٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

(سەرۆك بارزانی) لە سەردانەكەیدا بۆ دڵی كوردستان دڵنیای كردین

سەرچاوە: KDP.info

سوورە مەرگەیی

سەردانی ئەمجارەی (سەرۆك بارزانی) بۆ كەركووك لە سەردانەكانی پێشووتری جیاواز بوو، جیاوازییەكە لەوەدایە كە سەردانەكەی هاوكات بوو لەگەڵ توندبوونی بەریەككەوتنی دژەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق، بە هەموو پێوەرە سیاسی و مێژووییەكان چاوەڕوان دەكرێ توندبوونی بەریەككەوتنەكان رووداو و پێشهاتی نوێ بەدوای خۆیدا بێنێ، پرسی كوردیش وەك پرسی نەتەوەیەكی ستەملێكراو دەكەوێتە ژێر هەژموونی كاریگەریی رووداوەكانی ئەو بەریەككەوتنە. سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ كەركووك لەو قۆناغە هەستیارەدا بۆ گەیاندنی دوا پەیام بوو بە رای گشتیی كوردستانی و عێراقی و نێودەوڵەتی، لە پەیامەكەیدا ئەو راستییە دەبینرێ كە ئەو دەرفەتە هاتووەتە پێشێ كە كورد بە درێژایی مێژوو خەونی بەدەوڵەتبوونی پێوە بینیوە، پەیام و ئامادەكارییەكانی سەرۆك بارزانی جگە لەوەی ئاماژەن كە گۆڕانكارییەكانی دوای بەریەككەوتنەكان تارمایی بەردەم پرسی بەدەوڵەتبوونی كورد دەڕەوێننەوە، هیوای گێڕانەوەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری بۆ ناو ئەو دەوڵەتە كوردییە بۆ گێڕاینەوە.

خوێندنەوەی (سەرۆك بارزانی) بۆ عێراقی دوای رووداوەكانی مووسڵ، خوێندنەوەی واقیعین و لە بەرچاوڕوونیی نەتەوەییەوە شرۆڤەیان بۆ كراوە، هەموومان دەزانین بەر لە رووداوەكانی مووسڵ یەكێك لە گرفتەكانی بەردەم راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی، كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون، (نووری مالیكی) ئەو گرفتەی بە خاڵی لاوازی كورد دەزانی، هەر بۆیەیش لە رابردوودا زۆر جاران بێمنەتیی خۆی لە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی دەردەبڕی، چونكە ئەویش و بەرپرسانی تری بەغدایش دەیانزانی (سەرۆك بارزانی) دەوڵەتی كوردیی بێ كەركووك رەت دەكاتەوە، پێی وایە دەوڵەتی كوردی بێ كەركووك دەوڵەتێكە نەبوونی باشترە، رووداوەكانی مووسڵ ئەو گرفتەی چارەسەر كرد و (سەرۆك بارزانی)ـیش لە پەیامەكەیدا لە كەركووك ئاماژەی بە نەمانی ئەو گرفتە كرد.

پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی) لە رووی سیاسی و نەتەوەییەوە لە دوو بەشدا چڕ كرابووەوە، لە بەشی یەكەمدا وەك رێگەخۆشكردن بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی، سەرجەم  پێكهاتەكانی كەركووكی لەوە دڵنیا كردنەوە كە لە گێڕانەوەی كەركووك بۆ سەر كوردستان زەرەرمەند نابن و دوای گەڕانەوەی كەركووك و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی تێدەگەن كورد چەند (سەخاوەتە)، لەو خاڵەدا (سەرۆك بارزانی) زیاتر مەبەستی بوو ئەو گومانە لای پێكهاتەكانی كەركووك بڕەوێنێتەوە كە لەسەر نیەتپاكی و دڵفراوانیی كورد و رەخسانی هەلی پێكەوەژیان لایان دروست كرابوو.

لە بەشی دووەمیشدا ئەوە بە دی دەكرا كە كورد بە هیچ جۆرێك دەستبەرداری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نابێت، لەمەولایش شوێنێك نەماوە بە ناوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەو پێناوەیشدا ئامادەیی دەربڕی ئەگەر بەرگریكردن لە كوردستانیبوونی كەركووك پێویستی بە چەك بوو، ئەوا خۆشی وەك هەمیشە پێشمەرگە بووە چەك دەكاتەوە شان.

كورد دەبێ گرنگی و چارەنووسسازیی بەشی دووەمی پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی) لەوەدا ببینێ، كاتێ لە كەركووك و لە بەردەم رای گشتیدا دەڵێ: "خۆیشم ئامادەم بێم وەك پێشمەرگەیەك لە كەركووك تفەنگ هەڵگرم"، چونكە ئەو گوتەیەی (سەرۆك بارزانی) لە كەركووك كورد بە هەموو جیاوازییە سیاسییەكانییەوە دەخاتە بەردەم ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، خۆدزینەوەیش لەو ئەركە كە چارەنووسی نەتەوەییمانی پێوە بەندە، خەتایەكی گەورەیە بەرامبەر بە دواڕۆژێك كە نەهامەتییەكانی مێژووی پێ جێ دێڵین و دەوڵەتی كوردی و سەربەخۆیی كوردستانی تێدا دەدۆزینەوە.

دەبێ لایەنە سیاسییەكان و تەنانەت شەقامیش ئەو راستییە بزانێ كە جموجۆڵ و چالاكییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی (سەرۆك بارزانی) بارودۆخێكی وایان خوڵقاندووە، كە دەروازەیەكی نوێی بە ڕووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد و سەربەخۆیی كوردستاندا كردووەتەوە، لە گرنگترین ئەو چالاكی و جموجۆڵە سیاسی و دیپلۆماسیانەیش، سەردان و پێشوازیكردنە لێی وەك سەرۆكی وڵاتێك، هاتنی وەزیرانی دەرەوەی دوو زلهێزی وەك ئەمەریكا و بەریتانیا و ئەنجامدانی دیدار لە هەولێری پایتەخت بە مەبەستی چارەكردنی ئەو قەیرانەی كە عێراق بەرەو لێكهەڵوەشان دەبات، پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی (سەرۆك بارزانی) لە ناوچەكەدا زیاتر دەردەخات، ئەوە جگە لە هەنگاوی سەربەخۆكردنی ئابووری و هەڵوێستە راشكاوەكانی كە ئاماژەی روونن بۆ كرانەوەی دەروازەی بەدەوڵەتبوونی كورد، مێژوویش ئەو راستییەی سەلماندووە كە (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ پرسی كورد و هەڵكشانی ئامانجە نەتەوەییەكان راستگۆ بووە و دوور لە سۆز و واقیعبینانە هەنگاوی بۆ ناون، بۆیە پێویستە بە هیواوە لەو دواڕۆژە بڕوانین كە (سەرۆك بارزانی) وێستگەكانی پێگەیشتنی بۆ دیاری كردوون.

هەواڵی پەیوەندیدار