جاڕی سەربەخۆیی و نامیهرەبانیی ڕۆشنبیران

زكــری مـووسـا
دەوڵەت و سەربەخۆیی هەرچەندە لە ئاست قوربانیدان و تراژیدیا و جینۆساید و چەوسانەوەی بێژماری گەلی كوردستان نییە و، قەرەبووی ئەو ستەمە ناكاتهوه، جیهان دەرهەق كورد كردوویەتی؛ بەڵام دەرفەتێكە بۆ ئەوەی كۆڵنەدانهکهی بە فیڕۆ نەچێت و، هەڵسێتە سەرپێ و ببێتە بەشێك لە كاروانی مرۆڤایەتی.
دەرئەنجامی ئەو ستەمە درێژخایەنە كاڵكردنەوەی پهرمیان و ڕاپهرموون (بڕوابەخۆیی) و بوێری بوو لە ناخی ئینسانی كورددا. ئەوەیان خۆبەکهمزانینێكی خنكێنەری خسته دڵی ههندێک سیاسی و ڕۆشنبیری كورد. نەیاران زۆر چاك ئەم ڕەهەندە سایكۆلۆژییایەیان خوێندەوە و، لە هەموو بەشەكانی كوردستان كاریان لەسەر قووڵتركردنهوهی كرد. كار گەییشتە ئەوەی بەشێكی زۆری وزەی "سیاسی" و "ڕۆشنبیر"-ی كورد لەبری دامرکانهوهی كاریگەرییە دەروونی و فەرهەنگی و سیاسییەكانی داگیركهر، لە دژی یەكتر و بەردتێگرتن و شمشێركێشان لە یەكتری سەرف بوو. لووتكەی ئەم یەكترخواردنە لە باشوور لە نەوەدەكانی سەدەی پێشوو بوو. دوای 2003 و لە ماوهی شەڕی ڕاگەیاندن و میدیا و داهێنانی تاكتیكە سەیروسەمەرەكانی یەكتر ڕیسواكردن و جنێوفرۆشیدا درێژەی هەبوو.
لەو ماوەیەدا كورد لە باشوور دڕیهتی و ڕۆشنبیری جنێوفرۆشی بەرهەم هێنا. لەو ماوەیەدا كولتوور و پەروەردە و ژینگە و هونەر و ژیان و ڕاپهرموون و شانۆ و مۆسیقا و شار و جوانی، لە هەژارترین قۆناغەكانی خۆیاندا بوون. ڕۆشنبیرانی كورد خۆیان لە قەرەی باسە ستراتیژی و جەوهەرییەكان نەدەدا. زۆربەی هەرە زۆریان سەرقاڵی شەڕێكی زۆر بێبایهخی زەمینی بوون.
ئەنجامی ئەم دۆخە نائامادەیی فكری و ڕۆشنبیریی كۆمەڵگەی كوردهواری بوو بۆ ئیستیعابكردنی ڕووداوی خێرا و بازدانی مەزن. هەر بۆیەشە باسوخواسی دەوڵەت و سەربەخۆیی لەو چەند مانگەدا و دەستپێشخەرییەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە لە لایەن چینوتوێژەكانی كوردستان و خەڵكی ئاسایی مەقبوولییەتی زیاتری پەیدا كرد. بابەتێكی فرە بایەخداری وەك مافی سەربەخۆیی كە لە ڕەوایەتییهکهیدا هیچ گومانێك نییە، خەریكە دەكەوێتە بەر نامیهرەبانیی ڕۆشنبیر و کۆمهڵه سیاسییهکی ئەم وڵاتە و، لەجیاتی ئهوهی پشتیوانیی لێ بکهن، و دەوڵەمەند، جار به جارێک لەكەدارییش دەكهن!
ڕۆشنبیرە كوردەكان وهها پهلاماری سەربەخۆیی دهدهن، که دوژمن و داگیركهریش وای نهکردووه! لەنێو نووسین و لێدوانی ئەو تەرزە ڕۆشنبیرانەدا هەست بە تەنیاییەكی كوشندە دەكهیت. ڕۆشنبیرە دژەكە هێشتا پێشهاتەكانی هەزم نەكردووە و، وێنەی خۆی لەنێو بارودۆخە تازەكەدا نابینێتەوە؛ ئاخر ئهو که ئهوسا بەردەوام خۆی خستووهته زیندانی فانتازیا و ڕەشبینی و دژمنكارییهکی مەعریفییهوه، ناتوانێ خۆی لەگەڵ وێنە تازەكان و، ئهو حهماسه گەرمهی خەڵك و ڕەوایەتیی گەلەكەی ئاشت بداتەوە.
ستەمە سەدساڵە فرەڕەهەندەكەی پێشوو فیزیك و جەستەی خاك و خەڵكی شێواند، بەڵام پتر کاری له ڕۆشنبیر کرد؛ ئەو، هزر و هۆشی كەوتە بەر خەنجەری ئایدیۆلۆژیا پیسوپۆخڵەكانی سەدەی بیستەم و، نەیتوانی بۆ چركەساتێكیش كوردبوونهکهی خۆی ئەزموون بكات.
كوردبوون و سەربەخۆیی و كوردستان لە خەیاڵیدا بوو بە مەحاڵێكی گەورە و، گاڵتە بە مێژوو و دەستكەوت و داروبەردی ئەم وڵاتەی كردە پیشەی خۆی؛ وای دەزانی بەوە زۆرترین چەپڵە و ئافەرین كۆ دەكاتەوە. شەیدا و تینووی چەپڵە بوو، چونكە لە تراویلکه و قۆنگرهی ئایدیۆلۆژیاكانی سەدەی پێشوو چەپڵەی نەدیبوو.
لەبری ئەوەی بكەوێتە دوای مەعریفە و زانستهوه ئاسانترین ڕێگەی هەڵبژارد؛ سووكایەتی بە هەبووه و نەبووهی گەلەكەی! ئەم نەخۆشییە بەرۆكی هەندێ سیاسییشی گرتووەتەوە كە هێشتا وا دەزانێ وڵات واتە یەك شار یان یەك حزب. ناتوانێ ئەوە قبووڵ بكات كە دەوڵەت و سەربەخۆیی سەركەوتنی حزبی نەیاری نییە، بەڵكو سەركەوتنی ئینسانی كوردە بەسەر هەموو كۆتوبەند و یاسا نائینسانییە نێودەوڵەتییەكاندا. هێشتا نازانێ بەهای سەروەری و شكۆی گەل، فرە مەزنترە لە دەستكەوتێكی كاتی و زەمینی. ئەگەر ئەم دەستكەوتە بێتە دی هەموومان هاوبەشین و هەموومان خاوەنین. چارەنووسی هەموومانە و ماڵی هەموومانە. دەبێ بڕوامان بە خۆمان هەبێ كە دەتوانین وڵاتێكی ئاشتیخواز و بەهێز دابمهزرێنین.. ڕەنگە سیاسییە دژەكان ئەوە نەزانن و لە بنی چەمكەكان نەگەن، بەڵام ڕۆشنبیر ئەوە دەزانێ و، لێی تێدەگات، بەڵام نایەوێ بیپهژرێنێت.




