٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

حەماس

سەرچاوە: KDP.info

سەلام عەبدوڵڵا

ماوە ماوە حەماس یان حیزبوڵڵا بە راكێت هێرش دەكاتە سەر ئیسڕائیل كە تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی هەبێت جگە لە ماڵوێرانیی خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەم دوو رێكخراوەدان.

ئەوەتا جارێكی تر، حەماس لەلای خۆیەوە كەوتووەتە موشەكبارانی شارەكانی ئیسڕائیل بێ گوێدانە شوێنی مەدەنی یان سەربازی. دیارە ئەم جارەش دەیویست ئیسڕائیل تاقی بكاتەوە و بزانێت دێتە گۆ یان نا. كە وەڵامی توندی هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر كەرتی غەززە درایەوە، ئینجا حەماس كەوتە لاڵانەوە گوایە ئیسڕائیل هێرش دەكاتە سەری بێ ئەوەی حسابی ئەوە بكات كە خۆیان دەستپێشخەر بوون، وای نیشان دەدات گوایە زوڵمان لێ دەكرێ.

لە زمانی عەرەبیدا كە ئەم برادەرانە دیارە باش تێدەگەن دەڵێ:

(العین بالعین و السن بالسن و البادی‌ اظلم) واتە چاو بە چاو و ددان بە ددان و دەستپێشخەر تاوانبارە. ئیدی مرۆڤ لە فەلسەفەی ئەم راكێتبارانە ناگات كە بە پلەی یەكەم خۆیان، بە تایبەتی خەڵكی سڤیل، لێی زەرەمەند دەبن.

ئێمە هەموومان لە قوربانیی بێتاوانان دڵگران دەبین، بەڵام ئیدی ئەوان خۆیان ئەو مۆڵەتە بۆ كوشتن و كوشتار دەڕەخسێنن و پاشان خۆشیان وەك قوربانی لە شاشەكانی تەلەفزیۆنەوە نیشان بدەن و داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و گەلانی دونیا بكەن كە هێرشەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر خاكیان رابگرن و ئیدانەی بكەن.

ئەوانە دەبێ ئیتر ئەوە بزانن گەر مەسەلەكە بەكارهێنانی هێزە، ئەوا ئەوان ناتوانن بەرەنگاری سوپا و هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیل ببنەوە و بەسەریدا زاڵ بن، ئیتر ئەم هەوڵە بێ سەمەرە، زوو زوو، لە پای چی دەدەن.

ئەم كێشەیەی نێوان فەلەستین و ئیسڕائیل كەوا بۆ 66 ساڵ دەچێ دەركەوت بە شەڕوپێكدادان كۆتایی نایەت. ئێستا هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی كە هەم لە ڕووی چەك و جبەخانەوە و هەم لە رووی ژمارەی سەربازانیانەوە زۆر لەم رێكخراوانە بەهێزتر و بەتواناترن، بەڵام ئەوان لەم راستییە گەیشتن كە ئەم كێشەیە بە جەنگ چارەسەر نابێ، بۆیە دانیان بە واقیعدا نا و ئاشتییان لەگەڵ ئیسڕائیل هەڵبژارد. وەكو میسر و ئەردەن...و هتد.

بۆیە چاكتر وایە بۆ حەماس وا زوو زوو، حەماسەت نەیگرێ و واز لەو جەنگە نابەرانبەری بهێنێت و روو بكاتە دیالۆگ و ئەوەندە خەڵكی سڤیل نەكاتە قوربانی، وەك خۆیان دەڵێن، ئێستا ژمارەی قوربانییەكان گەیشتووەتە 185 كوژراو كە زۆربەی هەرە زۆریان ژن و منداڵن.

هەواڵی پەیوەندیدار