100 ساڵ دوای بەدەوڵەتبوونی عێراق، چڕنووك دەگرنە رۆژنامەیەكی 47 ساڵی

كەنعان بەهادین
لە 29-4-1967ـدا رۆژنامەی (التاخی) بە پێشنیازی (سەرۆك مەسعوود بارزانی) یەكەمین ژمارەی دەرچوو، پێشنیازەكەی لەو سەروبەندەوە هات كاتێك سەرۆك ویستی رۆژنامەیەك بە زمانی عەرەبی لە گۆڕەپانی رۆشنبیری و رۆشنفكریی عەرەبی عێراق بوونی هەبێت، تێیدا بۆچوون و بیركردنەوەی نەتەوەی كورد ڕەنگ بداتەوە .
(بەدرخان سندی) لە نووسینێكی تایبەت بە وەسفی ئەم رۆژنامەیەدا دەڵێت: ئەم رۆژنامەیە لە شەستەكان بووە جێگەی بڵاوكردنەوەی بۆچوون و ئەفكاری نووسەران و رۆشنبیرانی عێراقی، كاتێ لەو ساڵەی كە تەئاخی دەركەوت عێراق پڕ بوو لە سانسۆری ئازادیی ڕادەربڕین و رای سەربەست، تەئاخی توانی ئەو هەناسەیە بێت لەو كاتەی كە بتوانێ رەخنە بگرێت لە ئەدا و سیاسەتی دەسەڵاتدارانی (عەبدولكەریم قاسم) و پاشان حزبی بەعس.
تەئاخی توانی تا نسكۆی شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان و هەرەسپێهێنانی حوكمی زاتی لەلایەن حزبی بەعسەوە بەردەوام بێت، واتە تا ساڵی 1975 لە دەرچوون بەردەوام بوو.
مێژووی تەئاخی لە دوای ڕاپەڕین بە شكۆمەندییەوە بە زمانی كوردی بەردەوام بوو و بە نێوی (برایەتی) دەردەچوو.
تەئاخی بەردەوام دەنگی كپ دەكرا، تا ئەو ئاستەی بە چەندین بڕیاری وەزاری رژێمەكانی پێشووی عێراق ویستیان دایبخەن، تا ئەو ئاستەی دژایەتیی تەئاخی كراوە، هەندێ جار بە شەوانی درەنگ كاتی ئامادەكردنی رۆژنامەكە چاپخانەی لێ دادەخرا و نەیاندەهێشت چاپ بكرێت.
من پێم وایە رۆژنامەیەك ئەم مێژووە پڕ لە سەروەرییەی هەبێت و توانیبێتی دەیان جەلاد و داگیركەر ببەزێنێ، ئێستا ئاساییە ئەگەر لە ژێر حوكمی (مالیكی)ـیەوە هەڵبكوترێتە سەر بارەگای ئەم رۆژنامەیە لە بەغدا، چونكە ئەوان لە تیشكی بەڕەونەقی تەئاخی تۆقیون، كە رووناكی و ڕۆشنبەخشە بۆ گەلانی چەوساوەی عێراق.
كەسانی وەك لیستەكەی دەوڵەتی یاسا كاتێ ئیدیعای دیموكراسی و ئازادیی بیروڕای سیاسی دەكەن، دەبێ سەیری دەوروبەریان بكەن كاتێ دەبینن باڵاخەی رۆژنامەیەكی مێژوویی ئەم وڵاتە چەكداری دەخرێتە سەر.
ئەمە فەشەلی (مالیكی) و سەركەوتنی گەلی كوردە لە ئاڕاستەكردنی بیروڕای ئازاد بە شێوازی دروست و شارستانی، ئەوان خەریكی سەپاندنی حوكمی تاییفی و مەزهەبین، كورد وڵاتی خۆی بە رۆشنبیری و رای ئازاد بونیات دەنێ.
سڵاو لە مێژووی تەئاخی، دەستی ڕەشی حاكمانی عێراقیش دەركەوت لە بەرامبەر وشەی ئازاد و هەناسەی سەربەستی، ئەم عێراقە 100 ساڵییە بەزۆر لكێنراوە پێویستە هەڵبوەشێتەوە كاتێ لە شەستەكانەوە دژی رۆژنامە بوون، وا لە 2014ـیش وەك ئەو كاتن، كە ئەمە نیشانەی پێشنەكەوتنی بیر و هزری عەرەبی عێراقە.




