٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

عێراق هەڵوەشاوەتەوە نەك هەڵدەوەشێ

سەرچاوە: KDP.info

سوورە مەرگەیی

لە دوای رووداوەكانی مووسڵ و ناوچەكانی تری سوننەنشین كەسانێكی زۆر پرسیاری ئەوە دەكەن، ئایا عێراق هەڵدەوەشێ یان بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە؟ ئەگەر بۆ عێراقی بەر لە رووداوەكانی مووسڵ بگەڕێینەوە، تێدەگەین كە بەر لە رووداوەكانی مووسڵ داوێكی زۆر باریك عێراقی بەیەكەوە بەستبووەوە، رووداوەكانی مووسڵ ئەو داوەیشیان پساند، ئەگەرنا عێراق لەو كاتەوە دابەش بووە كە (نووری مالیكی) لە دەرەوەی دەستوور كەوتە گەمەی فەرمانڕەوایی، بێ گوێدانە بارودۆخی عێراق ململانێ سیاسییەكانی بە ئاراستەی بوغز و كینەی مەزهەبی و نەتەوەییدا دەبردن، سۆزی مەزهەبگەرایی دەجووڵاند و كێشەكانی نێوان شیعە و سوننەی ئەوەندەی تر قووڵ دەكردن، تۆمەتی بۆ نەیارە سیاسییەكانی هەڵدەبەستن و سوننەی پەراوێز دەخست و لەناو شیعەشدا كاری بۆ باڵادەستیی خۆی دەكرد، چەندی باڵانسی هێزی روو لە هەڵكشاندا بووایە، ئەوەندە زیاتر كێشەكانی لەگەڵ كورد توند دەكردن، دەستی دەستی بە ماددەی 140ـی دەستوور دەكرد، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دروست دەكردن و بە داگیركردنەوەی كەركووك و ناوچەكانی تر نەدەوەستا و هەڕەشەی هاتنەوەی بۆ هەولێر و سلێمانییش دەكرد، مووچە و میزانییەی پێشمەرگەی دەبڕی، هێزی خۆی لە قەیراندا دەبینی، هەر بۆیەیش بەردەوام قەیران لە دوای قەیرانی دروست دەكردن، ئایا هەموو ئەوانە بەس نین كە بڵێین عێراق دەمێكە  هەڵوەشاوەتەوە؟

 دوا بڕیاری (نووری مالیكی) بۆ ناردنی مووچە و میزانییەی هەرێم ملكەچی و گوێڕایەڵیی سەركردایەتیی سیاسیی كورد و بە تایبەتی (سەرۆك بارزانی)ـی دەكردە مەرج، لە بەرامبەردا سوننە چ لەناو شەقام و چ لەناو پەرلەمان و حكوومەتدا جۆرێك لە دابەشكارییان كردووە و ئەو یەكپارچەییەی عێراقیان رەت كردووەتەوە كە (نووری مالیكی) دەیویست، كوردیش لەلای خۆیەوە سیاسەتی (مالیكی) بۆ پاراستنی یەكپارچەیی عێراقی رەت كردووەتەوە، لە دەرەوەی خواست و ئامانجە سیاسی و مەزهەبییەكانی (نووری مالیكی) سیاسەتی نەوتی و بڕیاری سەربەخۆكردنی ئابووری بردە سەر، (سەرۆك بارزانی) پێی وابوو لەسەر ئاستی ناوخۆ كۆدەنگی و یەكهەڵوێستیی نەتەوەیی بەهێزترین وەڵامە بۆ سیاسەتە هەڵەكانی (نووری مالیكی)، لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییش پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەكانی بە شێوەیەك بردنە پێش كە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا دەكرێ، سیاسەتی هەڵە و تاكڕۆی (نووری مالیكی) و هەڵوێست و پێداگریی (سەرۆك بارزانی) لەسەر بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەكان بەردەوام لە بەریەككەوتندا بوون، كە دەكرێ ئەوە بە سەرەتای هەڵوەشانەوەی عێراق ناو بەرین، رووداوەكانی مووسڵ و ئەوەی دواتریش روو دەدات دڵنیابوونە لەوەی عێراق وەك دەوڵەتێكی یەكگرتوو كۆتایی پێ هاتووە.

بە درێژایی مێژوو كورد زەرەرمەندترین پێكهاتە بووە لە عێراقێكی بەهێز و یەكگرتوودا، پرسیار ئەوەیە لە كوردستان دەنگ و رەنگی وا هەیە شین بۆ عێراقێكی بەهێز و یەكگرتوو دەكات و هەڵوەشانەوەی بە پیلانگێڕی ناو دەبات، دەبێ چ نهێنییەك لە پشت ئەو  دەنگ و رەنگە گومانلێكراوانەوە هەبێت؟

دەبێ كورد چ زیانێك لە هەڵوەشانەوەی عێراق بكات؟ لە كاتێكدا كۆی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و مەترسیی دووبارە نەبوونەوەی مەرگ و كارەسات و ئەنفال لە هەڵوەشانەوەی عێراقدایە.

ئایا ئەو دەنگ و رەنگانە بۆ مێژوو چ وەڵامێكیان پێیە؟ بۆ داهاتوو هەڵگری چ پلان و كانامەیەكی دۆزەخین؟

ئایا ئەو دەنگ و رەنگانە پاشكۆی ئەو دەنگ و رەنگانە نین كە بە سەربەخۆیی كوردستان قەڵس و تووڕە دەبن؟

وەڵامی ئەو پرسیارانە و زۆر پرسیاری تریش لە هەگبەی موخابەراتی داگیركارانی كوردستاندان، جا بەر لەوەی موخابەراتی داگیركارانی كوردستان وەڵامیان بدەنەوە، پێویستە كورد بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی سەری هەگبەی وەڵامی پرسیارەكان بدروێ و دەوڵەتی كوردی و سەربەخۆیی كوردستان لای داگیركاران و دەنگە شاراوەكانیان بكاتە ئەو پرسیارەی كە بە درێژایی مێژوو لە وەڵامەكەی ترساون.

 

هەواڵی پەیوەندیدار