هەڵوەستەیەك بۆ پەیامەكەی (نێچیرڤان بارزانی)

كەنعان بەهادین
هەرچی لە ترسی كوشتاری مووسڵ ڕا دەكات، بەوە ڕاناگات تەنانەت ژەمەنانێك لەگەڵ خۆی بیهێنێ بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە لافاوی كوشتار وەك تسۆنامی خێرا دەگات و خۆڕزگاركردنیش تاكەڕێگەیە.
جیا لە ئاوارەبوونی نیو ملیۆن پەنابەری مووسڵ و تكریت و سامەڕا بۆ ناوچە جیاوازەكانی كوردستان، كۆچی مەسیحییەكانی ئەم ناوچانەیش دەستی پێ كرد، سەرباری هەبوونی نیو ملیۆن پەناهەندەی كوردستانی رۆژئاوا، هەرێمی كوردستان لە ژێر هەڕەشەیەكی جیددی و مرۆییدایە، بۆ ئەمەیش خودی سەرۆكی حكوومەت بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی) هاتە سەر خەت و پەیامێكی ئاڕاستەی خەڵكی كوردستان و وڵاتانی دونیا كرد و تێیدا مەترسیی ئەو پەنابەرانەی خستووەتە ڕوو كە ڕەوشێكی ترسناكی بۆ ئابووریی هەرێمی كوردستان خوڵقاندووە، بۆیە جەختی لەوە كردەوە كە بە هانای ئاوارە مەسیحییەكانەوە بچن، هەروەك ئاماژەی بۆ قووڵیی پەیوەندیی خەڵكی موسڵمانی كورد و مەسیحی كرد، كە خاوەنی مێژوویێكی گەورەن لە ڕابردوودا.
(نێچیرڤان بارزانی) هانای بۆ یونیسەر بردووە كە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی پەناهەندەكان زیاد دەكات و حكوومەتی عێراقیش جیا لەو ڕەوشە خراپەی كە خوڵقاندویەتی، لە مانگی شوباتەوە مووچە و بودجەی لە خەڵكی هەرێم بڕیوە و هیچ بەرپرسیارێتییەكی مرۆیی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە لەبەرچاو نەگیراوە، بۆیە سەرۆكی حكوومەت داوای كرد كە پێویستە وڵاتان، هەرێمی كوردستان كۆمەك بكەن.
ئەم پەیامە جیددییەی (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەیەكە بۆ دروستبوونی جەختی ئەو ئاوارانە بۆ سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووی سوتەمەنی و خواردن و ئابووری و بازاڕی ئەم وڵاتە، كە هەست دەكرێ هیچ شتێك بەر ناگرێ و هەموو كەلوپەلێك داواكاری و جەختی لەسەرە.
جیا لە دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، شێوەیەك گرانی ڕووی لە بازاڕ كردووە، كاتێك هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئەم قورساییەیان دەكەوێتە ئەستۆ، كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاكارەكانی (نووری مالیكی)ـیەوە هەیە كە بەرپرسیارە لە دروستكردنی ئەم دۆخە ناهەموارەی ئاوارەكان و نەناردنی بودجە و مووچەی هەرێم.
مەسەلەی هاتنی وەرزی سەرما بۆ ئەو ئاوارانەی كە لە مووسڵ و ناوچەكانی تری ناوەڕاستی عێراق هەڵاتوون، دۆخەكە قورستر دەكات، چونكە شوێنەكەیان لەبار نییە بۆ ژیان، وا پێویست دەكات حكوومەتی عێراقی و وڵاتانی دونیا بیر لەوە بكەنەوە بەر لە هاتنی ئەو وەرزە گوزەرانیان باش بكەن.
گەورەترین مەترسیی هاتنی نەتەوەی عەرەب بۆ كوردستان و خەڵك و حكوومەتی هەرێم، مەوزووعی تەعریب و بەربڵاوبوونی نەتەوەی عەرەب لە تەواوی هەرێمی كوردستانە كە خەڵكی نیگەران كردووە، جیا لەوەی ئەم هاتنەی ئەوان ئەركێكی مرۆییە، بەڵام زۆرخایاندنی مانەوەی ئەوان، مەترسی بۆ ئاییندە و نەوەی داهاتوو دروست دەكات، بۆیە پێویستە حكوومەتی هەرێم زیاتر بیر لە بەهێزكردنی كەمپەكان بكاتەوە، مانەوەیان لەوێ بێت، تا بیر لە گەڕانەوەیش بكەن و بیر لە مانەوە نەكەنەوە.
بەپێی بەندەكانی مافی مرۆڤ، مرۆڤ ئازادە لەوەی هەر شوێنێكی ئەم دونیایە بكاتە پێگەی نیشتەجێبوون و مانەوەی هەتاهەتایی، بەڵام نەتەوەی عەرەب لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا لەگەڵ نەتەوەی كورد كێشەی خاك و مەسەلەی داگیركارییان هەبووە، عەرەب لە 100 ساڵی ڕابردوودا خاك و خێر و بێری كوردی بە تاڵان و وەك غەنیمە بردووە، خەڵكەكەیان كوشتووە، داهاتیان لێ بردوون، بۆیە مانەوەی بەردەوامی عەرەب لە خاكی هەرێمی كوردستان مەترسییەكی گەورەیە.
پێویستە هەرچی زووە، تەملیككردنی بستیك زەویی ئەم كوردستانە لەسەر عەرەب حەرام بكرێ، پێویستە تەنیا بیر لەوە بكەنەوە ئەوان لێرە میوانن، میوانیش دەبێت بڕوات.
تەنیا ئەگەر كەسانێكی وەبەرهێن هەبن، بەپێی یاساكانی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بێن لێرە لە كوردستان كار بكەن و بمێننەوە، ئەگینا مانەوەی عەرەب لە شارەكانی هەرێمی كوردستان زەنگی خەتەرە بۆ هەموو نەتەوەی كورد.




