مالیكی لە كەركوك و مەلا كرێكار لە هەولێر
ئاریـــان فــــهرهج
لە بەردەوامیی ئەو فەوزایەی لە بواری راگەیاندندا هەیە و چارەسەر ناكرێت و تیایدا هەموو پیرۆزییەكان و هەموو باوەڕ و بەهاكانی تاك و كۆمەڵ موعەرەزن بۆ سوكایەتی و تانەو تاشەر پێكردن، بەو دواییە لە لایەن گۆڤارێكی هەرزەگۆی نامەسئولەوە سوكایەتی بە زاتی ئیلاهیش كرا كە بووە مایەی برینداركردنی مەشاعیری تێكڕای موسڵمانانی كوردستان، ئەوە بوو حكوومەت لە بەرزترین ئاستدا بەدەم تورەیی موسڵمانانەوە هات و دەستوبرد و بێ چەندوچون، هەرچی ئیجرائاتی پێویستە بۆ ئیدانەكردنی ئەو كوفر و ناماقوڵییە و رێگرتن لە دوبارەبوونەوەی، بە خێرایی و بەزیادەوە گرتییەبەر.
هەر بەو بۆنەیەوە تەئكیدیش كرایەوە كە لە ئاست هەڵوێستی لەو جۆرەدا خەڵكی كوردستان هەموو یەك تیم و یەك گیانین و هەمووش وەك یەك پەرۆشی رێزگرتنی ئایین و بەها و پیرۆزییەكانی گەلی خۆمانین، ئەوە تەنیا خەمی دەستە و تاقمێك نییە.
كەچی دوێنێ و لە شاڵاوێكی پێشتر ئامادەكراوی بەدنیازدا، بە هەمان بیانوو پەلاماری پارلەمان درا، لە بەرامبەر ئاڵای شەكاوەی كوردستان بەسەر تەلاری پەرلەمانەوە، قۆندەرە بەرزكرایەوەو سوكایەتی و بێحورمەتی بەو دەزگایە كرا كە رەمزی ئیرادەو دەنگی ئازادیخوازانەی تێكڕای خەڵكی كوردستانە.
بەوەشەوە نەوەستان و بە چەشنی زاخۆ، بەڵام ئەمجارە لە ناوجەرگەی هەولێر و لەو شارەدا كە دەمانەوێت بیكەینە پایتەخت و سیما و نیشانی پێشكەوتن و مەدەنیتخوازی و شاری پێكەوەژیانی كولتووری جیاجیا و پایتەختی جێی شانازی كوردان، پەلاماری شوێنە شارستانییەكانی وەك هوتێل و یانەی كۆمەڵایەتی و دوكان و بازاڕ درا و سوتێندران.
ئەوانەی كە پێدەچوو سەرمەستی پەیامەكەی مەلا كرێكار ( شەوی رابردوو لە زیندانی نەرویجەوە ئاراستەی كردن) و مەلا كرێكارەكانی ناوخۆ بووبن، بە ئاشكرا پێیان گوتین كە ناهێڵن ئەو پایتەختە مەدەنی و دیموكرات و گەشەكردووە دروست بێت كە پێشكەوتنی كوردستان دەیخوازێت، بە بەرزكردنەوەی پێلاوەكانیشیان بەرامبەر پارلەمان پەیامێكی لەوە رونتریان پێگوتین كە شەرحی پێناوێت، لەوانەش سەرنجراكێشتر هاوكات و لە هەمان سەعاتەكانی ئەو پەلامارەی هەولێردا، لە كەركوكیش مالیكی كۆبونەوەی بە حكوومەتەكەی دەكرد و ئەویش بە دەوری خۆی دەیویست بە ئاشكرا و بە تەحەدداوە پێمان بڵێت: تا حاڵی كوردستان ئەوها بێت، من بەر لە ئێوە لە كەركوكم.




