاره‌نووسی کوردستان و نه‌ته‌وه‌که‌مان گرنگتر‌و به‌بایه‌ختر نییه و هه‌رچی له به‌رژه‌وه‌ندیی ئایینده‌ی گه‌ل و خاکه‌که‌مان بێت و مسۆگه‌رکه‌ری ئاشته‌وایی و پێکه‌وه‌ژیان و پێشکه‌وتنمان بێت ده‌بێ بێ هیچ دوودڵییه‌ک ئه‌نجامی بده‌ین.
ماوه‌ته‌وه بڵێین سه‌باره‌ت به‌و ته‌نگژه سیاسیانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌که که ڕێکخه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماژه‌ی پێدان، لای هه‌مووان ئاشکرایه که هه‌میشه سه‌رکردایه‌تیی کوردستان خوازیار و ده‌ستپێشخه‌ر بووه بۆ دروستکردنی په‌یوه‌ندیی دۆستانه له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و حکوومه‌تی به‌غداشدا، هه‌رگیز هه‌رێمی کوردستان سه‌رچاوه‌ی کێشه و بارگرژییه‌کان نه‌بووه، به‌ڵام بێگومان ئاماده‌ی هیچ سه‌ردانه‌واندن و ته‌سلیمبوونێکیش نییه به ئیراده و ئه‌جێندای هیچ لایه‌نێکی ده‌ره‌کی.
بۆیه ئێستا ئه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تیمان پێڕه‌وی ده‌کات پیاده‌کردنی ستراتیژێکی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆیه له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر ئه‌جێندایه‌کی دی، له‌کاتێکیشدا ستراتیژمان له جێگه‌یه‌ک یان زیاتردا ته‌ریب بێت به هه‌ر ئه‌جیندایه‌کی تر یان یه‌کتربڕ بن، ئه‌وه‌ی ئێمه په‌یوه‌ستین پێوه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیی خۆمانه و به‌س، مه‌سه‌له‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م ته‌نگژه سیاسییه‌ش بۆ ته‌نگژه‌ی سه‌ربازی و چه‌کداری، ئه‌گه‌ریکی ئێجگار دووره و ئه‌زموونی سیاسیی سه‌رکردایه‌تیی کوردستان به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌که شاهێدی ئه‌و ڕاستیه‌یه که کوردستان و ئایینده‌مان له‌ده‌ستێکی ئه‌میندان.




