كورد شەڕی داعش بكات یان تەنیا لە دۆخی بەرگریدا بمێنێتەوە؟

زکری مووسا
هەر چەندە لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكاندا هەموو لایەنەكان جەختیان لەوە كردەوە كە كوردستان نابێ خۆی لە شەڕی داعش وەربدات و تەنیا پارێزگاری لە خاكەكەی بكات، بەڵام لێرە و لەوێ و لە لێدوان و نووسینی ژمارەیەك نووسەر و سیاسیی نزیك لە برادەرانی یەكێتی وا دەردەكەوێ كە لایەنگرانی یارمەتیدانی مالكی و شەڕكردن لەگەڵ داعش لەنێو بەرەی كوردیدا هەن. هەر چەندە ژمارەیشیان كەم بێت، بەڵام ئەمەیان ڕەنگە كێشە بۆ یەكهەڵوێستیی كورد دروست بكات و نەیاران بە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە بتوانن سوودی لێوەربگرن.
بەڵام ئەگەر بێتو كار بە ئامۆژگاریی ئەم برادەرانە بكرێت و كورد خۆی لە شەڕی داعش هەڵقورتێنێ، كوردستان چی دەست دەكەوێت و كێ سوودمەند و براوە دەبێت؟ ئەگەر كورد خۆی بكاتە پردێك بۆ مالیكی و خۆی لەشەڕی تایفی وەربدات و داعش شكستی خوارد چی ڕوو دەدات و ئەگەر وەك خۆی مایەوە چی ڕوودەدات؟
بەر لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارگەلە، دەبێ زۆر وردتر سەیری دۆخی تازەی ناوەڕاستی عێراق بكەین. كورتكردنەوەی هەموو سووننە لە داعشدا كارێكی هەڵەیە. ڕووداوەكانی موسڵ تەنیا لەسەر دەستی داعشدا ڕووی نەداوە بەڵكو زۆر هێزی دی بەشدار بوونە و ئەوەی جێگەی تێڕامانە پاڵپشتیی دانیشتووان و جەماوەری سوننەیشیان لەگەڵدا بووە. ئەم خاڵە گرینگە و ناچارمان دەكات بەپارێزەوە سەیری ڕووداوەكان بكەین. ئەوە بابەتێكە ئەمەریكایشی ناچار كردووە لە بڕیاردان دوودڵ بێت و مل بۆ یارمەتیدانی حكوومەتە فاشیلەكەی بەغدا كەچ نەكات.
كوردستان هەر جووڵەیەك لە دژی داعش بكات دواجار بە دژایەتیكردنی سوننە هەژمار دەكرێت. شەڕكردنی بێموناسەبە لەگەڵ لایەنێك كە سنووری جوگرافیاییەكی دوورودرێژی لەگەڵ كوردستان هەیە تەنانەت ئەگەرلهئێستادا ببێتە هۆی شكستی چەكدارە توندڕۆ سوننەكانیش، لە ئاییندەدا گرفتی مەزن بۆ خاك و خەڵكی كوردستان دروست دەكات. سوننە هەرچەندە ئێستا خۆی لەژێر پەردەی ناشرین و نائینسانیی داعشدا شاردووەتەوە، بەڵام تاهەتایە دراوسێی كوردە و بەرژەوەندی و جیۆگرافیی هاوبەش پێكەوەیان گرێ دەدات. هیچ گەرەنتییەكیش نییە بتوانرێ لە ڕێگەی چەكەوە كۆتایی بەم قەیرانە مەزنە بێت.
لە لایەكی دییەوە یارمەتیدانی حكوومەتی عێراقی، كە لە هەشت ساڵی ڕابردوودا ڕەوتارێكی دوژمنكارانەی لەگەڵ كوردستاندا هەبووە و بەرەو تاكڕۆیی و پەراوێزخستن و مەركەزییەت هەنگاوی ناوە، بەهیچ شێوەیەك لۆژیكی ناهێتە بەرچاو. یارمەتیدانی مالیكی و حكوومەتە تاییفییەكەی، یارمەتیدانی سیاسەتی لاوازكردن و بەپاشكۆكردنی كوردە لە عێراق. مالیكی هیچ هەنگاوێكی لە بەرژەوەندیی دیموكراسی و بەهێزكردنی تەوافوق و شەراكەت نەناوە كە شایانی ئەوە بێت یارمەتی بدرێت. ئەگەر حەزی یارمەتیدانی مالیكی و شەڕكردن لەگەڵ سوننەیش بۆ ڕازیكردنی هاوپەیمانە ئیقلیمییەكەی حكوومەتی عێراق بێت، ئەوەیش عوزرێكە لە قەباحەت خەراپتر. كوردستان لەم بارودۆخەدا لە پێگهی بههێزیدایە و دەبێ سیاسەتێكی خۆماڵی و سەربەخۆی هەبێت و نەچێتە ژێر باری گوشارێك كە هیچ سوودێكی لێ نابینێت. ئەگەر شینەكەیشیان بۆ هاوپەیمانێتی و نزیكیی كورد و شیعەیە لەیەكتری، ئەوە دەبێ باش بزانن مالیكی نوێنەرایەتیی شیعە ناكات و داعشیش نوێنەری سوننە نییە.
ئەوەی ئێستا هەیە واقعێكی تازەیە و هەموو ئاماژەكان وا نیشان دەدەن كە بە ئاسانییش ناگۆڕێت. عێراق لەڕووی جیوگرافی و سیاسییەوە دابەش بووە و كوردیش خاكی خۆی كۆنتڕۆڵ كردووە. پێویست بەوە ناكات یارمەتیی حكوومەتێكی تایفی و نكۆڵیكار بدرێت تا دیسانەوە هەڵسێتەوه سەرپێ و دواتر بە زەبری چەك كورد لە خاكی خۆی دەربكات.
باشترین بژاردەی بەردەم كوردستان هەر ئەوەیە كە بە كۆدەنگیی لایەنەكان بڕیاری لەسەر دراوە. كورد بەرگری لەخۆی بكات و لەگەڵ عێراقدا لەسەر بنەمای واقیعی تازە مامەڵە بكات و مەرجی سەرەكیی یارمەتیدانی كوردستان ئەوە بێت كە گۆڕانی بنەڕەتی لە سیستەمی حوكمڕانیی عێراق و جۆری پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق ڕووبدات.




