٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

شەڕی کەرامەت دەکەین نەک وەکالەت

سەرچاوە: KDP.info

بەختیار شاخی

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان حزبێکی سەرەکیی کوردستانە و چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە کۆبوونەوەی حزبە سیاسییەکان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەموو حزبەکان بە یەکێتییشەوە، بڕیاریان داوە نەبنە لایەنی ئەو شەڕە تائیفییەی لە عێراق هەیە و هەموو تواناکان بۆ پاراستنی کوردستان تەرخان بکرێت. کەچی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) زمانحاڵی ڕەسمیی یەکێتی، لە ژمارەی ڕۆژی پێنجشەممە 19ـی 6ـی 2014دا وتارێکی لە لاپەڕە 15دا بڵاو کردووەتەوە کە نووسەرەکەی هەمان تۆمەتەکانی کەسانی شۆڤێنیی وەک یاسین مەجید و حەنان فەتلاوی دەرهەق بە کوردستان دووبارە دەکاتەوە و، دەڵێ: هەولێر پڕ بووە لە بەعسی و لایەنگرانی داعش و ماعش و بۆتە کاروانسەرای میدیای پشتیوانی سێگۆشەی سوننی؟!

ئێستا مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و ژمارەیەکی زۆری سەرکردەکانیان لە هەولێرن، وەک نووسەری بابەتەکە و ڕۆژنامەکە لە دوورەوە سەیری هەولێر ناکەن، ئاخۆ لەو بوختانە بێ دەنگ دەبن؟ ئایا ئەمە سیاسەتی ڕەسمیی یەکێتییە کە ڕۆژنامەکەی خۆی بکاتە بڵیندگۆی دووبارەکردنەوەی تۆمەتی لەوچەشنە و هەوڵ بدات کورد لە شەڕی شیعە و سوننەوه بگلێنێ؟

ئەمە یەکەمجاریش نییە لە میدیاکانی برایانی یەکێتیدا ناڕاستەوخۆ باس لە پێویستیی هاوکاریی مالیکی دەکرێت. لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە وتار و چاوپێکەوتنە میدیاییەکاندا داوا دەکەن کورد ببێتە هاوکاری سوپای مالیکی و پێکەوە شەڕی داعش بکەین. جێگەی پرسیارە کە ئاخۆ بەڕاستی دوو سیاسەتی جیا لە هەرێم هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستا؟ ئایا ئەرکی ئێستامان ئەوەیە کوردستان بپارێزین و دەستی دەستدرێژیکاران ببڕین، یان پێشمەرگەکانمان بکەینە سەربازی مالیکی و شەڕی پاراستنی عێراق و ئەو دەسەڵاتە بکەین کە چەندی پێیکراوە دژایەتیی کوردستانی کردووە؟ بۆچی داوامان لێ دەکەن مالیکی بپارێزین؟ باشترە سەرکردایەتیی یەکێتی بە ڕوونی و ڕاشکاوی بە خەڵکی کوردستان بڵێت چی دەوێت.

ئێستا خەڵکی کوردستان بە ئومێدێکی زۆرەوە بەرەو داهاتووی گەش و سەربەخۆیی دەڕوانن و چاوەڕوانیی ئەوەیش لە سیاسەتمەدارانی وڵات دەکەن بەرژەوەندیی گەل و خەڵکی کوردستان بخەنە پێش هەموو ئیلتیزامێکی دیکە. سیاسەتی کوردستانی و نەتەوەیی هەرگیز ئامادە نییە لەبەر خاتری ئەملاو ئەولا، ڕیسک بە ئارامی و ژیانی خەڵکی کوردستانەوە بکات، هەرگیز نابێ خوێنی ڕۆڵەکانی خۆمان بۆ ڕاستکردنەوەی باری خواری مالیکی بڕێژین. مالیکییەک کە مووچەی خەڵکی کوردستانی بڕی و سوپای خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگەی کوردستان هێنابووە سەر سنووری کوردستان. بەڵێ، ئەو سوپایەی ئێستا تێکشکاوە بەنیاز بوو خاکی کوردستان داگیر بکاتەوە. بۆیە دەبێ ئێمە بزانین داعش و مالیکی بە هەبوونی جیاوازیشەوە بۆ ئێمە بێگانەن و دۆسیەی هەردووکیان پڕە لە کاری نامرۆڤانە.

سیاسەتی ڕاست و کوردستانییانە ئەوەیە کە ئێمە ئەگەر شەڕیک بکەین دەبێ شەڕ بێت بۆ پاراستنی کەرامەتی ئینسانی کورد و سەربەخۆیی، نەک شەڕی بە وەکالەت.

هەواڵی پەیوەندیدار