ئه‌مڕۆ پێ ده‌نێینه قۆناغێكی تره‌وه

عارف قوربانی
به‌درێژایی مێژوو، شانبه‌شانی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی كه كورد ده‌رفه‌تی نه‌قۆستۆته‌وه، یه‌كێكی تر له‌و گلله‌یی و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی له سه‌ردار و ڕابه‌ر و سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌بووه، ئه‌وه‌یه كه ده‌وترێت به ته‌نها بڕیاری چاره‌نوسسازیان داوه. ته‌نها به ڕای خۆیان شۆڕ‌شیان كردووه و بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕای میلله‌ت هه‌ر خۆیان بڕیارده‌ری شه‌ڕ و ئاشتی بوون. ئه‌مه‌ش به یه‌كێك له فاكته‌ره‌كانی شكستی شۆڕش و ڕاپه‌ڕین و به‌رخودانه‌كان له مێژوودا تۆمار كراوه.
كورد له‌م به‌شه‌ی كوردستانی به عێراقی عه‌ره‌بییه‌وه لكێندراو، خه‌ریكه به‌ری ڕه‌نج و قوربانییه‌كانی ده‌چنێته‌وه. دوای شۆڕش و فیداكارییه‌كی بێ وێنه، به‌شێك له ئامانجه‌كانی، له‌سه‌ر به‌شێكی خاكه‌كه‌ی به‌دیهاتن، له حوكمی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتی و ئاوه‌دانیی وڵاته‌كه‌ی. به‌ڵام ئامانجه‌كه له‌وه گه‌وره‌تر بوو كه كورد له‌و وێستگه‌یه‌دا ڕابوه‌ستێ.
بۆیه به‌درێژاییی قۆناغه‌كه هه‌نگاوه‌كانی ڕه‌وت و ئاڕاسته‌ی كوردایه‌تی له‌ناو بزاڤی سیاسیی كوردیدا به‌رده‌وام بوون، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ هه‌نگاوه‌كان بۆ گه‌یشتن به لووتكه‌ی خواسته‌كانی كورد خێراتر بوون و له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه نزیكتر ده‌بینه‌وه.
ئێستا قۆناغێكی تر له ڕزگاركردنی خاك چووینه‌ته پێش، له قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت و ئه‌و ڕه‌وشه‌ی دروستبووه كه‌ڵكمان وه‌رگرتووه. پێگه‌ی سیاسی و سه‌ربازی و تاڕاده‌یه‌ك كرانه‌وه‌ی ده‌رگاكانی جیهان به ڕووی كورد سه‌ركه‌وتووین. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه پێكه‌وه بڕیاردانه له چاره‌نووسمان بۆ ئاینده.
ئه‌مڕۆ پێنج شه‌مه، بارزانی بۆ ئه‌وه ده‌چێته په‌رله‌مان، واتا ئه‌مڕۆ پێده‌نێینه قۆناغێكی تره‌وه. قۆناغی گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕای گه‌ل، قۆناغی پێكه‌وه‌یی له دیاریكردنی ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك. قۆناغی كه‌ڵك وه‌رگرتن له هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو، قۆناغێك كه چیتر كه‌س به ته‌نها بڕیار نادات. ئه‌وه سه‌رۆكی هه‌رێم كه به‌رپرسیارێتیی واقیعی و یاسایی‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م دۆخه‌ی كوردی له ئه‌ستۆیه، ده‌یه‌وێ گه‌له‌كه‌ی له‌گه‌ڵیا بڕیار بده‌ن. ئه‌مه‌ش واده‌كات هه‌موومان به‌رپرسیارێتی قۆناغی داهاتوو بگرینه ئه‌ستۆ، كه هیواكان گه‌شن و ئاسۆكان ڕوونن له به‌رده‌ممان. گه‌ر خوانه‌خواسته له‌مپه‌ریش هاته ڕێمان، ئیراده‌كان به‌هێزتر ده‌بن، چونكه میلله‌تێك له پشتی بڕیاره‌كانه‌وه ڕاوه‌ستاوه.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ وه‌ك به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی نوێنه‌رانی گه‌ل "په‌رله‌مانتاره‌كان" ئه‌وه‌یه كه گوزارشتی ڕاسته‌قینه له ڕای گه‌ل بكه‌ن، كه مێژوو پێمان ده‌ڵێت هیچ كات وه‌ك ئێستا هه‌لومه‌رجه‌كان له‌بار نه‌بوون و هیچ كاتیش مه‌یلی سه‌ربه‌خۆیی به‌م ئه‌ندازه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ قووڵ نه‌بۆته‌وه بۆ ناخی كۆمه‌ڵگه. كه‌واته پێویسته په‌رله‌مانتاره‌كانی كوردستان كه له دۆخێكی وه‌ك ئێستادا پرسێكی چاره‌نووسسازی وه‌ك بڕیاردان له ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌خرێته به‌رده‌ستیان، ده‌بێت هه‌ڵوێستیان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی ئێستای كۆمه‌ڵی كورده‌واری و پێویستی قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت و ماف و خواستی خه‌ڵكی كوردستان بێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رپرسیارێتییه مێژوویییه‌دا كه سه‌رۆكی هه‌رێم بۆی ڕه‌خساندوون، به‌رپرسیارێتیی ئه‌وه‌شیان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ ئه‌م موباده‌ره‌یه‌ی بارزانی، كه ده‌یه‌وێ هه‌موومان پێكه‌وه بڕیار بده‌ین، به هه‌ڵوێستێكی دروست بیكه‌ن به ده‌ستپێكی نه‌ریتێكی سیاسی بۆ نه‌وه‌كانی ئاینده.
لە ڕۆژنامەی هەولێر وەرگیراوە




